هەڵسەنگاندنی توانای بەكارهێنانی زەویی شارنیشینی لە شاری رزگاری
(توێژینەوەیەك لە جوگرافیای شار)
لە قۆناغی پێش ساڵی (1991ز) لە هەرێمی كوردستاندا چەندین شار بەشێوەی هەڕەمەكیو نا هاوسەنگ دروست بوون، ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای كەلاریش لە ئیدارەی گەرمیان یەكێك بوو لەو شارانە، لە ئەنجامی شاڵاوەكانی ئەنفالەوە دروست بووە لە ساڵی (1988ز). له دوای راپهرینی بههاری ساڵی (1991ز) حكومەتی هەرێم هەوڵی دا خهڵكی رزگاری بگەڕێنێتەوە لادییەكانی خۆیان بۆ ئاوەدانكردنەوەیان، كه له ئهنجامی شاڵاوهكانی ئهنفالهوه روخێنرابوون، بەڵام دواتر نەتوانرا ئەم سیاسەتە جێبەجێ بكرێت، بۆیه گرنگی زیاتری به ناوچهی توێژینهوه درا، به تایبهتی دوای ساڵی (2003ز)، به نهخشهیهكی بنهڕهتی بهكارهێنانی زهوی شارنیشینی له ناوچهی توێژینهوهدا رێكخرایهوه. بۆیه ئامانجی ئهم توێژینهوه ههڵسهنگاندنی بارودۆخی ساڵی (2019ز) بهكارهێنانی زهوی شارنیشینیه له ناوچهی توێژینهوهدا، لهم پێناوهدا وێنەی راستەقینەی هەر بهكارهێنانێكو ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەشی دەكات دهخاتهڕوو، بۆ ئهوهی بزانرێت ئایا گەیشتوون بە ئاستی پیشەییان بە بەراورد بە پێوەرەكانی پلاندانانی ناوخۆی یان لە ئاستی پیشەیی پێوستدا نین.
دەرئەنجام: لە دوای تاوتێكردنی تەواوی كایەكانی پێكهاتەی بەكارهێنانی زەوی شارنیشینی ناوچەی توێژینەوە، لە دووتوێی ئەم توێژینەوەدا شیكردنەوەیان بۆ كراوە، توێژینەوەكە بەم دەر ئەنجانە سەرەكیانەی لای خوارەوە گەیشتووە:
1. تایبەتمەندییە سروشتییەكان كاریگەری گەورەیان لەسەر گەشەكردنو فراوان بوونی ناوچەی توێژیننەوە
هەبووە، بە تایبەتی لە رووی تۆبۆگرافییەوە لە ناوچەی توێژینەوە لە پانتاییەكی دەشتایی بنیاتنراوە، سەرەڕای هۆكارە سروشتییەكانی دیكەی وەكو ( خاك، دەرامەتی ئاو، ئاووهەوا).
2. پهیوهندی له نێوان گهشهی دانیشتووانو هۆكاره سیاسیو ئابورییهكاندا ههیه له ناوچهی توێژینهوهدا، به جۆرێك لێرهدا دوو قۆناغی جیاوازی گهشهی دانیشتووان ههست پێدهكرێت، یهكهمیان پێش ساڵی (2003ز)، كه گهشهیهكی خاوو لهسهر خۆ بووه، بههۆی هۆكاری نهبوونی ئارامی سیاسیو خراپی بارودۆخی ئابورییهوه. بهڵام له دوای ساڵی (2003ز) گهشهیهكی خێراو بهرچاوی گهشهی دانیشتووان دێته ئاراوه، كه رهنگدانهوهی گۆڕانكارییه سیاسیو ئابوورییهكانی عێراقو ههرێمی كوردستانه. بەڵام ئهم رهنگدانهوهیه لە رووی بەكارهێنانی زەوییەوە ههست پێناكرێت، چونكە تاوەكو ئێستاش (53,5%) ناوچەی توێژینەوە زەوی بەتاڵو ئیفرازكراوە.
3. رووبهری نیشتهجێبوون لە رووی بەكارهێنانی زەوییەوە لە نەخشەی بنەڕەتی ناوچەی توێژینەوەدا لە پلەی یەكەمدایە كە (69,1%) رووبەر پێك دێنێت،بەڵام لە ئێستادا تەنها (37,7%) بۆ نیشتەجێبوون بەكاردێت و كۆنتڕۆڵی تەواوی بەكارهێنانەكانی دیكەی كردووەو، لە پلەی دووەمیش بەكارهێنانی زەوی بۆ گواستنەوە دێت، كە (3.5%) رووبهری ناوچەی توێژینەوە پێك دێنێـت، لە پلەی كۆتایش زەوی تایبەت بە خزمەتگوزاری ژێرخان بە (0.3%) رووبهری ناوچەی توێژینەوە.
4. توانای بەكارهێنانی زەوی لە ناوچەی توێژینەوەدا بە گوێرەی پێوەری (م2/كەس) لە بەكارهێنانێك بۆ بەكارهێنانێكی دیكە جێاوازە، بەكارهێنانەكانی (نیشتەجێبوون، خزمەتگوزاری ژێرخان، خزمەتگوزاری ئاینی) پێوەرەكەیان تێپەڕاندووەو لە ئاستێكی باشدان، بەڵام پێوەرەكانی دیكە لە خواری پێوەرەكەوەنو پێویستە بارودۆخیان باشتر بكرێت.
5. بەڵام سەبارەت بە پێوەرە پلاندانانەكانی دیكە، لە بەكارهێنانی نیشتەجێبوون تەنها پێوەری تێكڕای خێزان خانوو نەبێت كە (23.7%) یەكەكان لە لایەن زیاتر لە خێزانێكەوە بەكاردهێنرێت، ئەو پێوەرەكانی دیكە لە ئاستێكی باشدان. بەكارهێنانی بازرگانیش لە ئاستێكی زۆر باشدایە لە پێوەری ئاسانی گەیشتن. بەڵام بە بەكارهێنانی زەوی بۆ پیشەسازی لە ئاستێكی لاوازدایە لە ڕووی توانای ئابوورییەوە، هەرچی بەكارهێنانی زەوییە بۆ خزمەتگوزاری ژێرخان دەبینین لە خزمەتگوزاری ئاوی خواردنەوەو كارەبا لە ئاستی پێویستدایە، بەڵام لە خزمەتگوزاری ئاوەڕۆ لە ئاستی پێویستدا نی یە، چونكە (30%) گەڕەكەكانی ناوچەی توێژینەوە ئەم خزمەتگوزارییەیان پێنەگەیشتووە. سەبارەت بە خزمەتگوزارییە كۆمەڵگەییەكان، خزمەتگوزاری فێركاری لە رووی رووبەرەوە لە ئاستی پێویستدان تەنها لە رووی پێوەری ژمارەی دانیشتووان خوێندنگە نەبێت هەردوو قۆناغی باخچەی ساوایانو سەرەتای لە ئاستی پێویستدا نین. هەرچی خزمەتگوزاری تەندروستیشە لە هەموو پێوەرەكاندا لە ئاستی پێویستدا نی یە، بەڵام هەردوو خزمەتگوزاری ئاینیو كارگێرێش لە ئاستی پێویستدان. سەبارەت بە خزمەتگوزاری خۆشگوزەرانیش ناوچەی توێژینەوە لە ئاستی پێویستدا نی یە بە گوێرەی پێوەرەكان.
پێشنیازەكان: لەسەر بنەمای ئەو ئەنجامانەی توێژینهوهكه پێی گەیشتووە ئەم پێشنیازانە دهخرێنەڕوو:
1. ئاسانكاریو پێدانی پێشینەی خانوو بەرە بە دانیشتوانی ناوچەی توێژینهوه بۆ تەواو كردنو سەرلەنوێ دروستكردنەوەی خانووە كۆنەكان، چونكە بەشێكی یهكهكانی نیشتهجێبوون مێژووی دروستبوونیان بۆ ساڵی (1988ز) دەگەڕێتەوەو سیمایەكی جوانو گونجاویان نییە بۆ نیشتەجێبوون، ئهمه جگه لهوهی (31.4٪) ناوچهی توێژینهوه زهوی ئیفرازكراونو له كاتی پێدانی پێشینه دهتوانرێ جارێكی دیكه بنیات بنرێنهوه.
2. دووبارە رێكخستنەوەی بەكارهێنانی زەوییە پیشەییەكانی ناوچەی توێژینهوه لە رێگەی دورخستنەوەی یەكە پیشەسازییەكانی تێكەڵ بە ناوچە نیشتەجێبووەكانو گواستنەوەیان بۆ ناوچەی پیشەسازی.
3. گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی پەروەردە لە ناوچەی توێژینهوه بە تایبەتی قۆناغهكانی باخچەی ساوایانو بنهڕهتی، چونكه به گوێرهی ستانداری خوێندكار خوێندنگهو ژمارهی دانیشتووان خوێندنگه له ئاستی پیشهی پێویستدا.
4. چاوپێدا خشاندنهوهیهكی گشتی به كهرتی تهندروستی ناوچهی توێژینهوه، چونگه به گوێرهی ههموو پێوهرهكان له ئاستێكی پیشهی خراپدایه، به تایبهت نهبوونی نهخۆشخانهو كهمی بنكهی تهندروستیو دكتۆرو كادری تهندروستی.
5. گرنگیدانی زیاتر بە خزمەتگوزاری خۆشگوزهرانی لە ناوچەی توێژینهوە، چونكە جگە لەوەی كە بەگوێرەی پێوەرەكان لە ئاستێكی خراپدایە، لە هەمان كاتدا دانیشتوانی ناوچەی توێژینهوه پێوستیەكی زۆریان پێیەتی، چونكە بەشێكی زۆریان كەسوكاری ئەنفالن لە رووی دەرونی یەوە پێوستیان بە ئارام كردنەوە هەیە.
6. فراوانكردنء دووبارە بە گڕخستنەوەی ئەو پرۆژە ئاوەی كە ئاوی رووباری سیروان بۆ ناوچەی توێژینهوه دەگوێزێتەوە، چونكە لە ئێستادا (100%) پشت بە ئاوی بیری قوڵ دەبەسترێت، ئەمە جگە لەوەی هەموو باخەكانی چواردەوری ناوچەی توێژینهوهیش بە هەمان شێوەن، كە ئەمانە بۆ داهاتوو زیانی زۆر لە رووی جیولۆجیەوە دروست دەكەن.
7. قیرتاوكردنی زیاتری شەقامەكانی ناوچەی توێژینهوه، ئەمەش بەهۆی ئەو گرنگیەیەی كە شەقامی قیرتاو لە رووی ئابوورییەوە هەیەتی، سەرباری ئەوەی دەبێـتە هۆی ئەوەی گەڕەكەكانی ناوچەی توێژینهوه زیاتر بەیەكەوە ببەسترێتـەوە و پەیوەندی نێوانیان زیاتر بێت، ئەمە جگە لەوەی توانای بهكارهێنانهكانی دیكه زیاتر دەكاتو وای لێدەكات خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەش بە دانیشتوانی ناوچەی توێژینەوه بكەن.