بنەماكانی پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی لە ناوچەی گەرمیان
پیشەسازی گۆشەیەكی گرنگی هێزی ئابووری و ڕامیاری و سەربازی نەتەوەكان پێك دێنێت، بوونی پیشەسازی لە وڵاتێك ئاماژەی پێشكەوتنیەتی و بە پێچەوانەشەوە نەبوونی ئاماژەی دواكەوتنیەتی، بۆیە دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەكان لە هەوڵێكی زۆردان بۆ گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازییان بۆ ئەوەی بیكەنە پێكهاتەیەكی بنەڕەتی بنیاتنانی ئابووری و هێزێكی كرداری بۆ گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی. چونكە سەركەوتن و جێگیربوونی پیشەسازی بە واتای بەكارهێنانی نموونەی دەرامەتە سروشتی و مرۆییەكانی وڵات و دابینكردنی پێداویستی ناوخۆی یە، بەمەش وڵاتە تازە پێگەیشتووەكان تاڕادەیەكی زۆر سەربەخۆی بەدەست دەهێنن و ڕزگاریان لە پاشكۆیەتی دەبێت، كە لە كۆتایی سەدەی ڕابردووەوە زۆربەی وڵاتە تازەپێگەیشتووەكان لە ڕووی پیشەسازییەوە پەیوەست بوون بە كۆمپانیا گەورەكانەوە و بە تەواوی كۆنتڕۆڵی دەرامەتی سروشتی و سەرچاوەكانی وزە و بازاڕیانیان كردووە.
لە هەرێمی كوردستان و ناوچەی گەرمیان گرنگیدان بە كەرتی پیشەسازی زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە پێداویستی ناوخۆ دەستەبەر بكرێت، هەروەها هەلی كاری زۆریش دەڕەخسێنین، ئەمەش بەئاسنی دەستەبەر دەكرێت چونكە بەشێكی زۆری بنەماكانی چالاكی پیشەسازی بەردەستە ئەمەش گەرەنتی سەركەوتنی پیشەسازی دەكات.
بنەما سروشتی یەكان
یەكەم: بەرز و نزمی:
شێوەكانی ڕووی زەوی لە ڕووی ئاسانی و ڕێكی و سەختی ڕوەكەی و پلەی لێژییەوە كاریگەری لەسەر بنیاتنانی كارگە پیشەسازییەكان هەیە، زەوی ڕێك و ئاسان و نیمچە ئاسان گونجاوە بۆ بنیاتنانی كارگەی پیشەسازی، ئەمە جگە لەوەی كە دەبێت زەوییەكە بە هێز بێت بۆ ئەوەی توانای هەڵگرتنی قورسایی بینا و ئامێر و كارگەكانی بە گشتی بگرێت، سەرەڕای ئەوەی زەوی ئاسان یارمەتی دەرە بۆ ڕاكێشانی هێڵی گواستنەوە و ئاوەڕۆ و هەموو پێداویستیەكانی تری چالاكی پیشەسازی بە ئاسانترین و كەمترین تێچوون.
دووەم. خاك:
لەبەر ئەوەی خاك دەبێتە كەرەستەی خاو لە چەند پیشەسازییەك وەكو كەرتی پیشەسازی بیناسازی و بنەڕەتی پیشەسازی دەرهێنانی (چەو، لم) بۆیە یەكێكە لە هۆكارە سروشتیە كاریگەرەكان لە دابەشبوونی پیشەسازی هەیە.
سێیەم. ئاووهەوا: تایبەتمەندییە ئاو و هەواییەكان لەو هۆكارانەیە كە كاریگەری ڕوونی لەسەر چالاكی پیشەسازی هەیە، جگە لە كاریگەرییەكەی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاریگەریشی لەسەر دانیشتووان و ڕەنگدانەوەی لەسەر پیشەسازی دەبێت، ئەمە جگە لە كاریگەری بارودۆخی ئاووهەوا لەسەر بەروبوومی كشتوكاڵی كە كاریگەری لەسەر پیشەسازی هەیە، چونكە هەندێ پیشەسازی پشت بە كەرەستەی كشتوكاڵی ناوخۆیی دەبەستن لە كرداری بەرهەمهێنان یان ئەگەر ئاووهەوا یارمەتیدەری هەندێ بەروبووم بێت ئەوا بەگوێرەی ئەو بەروبوومە پیشەسازی دادەنرێت
دەرامەتی ئاو: ئاو دادەنرێت بە ڕەگەزێكی سەرەكی لە سەرجەم كردارەكانی پیشەسازی، بەكارهێنانیشی لە پیشەسازی لە دوو ڕووەوە سودی لێوەردەگیرێت، یەكەمیان بەكارهێنانی وەكو كەرەستەی خاو لە هەندێ چالاكی پیشەسازی وەك بەكارهێنانی لە پیشەسازییەكانی (بیناسازی، ساردەمەنی)، دووەمیشیان ئەبێتە هۆكاری یارمەتی دەر لە هەندی كرداری پیشەسازی وەكو بەكارهێنانی بۆ (ساردكرنەوە، شۆردن، گواستنەوە). سەرچاوەكانی ئاو بە هەرسێ سەرچاوەكەی (باران، ئاوی سەرزەوی، ئاوی ژێر زەوی)، بەشێوەیەكی بەرچاویش سوودیان لێوەردەگیرێت و كاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر كشتوكاڵ و كۆمەڵگە دانیشتووانیەكان هەیە، سەرەڕای گرنگیەكەی لە چالاكی پیشەسازی دا
شەشەم. كەرەستەی خاو:
كرداری پیشەسازی بریتییە لە گۆڕان یان گۆڕینی كەرەستەی خاو لە شێوازی سەرەتاییەوە بۆ شێوازیك كە زیاتر سوودمەند بێت بۆ مرۆڤ و نرخی كەرەستەكەش بەرزبێتەوە. كەرەستەی خاو لە پیشەسازیەكەوە بۆ پیشەسازییەكی تر جیاوازە، بەڵام كەرەستەكان لە بنەڕەتدا دەگەڕێنەوە بۆ كەرەستەكانی (كشتوكاڵی، كانزایی، بەرهەمێكی نیمچە ئاماده
بنەما مرۆییەكان جێگیربوونی پیشەسازی
بنەما مرۆییەكانی ناوچەی لێكۆڵینەوە پەیوەندییەكی پتەویان بە چالاكی پیشەسازییەوە هەیە، لە گرنگترین ئەو بنەمایانەش (دانیشتووان و ژێرخان)،لە ناوچەی لێكۆڵینەوەدا دەستی كاری پێوست بۆ چالاكی پیشەسازی و ژێرخانی پێوست دەستەبەر كراوە بەم شێوەیەی خوارەوە:
دانیشتووان و دەستی كار:
دانیشتووانی هەر كۆمەڵگەیەك هۆكارێكی گرنگە، كە كاریگەری گەورەی لەسەر بنیاتنانی پیشەسازی هەیە، چونكە بە بازاڕێكی گرنگ بۆ بەكاربردنی بەرهەمەكانی پیشەسازی و دەستەبەركردنی كرێكاری پێوست بۆ چالاكیەكانی پیشەسازی دادەنرێت. ڕۆڵی دەستی كار لە پیشەسازی دا جۆراوجۆرە، چونكە پێداویستی پیشەسازی بۆ دەستی كار جۆراوجۆرە لە ڕووی دەستی كار و قەبارەوە. هەندێ پیشەسازی پێوستی بە دەستی كاری زۆر هەیە جا ئەو كرێكارانە شارەزا بن یان ناشارەزا، بەڵام هەندێ پیشەسازی تر بە پێچەوانەوە پێوستی بە كرێكاری كەم و شارەزا هەیە.
گواستنەوە:
گواستنەوە بە یەكێك لە گرنگترین بنەماكان دادەنرێت لە كاتی بنیاتنان و گەشەكردنی پیشەسازیدا، چونكە هۆكارێكی تەواوكەرە لە كرداری پیشەسازییدا. بۆیە تۆڕی گواستنەوە و هۆكارەكانی خزمەتگوزاری زۆر گرنگ پێشكەش بە چالاكی پیشەسازی دەكەن، كە ئەڵقەی بەیەكگەیشتنی كەرەستە جیاوازەكانی بەرهەمهێنانە بە هەموو جۆرەكانیەوە لە شوێنە جیاوازەكان. بە بێ ئەم ئەڵقەیە هیچ كەرەستەیەك لەم كەرەستانە گرنگی نییە لە بەرهەمهێناندا، چونكە دەرامەتە سروشتی و مرۆیی و ئابورییەكان بە شێوەیەكی بەربڵاو دابەش بوون لەسەر زەوی لێرەوە گرنگی گواستنەوە دەردەكەوێت كە یەكلاكەرەوەیەو هەموو ئەم دەرامەتانە بەیەك دەگەیەنێت
ب. وزەی كارەبا:
وزەی كارەبا بە یەكێك لە بنیاتە بنەڕەتیەكان دادەنرێت، كە كرداری گەشەپێدانی ئابووری لە هەموو ناوچەیە و هەرێمێك پشتی پێدەبەستێت، بۆیە ئەم وزەیە ڕۆڵێكی گەورە و كارایی هەیە لە گەشەپێدان و پێشكەوتنی ئابووری نەتەوەیی، بە تایبەتی كەرتی پیشەسازی بەبێ ئەم وزەیە ئاسان نییە بتوانێت بەردەوام و سەركەوتوو ببێ، چونكە لە پیشەسازی نوێ و پێشكەوتوو بە هەموو جۆرەكانییەوە پشت بە ئامێر و كەرەستەی تەكنەلۆجی دەبەستن لە بەرهەم هێناندا. لە ناوچەی لێكۆڵینەوەدا سەرەڕای ئەوەی هیچ وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا نییە، بەڵام لە ڕێگەی تۆڕێكی گواستنەوەی باشی كارەباوە بە هەموو هەرێمی كوردستانەوە بە ستراوەتەوە و كارەبایی پێدەگات. دواتر لە رێگەی چەند وێستگەیەكی دابەشكردنی كارەباوە بەسەر بەكارهێنانە جۆراوجۆرەكاندا دابەش دەكرێت.