تێزی دکتۆرایەک لەسەر چارلز دیکنز و حسێن عارف گفتوگۆدەكرێت

Post date: Jan 16, 2021 8:38:57 PM

رۆژی پێنجشەممە ١٤/ ١/ ٢٠٢١، لە هۆڵی گفتوگۆی خوێندنی باڵا لە کۆلێجی زمان، گفتوگۆی توێژینەوەی دکتۆرای خوێندکاری خوێندنی باڵا و مامۆستا لە بەشی ئینگلیزی (جوتیار عومەر ساڵح) ئەنجامدرا و لەلایەن سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆوە، توێژینەوەکە قبوڵکرا. تێزەكەی خوێندکاری ناوبراو توێژینەوەیەکی بەراوردکاری بوو بە زمانی ئینگلیزی لەنێوان دوو رۆمانی رۆماننووسی بەناوبانگی ئینگلیز چارلز دیکنز بە ناوەکانی (چیرۆکی دوو شار) و (باڕنەبی رەج) لەگەڵ دوو رۆمانی نووسەری گەورەی کورد حسێن عارف، کە هەردوو رۆمانی (شار) و (‌هێلانە) بوون.

لە توێژینەوەکەدا، کە ناونیشانەکەی بریتییەلە، The Integration of History and Fiction and its Role in the Production of Aesthetic Value: A Comparative Study of Selected Novels of Charles -Dickens and Hussein Arif- واتە (تێکەڵکردنی خەیاڵ و مێژوو و ڕۆڵی ئەو تێکەڵکردنە لە دروستکردنی بەهای ئیستاتیکیدا؛ توێژینەوەیەکی بەراوردکاریی لەنێوان چەند رۆمانێکی هەڵبژێردراوی چارلز دیکنز و حسەین عارف-دا) توێژەر ڕوونیکردووەتەوە چۆن هەردوو نووسەری ناوبراو توانیویانە مێژوو وەک کەرەستەیەکی دەوڵەمەند بۆ ئەدەبەکەیان بەکاربهێنن و چەندین رووداوی مێژوویی بخەنە نێو گێڕانەوەکانیانەوە، دواتریش لە مێژوویەکی لێوانلێواو لە کارەسات و خوێنڕشتن و کوشتن و توندوتیژی، چیرۆکێک دروستبکەن، کە جگەلە بەهای مێژوویی، بەهای ئیستاتیکیشی هەیە و خوێنەر نەک هەر لێوەی فێردەبێت، بەڵکو چێژێکی ئیستاتیکیشی لێوەردەگرێت. هەر ئەمەش وایكردووە توێژینەوەکە کارێکی گرنگ بێت بۆ خزمەتکردن بە ئەدەبی کوردی و ناساندنی بە خوێنەری دەرەوە

شایەنی ئاماژەپێدانە لیژنەی گفتوگۆكردنی ئەم توێژینەوەیە، لە سەرۆكی لیژنە پرۆفیسۆر د. حمدی حمید یوسف لە زانكۆی تكریت، هەریەك لە ئەندامان پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. اسماعیل محمد فهمی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. جوان عبداللە ابراهیم و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. شێرزاد شفیع بابۆ لە زانكۆی صەلاحەدین، هەروەها ئەندام و سەرپەرشتیاری یەكەم پرۆفیسۆر د. محمد دلێر حمەامین، ئەندام و سەرپەرشتیاری دووەم د. کاوان عثمان عارف لە زانكۆی سلێمانی.