رێورەسمی چلەی ماتەمینی د. جەمال ئەحمەد رەشید دكتۆرە

Post date: Jul 03, 2019 7:3:53 AM

بەرواری 19-10-2018، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری تەندروستی و پارێزگاری سلێمانی و جێگرانی سەرۆكی زانكۆو ئەندامی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی و ژمارەیەكی بەرچاو لە پزیشك و مامۆستایان و چەندین بەرپرسی حزبی و حكومی و هاوڕێیان و خانەوادەی خوالێخۆشبوو، رێورەسمی چلەی ماتەمینی د. جەمال ئەحمەد رەشید دكتۆرە میهرەبانەكەی شار لە زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.

سەرەتای رێورەسمەكە بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی خوالێخشبوو د. جەمال ئەحمەد رەشید دەستیپێكرد، دواتر هەربەو بۆنەیەوە وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی لەلایەن د. كاوە ئەمین جێگری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی خوێندرایەوە، كە تێیدا باسی لەو خزمەتە گەورەو بەرچاوانە كرد كە خوالێخۆشبوو د. جەمال ئەحمەد رەشید پێشكەش بە زانكۆی سلێمانی و بواری خوێندنی پزیشكی كردوە كە چەندین پزیشك لەو بوارەدا لەسەردەستی د. جەمال پێگەیشتوون و لە ئیستادا خزمەت بە وڵاتەكەیان دەكەن.

د. كاوە راشیگەیاند: د. جەمال یەكێك بوو لە پزیشكە هەرە باشەكانی منداڵان كە ماوەی 48 ساڵی تەمەنی لە خزمەتی هاووڵاتییان و شاری سلێمانیدا سەرفكردوەو خزمەتێكی بێ وێنەی بە بواری ئەكادیمەو بواری پزیشكیدا كردوەو هەموومان قەرزداری خزمەتەكانی ئەو پیاوە گەورەیەین، وتیشی: كۆچی دوایی د. جەمال زیانێكی گەورە بوو بۆ بواری ئەكادیمیای پزیشكی و وڵاتەكەمان و هیوادارین سەرجەم پزیشكانی كوردستان رێچكەو رێبازەكەی د. جەمال ون نەكەن ئەویش وەك وەفایەك بۆ ئەو پیاوە گەورەیە.

پاشان وتاری هەریەك لە پارێزگاری سلێمانی و وەزیری تەندروستی و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو خوێندرایەوەو دواتر فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر ژیان و خزمەتەكانی د. جەمال ئەحمەد رەشید نمایشكراو كۆتایی بە مەراسیمەكە هات.

د. جەمال ئەحمەد رەشید لە ساڵی 1945 لە شاری سلێمانی هاتووەتە دونیاوەو ماوەی 48 ساڵ بەردەوام وەك پزیشكێكی منداڵان لە شاری سلێمانی خۆنەویستانە خزمەتی كردوەو لە زانكۆی سلێمانیش وەك مامۆستایەك لە كۆلێجی پزیشكی خزمەتی كردوە، لە 4-9-2018، بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.