کۆلێژی زمان یەکەمین كۆنفرانسی بەراوردكاریی زمانی كوردی و عەرەبی رێكدەخات

Post date: Jul 08, 2018 5:57:33 AM

زانكۆی سلێمانی میوانداریی یەكەمین كۆنفرانسی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و عێراق ده‌كات كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ به‌راوردكاریی له‌ نێوان هەردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی.

 

بڕیارە رۆژانی 15 و 16ی ئه‌م مانگه‌، هه‌ردوو (زانكۆی سلێمانی/كۆلێژی زمان-به‌شی زمانی كوردی) و (زانكۆی به‌غداد/كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی ئیبن روشد-به‌شی زمانی كوردی)، كۆنفڕانسی زانستیی نێوده‌وڵه‌تی هاوبه‌شی نێوانیان، به‌ ناونیشانی (لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌راوردكاریی له‌ نێوان زمانی كوردی و زمانی عه‌ره‌بیدا-دراسات تقابلیه‌ بین اللغتین الكردیه‌ و العربیه‌) لە زانكۆی سلێمانی سازبكه‌ن.

پ.ی.د. كاروان عومەر قادر، سەرۆكی بەشی كوردی لە كۆلێژی زمان-ی زانكۆی سلێمانی، بۆ دواڕۆژ وتی "ئامانج لەم كۆنفرانسە بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان توێژەران لەلایەك و پەیوەندیی نێوان بەشە زانستییەكانی پەیوەست بە لێكۆڵینەوەی زمانەوانی و ئەدەبی لە هەردوو زمانی كوردی و زمانی عەرەبی لەلایەكی ترە". 

 

وتیشی "ئه‌م كۆنفرانسه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ درێژكردنەوە و بەردەوامیدان بە ڕەهەندی هاوكاری و پەیوەندیی زانستی و ئەكادیمی لە نێوان توێژەران. هەروەها ده‌شیه‌وێت كاربكات بۆ بەكاربردنی ڕێبازی لێكۆڵینەوەی زمانەوانی بەراوردكاری و ئەدەبی بەراوردكاری بۆ مەبەستی فێركردنی زمانی كوردی و زمانی عەرەبی بۆ ئاخێوەرانی هەردوو زمانەكە و ئەو كەسانەش كە وەك زمانی دووەم مەبەستییانە فێری ئەم دوو زمانە ببن".

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ ئامانجه‌كان، وەك كاروان عومەر دەڵێت "بریتییه‌  لە نواندن و خستنەڕووی جیاوازی و لێكچوونی فۆنۆلۆژی و مۆرفۆلۆژی و ڕستەسازیی و واتاسازیی و پڕاگماتیكی لە نێوان هەردوو زمانی كوردی و زمانی عەرەبی-دا، هەروەها بەشداریپێكردنی هەوڵ و لێكۆڵینەوەی زمانەوانی هەرێم و عێراقە لە نێوەندە زانستی و ئەكادیمییە نێودەوڵەتییەكاندا بە سوودوەرگرتن لە ڕێبازی لێكۆڵینەوەی بەراوردكاری".

گرنگترین ته‌وه‌ره‌كانی كۆنفرانسه‌كه بریتی دەبن لە‌:-

1. لێكۆڵینەوەی بەراوردكاریی لە ئاستی دەنگسازی (فۆنەتیك و فۆنۆلۆژی) لە نێوان هەردوو زمانی كوردی و زمانی عەرەبی.

2. لێكۆڵینەوەی بەراوردكاریی مۆرفۆلۆژی و ڕستەسازیی لە نێوان هەردوو زمانی كوردی و زمانی عەرەبی.

3. لێكۆڵینەوەی بەراوردكاریی واتاسازیی و پڕاگماتیكی لە نێوان هەردوو زمانی كوردی و زمانی عەرەبی.

4. لێكۆڵینەوەی بەراوردكاریی لە سەر  كاریگەری و كاردانەوە لە نیوان هەردوو زمانی كوردی و زمانی عەرەبی.

5. گەشەدان بە هۆكارەكانی فێربوون و فێركردن لە نێوان هەردوو زمانی كوردی و زمانی عەرەبی.

6. لێكۆڵینەوەی بەراوردكاریی وشەدانی و فەرهەنگی ئاوەزیی لە نێوان هەردوو زمانی كوردی و زمانی عەرەبی.

7. ئارێشە و گرفتی فرەزاراوەیی لە هەردوو زمانی كوردی و زمانی عەرەبی.

8. لێكۆڵینەوەی دەقی ئەدەبی، كە هەم بە زمانی كوردی و هەم بە زمانی عەرەبی نووسراون.

بۆ بینینی کارنامەی کۆنفرانس کلیک لێرە بکە