کۆلێژی پەروەردە
Post date: Oct 25, 2021 8:1:9 AM
وەهاب حەسیب محەمەد ـ مامۆستای زانكۆ
دەستپێک: مێژووى هەر گەلێک بەشێکى بریتییە لە پێناسەى فکرو ئەندێشەى کەسایەتێکانى، خوێندنەوە و لێکدانەوەى مێژووى فکرو دەورى ئەو کەسایەتیانە، چراى دۆزینەوەى ڕێبازى تازەن، یەکێک لەو کەسایەتییانە لە زۆربەى ڕووداوە کۆمەڵایەتى و سیاسیەکانى سەردەمى خۆیدا دەورو کاریگەرى بەرچاوى هەبووە حاجى بابەشێخە، ئەو تەواوى تەمەنى لە پێناو خزمەت بە خەڵکى وڵاتەکەى تێپەڕکرد و تا کۆتایى ژیانى بەردەوام بوو. ڕەنگە زۆر کەس وەک سەرۆک وەزیرانى کۆمارى میللى کوردستان ناوى حاجى بابەشێخیان بیستبآ، بەڵام ئەوە تەنیا ساڵێکە لە چالاکى سیاسى ئەو گەورە پیاگە، حاجى بابەشێخ لە سەردەمى خوێندنى و لە هەڕەتى لاویدا داخڵى حیزبە ڕۆشنبیرو نوآ خوازەکانى ئەو کاتى دونیاى ئیسلام بووە وەک خزبەکانى ئیتحادو تەرەقى و ئیتحادى ئیسلام ، دواتر بە سەرۆکى حیزبى ناوبراو هەڵبژیردرا. لە تەمەن سى ساڵى بەرەو ژوور تا کۆتایى تەمەنى لە لایەن کۆمەڵگاى کوردەواریەوە ڕێزێکى تایبەتى لێ گیراوە.
ژیان و بە سەرهاتى خانەوادەکەى : حاجى بابە شێخ کوڕى سەید عبدالکریم کوڕى شێخ عبدالرحمانە، بابى لە یەکێک لە گوندەکانى سەر بە ناوچەى هەڵەبجە لە دایک بووە، باپیرى خەلیفەى شێخ عبدالرحمانى تاڵەبانى بووە.
لە دەورانى ژیانیدا سەید عبدالکریمى زەنبیل کەسایەتێکى گەورەى کۆمەڵایەتى و ئاینى بووە، ڕۆڵى ئاشتەوایى لە چەندین ئاریشەى کۆمەڵایەتیدا گێڕاوە،سەید عیدالکریم ساڵى 1912 لە گوندى جەمیان فەوتى کردووە، دواتر تەرمەکەى دەبەنەوە زەنبیل و لە پاى خانەقاى زەنبیل ئەسپەردەى خاک دەکرێت.
حاجى بابە شێخ ساڵى 1883لە گوندى جەمیان لە دایک بووە، ئەو گوندە سەر بە گەورەدێى تورجانە لە نێوان شارەکانى بۆکان و سەقز. بابە شێخ بە دوازدە پشت دەچێتەوە سەر زانا و خواناسى پایە بەرز سەید ئەبوبەکرى موسنیفى چۆڕى. لە ڕێگاى ژن و ژنخوازیەوە لە تەک شێخانى نەقشبەندیدا خزمایەتیان هەبووە، بە تایبەت شێخ عوسمانى سیراجەالدین خاڵۆى بووە. لە نێوان پێنج براو سآ خۆیشک حاجى بابەشێخ منداڵى دووەمیان بووە.
خوێندن: حاجى بابەشێخ دەورانى منداڵى لە گوندى جەمیان تێ پەڕاندووە، بەڵام بۆ خوێندن ڕوو لە خانەقاى زەنبیل دەکات، ئەو خانەقایە سەید عبدالکریمى بابى بناغە دانەرى بووە، لەوآ لە کن مەلا عبدالله ى شیلاناوى قورئان، سەرف، نەخو و زمانى فارسى دەخوێنێت. دواتر ڕوو لە گوندى تورجان دەکات و لاى ئیبن و القزڵجى بەشێک لە زانستە دینیەکان و ئەدەبیاتى عەرەبى دەخوێنێت، ئەمجا ڕوو لە گوندى سەردار ئابادى ناوچەى بۆکان دەکات و لاى مەلا سالحَ مەنتیق، ئاداب و بەلاغە دەخوێى، بەڵام بۆ خوێندنى بیرکارى، ئەستێرەناسى، فیقە و ئسولڕ دۆلڕ پێچ دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ زەنیل.
لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ ڵاى خاڵۆى شێخ حسامەدین لە تەوێڵە، ئەویش لە کن ئەسعەد ئەفەندى مودەڕیسى فێرگەى خانەقا دایدەمەزرێنێت، لە خانەقاو بۆ ماوەى دوو سالڕ وانەکانى حیکمەت، کەلام، تەفسیرو فیقە دەخوێنى، لە کۆتاییدا هەردوو ئیجازەى ئاینى و عیرفانى بە دەست دێنێت. لەوسەروبەندەدا تێکەڵ بە سیاسەت دەبێت و لە تەک حیزبى "ئیتحادى ئیسلامى ئاشنا دەبێت و بەرپرسیاریتى حیزب لە ئەستۆ دەگرێت، هاوکات لەو ماوەیەدا داخل بە حیزبى ئیتحادو تەرەقى عوسمانێکانیش بووە.
چالاکی سیاسی: حاجى بابەشێخ لەو کاتەوەى پەڕیوەى وڵاتى عێراق بووە لە نێوان ساڵانى "1904 ـ 1906" دەست و پەنجەى لە تەک سیاسەتدا نەرم کردووە، هۆکارەکەشى ئەوە بووە، ئەو دەم والى بەغداد لە ئەستەنبوڵەوە دیاری دەکرا، هەر لە ئەستەنبوڵەوە دوو ڕێکخراو بە ناوەکانى" جەمعیەتى ئیتحادى ئیسلام و جەمعیەتى ئیتحادو تەرەقى" سەریان هەڵدا، چالاکى سیاسى خۆیان لە وڵاتى عێراق پەرەپێدابوو، حاجى بابەشێخ ئەندامى حیزبى ئیتحادو تەرەقى بووە، چونکە حیزبى ناوبراو خوازیارى کەم کردنەوەى دەسەڵاتى سوڵتانى عوسمانى بوو، دواى سێ ساڵ توانیویانە سوڵتان عبدالحمید لە دەسەڵات دوور بخەنەوە.
حیزبى ئیتحادى ئیسلامى ساڵى 1890 بە مەبەستى لێکدابڕانى فیرقە ئیسلامییەکان، هاوکات یەکێتى و یەک دەنگى لە دونیاى ئیسلامدا دروستکرا کەسایەتییەکانى وەک سەبد جەمالە دینى ئەفغانى، عبدالرحمن الکواکبى ئەندام و بەڕێوەبەرى بوون، ئەفسوس لە ئێران نە حەوزەى قوم نە حکومەتى قاجار پشتوانیان لێ نەکرد، بەڵام چەند کەسایەتیەکى وەک میرزا کوچک خانى جەنگەلڕ، سەید حەسەنى مودەڕیس ومیرزا تاهیرى بوونە ئەندامى ئەو ڕێکخراوە.
ساڵى 1914کاتێک جەنگى جیهانى یەکەم هەڵایسا لە 17 ئۆکتۆبەرى هەمان سالڕ دەوڵەتى عوسمانى بڕیایدا بچێتە پاڵ ئەڵمانیا، پێشترو لە ساڵى 1890 سوارەى عوسمانیان پێکهێنابوو لەو کاتەدا بەگژ ئەرمەنێکاندا کران، لە باشورى کوردستانیش شێخ محمودیان ڕەوانەى شوعێبە کرد بە هیواى ئەوەى بەر بە ئینگلیز بگرێت، لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانیش خۆیان بۆ جەنگ دژ بە ڕوسەکان ئامادەکردبوو. کۆمەڵگاى کوردەوارى ئەودەم لە دوو دەستەى شێخ و عەشیرەتەکان پێکهاتبوو لایەنگریان لە عوسمانییەکان کرد. عوسمانییەکان لە هەمووان زیاتر حاجى بابەشێخیان دەناسى و پێشتریش ئاگادارى کارو چالاکییەکانى بوون، گشت ئەو هێزە مادى و مەعنەوییە هۆکاربوون حاجى بابەشێخ بە ڕەئیسی موجاهیدین هەڵبژێردرێ، وەک لە کتێبى "ژیاننامەى شێخ حوسامەدین" دا هاتووە، لە شەڕى میاندواودا سەرکردەى شەڕەکانى کردووە، دواتر لە نوسراوێکدا لە لایەن سوڵتانى عوسمانیوە ڕێزى لێ دەگیرێت.
کەسایەتى زانستى و پێگەى مەعنەوەى حاجى بابەشێخ: تەنها لە بوارى سیاسى کۆمەڵایەتییدا ناسراو و نێو بە دەر نەبووە، لە زۆربەى گیروگرفت و گۆڕانکارە کۆمەڵایەتیەکانى ناوچەکەدا ڕوویان لێ ناوەو هاوکاریان لێ ویستووە، تەنانەت لە بوارى زانستى ئاینیشدا لە ڕیزى زانایانى خاوەن فەتوا هەژمارکراوە، هەروەسا چەندین کتێبى نوسیووە وەک:
1. تەنقیدى هەیئەتى جەدید لە ئەستێرە ناسیدا. حاجى بابەشێح ئەم کتاوەى لە ساڵى 1950 دا نوسیووە، وەڵامى ئەستیررەناس کیپلروفە لاماریۆندا داوەتەوەء ڕەخنە لە بۆچونەکانى دەگرێت، بابەتەکانى کتێبە باس لە وەرزەکانی ساڵ، کورتى و درێژى شەو و ڕۆژ و شێوەى هەڵسوڕانى زەوى بە دەورى زەویدا دەکات. بۆ چاپى کتێبەکەش نامەى بۆ سەرۆک وەزیرانى ئەوکات "عەلى مەنسور" نوسیووە، لە وەڵامدا گوتوویانە بە هۆى نەمانى ئیعتبار بۆ کتێبى غەیرى دەرسى لە چاپى کتێبەکە مەعزورین.
2. نامیلکەیەک لە سەر داهێنانى قاعیدەى تەعیدول ئیعداد بۆ حەلى مەسئەلى جەوهەرە لە بوارى ڕیازیاتدا.
3. نامیلەکەیەک لە زانستى حروف و تەوافق وموڕەبەعی کەبیر.
4. پەراوێز لە سەر کتێبى توحفەى ئیبنوالحەجەر و ...هتد، بە گشتى هەشت پەرتوکى نوسیووە.
بە پێچەوانە گەلەک لە وڵاتانى مسوڵمان، دوو سەد ساڵێک بەر لە ئێستا شێخانى تەریقەت لە کۆمەڵگاى کوردەواریدا ناسراو و ناوبەدەر بوون نەک مەلاکان، بە دەگمەن مەلایەک خاوەن کەسایەتیەکى مەعنەوى بووبێت، شایەد لێرەو لەوێش تاک و تەرا مەلایەک هەڵکەوتبێت بە هۆى بنەماڵەیەکى عەشیرەتى یان موڵکداریەوە.
حاجى بابەشێخ زۆر جار دەوڵەت و میللەت دەستەو دامێنى دەبوون بۆ ناوبژیوانى عەشیرەت و بنەماڵەکان، هۆکارەکەشى بریتى بوو لە:
1.شارەزایى لە بوارى دین و مەزهەب.
2.سیاسەتوانى و شارەزایى مامەڵە لەتەک چین وتوێژەکانى خەڵک.
3. بوێرى ونەترسان.
4. یەک ڕووى بآ غەرەزى.
لە بابەت ئومەتى ئیسلام وموسڵمانەوە ئەو کات لە ژێر کاریگەرى سەید جەمالەدین، محەمەد عەبدە و ڕەشید ڕەزادا بووە، بیروباوەڕى ئەو ڕۆژگارەیان جەخت کردنەوە بووە لە سەر یەکڕیزى و یەکێتى موسڵمانان بە لادا خستنى ناکۆکى ناتەبایى نێوانیان. ئەوکات پێچەوانەى مەلا خەلیلى کۆڕومەڕ فەتواى دەکرد و گووتى: بە لە بەرکردنى شەڵوارو کڵاوى عەجەم کەس کافر نابێت، هەروەها دانیشتن لە تەک ئایەتوالله مەردۆخى لە مەر ِ دەست کێشانەوەى لە نوسینى کتێبێک لە دژیاتیکردنى مەزهەبى شیعە. هاوکات ناردنى سەید عبدالعزیزى کوڕە گەورەى بۆ قوم و دانیشتن و گتووبێژى لە تەک ئایەتووالله بروجێردى سەبارەت بە بێڕێزى مەزهەبى شیعە بە ئەهلى تەسەنوون. ئەو هەڵوێستانەش دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە کۆچى دوایى بابەشێخ بە چەند ساڵێک.
جێگاو پێگەى حاجى بابەشێح لە دەورانى ڕەزا شادا: لە ساڵەکانى کۆتایى دەسەڵاتى قاجارەکان و هاتنە سەرکارى ڕەزاشا دەسەڵاتى ناوەند بە سەر ناوچە سنوورى و دوورە دەستەکاندا کزو لاوازبووە، دەرئەنجامى ئەو کارە سەرهەڵدان و بەهێز بوونى دەسەڵاتى عەشیرەتى و خێلەکان بووە، سەربارى ئەو ناکۆکیانە شا دەستى بە چەندین گۆڕانکارى ئابوورى، کۆمەڵایەتى وسیاسى کرد، بەمکارانە گەرەکى بوو ئێران لە کۆمەڵگایەکى سونەتییەوە بگۆڕێت بۆ کرمەڵگایەکى مۆدێرن، تان وپۆى کۆمەڵگاى ئەو سەردەمەى کوردستان لە سەر دوو لایەن ساغ دەبووەوە، دەسەڵاتدارە ناوچەیەکان کە سەرەک هۆزەکان بوون، دەسەڵاتدارە مەعنەوییەکان زانا ئاینى وعیرفانیەکان بوون. حاجى بابە شێخ وەک کەسایەتیەکى دیار لە کوردستاندا زۆر زوو لە لایەن حکوومەتى ڕەزا شاوە ڕێزى لێ گیراوە و خۆیان لێ نزیک کردۆتەوە، هەر بۆیە بۆ چارەسەرى ئاریشەکان پەنایان بۆ هێناوە، پێشى بە دەیان کێشەى گەورەو بچووک گرتووە یانژى کۆتایى پێ هێناون.
ئەوەى جێگاى سەرنجە هیچکات دەسەڵات و نفوزى خۆیى بۆ بەرژەوەندى تایبەتى بەکارنەهێناوە، مێژووش بەنهێنى بە تەنیشتى ئەمکارانەدا تێ پەڕیووە! بۆ نموونە جارێک لە لایەن حکوومەتەوە داوى لێ دەکرێت ببێت بە وەزیرى مەعاریف "ڕۆشنبیرى" لە وەڵامدا دەڵێت: بۆ من لە نێو خەڵک بم باشترە و دەتوانم خزمەتیان پێ بکەم، دواتر پێشنیارى "بەرپرسى باز ڕەسى ئێران" ى پێ دەکرێت ئەوکات دەڵێ: ئەو کارە بە پشکنین و توێژینەوە لە کارى کار بە دەستانى دەوڵەتى دەزانم کارى زاناى ئاینى نییە.
شا هەولێداوە هەردوو گوندى "تەغیاواو شیناوا" کە موڵکى خالیسى دەوڵەت بوون پێشکەش بە حاجى بابەشێخ بکات، بەڵام ئەو پێشنیارە دەداتە دواوە و شا دەڵى: لەگەلڕ ئەو سەر سەختە هیچ ناکرى.
هەڵبەت حاجى بابەشێخ دوو جار لە لایەن شاوە عەساى جەواهێر نیشانى پێشکەش کراوە، شێوەو ڕەسمى ڕەزا شا بووە لە سەر تا سەرى ئێراندا کەسایەتییە ناودارەکان بەو جۆرە ڕێزیان لێ گیراوە. لەو ماوەیەدا چەندین هەوڵى ئاشتەوایى داوە وەک پێشگرتن بە شەڕى چەند تایەفەیەکى بانەیى، شەڕى چەکدارانى گەورک و تایەفەى موئمین و ڕازیکردنى پشت دەرێکان بە جێ هێشتنى ناوچەى سەردەشت و ...هتد.
پەیوەندى حاجى بابەشێخ لەگەلڕ کەسایتیە کوردستانیەکاندا: حاجى بابەشێخ پەیوەندى لە تەک سمکۆى شکاکدا هەبووە، زیاتر مەسەلەى مەسڵەحەت و ئاشتەوایى قسەیان کردووەو نامەیان گۆڕیوەتەوە، سەید مستەفا سەیادەت دەیگوت: حاجى بابەشێخ بە پیاوێکى جێ متمانەى خۆی کە "حەمە شێخ عارف" بوو نامەى دەنارد بۆ سمکۆو ئەویش بە هەمان کەسدا نامەکان ى دەگەیاندە حاجى بابەشێخ. هەروەسا نامەوگۆڕینەو پەیوەندیشى لە تەک مەلیکى کوردستان شێخ محمودا هەبووە،.
ساڵى 1943 دوو ساڵ بەر لە پێکهێنانى کۆمار شەوێک سێ سوار پێش بە دەرکەى ماڵى حاجى بابەشێخ دەگرن، دواى ئاشکرابوونیان دەردەکەوێت مەلا مستەفاو دوو کەسى دیکەن، بۆ چارەسەرى کێشەى بارزانیەکان هاتوون، دواى ڕۆژێک دوو کەسەکە دەگەڕێنەوە بۆ سولەیمانى، مەلا مستەفا دەمێنێتەوە، لە سەر پێشنیارى حاجى بابەشێخ بە ناوى مەلا عبدالله دەیناسێنێت. دواتر لە بنەماڵەى قازى و ئەشرافى ئەو دەڤەرە پەنجاو پێنج هەزار تمەن کۆمەک بۆ بارزانێکان کۆدەکەنەوە کە پارەیەکى کەم نەبووە بۆ ئەو ڕۆژگارە.
حاجى بابەشێخ و حکوومەتى میللى کوردستان: دامەزراندنى حکوومەتى میللى کوردستان لە ناوچەى موکریان یەکێکە لە ڕووداوە گرنگ ء هەستیارەکانى مێژووى نوێى کورد، پەیوەندیى حاجى بابە شێخ لە تەک مەلیکى کوردستان و مەلا مستەفاى بارزاندا ئەو ڕاستییە دەردەخات کە هەستى کوردایەتى حاجى بابەشێخ دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە دروستبوونى کۆمار.
پێشەوا بوونى حاجى بابەشێخى لە دروست کردنء پێکهێنانى کۆماردا بە پێویست زانییوە، دواى سەفەرى دووەمى پێشەوا بۆ باکۆ، واتە چەند مانگێک بەر لە پێکهێنانى کۆمار چەند جارێک پەیک دەنێرێت بۆ لاى حاجى بابەشێخ و داواى هاوکارى لێ دەکات، لە پێکهێنان و دامەزراندنى کۆماردا، لە دەستپێکى کۆماردا محەمەد ڕەزا شاى پەهلەوى "یەمین لە شکرى " هەوشار کە دۆستى حاجى بابەشێخ بوو دەنرێتە لاى و خزمەتى حاجى بابەشێخ بە وڵات و هاوڕێیەتى لە تەک ڕەزا شاد وەبیر دەهێنێتەوە لە وەڵامدا بە کورتى بۆ شا دەنوسێت: ئەو هاوڕێیەتىء پەیمانە نەمان.
یەکەمین هەنگاوى حاجى بابەشێخ دواى هاتنى لە شکرى سور لە تەک وەفدێکى نۆزدە کەسیدا سەردانى باکۆ دەکات، مەحمودى مەلا عیزەت لە کتێبى جمهوریەتى کوردستاندا دەنوسێت: باقڕۆف باسى بارودۆخى دنیاى بۆ وەفدەکە کردوو کەم و زۆر باسى کوردى نەکرد، سەرەتا قازى محمد هاتە جواب و داواى مافی میللەتى کوردى کرد، پاشان حاجى بابەشێخ توند تر لە پێشەوا هاتەگۆ و داواکاریەکانى دوپات کردەوە.
بۆ پێکهێنانى کۆماریش پێشەوا حاجى ڕەحمان ئاغاى موهتەدى و هەژار دەنێرێت بۆ تورجان تا لە پێکهێنانى کۆماردا دەستبارى قازى بێت، بە بیانوى ناساغى، تەمەنى زۆر و سەرقاڵى ژیان ئەو داوایە دەداتە دواوە، بەڵام بۆ جارى دووەم بە هەمان کەسانى پێشوودا بە داواکاریەکەوە دەرکە بە حاجى بابەشێخ دەگرن، تەنانەت حاجى ڕەحمان ئاغا ڕوو دەکاتە حاجى بابەشێخ و دەڵێت: ئەگەر ئەو داواکارییە پەسەند نەکەیت لە بەرانبەر مێژوودا بەرپرسیار دەبیت، ئەمجارەیان مل دەدات و لە ئەیلولى 1945 دا ماڵى دەباتە سابڵاخ.
لە 25ئەیلولى 1945 حیزب کۆنگرە دەبەستێت و حاجى بابەشێخ بە سەرۆکى هەیئەتى میللى کوردستان هەڵدەبژێردرێت، لەم بارەوە مامۆستا هێمن دەنووسێت: حزب کۆڕێکى بە ناوى هەیئەتى ڕەئیسەى میللى هەڵبژارد ئەندامى ئەو هەیئەتە بووم، حاجى بابەشێخ سەرۆک منیش سکرتێر، چەند مانگێک لەو کۆڕەدا کارم کرد، ئەرکێکى گران، حاجى بابەشێخ ئەوەندەى لە سەر بوو هەرچى من دەینوسم واژۆى بکات، کەچى لەگەلڕ زەوقى مندا ڕێک نەدەهات.
دواتر لە زۆر ڕووداەکانى کۆماردا خاوەن قسەو هەڵوێست بووە، لە کاتى هەرەسى کۆماردا بە یاوەرى قازى محمد پێشوازى لە هومایۆنى دەکات بە هیواى بەرگرى کردن لە کوشتارى خەڵک و کەم کردنەوەى زەرەو زیانەکان.
سەردەمى زیندان کۆتایى ژیانى: دواى داڕمانى کۆمار حاجى بابەشێخ و دەیان کاربەدەستى دیکەى کۆمار ڕەوانەى حەپسخانە کران و نزیکەى سالڕێک لە بەندیخانە مایەوە، لاوێکى چاپک بە ناوى " محمد سالح" کە خەڵکى تورجان بووە جواب دەنێرێت کە دەتوانێت حاجى بابەشێخ لە زیندان دەربکات و دوڵپچێى عێراقى بکات، لە وەڵامدا حاجى بابەشێخ دەڵێت: ئافەرین، هەزار ئافەرین حاجى بابەشێخ ئەو پیاوە نییە لە زیندان هەڵبێت!
کۆتایى تەمەنى بە تەواوکردنە کاروبارى ڕۆژانەى لە گوندەکانى جەمیان و تورجان بەسەر بردووە، هەرتک دآ موڵکى خۆیى بوون، سەرئەنجام لە ڕۆى 23ئۆکتۆبەرى 1959 بۆ هەمیشە چاوەکانى لێک دەنێتء لە پاش خۆیى سێ کوڕو سآ کچ بەجێدەهێلێت.
سەرچاوە: ڕۆلڕ پێگەى حاجى بابەشێخى سەیادەی