دەرئەنجامەكان:
1- مێژووی خزمەتگوزاریی فێركاری لە ناوچەی توێژینەوەدا، دیرۆكێكی لەمێژینەی هەیەو لەوكاتەوەی كەلار نشینگەیەكی دێیی بووە ئەم خزمەتگوزارییەی تێدا هەبووە، دواتر لەپاش ئەوەی كەلار دەكرێتە شار قۆناغ بەقۆناغ ئەم خزمەتگوزارییە لەگەڵا فراوانبوونی ڕووبەرو زیادبوونی دانیشتوانی شارەكەدا گەشەیكردووە.
2- دابەشبوونی جوگرافیی خوێندنگە ئامادەییەكان بەسەر گەڕكو بەشەكانی شاردا، دابەشبوونێكی ناڕێكە، بەوەی كە بەشێكی زۆری گەڕەكەكان بێبەشن لەبوونی ئەم خزمەتگوزارییە، لەكاتێكدا گەڕەك هەیە لەسەنتەری شاری كەلاردا (4) خوێندنگەی ئامادەییی تێدا كۆبووەتەوە، واتە دابەشبوونەكەیان ناهاوسەنگە.
3- زۆرینەی پێوەرە ئامارییەكان ئەوەمان پێدەڵێن، كە دابەشبوونی خوێندنگە ئامادەییەكان دابەشبوونێكی كۆبووەوەیەو لە گەڕەكەكانی ناوەندی شارەكە كۆبوونەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت بێ پڵانی هەبووە لە دامەزراندنو دابەشكردنی ئەم جۆرەی خزمەتگوزاری لە شارەكەدا، كە بووەتە هۆی ئەوەی فشارێكی زۆر لە سەر هەندێك لە خوێندنگەكان دروستبێتو زۆرینەیان زیاد لەتوانای ستانداردی خۆیان خوێندكار بگرنە خۆیانو پێوەرو ستانداردە جیهانیەكان تێپەڕێنن.
4- پاش بەكارهێنانی (نزیكترین دراوسێ)، دەركەوت شێوازی دابەشبوونی خوێندنگە ئامادەییەكان لەشاری كەلاردا برتیە لەشێوازی (كۆبووەوە)، بەهەمان شێوە ئەم پێوەرەش ئەوە دەردەخات قوتابخانەكان لەبەشێكی شارەكەدا كۆبوونەتەوەو تەواوی شارەكە سودمەند نەبووە لە بوونیان.
5- خزمەتگوزاریی فێركاریی ئامادەیی لەشاری كەلاردا بەگوێرەی پێوەرە شوێنییەكان لە بارودۆخێكی باشدا نین، بەوپێیەی لە پێوەری (پشتێنەی كاریگەر)دا دەركەوت ئەم خوێندنگانە نەیانتوانیووە پێویستیەكانی دانیشتوانی شاری كەلار پڕبكەنەوە، جگە لەوەی بەگوێرەی پێوەری (شوێن بەگوێرەی شەقامی سەرەكیو لاوەكی)یشدا، دیسان زۆرینەیان پێچەوانەی پێوەرە عێراقیو جیهانییەكانن.
6- قوتابخانە ئامادەییەكانی شاری كەلار لەڕووی پێوەرە ڕووبەرییەكانیشەوە، دیسان كەموكوڕییان هەیە، بەڵام ئەم كەموكوڕییە ناگەڕێتەوە بۆئەوەی باڵەخانەی خوێندنگەكان لەڕووی پێوەرە ڕووبەریەكانەوە لە ستانداردە جیهانییەكان بچوكترن، بەڵكو هۆكارەكەی ئەوەیە ژمارەیان كەمە، ئەمەش وایكردووە زۆرترین خوێندكار لەخۆبگرنو فشارێكی زۆر لەسەریان دروستببێتو بەركەوتەی خوێندكار لە بیناو ڕووبەری گشتیی خوێندنگەكە كەمبێتەوە.
7- ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، ئەوەیە ئەم خزمەتگوزارییە لە پێوەرە ژمارەییەكاندا لەبارودۆخێكی باشتردایە لەچاو پێوەرەكانی دیكەدا، بەتایبەت بەركەوتەی خوێندكار بۆهەر مامۆستایەك، بەچەشنێك لە تەواوی خوێندنگەكاندا، ئەم پێوەرە ستانداردە جیهانییەكانی تێپەڕاندووەو هیچ كورتهێنانێك لەم ڕووەوە بوونی نییە.
ڕاسپاردەكان:
1- پێویستە لایەنی پەیوەندیدار چاو بە دابەشبوونی ئێستای خوێندنگا ئامادەییەكانی ناوچەی توێژینەوەدا بخشێنێتەوە و دووبارە رێكیانبخاتەوە، بە پشت بەستن بە تەكنیكی نوێی وەكو بەرنامەی سیستەمی زانیاری جوگرافی (GIS) و داتاكانی هەستكردن لە دوورەوە (RS)، چونكە ئەم تەكنیكانە ئەنجامەكانیان زۆر وردە لە كاتی بەكارهێنانیان لە پلاندانانی خزمەتگوزاییەكاندا.
2- دروستكردنی بینایی نوێ بۆ خزمەتگوزاری خوێندنی ئامادەیی لە ناوچەی توێژینەوەدا، چونكە لە ڕووی بەركەوتەی دانیشتووان بۆ خوێندنگەو ژمارەی خوێندكار لە پۆلدا كەموكورتی زۆر هەیە، ئەمە جگە لەوەی هەموو خوێندنگەكانی ئەم خزمەتگوزارییە زیاتر یەك دەوامی تێدا دەكرێت.
3- لەكاتی دروستكردنی خوێندنگەی نوێدا گرنگی بە پێوەرە رووبەرییەكان بدرێت، چ لەڕووی رووبەری گشتی خوێندنگەوە بێت یان رووبەری باڵەخانەی خوێندنگە، چونكە كاردەكەنە سەر ئەدای پیشەیی خوێندنگەو توانای جەستەیی و هرزی خوێندكار.
4- له دامەزراندنی خوێندنگەی نوێدا پیویسته ڕەچاوی پێوەرو ستانداردە ناوخۆییو جیهانییەكان بكرێت، تاكو بتوانرێت لەڕێگەیانەوەو تەاوی پێویستییەكانی شار بۆ ئەم جۆرەی خزمەتگوزاری پڕبكرێتەوە.
5- لە دابەشكردنی خزمەتگوزرایدا، پێویستە ڕەچاوی فراوانبوونو ئاراستەی ئاوەدانیی شارەكە بكرێت، تاكو تەواوی گەڕەكەكانی شار بە گەڕەكە پەراوێزەكانیشەوە سودمەندبنو ناچارنەبن بۆ دەستخستنی ئەم خزمەتگوزارییە مەودایەكی فراوان ببڕنو ڕووبكەنە گەڕەكەكانی سەنتری شار.
6- پێویستە ڕێگە بگیرێت لە دروستبوونی گەڕەكە هەڕەمەكییەكانی پەراوێزی شار، وەك ئەوەی لە بەشی باشووری ڕۆژئاوای شاری كەلار، لەنێوان گەڕەكی پیشەسازیو حەمریندا بوونی هەیە، چونكە ئەم گەڕەكانە بەبێ بوونی پلان دروستدەبن، ئەمەش وادەكات كەمترین ڕووبەر بۆ خزمەتگوزارییە شارییەكان تەرخان بكرێت، لەهەمان كاتیشدا شارەوانی بەرپرس نییە لە دابینكردنی هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەك، بەوپێیەی بەبێ ئاگاداریو پلانڕێژی شارەوانی ئاوەدانكراونەتەوە.