پوختە
گۆڕانكاری دانیشتوان، لەڕووی ژمارە و گەشەكردن و پێشكەوتن و هەمەجۆری پێویستیە زۆرەكانیەوە سەپاندوویەتی بەسەر مرۆڤدا كە زۆرتر پشت بەدەرامەتە سروشتییەكان ببەستێت، كە هەندێكیان تەواو دەبێت و هەندێكیتریان تەواو نابێت، و بەشێوەی نایەكسان بەسەر گۆی زەویدا دابەشبوون، ئەمە وایكردووە گرنگی بەلێكۆڵینەوە لەدەرامەتە سروشتییەكان بدرێت لەلایەن زۆربەی دەوڵەتانی جیهانەوە و قورساییەكی ستراتیجی لەنەخشە و پلانی پەرەپێداندا هەبێت، بەتایبەتی لەقۆناغی شارستانییەتی هاوچەرخدا، گرنگترین تایبەتمەندی لەدەرامەتە سروشتییەكاندا نایەكسانییە لەدابەشبوونیدا لەسەر گۆی زەوی، وەك ئەوەی لەهەندێك ناوچە ئەوەندە زۆرە لەپێویست زیاترە و لەهەندێك ناوچەی تر بەڕێژەی كەمتر و هەندێك ناوچە بەتەواوی بەرچاو ناكەوێت، ئەمەش وادەكات كەتۆڕێكی پەیوەندی بازرگانی دروست بكات لەپێناوی ئاڵوگۆڕكردنی ئەو دەرامەتە سروشتییانە ئەمە لەلایەك، و لەلایەكیترەوە وایكردووە جۆرێك لەگەلەكۆمەكیی ئابووری لەنێوان ئەو ڕژێمە جیاوازانەدا دروستبكات. ئەم ۆركشوپە لەسەر (بنەماكانی پەرەپێدانی كەرتی ئابووری لە ئیدارەی گەرمیاندا)، ئیدارەی گەرمیانیش دەكەوێتە بەشی باشور و ڕۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان, لەباكوریەوە پارێزگای سلێمانی و لەباكوری ڕۆژئاواوە پارێزگای كەركوك و لەڕۆژئاواوە پارێزگای صلاح الدین و لەباشوریەوە پارێزگای دیالە و لەڕۆژئاواوە بەدرێژایی سنور لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا هاوسنورە، لەباكوری ڕۆژهەڵاتیشەوە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، لەڕووی ئەسترۆنۆمییەوە دەكەوێتە نێوان بازنەكانی پانی (25 26 34 - 05 10 35) باكور و نێوان دوو هێڵی درێژی (10 29 44 - 15 48 45) ڕۆژهەڵات , ژمارەیەك لەیەكەی ئیداری قەزا, ناحیەلەخۆدەگرێت, ئەو قەزایانەش بریتنی لە قەزاكانی كەلار و كفری و هەردوو ناحیەی قۆرەتوو و مەیدان لەقەزای خانەقین, كەلار سەنتەری ناوچەكە پێكدێنێت.
تەوەرەكانی ۆروكشوپەكەش بریتین لە:
تەوەری یەكەم/ ڕۆڵی دەرامەتە سروشتییەكان لە پەرەپێدانی چالاكی ئابووریدا
تەوەری دووەم/ ڕۆڵی كەرتی گەشتوگوزار لە پەرەپێدانی چالاكی ئابووریدا
تەوەری سێیەم/ بارودۆخی ڕێگاكانی گواستنەوە و كاریگەرییان لەسەر پەرەپێدانی كەرتی ئابووری لەناوچەی گەرمیاندا