The Dean of Medicine, Dr Kosar's speech at the 6th stage leavers celebration.

Post date: May 18, 2016 5:42:39 PM

وتاری بەرێز سەرۆكی سكوڵی پزیشكی بەبۆنەی ئاهەنگی دەرچوونی خوێندكارانی قۆناغی شەشەمەوە

بەرێزان....

-كاك د.ئاسۆ فریدون, پارێزگاری شاری سلێمانی

-مامۆستایانی بەڕێز

-كەس و كاری خوێندكارانی قۆناغی شەشەمی پزیشكی

-خوێندكارانی خۆشەویست

خۆمان بە خۆشحاڵ ئەزانین لە بۆنەیەكی وا بەرز و پیرۆزدا بەشداردەبین لەگەڵتاندا لە ئاهەنگی دەرچونی قۆناغ و دەستەیەكی تری خوێندكاری سكوڵەكەمان, گەشتن بەم قۆناغە بەرهەمی ڕەنجی چەند ساڵەی ماندووبوونی ئێوەی خۆشەویستە لەشەونخوونی و كۆشش و ماندووبوونی بەردەوام...

بەناوی سەرجەم مامۆستایان و كارمەندانی ڕاگرایەتی سكوڵی پزیشكیەوە پیرۆزبایی ئەم قۆناغە گرنگەی ژیانتان لێ‌ ئەكەین , وە پیرۆزبایی لە خۆمان و لە یەكەبەیەكی ئەندامانی خێزانەكانتان ئەكەین كە گومانی تێدا نیە پاڵپشتی و هاندانی ئەوان كاریگەری تەواوی هەبووە لەم سەركەوتنەی ئێوەدا بەتایبەت لەم بارودۆخە ناهەموارەی ئێستا هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە.

وەك ئاشكرایە پیشەی پزیشكی لە هەموو وڵاتانی جیهاندا پیشەیەكی پیرۆزە و پزیشكان هەمیشە ڕۆڵی پێشەنگ و داهێنانیان بینیوە بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە و دامەزراوە ئەكادیمی و زانستیەكان , پیشەی پزیشكی پیشەیەكی تایبەتمەندە و لەناو كۆمەڵگادا بە چاوێكی تایبەتەوە لێی دەڕوانن و جێگەی ڕێز و شانازیە.

لەگەڵ ئەوەشدا پیشەی پزیشكی پیشەیەكی هەستیارە چونكە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی مرۆڤەكانەوە هەیە , بۆیە پێویستە زۆر وریایانەو هەستكردن بە بەرپرسیارێتی ڕۆڵی خۆتان بگێڕن و ممارەسەی پیشەكەی خۆتان بكەن , كە هەر ئەوە لە ئێوە چاوەڕوان دەكەین , چونكە وا دەبینین كۆمەڵگە لە ئێستا و لە داهاتوودا زۆر پێویستی بە ئێوەیە .

بۆیە وەك سكوڵی پزیشكی سلێمانی بڕوای تەواومان بە توانا و لێهاتوویی ئێوە هەیە و دڵنیاین ئایندەی گەلەكەمان بە ئێوەوە ڕۆشن دەبێت , ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە لەخۆبوردەیی و دڵسۆزی و هەوڵ و ماندووبونی سەرجەم مامۆستا و كارمەندەكان بەتایبەتی لەم بارودۆخەناهەموارەدا بەرز بنرخێنین , بۆیە هەرلێرەوە سوپاسی یەكە بەیەكەی مامۆستاكانتان و سەرجەم كارمەندان و ستافی سكوڵی پزیشكی زانكۆی سلێمانی دەكەم كە سەڕەرای تێكڕای قەیرانەكان توانییان پێشمەرگە ئاسا بەردوامی بدەن بەخوێندن بۆ پاراستنی ساڵێكی خوێندنی ئێوەی خۆشەویست كە ئەگەری چاوەرنكراوبوو بۆ لەدەستچوون..

پێشمان خۆشە كە سوپاسێكی بێ‌ پایانی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی خۆشەویست بكەین كە هەردەم هاوكار و هەماهەنگ و پاڵپشتمان بوون لەباشتر بەرێوەبردنی كارەكانماندا.

دواجار پێم خۆشە كە سوپاسێكی تایبەت ئاڕاستەی برای بەرێزمان جەنابی كاك دكتور ئاسۆ فەرەیدون ,پارێزگاری سلێمانی كە لەرووی ماددیی و معنەوی یەوە هاوكارمان بوو بەگرتنەئەستۆی تێچوونی ئەم ئاهەنگە و نمونەیان زۆر بێت و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین لەكارەكانیدا...

هەروەها سوپاسی تایبەتمان بۆ برای خۆشەویستمان كاك د.میران محمد عباس بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی كە هەردەم هاوكارێكی دڵسۆزمان بووە و لەم ئاهەنگەشدا لەرووی مادیەوە هاوكاریان كردین...

هەروەها سوپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەكەین كە رۆڵیان هەبوو لەرێكخستنی ئەم ئاهەنگەدا

دووبارە پیرۆزتان بێت و ئایندەتان گەش و درەوشاوەتر بێت و هیوای سەركەوتن بۆ هەمووتان دەخوازین و بەهیوای ئەوەی بتوانن ببنە هۆكاری بەرەوپێششبردنی بواری تەندروستی لەهەرێمە خۆشەویستەكەماندا...

هەردەم شاد و دڵخۆش و سەرفراز بن.