لە کۆلێجی زمان پەردە لەسەر پەیکەری پ.د. عیزەدەین مستەفا ڕەسووڵ لابرا

Post date: Jun 10, 2022 4:8:11 PM

لە ڕێکەوتی ٨/٦/٢٠٢٢، لە کۆلێجی زمان لە زانکۆی سلێمانی و لە مەراسیمێکی شایستەدا پەردە لەسەر پەیکەری ڕەوانشاد پرۆفیسۆر دکتۆر عیزەدەین مستەفا ڕەسووڵ لابرا.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، ئامادەبوان خولەکێک بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدان و ڕۆحی ڕەوانی مامۆستای ناوبراو ڕاوەستان، پاشان بە کورتی تیشک خرایە سەر ژیاننامەی ڕەوانشاد و ئاماژە بە چەند وێستگەیەکی ئەکادیمی ناوبراو کرا.

دواتر لەلایەن ڕاگری کۆلێجی زمان، پ.د. شاخەوان جەلال حاجی فەرەج وتەیەک پێشکەشکراو و دوابەدوای ئەو وتارەش هەریەکە لە بەڕێزان پ.د. ڕەزا حسن، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، و پ.د. ڕەئووف و فاروقی مەلا مستەفا، کەسایەتی دیاری سلێمانی و برای ڕەوانشاد چەند وتاریك پێشکەشکران و باسیان لە کەسایەتی و ڕۆڵی پرۆفیسۆر دکتۆر عیزەدەین مستەفا ڕەسووڵ کرد لە خزمەتی زمانی کوردی و بواری ئەکادیمی بە گشتی.

ئاماژە بەوەشکرا کە ئەو ڕووناکبیرەی کورد خاوەنی خەرمانێك لە كتێب و شاكارە لە نووسین و لێكۆڵینەوە و وتارداو زیاتر لە 90 كتێبی داناوەو چەندین كتێبیش وەرگێڕدراوەو بەرهەمەكانی بۆتە هەوێن و سەرچاوەی بە سوود بۆ پرۆسەی خوێندنی باڵا لەبەشە جیاوازەكانی هەردوو كۆلێژی زمان و زانستە مرۆڤایەتیەكان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و عیراقدا.