1- پێويسته خوێندنى (ئێواران) له بەشە (زانسته مرۆڤایەتییەکان) ى زانكۆ و پهيمانگه (حكومييهكان) بكرێتهوه.
2- پلانى وەرگرتنى خوێندنى (ئێواران) نابێت لە ڕێژەى (100%) ى پلانى پەسندکراوى بەشەکانى (بەیانیان) زیاتر بێت.
3- دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى بە دواداچوون دەکات بۆ دڵنیایى لە ئاستى زانستى و کوالێتى بەشەکان.
4- پێشکەش کردن بە شێوازى (ئۆنڵاین) دەبێت لە هەمان لاپەڕەى ئەلیکترۆنى تایبەت بە پێشکەش کردنى (زانکۆلاین ، پارالێل).
5- بۆ زیاتر دەستە بەرکردنى کوالێتى و دڵنیایى جۆرى ، تاقیکردنەوە کۆتاییەکان لە خوێندنى (ئێواران) لەگەڵ خوێندنى (بەیانیان) بەیەکەوە ئەنجام دەدرێت و بە هەمان پرسیار دەبێت.
6- کاتژمێرەکانى دەوامى خوێندنى (ئێواران) دەبێت بە هاوتاى کاتژمێرەکانى خوێندنى (بەیانیان) بێت لە (8 کاتژمێر کەمتر نەبێت).
7- لە زانکۆکاندا هەر بەشێک لە (کۆلێژ و پەیمانگەکان) ئەگەر لە خوێندنى (بەیانیان) قوتابى/ خوێندکارى نەبێت ، ئەوا بۆى نییە لە دەوامى (ئێواران) قوتابى/ خوێندکار وەربگرێت.
8- کۆنمرەى وەرگرتن بۆ کۆلێژ لە (60%) کەمتر نەبێت وە بۆ پەیمانگە لە (55%) کەمتر نەبێت ، ئەم مەرجە دەرچووانى ئامادەییە (پیشەییەکانیش) دەگرێتەوە کە تەنها مافى پێشکەش کردنیان بۆ پەیمانگە هەیە بە ڕەچاوکردنى هاوپسپۆرییان.
9-کۆنمرەى وەرگرتن لە قەزاو ناحییەکان و ئەو شوێنانەى کە زانکۆى (ناحکومى - ئەهلى) یان لێ نییە بە هەمان کۆنمرەى زانکۆ (ناحکومى - ئەهلى) یەکان دەبێت.
10- بۆ وانە پەیوەندیدارەکانى پسپۆرییەکان ڕەچاوى (کریدت) دەکرێت.
11- پێشینە (ئەولەویەت) بۆ دەرچووانى ئامادەیى ساڵى خوێندنى (2022-2023) دەبێت تا ڕێژەى (80%) ، وە لە کاتى پڕ نەبوونەوەى ئەو ڕێژەیە بە دەرچووانى ساڵانى ڕابردوو و دەرەوەى هەرێم پڕ دەکرێتەوەو ڕەچاوى تەمەن ناکرێت ، جگە لە کۆلێژ و بەشەکانى (پەروەردەى وەرزش) کە تەمەنیان نابێت لە (30) ساڵ تێپەر بکات.
12- ئەو قوتابى/ خوێندکارەى کە دەرناچێت (ڕاسب) دەبێت و خوێندنى (ئێواران) لەو قۆناغەدا نامێنێت ، ئەوا بە میواندارى دەچێتە خوێندنى (بەیانیان) بە سیستەمى (پارالێل) بە تەواوى کرێی خوێندنى (پارالێل) ، وە بڕوانامەکەى بە (ئێواران) دەبێت.
13- گواستنەوە بۆ وەرگیراوان لە خوێندنى (ئێواران) بۆ بەشى هاوشێوەى (بەیانیان) ناکرێت لە بەر جیاوازى کۆنمرە.
14- بە مەبەستى هاندانى خوێندن ئەگەر قوتابى/ خوێندکار کە بە سیستەمى (ئێواران) وەرگیراوە لە هەر ساڵێک یەکەم بوو لە سەر سەرجەم قوتابیان/ خوێندکارانى بەشەکەى ئەوا لە (75%) ى کرێى خوێندن دەبەخشرێت و ئەگەر دووەم بوو لە (50%) وە سێیەم لە (25%) ى کرێى خوێندن دەبەخشرێت لە قۆناغى دواتر.
15- سەبارەت بە کرێى خوێندنى (ئێواران) لە لایەن ئەنجومەنى زانکۆوە دەست نیشان دەکرێت و بە پێى تێچووى بەشەکە و پێداویستییەکانى ، بە مەرجێک ڕێژەکە کەمتر نەبێت (70%) ى نرخى خوێندنى بەش و کۆلێژى هاوشێوەى زانکۆ (ناحکومی - ئەهلى) یەکان لە لایەن وەزارەتەوە پەسەند دەکرێت ، بۆ ئەم مەبەستە زانکۆکان دەبێت کرێى خوێندن لە بەشەکانى کە خوێندنى (ئێوارانیان) هەیە ڕەوانەى وەزارەت بکەن.