کۆلێژی پەروەردە
Post date: Dec 12, 2021 5:47:18 AM
سەروەر سەعدوڵڵا ــ مامۆستای زانكۆ
ڕەخنە تەنیا داپڵۆسین و ڕشتنی ڕق و کینە نییە، بەڵکو جیاکردنەوە و شیکردنەوە، هەروەها بڕیاردان و هەڵسەنگاندن دەگەیەنێت. لە لایەکی ترەوە دەبێت ئەو بۆچونە کلاسیکە هەڵبوەشرێندرێتەوە، کە پێیوایە ڕەخنە، تەنیا پیشاندانی دیوە دزێو، جوانەکانی دیاردە و شتەکانە. جێی پەژارەیە، تا ئێستا ئەم چەمکە لە نێو نووسەران و ڕووناکبیران، تەنانەت لە نێو خەڵکی گشتییدا مۆرکێکی زانستی و بێلایەنی پێنەبەخشراوە. ڕوونە کە ڕەخنە هەڵگری پەیام و ئاکامە، یەکێک لەم ئاکامانە ئەوەیە، کە ڕەخنەسازی بابەتێکی بێلایەنی زانستییە و ڕووداوەکان، دیاردەکان، شتەکان، لە تەفسیرێکی سادە و ناکامڵەوە دەبات بۆ تەفسرێکی لۆژیکی و ژیربێژییانە.
پێش ئەوەى بێمە سەر ناوەڕۆکی باسەکەم، مەبەستمە گوزەرێک بە ڕیشە و مێژووى چەمکەکەدا بکەین، تا تێگەیشتنمان بەرانبەر بە رەخنە کامڵتر بکەین. من هیچ زانیارییەکی ئەوتۆم لە بەردەستدا نییە، پشتڕاستی بکاتەوە، چونکە سەبارەت ڕیشەى ڕەخنەکە نازانم لە چییەوە هاتووە و نووسەران بە چی مانایەک هێناویانەتە نێو بابەتی کایەى نووسین و وێژەی کوردییەوە، بەڵام عەرەب و فارس لە بەرانبەر ڕەخنەدا " نقد" یان هەیە، لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژەیەکی خێرا بە "نقد" فارسیدا بکەین:
لە ڕۆژگاری کۆندا دنیار باو بووە، دینارەکان ئاڵتونی بوون، هەروەها درهەمەکان زیو بوون. جاروبار رێکەوتووە لە دراوی ساختەدا فرتوفێڵ و ساختەکاری کراوە، خەڵکی مسیان تێکەلڕ بە پارە و دراوەکان دەکرد، بەم کارەش ڕێژەى ئاڵتونە دەهاتە خوار. ئیدی هەر بە تەماشاکردن دەزانرا کە عەیارەکەی ڕەسەن نییە، دەستەبەجێ دوای ماوەیەک ئاوەکەى ڕەش دەبووەوە. هەر بۆیە بۆ جیاکردنەوەى دراوی ساختە لە دراوی ڕاستەقینە، وشەى " نقد"یان بەکاردەبرد و دەیانگوت پارەکە نەقد بکە، بە واتە باش و خراپی دنیارەکە لەیەکجیادەکرایەوە. "حافز"، شاعیری ناوداری فارس، لە بەیتێکدا یەکجار هونەرمەندانە ئەم باسەى داڕشتووە:
خوش بود گر محک تجربه آید به میان تا سیه روی شود که در او غش باشد
واتە یەکجار کارێکی بەجێیە، ئەگەر ئەزمون بێتە سەنگی بڕیار، ئیدی ڕووی ڕەشی هەر کەسێک، یان هەر شتێک دەردەکەوێت، کە سەرڕێژە لە کەموکورتیی و غەش!
لێرەوە دەتوانین بچینە ناو بابەتەکەوە، ئەو لایەنە مێژوویی و تێورییە کە سەبارەت چەمکی ڕەخنە خستەمە بەر باس، دەیکەین بە بنەمایەک بۆ هەڵسەنگان و شیکارکردنی کەسایەتیەکی بەڕێز، بە ناوی (دکتۆر سەڵاح ڕەزا )،
سەرۆکی زانکۆی چەرموو. واتە لێکدانەوەى ڕووداوەکان، بڕیارەکان، دەستکەوتەکان ، کەمهێنانەکان لە ڕوانگەى خۆمەوە شیکارمنەکردوون، بەڵکو لە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە هەڵمەسەنگاندوون.
ئاشنایەتی من و دکتۆر سەڵاح:
ماوەی ئاشنایی من و دکتۆر یەکجار کورتە، واتە ئەم ئاشنایەتییە، کەمتر لە دوو ساڵە. لە سەروبەندی هاتنی پەتای کۆرۆنادا، لە بیری گەڕانەوەدا بووم، واتە لە زانکۆی گەرمیانەوە بۆ زانکۆی چەرموو ڕاژە بگوازمەوە. ئەو کات باسوخواسی ئەوە بوو، کە بەشی کوردی دادەخرێت، ئەسڵەن وەرتناگرێت. باشم لە یادە لە کتێبخانەى زانکۆ بۆ یەکەمجار چاوم پێکەوت، یەکەم پرسیاری ئەوە بوو خەڵکی کوێت، گوتم: چەمچەمالڕ، گوتی باشە، وەرتدەگرم، بەڵام خۆت ئامادە بکە و سیمینارێکی باش پێشکەش بکە، چونکە زانکۆکە دەکەینە زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیا. ئەم سەرەتایە بوو بە بناغەیەکی پتەو. تەنیا و تەنیا باسوخواس و دەغدەغەى ئێمە، کاری زانستی و خزمەتکردنی خوێندکار بووە.
دکتۆر سەڵاح وەکو سەرکردەیەک:
گەرچی من، هیچ پۆستێکی ئەوتۆم نەبووە، ئەم وتارەیشم دوورە لە ئەدەبیاتی ستلیش و پیاهەڵدانەوە، دەمەوێت قسە لەسەر دامودەزگایەکی زانستی بکەم، بێئەوەى کە هیچ بەرژوەندیی و مەرامێکی تایبەتم هەبێت. ئامانجی من ئەوەیە، ئاسۆکانی بەردەم ڕەخنە فراوان بکەین، ڕەخنە لە بابەتێکی کەسییەوە بگۆڕین بۆ بابەتێکی زانستی و خزمەتکردنی ئەو بوارەی پێبکەین، کە ڕەخنەى دەکەین. من چەند جارێک لە ئەنجومەنی زانکۆدا بەشداربووم، تاکڕەوییم لێنەبینیوە، بە ئەندازەیەکی زۆر ئازادەیی دەدا بەرانبەرەکەى، دەیگوت هەر بڕیارێک لە خزمەتی خوێندکار و پرۆسەى خوێندندایە بیدەن. چیتان پێباشە، با ئەوە بیکەین.
دکتۆر سەڵاح وەکو ئینسانێکی مرۆڤدۆست، ژینگە و خاکی:
لە دکتۆر سەڵاحدا مرۆڤدۆستییەکی زۆر دەبینرا، چەندیجار بینیومە کە دەستباری هەژاران بووە، ئەگەر کەسێک لە ناخەوە ئازاری هەژاران بە ئازاری خۆی نەزانێت، چۆن یارمەتییان پێشکەش دەکات؟ سەبارەت بە بابەتی ژینگە، ئەم پیاوە خولیایەکی زۆری بۆ جوانکردنی ژینگە هەبوو، ڕۆژێک هاتە بەشی ناوخۆیی، پیسیەکی زۆری بینی، ئاخێکی هەڵکێشا و گوتی دەبێت ئەم دیمە ناشیریانەى ئێرە بە گوڵوگوڵزار بشاردرێنەوە. لە لایەکی ترەوە پێچەوانەى خەڵکانی تر باوەڕی بە پاسەوان و هاتوهاوار نییە، بە ئەندازەیەکی زۆر، خاکییە. پرسگەکەى وەک ماڵەکەى وایە، باوەڕناکەم، دەستی نابێت بە ڕووی کەسەوە.
باسوخواسی داخستنی بەشی کوردیی :
باوەڕناکەم هیچ بەندەیەکی خوا هێندەى من ئاشقی زمانی کوردی بێت. زمانی کوردی بۆ من ناسنامەى تێپەڕاندووە، لای من بوونی مرۆڤی کورد، بەستراوەتەوە بە زمانەکەیەوە، بە واتا ئێمە لە ڕێگەى زمانەوە گوزارشت لە بوون، جیهان، ڕووداوەکان دەکەین. بە تێگەیشتنی من شتەکان، کاتێک شتن کە بە پرۆسەى شیکارکردن و زماندا تێبپەڕن. کاتێک باسوخواسی داخستنی بەشی کوردی هاتەئاراوە، دکتۆر لەگەڵ من و دکتۆر مەریوان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران قسەى کرد و گوتی: بە هیچ شێوەیەک نیەتی داخستنی بەشی کوردیم نییە، بەڵکو تەنیا دەمەوێت زمانی کوردی بخەمە ناو چوارچێوەى کۆلێژی زمانەوە. بۆیە لێرەوە ئەرکی ئێوەیە بە ڕاوێژکردن لەگەڵ مامۆستایانی بەشەکەدا پڕۆپۆزڵێک ئامادە بکەن.گەرچی پێموایە پڕۆپۆزڵەکە کەمیهێنا و سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەستنەهێنا!
دوا وتە:
باوەڕ ناکەم هیچ کەسێک هەبێت دوور بێت لە کەموکورتی و خەوش، گرنگ ئەوەیە لەگەلڕ ڕەچاوکردنی بنەما زانستییەکانی ڕەخنە، ڕەایە مرۆڤ بە ویژدان و ئەخلاقەوە دەست بۆ کاری ڕەخنە ببات، چونکە وتمان کە ڕەخنە بابەتێکی پێکهاتەبەندە و هەڵگری زۆر لەلایەنە لە جوانی، کەموکورتی، هەڵوێست، ئەخلاق و دەستکەوت. دەکرێت دکتۆر سەڵاحیش کەموکورتی و کەهێنانی هەبێت، چونکە بەرکەوتنی هەیە، مومارەسەی پۆست دەکات، دەسەڵات جێبەجێدەکات. بەڵگەنەویستە جێبەجێکردنی ئەمانەش لە وڵاتێکی وەکو کوردستان و زانکۆیەکی ساوا و فەرامۆشکراودا ئەستەمە، بۆیە زۆرجار دڵڕەنجاندن بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ئەرکی سەرۆک زانکۆی داهاتووە، کە دەست بە پڕۆژە تەواونەکراوەکانەوە بگرێت و کاریان بۆ بکات.