دەرامەت چی یە:
بریتی یە لە هەموو ئەو كەرەستە سروشتیانەی مرۆڤ بەكاریان دێنێت و دەتوانێت بیانگوڕێت سامانێك كە سوودیان لێوەربگرێت، كەواتە بەگشتی بریتی یە لە كارلێك كردن لە نێوان چالاكی مرۆیی بە هەموو تەكنەلۆجیاكانیەوە لەگەڵ كەرەستە سروشتیەكان. دەرامەتە سروشتیەكان بەگویرەی كاتەكان گۆڕاون جا بەهۆی ئەوە بوو بێت لە ڕابردوودا مرۆڤ ئەو دەرامەتەی جارێ نە بنیبووەوە بەهۆی دواكەوتی تەكنەلۆجیای ئەو سەردەمە یان ئەو ڕێسا ئابوورییانەی ئەو سەردەمە چالاكی ئابوورییان بەڕێوەبردووە پەیان بەو سەرچاوانە نەبردووە، بۆیە ئەو سەرچاوانە لە لیستی سەرچاوەكاندا نەبووبوون تاوەكو مرۆڤ پێیان گەیشتووە و هەستی بە بەهایان كردووە و بەكاریهێناون، یان تەكنەلۆجیای ئەو سەردەمە یارمەتی دەری بەكارهێنانیان نەبووە، وەكو نەوت و لاستیكی سروشتی.
بۆیە لەوانەیە چەندین دەرامەتی تری سروشتی لە ناخی زەوی و ئاسماندا هەبێت مرۆڤ تاوەكو ئێستا پەی پێنەبردبێت و لە داهاتوودا سوودیان لێوەربگرێت، بەڵام بەگشتی مرۆڤ بەم ڕێگایانەی خوارەوە دەرامەتە سروشتی یەكان بەكاردەهێنێ، ئەوانیش:
1. بەكارهێنانی ڕاستەوخۆ: وەكو بەكارهێنانی ماسی و گۆشتی مەڕ و ماڵات و خواردەمەنی ڕووەكی.
2. بەكارهێنانی ناڕاستەوخۆ: وەكو بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزە لە كارگە پیشەسازییەكان لەلایەن مرۆڤەوە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستی یەكانی.
3. بەكارهێنانی زیاتر بۆ مەبەستێك: وەكو بەكارهێنانی دارستانەكان لەلایەن مرۆڤەوە بۆ مەبەستەكانی (بڕینی دار، لایەنی گەشتوگوزار، دابینكردنی خواردەمەنی، بەخێوكردنی مەڕوماڵات).
ئەمە بە واتایەكی تر واتە جیهانی سروشتی پڕە لە دەرامەتی بە نرخ كە پێكەش كراوە بە مرۆڤ بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگرێت لە پێداویستی یە جۆراوجۆرەكانی، هەر لەگەڵ زیادبوونی پێوستیەكانی مرۆڤدا مرۆڤ زیاتر بیر دەكاتەوە بۆ ئەوەی زیاتر و بە شێوازی زیاتر و جۆراوجۆرتر سوود لە سەرچاوە سروشتیانە وەربگرێت. بۆیە لەوانەیە هەندێ لەسەرچاوە سروشتیەكان كۆتاییان پێبێت یان سەرچاوەی تر جێگەیان بگرێتەوە، بەڵام دەرامەتە سروشتیەكان كۆتاییان پێنایەت و بەردەوام مرۆڤ پێوستی پێیانە، واتە پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان ئەو سەرچاوانە و مرۆڤدا هەیە وەكو زیمرمان ئەڵێت (گەردون بەبێ مرۆڤ هیچ دەرامەتێكی تێدا نی یە، چونكە دەرامەتە سروشتیەكان بۆ مرۆڤ و پڕكردنەوەی پێداویستی یەكانیەتی. بۆیە ئەتوانین بڵێن لە ئێستادا دەرامەتە سروشتیەكان تەنها سەرچاوەی دەرامەتی مرۆڤن، كە لەوانەیە لە داهاتوودا سەرچاوەی تر هەبێـت.
گرنگی دەرامەتە سروشتی یەكان:
پۆلێنكردنی دەرامەتەكان
پۆلینكردنی زۆر كراوە بۆ دەرامەتەكان بەپێی ئەو ئامانجەی بەكاردەهێنرێـت بەڵام گرنگترین ئەو پۆلێنانە ئەمانەی خوارەوەیە:
1. لەڕووی شوێنی بوونیانەوە:
دەرامەتەكان لەڕووی شوێنی بووینانەوە جیاوازن، كە ئەتوانین بەم شێوەیە دابەشیان بكەین:
أ. ئەو دەرامەتانەی كە لە هەموو جێگایەك هەن:
هەندێ لە دەرامەتەكان لە هەموو جێگایەك هەن، مرۆڤ تووشی هیچ ڕێگرییەكی ئەو تۆ نابێتەوە لە بەدەستهێنانیان، ئەمە جگە لەوەی بەبێ بەرامبەر بە دەستیان دێنێت، وەكو ئۆكسجین كە لە هەوادا هەیە لە هەموو شوێنێك بڵاوبۆتەوە، هەروەها بۆ ئاو و خاكیش ئەمە ڕاستە.
ب. ئەو دەرامەتانەی كە لەچەند جێگایەك هەن:
هەندێ لە دەرامەتەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان لە زۆربەی هەرێمەكانی جیهاندا بوونیان هەیە بەڵام بەهاكانیان لە هەرێمێك بۆ هەرێمێكی تر جیاوازە بە گوێرەی چەندێتی بەردەستی و دەگمەنیەكەی، كەواتە نرخەكەی بە گوێرەی یاسای داواكاری و خستنەڕوو دیاری دەكرێت، بۆ نموونە زۆربەی هەرێمەكانی جیهان زەوی تایبەت بە كشتوكاڵیان هەیە، بەڵام ئەو زەوییانە جیاوازن لە ڕووی كوالیەتی و بەردەستیانەوە، نرخی زەوی وەك هەر شمەكێكی تر یاسای داواكاری و خستنەڕوو دیاری دەكات، كە كەمی زەوی دەبێتە هۆی بەرزی نرخەكەی لەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتووانیان زۆرە، بەڵام زۆری و بەردەستی زەوی ئەبێـە هۆی كەمی نرخەكەی لەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتوونیان كەمە وەكو ئەوەی لە كەنەدا و ئوسترالیا ئەبینرێت.
ج. ئەو دەرامەتانەی كە لەچەند جێگایەكی كەم هەن:
هەندێ لە دەرامەتەكان بە تایبەتی دەرامەتە كانزاییەكان لە هەندێ ناوچەی دیاری كراوی كەم
بڵاوبوونەتەوە لە جیهاندا، چونكە ئەو پێكهاتانەی كە لەخۆی گرتوون نی یە تەنها لە چەند ناوچەیەكی دیاری كراو نەبێت، بۆیە دەبینین بەرهەمهێنانی كانزایی تەنەكە كۆبۆتەوە لە وڵاتانی مالیزیا و تایلەند و ئەندەنوسیا و بۆلیفیا.
د. ئەو دەرامەتانەی كە تاڕادەیەك تەنها لەیەك ناوچەدا هەن:
چەند كانزایەكی كەم بەرهەمهێنانیان چڕ دەبێتەوە تەنها لەیەك هەرێمی دیاری كراو، وەكو كانزای نیكل كە ناوچەی (سدبری) لە ولایەتی ئەونتاریو لە كەنەدا گرنگترین ناوچەی بەرهەمهێنانیەتی.
2. لەڕووی تەمەن و توانایی نوێ بوونەوە:
هەندێ لە دەرامەتەكان تایبەتمەندن بەوەی بە بەردەوامی توانای بەرهەمهێنانیان هەیە، بە پێچەوانەشەوە هەندی دەرامەتی تر سنوردارەو دوای ماوەیەكی زۆری بەكارهێنان ترسی تەواوبوون و كۆتای هێنانی هەیە، بۆیە پێوستە لەسەر حكومەتەكان هەوڵ بەن بە باشترین شێوە سوود لەو دەرامەتانە وەربگرن و باشترین و پێشكەوتووترین ئامێریەكانی سەردەمی تێدا بەكاربهێنن، بۆ ئەوەی زۆرترین كات بمێنێتەوە و سوودی لێوەربگیرێت لە لایەن نەوەكانی داهاتوویشەوە، لەم ڕووەوە دەرامەتەكان بەم شێوەیە پۆلێن دەكرێن:
أ. دەرامەتە نوێ بووەكان:
هەندێ لە دەرامەتەكان تایبەتمەندت بەوەی بەردەوام نوێ دەبنەوە بە شێوەیەكی سروشتی، كە پێداویستی یە جۆراوجۆرەكانی مرۆڤ دابین دەكەن، مرۆڤە سەرەتاییەكان چاودێری دارستانەكانیان دەكرد و دەیان پاراست و نەیان ئەبڕییەوە تەنها ئەوانە نەبێت كە تەمەنێكی زۆریان هەبوو، هەروەها داری نۆییان لە جێگای بڕاوەكان دەڕواند، ئەمە جگە لەوەی چەندین ڕێگەی هونەرییان بەكاردەهێنا بۆ پاراستنی لە سووتان و بەرگەگرتنی نەخۆشی و پاراستنی لە مێروو، بۆیە دەبینین تاوەكو ئێستا و ماوەیەكی زۆر دوورتریش دارستانەكان بەرەوام دەبن، هەروەها ئەمە بۆخاكی كشتوكاڵی و دەرامەتی ئاژەڵیش ڕاستە بە تایبەتی خاك.
ب. دەرامەتە كاتی یە نوێ نەبووەكان:
وەكو دەبینین هەندێ لە دەرامەتەكان بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام دەبن ئەگەر بەشێوەیەكی باش سوودیان لێوەربگیرێت، بەڵام بەپێچەوانەشەوە دەبینین هەندێ جۆری تری كانزا بەردەوام نابێت لەسەر ڕووی زەوی تەنها بۆ ماوەیەكی كەم نەبێت، هەرچەندە بەشێوەیەكی باشیش سوودی لێوەربگیرێت، بۆ نموونە جیولوجیەكان جەخت دەكەنەوە ئەگەر بەرهەمهێنانی نەوت بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا لە باشترین دۆخدا ناگاتە (120) ساڵی تر، كە بەرهەمهێنانی بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەكات، ئەم ڕاستەیەش بۆ زۆربەی كانزاكانی تریش ڕاستە.
3. لەڕووی بنەڕەتیەوە:
دەرامەتەكان جیاوازن لەڕووی بنەڕەت و سروشتیانەوە، بەڵام ئەتوانین لەم گروپانە كۆیان
بكەینەوە:
أ. دەرامەتە سروشتی :
ڕەگەزەكانی بەرگی هەوایی و بەرگی بەردی و بەرگی ئاوی و بەرگی زیندەگی دەگرێتەوە، كە مرۆڤ بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ سوودی ئابووری لە بەشێكی ئەم دەرامەتە سروشتیانە وەرگرتووە، وەكو دەرهێنانی كانزایی لە بەرگی بەردی و ڕاوكردنی ماسی لە رووبارەكان و بڕینی دار لە دارستانەكان، بەڵام ڕەگەزەكانی تری بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ نەگۆڕیوە بۆ دەرامەتی ئابووری، بەڵام وەكو هۆكارێكی بنەڕەتی سوودی لێوەرگرتوون لەكرداری بەرهەمهێنانی ئابووری، وەكو ئاو و گەرمی و ڕووناكی و خاكی كشتوكاڵی، كە هەموویان هۆكارن كاریگەرییان لەسەر بەرهەمی كشتوكاڵی هەیە.
ب. دەرامەتە مرۆییەكان
مەبەست لێی مرۆڤە، كە لێرەدا بیربۆچوونی جیاواز هەیە لە نێو توێژەرەكان لەبارەی بوونی مرۆڤ لە چوارچێوەی دەرامەتەكان، هەندێكیان وای ئەبینن كە مرۆڤ تەنها هۆكارێكە لە هۆكارەكانی بەرهەمهێنانی ئابووری، كە مرۆڤ خۆی بەرهەمهێن و بەكارهێنەریشە، بۆیە نە پێداویستەیەكانی و نە تواناكانیشی ناچێتە چوارچێوەی دەرامەتەكانەوە، بەڵام هەندێكی تریان وای دەبینن كە مرۆڤ خۆی دەچێتە چوارچێوەی دەرامەتەكانەوە كە بەڵگەی ئەوەش دێننەوە كە بە بەردەوامی دەرامەتە مرۆییەكان بە دەوری دانیشتوان و چڕییەكی و دابەشبوونە جوگرافیەكەی و ئاستی ئابووری و شارستانی و تەكنەلۆجیەكەیدا دەسوڕێنەوە.
ج. دەرامەتی شارستانی (ئابووری)
مەبەست لێی ئەنجامەكانی كاری مرۆڤ و بیركردنەوەیەتی، كە كۆدەبنەوە لە دوو كۆمەڵەی گەورە ئەوانیش:
1. دەرامەتە كشتوكاڵیەكان
2. دەرامەتە پیشەسازییەكانە
كە هەردووگیان زۆر جیاوازن لە دەرامەتە سروشتیەكان، چونكە مرۆڤ دەستێكی گەورەی هەیە لە بەرهەمهێنانیان، سەبارەت بە كشتوكاڵ مرۆڤ توانا و شارەزایی خۆی بەكاردێنێت بۆ سوود وەرگرتن لە خاك و ئاو و گەرمی و ڕووناكی بۆ سەركەوتنی كشتوكاڵەكەی، ئەمە لە ڕاستدا پێش مرۆڤ بوونی نەبووە
لەگەڵ هەست پێكردنی گۆڕانكارییەكی گەورە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا ڕوویدا.
سەبارەت بە پیشەسازیش مرۆڤ توانیویەتی شارەزای دەستی و پێشكەوتنی تەكنەلۆجی بەكارهێنێت بۆ گۆڕینی دەرامەتی سروشتی وەكو ئاسن و خوری و دارەكان، هەروەها دەرامەتە شارستانیەكان وەكو لۆكە و لاستیك بۆ شێوەیەكی تر بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی بە سوود وەرگرتن لە یەكێك لە سەرچاوەكانی وزە جا كۆنەكان یان نوێیەكان بێت.
دەرامەتی كانزایی / پۆلێنی كانزاكان
سەرەڕای جۆراوجۆرییەكی گەورەی كانزاكان و بنەڕەتی پێكهاتنیان و شێوەی بەكارهێنانیان و
جیاوازی سیفاتیان، ئەتوانین كۆیان بكەینەوە لەمانەی خوارەوە:
1. كانزا فلزی یەكان: زۆربەی ئەو كانزاییانە دەگرێتەوە كە هەر لە سەردەمی كۆنەوە ناسراون، وەكو ئاسن و مس و ئاڵتون و زیو..هتد، لە گرنگترین سیفاتەكانی ئەم كانزایانە ئەوەیە كە ڕەق و پرشنگدار و توانای گەیاندنی گەرمی و كارەبای هەیە.
2. كانزا نافلزی یەكان: ژمارەیەكی باشی كانزا ئەگرێتەوە، وەكو بۆتاسیوم و فۆسفات و نترات و بەردی جیری و كبریت و نەوت و خەڵوز .... هتد، لەم كانزایانە ئەو سیفاتانە نی یە كە لە كانزایی فلزی دا هەیە وەكو ڕەقی و پرشنگداری و توانای گەیاندن.
3. كانزا سووتەمەنیەكان: بنەڕەتی ئەم كانزایانە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووەك و بوونەوەری زیندوو كە تێكەڵ بە بەردی نیشتووی خۆڵی و كلسی بوون لە سەردەمی جیولوجی جیاوازدا، كە هەندێكیان شێوەی پێكهاتەی ئەستووری جیاوازیان وەرگرتووە، لە گرنگترین جۆرەكانی ئەم كانزایە خەڵوزی بەردی و نەوت و گازی سروشتی یە كە بەكاردەهێنرێن بۆ بەرهەمهێنانی وزە یان كەرەستەی خاوی پیشەسازی.