کۆلێژی پەروەردە
Post date: Feb 11, 2022 3:57:26 PM
بۆ قسه‌كردن له باره‌ی چه‌ند پرس و ڕه‌هه‌ندێكی گرنگ و هه‌نووكه‌یی زمانی كوردییه‌وه، پشت به‌خوا له به‌رنامه‌ماندایه، كه زنجیره وتارێك له په‌ڕه‌ی فه‌رمیی زانكۆی چه‌رموو دابگرین، تا له‌م ڕێگه‌یه‌وه بتوانین دیدی خۆمان له باره‌ی گرنگترین ئه‌و دیارده و ئاڵه‌نگاریی و ئارێشانه‌ی، كه به‌ره‌وڕووی زمانی كوردیی بوونه‌ته‌وه بخه‌ینه‌ڕوو، ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستی ڕاژه‌كردنی زمانه‌كه‌مان و ده‌رخستنی ئارێشه‌كانی به‌رده‌م زمانه‌كه‌مان، كه پێمانوایه بوونه‌ته كۆسپ و ته‌گه‌ره له‌به‌رده‌م فراژووبوون و گه‌شه‌سه‌ندن و ده‌كاركردنی زمانی كوردیی له بوار و مه‌ودا جیاوازه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌دا.
زنجیره‌ی (1)
نووسینی: د.مسته‌فا ڕه‌زا مسته‌فا، مامۆستا له به‌شی زمانی كوردیی – زانكۆی چه‌رموو
ئێمه‌ی كورد، به حوكمی نه‌بوونی كیانی خۆسه‌ر و تهپهسهركردنمان له‌لایه‌ن گه‌لانی سه‌رده‌سته‌وه، به‌رده‌وام له هه‌وڵی مانه‌وه و داكۆكیكردندابووینه بۆ سه‌لماندن و به‌ده‌ستهێنانی كه‌مترین مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانكردن وه‌ك مرۆڤ، هه‌ربۆیه چه‌مكه‌كانی به‌رگریكردن و شۆڕش و داكۆكیكردن له بوونمان، چه‌مكگه‌لێكی زیندوی نێو فه‌رهه‌نگی كوردیین و له‌م ڕووه‌وه داكۆكیكردن له‌پێناوی بوون و مانه‌وه‌ماندا چه‌مكێكه مه‌ودایه‌كی فراوانی له ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ڕۆشنبیرییماندا داگیركردووه.
له‌م وتاره‌دا ده‌مانه‌وێت، چه‌مكی داكۆكیكردن په‌یوه‌ست بكه‌ین به یه‌كێك له كه‌ناڵ و ئامرازه سه‌ره‌كییه‌كانی كه تاك به ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵه‌وه گرێده‌دات و ده‌یكاته كاراكته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی، كه ئه‌ویش بریتییه له زمان، دیاره زمانیش، سهرهكییترین ئه‌بزار/وه‌سیله‌ی په‌یوه‌ندیگرتنه له‌نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵدا، بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندیی و له‌یه‌كگه‌یشتن (communication)، هاوكات بۆ گواستنه‌وه‌ی بیروڕا و هزرو دونیابینی مرۆڤ، له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی حه‌زوئاره‌زوو، خولیا و هیوای مرۆڤ، چونكه مرۆڤ (بوویه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی)یه و پێویستی به كه‌ناڵێكی گرنگی وه‌ك زمان هه‌یه، تا له ڕێگه‌یه‌وه بتوانێت په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ دونیای ده‌وروبه‌ریدا چێبكات.
ئه‌مه له ڕووه گشتییه‌كه‌وه ناساندنێكی كورتی زمانه، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی كورد زمان ته‌نها ئامرازی په‌یوه‌ندییكردن و هۆكاری گواستنه‌وه‌ی بیر و هزر و حهزوئارهزووهكانمان نه‌بووه و نییه، به‌ڵكو یه‌كێكه له‌و هۆكاره سه‌ره‌كییانه‌ی كه بوونی كوردی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز له ده‌وروبه‌ر (عه‌ره‌ب و فارس و تورك) جیاكردووه‌ته‌وه و له‌م ڕووه‌وه زمان هه‌م سه‌نگه‌رێكی به‌هێزی مانه‌وه و بهردهوامییتهتپێدانمان بووه، هه‌م ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كیی و گرنگی ناسنامه و كه‌لتور و ڕۆشنبیریی كوردیی بووه، هه‌ر له ڕێگه‌ی زمانه‌كه‌مانه‌وه ده‌توانرێت چۆنییه‌تی دونیابینیی و تێڕوانینی كۆمه‌ڵی كوردیی بۆ ژیان و ده‌وروبه‌ر بزانرێت، كه‌واته له‌م گۆشه‌یه‌وه زمانی كوردیی به‌شێكه له ناسنامه و مێژوو و ڕۆشنبیریی و دونیابینیی تاكی كوردیی.
ئه‌م وتاره بۆ خستنه‌ڕووی چۆنییه‌تی پاراستن و ده‌ستپێوه‌گرتنی زمانه‌كه‌مان و به‌ستنه‌وه‌ی به چه‌مكی داكۆكیكردنهوهیه، هه‌ربۆیه هه‌وڵده‌ده‌ین به شێوه‌یه‌كی به‌راوردكاریی ئاماژه به هه‌وڵ و ته‌قه‌لای شاعیری گه‌وره‌ی كورد ( نالی) و هزرڤانی فه‌ره‌نسی (دوبللای) بكه‌ین، تا بزانین نالی بۆ زمانی كوردیی و دوبللای بۆ زمانی فه‌ره‌نسیی چۆن داكۆكییان له زمانه‌كه‌یان كردووه؟
دیاره چه‌مكی داكۆكیكردن یه‌كێكه له‌و چه‌مكانه‌ی، كه په‌یوه‌سته به هه‌وڵ و ته‌قه‌لا و كۆششی مرۆڤ له‌پێناوی به‌رگرییكردن و ڕه‌وایه‌تیدان به‌و كار و بیرۆكانه‌ی كه خۆی پێیوایه ڕه‌وایه و مافی خۆیه‌تی بۆ داكۆكیلێكردن و به‌ده‌ستهێنانیان، واته كاتێك ئه‌م چه‌مكه كاراده‌بێت، كه تاك یان كۆمه‌ڵ بزانێت مافه‌كانی زه‌وتده‌كرێن، یان كارێكی ناڕه‌وا له به‌رانبه‌ر خۆی یا پیرۆزییه‌كانی ده‌كرێت، هه‌ربۆیه مرۆڤی خاوه‌ن هه‌ڵوێست بێده‌نگ نابێت و به‌رپه‌رچی كار و كرده‌وه و گوفتاری به‌رانبه‌ر ده‌داته‌وه، كه بووه‌ته‌هۆی زه‌وتكردنی ماف/مافه‌كانی و له‌م ڕووه‌وه داكۆكی له خۆی یان ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات، هه‌ڵبه‌ت شاعیران و هزرڤانان یه‌كێكن له‌و ده‌ستانه‌ی كۆمه‌ڵ، كه وریایانه ئاگاداری ئه‌و هه‌وڵ و كردار و گوفتارانه هه‌ن، كه ده‌بنه‌هۆی پێشێلكردنی مافی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان، بۆیه له‌م ڕووه‌وه بێده‌نگ نابن و چاكی مه‌ردایه‌تی لێده‌كه‌ن به لادا و داكۆكی له مافه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.
نالی هۆزانڤانی گه‌وره‌ی كورد، كه له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ژیاوه له ڕێگه‌ی هۆنراوه‌كانییه‌وه به‌رپه‌رچی ئه‌و قسانه‌ی داوه‌ته‌وه، كه سه‌باره‌ت به توانست و لهبارێتیی زمانی كوردیی له قۆناغه‌كه‌ی خۆیدا ده‌كران، گوایه زمانی كوردیی زمانێكه بۆ پێنوسین و هۆنراوه وتن ده‌ستنادات و ئه‌و ڕه‌وانبێژیی و نه‌رمیی و له‌باریی و جوانییه‌ی تێدانییه، كه شیعری پێبهۆنرێتهوه، هه‌ربۆیه نالی كه‌ڵه شاعیری كورد، بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره قسانه له هۆنراوه‌یه‌كیدا ده‌ڵێت:
كه‌س به ئه‌لفازم نه‌ڵێت خۆكردییه، خۆ كوردییه
هه‌ركه‌سێ نادان نه‌بێت خۆی تاڵبی مه‌عنا ده‌كا
نالی لێره‌دا، بۆ داكۆكیكردن له زمانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و شانازییكردن به شیعره‌كانییه‌وه، هاوكات بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی كه گوایه زمانی كوردیی توانای ده‌ربڕینی شیعر و ئه‌ده‌بیاتی نییه، به‌و كه‌سانه‌ی كه خاوه‌نی ئه‌و جۆره بیره هه‌ڵانه‌ن ده‌ڵێت (هه‌ر كه‌سێك نه‌زان نه‌بێت، به‌رانبه‌ر به زمان و به‌رزی توانای زمانی كوردیی، له ده‌ربڕینی وشه و لهفزهكانم، ئه‌وا خۆی تێیانده‌گات و ده‌زانێت هۆنراوه‌كانم واتایان چییه و بۆچی وتراون).
دیاره هه‌مان دیارده‌ی به سوك ته‌ماشاكردنی زمانی نه‌ته‌وه‌یی و بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی كه‌م توانستیی زمانێك و باڵاده‌ستی زمانێكی تر و شانازیینهكردن به زمانی خۆوه، هه‌روه‌ك چۆن نالی شاره‌زووریی ناچار به‌و وه‌ڵامه كرد بۆ نه‌یار و نه‌زانانی هه‌مبه‌ر زمانی كوردیی، تا بتوانێت دهمكوتیانبكات، هه‌ر له‌م ڕووه‌وه و هه‌مان دیارده له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر و قۆناغێكی تردا، كه ئه‌ویش كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نسایی و سه‌ده‌ی شانزه‌یه، هه‌مان بیرۆكه له‌ناو خه‌ڵكی فه‌ره‌نسیی زماندا چێنرابوو، كه زمانی فه‌ره‌نسیی له به‌رانبه‌ر زمانی لاتینی و گریكیدا ئه‌و توانست و لهبارێتییهی تێدا نییه، كه ببێته زمانی ئه‌ده‌ب و زانست، بۆیه هزرڤانی فه‌ره‌نسایی (دوبللای)، بۆ داكۆكیكردن له زمانی فه‌ره‌نسیی و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره بیروباوه‌ڕانه ده‌ڵێت: ( هه‌رچه‌نده كه‌مێك گله‌یی له هاووڵاتیانی خۆم ده‌كه‌م كه گێل و سه‌ركێش و سهرهڕۆبوون، ئه‌وان هه‌رچه‌نده له گریك و لاتینییه‌كان كه‌متر نین، به‌ڵام گاڵته به هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن كه به فه‌ره‌نسی نوسرابێت و ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه، زیاتر له‌وه‌ش سه‌رسامم، كه هه‌ندێك له زانایان وای بۆ ده‌چن كه زمانه‌كه‌ی ئێمه ناتوانێت ببێته زمانی ئه‌ده‌ب و زانست.)[1]
له كۆتاییدا ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر فه‌ره‌نساییه‌كان به هه‌وڵ و كۆشش و خه‌مخۆریی دڵسۆزانیان توانییان گرێی به سوك ته‌ماشاكردنی زمانه‌كه‌یان بكه‌نه‌وه، ئه‌وا به داخه‌وه نه‌خۆشیی خۆبه‌كه‌مزانین و به سوك ته‌ماشاكردنی شته‌كانی خۆمان، تا ئێستاش ده‌ردێكی كاریی و كوشنده‌یه له‌ناو ئێمه‌ی كورددا و ئێستاش هه‌مان پڕوپاگه‌نده‌ی دوژمنانی كورد سه‌باره‌ت به زمانه‌كه‌مان له به‌رگی تر و جۆراوجۆردا خۆی نمایشده‌كات و ڕێگه‌ی له فراژووبوون و ڕزگاربوونی زمانه‌كه‌مان گرتووه و له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردییدا ده‌یان قۆرت و ئارێشه‌ی گه‌وره بۆ زمانی كوردیی چێكراون.
[1] لویس جان كاڵڤێ: (2012، 69)، شه‌ڕی زمان و سیاسه‌تی زمانه‌وانی، و.به‌هادین جه‌لال.