پیسبوونی بینین بەیەكێك لە جۆرەكانی پیسبوونی ژینگە دادەنرێت, ڕواڵەتەكانی ئەم دیاردەیە لەم ساڵانەی دوایدا زۆر زیاتر بووە بەبەراورد بە پێشووتر,بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و پێشكەوتنی ئاوەدانی و پرۆسەكانی شارسازی و چالاكییە جۆراوجۆرەكانی دانیشتوانەوە, .ناوچەی توێژینەوە دەكەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستانەوە , لەڕووی كارگێڕییەوە هاوسنورە لەگەڵ ناحیەی ڕزگاری لەبەشی ڕۆژئاوای و ڕوباری سیروان لەبەشی ڕۆژهەڵاتی و گوندی بەردەسوور لەباكورەوەو گوندی گردەگۆزینە لە باشورییەوە, كۆی گشتی ڕوبەری ناوچەی توێژینەوە دەگاتە ( 17.3كم2) . ئامانجی ئەم توێژینەوەیە دەرخستنی فاكتەرو ڕواڵەتەكانی پیسبوونی بینیە لە شارەكەدا,و دیاریكردنی كاریگەرییە ژینگەییەكانی پیسبوونی بینین لەو ناوچانەی كەبەڕادەیەكی زۆر ڕواڵەتەكانی پیسبوونی بینینی تێدا دەبینرێت. توێژینەوەكە پشتی بەستووە بە فۆرمی ڕاپرسی و شێوازی ئاماری ناسراو بە(فاكتەری شیكردنەوە و ڕێگای پێكهاتەی بنەڕەتی), بەمەبەستی گەیشتن بە دیارترین ئەو فاكتەرانەی كە هۆكارن لە دەركەوتنی ئەم كێشەیەدا ,وە بۆ زانینی تایبەتمەندییە ناوەكیەكانێتی لە چوارچێوەی یەك كۆمەڵەدا, لێكۆڵینەوەكە بەو دەرئەنجامە گەیشت كە زۆرترین ئەو ڕەگەزانەی بەشدارن لە تێكدانی بینین لە شارەكەدا بریتین لە ((یەكەی نیشتەجێ بوونی هەڕەمەكی ,بڵاوبوونەوەی مۆلیدە ئەهلییەكان وتەل و وایەری ئەو مۆلیدانە, كەمتەرخەمی لەلابردنی كەرەستەی بەجێماو لەكاتی چاككردنەوەو بنیادنانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكاندا,خراپ بەكارهێنانی شۆستەكان لەلایەن دەستگێڕو خاوەن دوكانەكانەوە, جۆراوجۆری مەوادو كەرەستەی بینا و ڕەنگە جۆراوجۆرەكان لە بیناكاندا,قەرەباڵغی هاتووچۆ,بڵاوبوونەوەی پۆستەرو ڕیكلام و لافیتەی هەمە چەشن, هەبوونی ئاژەڵی ماڵی و بەرەڵا لەنێو گەڕەكەكانی شارەكەدا.....هتد.
لەكۆتایی توێژینەوەكەدا بە كۆمەڵێك دەرئەنجام گەشتین, و چەند پێشنیارێكیش خراوەتە ڕوو بۆ كەمكردنەوەو سنورداركردنی ڕواڵەتەكانی پیسبوونی بینین لەشاری كەلاردا ئەوانیش :
1. پیسبوونی بینین پێناسە دەكرێت بە ڕەگەزە بینراوە ناسەرنج ڕاكێشەكان ,جا چ ئەو ڕەگەزانە دیمەنە سروشتییەكان بن یاخود دیمەنی دەستكرد بێت,و یاخود بریتییە لە تێكچوونی هەر دیمەنێك كە چاوی مرۆڤ لەكاتی ڕوانین بۆیان هەست بە ئاسودەیی دەروونی ناكات,و هەروەها سەلیقەی هونەری تێكدەدات , و یاخود شاردنەوەی وێنەی جوانیی هەموو ئەو شتانەی كەلەدەوروبەرمان هەن .وە دەتوانین پیسبوونی بینین پێناسە بكەین بەوەی كە ئەو جۆرەی پیسبوونەیە كە ئازاری چاو دەدات لە زۆرینەی بارودۆخەكاندا كاردەكاتە سەر خۆشگوزەرانی گشتی, و زیان بە تەندروستی شار دەگەیەنێت و دایئەماڵێت لە سیماو وێنە جوانەكانی.
2. لەكاتی ئەنجامدانی سەردانە مەیدانیەكانمان بۆ ناوچە جیاوازەكانی شاری كەلار و تەواوی شێوازەكان و بەكارهێنانەكانی زەوی شارەكە زۆر بە زەقی ئەم دیاردەیە (پیسبوونی بینین) لە شارەكەدا بەرچاو دەكەوێت, كێشەی ژینگەیی پیسبوونی بینین لە شاری كەلاردا هەموو شوێنەكان و گەڕەكەكانی شارەكەی لێ بەدەر نیە واتا بەشێوەیەكی چوون یەك ئەم دیاردەیە لە هەموو ناوچەكاندا دەبینرێت.ئەمەش كاری كردووەتە سەرشێواندنی كەسێتی و ڕوخساری شار, و دووبارەبوونەوەی بینینی ئەم دیمەنانە بە تێپەڕبوونی كات وا دەكات كە هەستەكان لە دەست بدەین و بەهای جوانی و وێنەی ڕاقێتی ڕوخساری بیناكاری لە دەست دەچن.
3. هەژاری ناوچەی لێكۆڵینەوە لەڕووی نەبوونی هاوچوونیەكی لە بنیادنانی ئەندازەكاری بیناكانداو جۆراجۆری شێوازەكانی دیزاینكردنی بیناكان.
4. لێكۆڵینەوەكە بەو دەرئەنجامە گەیشت كە زۆرترین ئەو ڕەگەزانەی بەشدارن لە تێكدانی بینین لە شارەكەدا بریتین لە ((یەكەی نیشتەجێ بوونی هەڕەمەكی ,بڵاوبوونەوەی مۆلیدە ئەهلییەكان وتەل و وایەری ئەو مۆلیدانە, كەمتەرخەمی لەلابردنی كەرەستەی بەجێماو لەكاتی چاككردنەوەو بنیادنانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكاندا,خراپ بەكارهێنانی شۆستەكان لەلایەن دەستگێڕو خاوەن دوكانەكانەوە, جۆراوجۆری مەوادو كەرەستەی بینا و ڕەنگە جۆراوجۆرەكان لە بیناكاندا,قەرەباڵغی هاتووچۆ,بڵاوبوونەوەی پۆستەرو ڕیكلام و لافیتەی هەمە چەشن, هەبوونی ئاژەڵی ماڵی و بەرەڵا لەنێو گەڕەكەكانی شارەكەدا,كەڵەكەبوونی خاشاك و پاشماوە ڕەقەكان.....هتد.
لە پێناو نەهێشتن و كەمكردنەوەی ڕواڵەتە زەقەكانی پیسبوونی بینین دا پێویستە كار بكرێت لەسەر:
1. كاراكردنی ڕۆڵی ڕاگەیاندن چ بیستراو یان بینراو یاخود خوێندراو لە هۆشیاركردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگادا لەهەمبەر پاراستنی سیماو جوانیەكانی شار و تێكنەدانی ,و ئاشناكردنیان بە ڕواڵەتەكانی پیسبوونی بینین و كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی لەسەر سیمای ئاوەدانی (شارسازی) لەكاتی بنیادنان و پراكتیزەكردنی پرۆژەو كاروبارە جۆراوجۆرەكانیاندا .
2. ڕۆڵی پەروەردەو ناوەندەكانی فێركردن لە هۆشیاركردنەوەی تاكەكان لەڕێگریكردن لە زیادبوونی دیاردەی پیسبوونی ژینگە بەگشتی و ڕواڵەتەكانی پیسبوونی بینین ,و دانانی یاساو ڕێساكانی پاراستنی ژینگە لە پرۆگرامەكانی خوێندندا.
3. سەپاندنی سزاو غەرامە بەسەر سەرپێچیكەران و تێكدەرانی ژینگەدا جا چ كەس و گروپ و لایەنێك بێت بێ جیاوازی,لەوانە ڕێگریكردن لە فڕێدانی پاشەڕۆ و خاشاك لە شوێنە جیاوازەكانی شاردا و ئەوانەی سیمای شار تێكدەدەن و هۆكارن لە زیادكردنی دیاردەی پیسبوونی بینین.
4. دابینكردنی شوێنی تایبەت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێلی تایبەت و گشتی ڕێگریكردن لە بەكارهێنانی شەقام و شۆستەكان بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەكی هەڕەمەكی كە ئەم دیاردەیە لە شاری كەلاردا یەكێكە لە ڕواڵەتەكانی پیسبوونی بینین.
5. كاربكرێت لەلایەن حكومەتەوە بە زیادكردنی كارەبای گشتی و كەمكردنەوەی مۆلیدە ئەهلیەكان لەناو گەڕەكەكانو دانانی میكانیزمی جێگرەوەی نوێ بۆ تەل و وایەری مۆلیدەكان بەشێوازی زانستی و سەردەمیانە و كەمكردنەوەیان.
6. ڕێگریكردن لە بەكارهێنانی شۆستەكان لە پیشە جیاوازەكاندا و سەپاندنی غەرامە بەسەر سەرپێچیكاران, ڕواندنی دارودرەخت لە شەقامەكان و ڕێگاوبان و گۆڕەپان و شوێنە جیاوازەكان و كەمكردنەوەی پۆستەرو بانگەشەكان لەشەقامەكان و گۆڕەپان و سەرووی باڵەخانەو دوكانەكاندا.
7. ڕێگریكردن و نەهێشتنی پەروەردەكردنی ئاژەڵ لەناو شاردا,و لەناوبردنی ئاژەڵە بەرەڵاكان لەناو گەڕەكەكاندا و دوورخستنەوەیان لە شوێنی نیشتەجێ بوون.
8. تازەكردنەوەو و كۆكردنەوەی تابلۆی پزیشكەكان لەیەك پۆستەری گەورەی ڕەنگاوڕەنگ و دیزاینێكی نوێ دا.
9. گرنگیدان بە دیزاینكردنی ستوونی ڕوناكی و ئاماژەكانی هاتووچۆ و شوێنی فڕێدانی خاشاك و ڕێكخستن و دیزاینی لافیتە و بانگەشە بازرگانییەكان بەشێوازی نوێ و سەردەمیانە بەیەك ئاست و شێوە ,ئەمەش لەلایەن شارەوانیەوە دەستنیشانبكرێت و هەمووان پابەند بكرێن بەجێبەجێكردنی.
10. پابەندكردنی خاوەنی ئەو زەویانەی كە بەجێهێڵراون بەدروست كردنی پەرژینێك بەدەوری زەوییەكەیدا بۆئەوەی نەبێتە شوێنی فڕێدانی پاشەڕۆو خاشاك و پاشماوی بیناو شوێنی پەروەردەكردنی ئاژەڵ و پەلەوەر.كە ئەم دیاردەیەش لە زۆرێك لە گەڕەكەكاندا بەرچاودەكەوێت.
11. دەركردنی ڕێساو یاسای تایبەت بە لایەنی ئاوەدانی و بیناسازی,لەوانە یەكخستنی بەرزییەكانی شار ڕوكارو ڕووی دەرەوەی بیناكان و ڕەنگەكان و یەكخستنی ڕوكاری دوكان و بازاڕو بینا بازرگانیەكان لەڕووی ڕەنگ و ئەو كەرەستانەی كە بەكاردەهێنرێن لە ڕووكارەكاندا .