پەیكەری سەرچاوەكانی وزەی جیهانی
وزەی بەكارهاتووی ئێستا لەسەر ئاستی جیهان چەند جۆرێكی جیاوازە، جۆری وزەی شل (نەوت) لە پلەی یەكەمدایە، كە نزیكەی (41.4%) كۆی گشتی وزەی بەكارهاتوو دەگرێتەوە، جۆری وزەی گازیش (26.3%) كۆی گشتی وزەی بەكارهاتوو پێك دێنێت، هەروەها جۆری ووشك (خەڵوز) (27.4%) و هەرچی وزەی كارەبایشە تەنها (5.1%) وزەی بەكارهاتوو دەگرێـتەوە.
لە ئێستادا ئەو بەشدارییەی وزەی نەوت و خەڵوز دەیكەن ڕوون و واقعیە، بەڵام بەشداری هەریەكە لە گازی سروشتی و كارەبا ناڕوونە، چونكە ئەو گازەی بەكاردەهێنرێت سوود وەردەگیرێـت لە ئەوەی وەردەگیرێت لە خەڵوز و كردارە كیمیاوی و بیولوجیەكانی تر، بەڵام سەبارەت بە كارەبا دیاری نی یە ئایا سەرچاوەكەی ئاوە یان وزەی ئەتۆمە.
پێكهاتەی ڕێژەی پەیكەری دەرامەتی وزە:
ئەگەر سەیرێكی پێشكەوتنی ڕێژەیی بەكارهێنانی وزە لە سەردەمی نوێدا بكەین، دەگەین بەمانەی خوارەوە:
1. لە سەرەتایی سەدەیی هەژدەهەمەوە تاوەكو سەرەتایی سەدەیی بیستەم هەیكەلی ڕێژەی وزەی جیهانی بریتی بوو لە خەڵوز كە نزیكەی (95%) پێك دەهێنا.
2. لە نێوان ساڵانی (1900-1960) كێبڕكێكارێكی گەورەی خەڵوز پەیدا بوو ئەویش نەوت گازی سروشتی بوون ، كە كێبڕكێكە بەرە بەرە یەكلا دەبوویەوە لە بەرژەوەندی نەوت، واتە بەگوێرەی كات بەشداری نەوت لە پەیكەری جیهانی وزە زیادی دەكرد و لە بەرامبەردا بەشداری خەڵوز كەمی دەكرد، كە بەشداری خەڵوز لە (95%) ەوە دابەزی بۆ (34%)، بەڵام نەوت لە (4%)ەوە بەرز بوویەوە بۆ (58%) كە (43%) نەوت و (15%) گاز بوو.
3. لەساڵی (1960ز) ەوە نەوت بوو بە بڕبڕەی پیكەری وزەی جیهانی، كە بەشداری نەوت زیادی كرد بۆ (46%) و بەشداری خەڵوز دابەزی بۆ (27%).
4. بەشداری گازی سروشتیش بەرە بەرە بەرز دەبوویەوە تاوەكو گەیشت بە (26.3%).
5. بەشداری وزەكانی تر هەر بە لاوازی مایەوە، كە بەشداری كهرۆئاوی تەنها لە سنووری (7%) مایەوە و كارەبای ئەتۆم (6%)، بەڵام سەرچاوەكانی تر (1-2.5%) زیاتر بەشداریان نەبوو بەڵام لەسەرەتاكانی سەدەیی بیست و یەكەم بەرز بوونەوە بۆ (4%).
یەكەم. خەلوز:
خەڵوز بە یەكێك لە سەرچاوە گرنگەكانی وزە دادەنرێت، كە لە ناخی زەوییەوە لە ئەنجامی بە خەڵوزبوونی پاشماوەی ڕووەك و دارەكانەوە دروست دەبێت، چونكە وزەی خۆری تێدایە و یارمەتی دەدات كە پێشتر لەسەر ڕووی زەوی هەڵیمژیوە.
هیچ پێكهاتەیەكی خەڵوز جێگیر نی یە، بەڵكو ماوەیەكی زۆرە لە ناخی زەوی لەگەڵ چەندین ماددەی تر بوو تێكەڵ بووە، بە كاریگەری پلەی گەرمی و پەستان گۆڕاوە بۆ خەڵوز.
خەڵوز بۆ صین و ئەغریقیەكان لە پێش زاینەوە ناسراو بووە، هەروەها بۆ هەندێ وڵاتی ئەوروپیش نزیكەی هەزاران ساڵە، بەڵام دەرهێنانی لە ناخی زەوی بەشێوەیەكی كرداری لە ئەڵمانیا لە كۆتایی سەدەیی
نۆزدەمەوە بووە، دواتریش لە ئینگلترا سەدەیی سیازدەمەوە.
هەرچەندە خەڵوز لە كۆنەوە سوودی جۆراوجۆری لێوەرگیراوە بۆ گەرمكردن و گەرمكردنەوە و بەكارهێنانی ناوماڵ، بەڵام شوێنی سروشتی خۆیی لە ناوڕاستی سەدەیی هەژدەهەمەوە وەرگرت كە بوو بە سەرچاوەی سەرەكی وزەی بەكارهاتوو لە پیشەسازیدا لەگەڵ دەست پێكردنی شۆڕشی پیشەسازیدا، داواتریش لەنیوەی یەكەمی سەدەیی نۆزدەهەمەوە ئەم گرنگی یە زیادی كرد لەگەڵ بەكارهێنانی بۆ شەمەندەفەر، ئەمە جگە لەوەی سوودیش لە شەمەندەفەرەكە وەر ئەگیرا بۆ گواستنەوەی خەڵوزەكە بۆ شوێنی كارگە پیشەسازییەكان.
كرداری گۆڕانی ڕووەك و دارەكان بۆ خەڵوز ماوەیەكی زۆری پێوستە كە بەملیۆنەها ساڵ دەخەمڵێنرێت، سەردەمی دروست بوونی ئەو سەردەمەی خەڵوزی لێ دروست بووە ناو دەبرێت بە (سەردەمی خەڵوزی یان كاربونی)، كە یەكێكە لە سەردەمەكانی (ماوەی بالیوزوی)، لەسەردەمی كاربونی زەوی تووشی چەندین جوڵان و چوونە یەك بووە بۆتە هۆی دروست بوونی چەند چینێكی خەڵوزی لە ناخی زەوی بەشێوەی پێچاوپێچ (التواوات)، دواتریش چالاكی ڕاماڵین لەسەر ئەم پێچاوپێچانە وایكردووە هەندێ لە ڕووی زەوییەكە ڕاماڵیت و چینە خەڵوزەكان دەربكەون و هەندێ پارچەیشی بە شاراوەی لە ناخی زەوی بمێنێتەوە.
خەلوز پۆلێن دەكرێت بۆ چەند جۆرێكی جیاواز بەگوێرەی ئەو سەردەمە جیولوجی و پلەی بەخەڵوز بوونی ڕووەكەكان و ڕێژەی كاربۆن و پلەی ڕەقی و پلەی شێ و ماددە پیسەكان كە لەگەڵین، بۆ ئەم بەشانەی خوارەوە:
1. خەڵوزی ئەنسراسیت (Anthracite):
ناسراوە بە خەڵوزی ڕەق، كە ڕەقترین جۆری خەڵوزە، هەروەها كۆنترین جۆری خەڵوزە لەڕووی جیولوجیەوە(سەردەمی كاربۆنی). بۆیە تووشی پەستانێكی زۆر و گەرمیەكەی بەرز بۆتەوە و بەهۆی زۆری ئەستووری نیشتووەكان بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەری. ئەم جۆرە ڕێژەی كاربۆن تێدا نزیكەی (80-90%)، تاوەكو ڕێژەی كاربۆن لە خەڵوزدا زۆر بێت ئەوا بڕی گەرمی زۆر دەبیت لە كاتی سووتانە. هەروەها تایبەتمەندە بەوەی ڕێژەی شێی كەمە و خۆلەمێش و دوكەڵیشی كەمە لە كاتی سووتانە، بۆیە هەموو ئەمانە وایكردووە ببێتە باشترین جۆری خەڵوز، بەڵام بڵابوونەوەی كەمە، لە چەند ناوچەیەكی دیاری كراو هەیە لەسەر ئاستی جیهان، وەكو باشوری ویلز و پەنسلفانیا لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەندێ كێڵگەی بچوك لە ڕوسیا و چین. ئەم جۆرە زۆر بەكارناهێنرێت لە بواری پیشەسازی یە چونكە تێچوونی دەرهێنانی لە ناخی زەوی بەرزە، بۆیە بۆ گەرم كردن و كوڵان بەكاردەهێنرێت. وە بەشداری دەكات تەنها بە (5%) لە بەرهەمهێنانی خەڵوزی جیهانی.
2. خەڵوزی بیتۆمین(Situminous) :
ئەم جۆرە ناسراوە بە بە خەڵوزی نەرم، بەهۆی نەرمیەكەیەوە لە جۆری یەكەم جیادەكرێتەوە، ڕەنگی
ڕەشە، ناودەبرێت بە بیتۆمین، بەهۆی توانای بەدەستهێنانی قیر لە كاتی گەرمكردنی، ڕێژەی كاربۆن تێدا نزیكەی (70-90%) دەبێت، تایبەتمەندە بەوەی بە ئاسانی دەسوتێت و ڕێژەیەكی زۆری گەرمی دەدات لە چاو كێشەكەی، هەروەها ڕێژەی پاشماوەی پیسی تێدا كەمە، ئەم جۆرە لە پیشەسازی خەڵوزی كوك بە كاردەهێنرێت كە بە كاردێـت لە پیشەسازی ئاسن و پۆڵا و پیشەسازی كیمیاوی. زۆرتر و بەربڵاوتر بەكاردەهێنرێت لە جۆری یەكەم، وە بەشداری دەكات بە نزیكەی سێ یەكی بەرهەمهێنانی جیهانی خەڵوز.
3. خەڵوزی لگنیت (Lignite):
ئەم جۆرە ناسراوە بە خەڵوزی قاوەیی، چونكە ڕەنگی ڕەشی بەرەو قاوەیی یە، خراپترین جۆری خەڵوزە، كە ڕێژەی كاربۆنی كەمە مەزندە دەكرێت بە لە نێوان (40-65%)، سەردەمی دروست بوونیشی دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی جیولوجی سێ یەم و چوارەم، بۆیە هێشتا لە قۆناغی پێگەیشتندایە بە تەواوی تووشی پەستانی زۆر و گەرمی بەرز نەبۆتەوە بە گوێرەی پێوست، بۆیە بەكارناهێنرێت بۆ پیشەسازی ئاسن و پۆڵا بەڵكو بەزۆری بەكاردەهێنرێت بۆ گەرمكردنەوە و بەرهەمهێنانی كارەبا و پیشەسازی كیمیاوی. ڕێژەی شێی تێدا بەرزە كە نزیكەی (35%) ئەبێت ئەمە جگە لە بەرزی ماددە پیسەكانی، هەروەها زۆری خۆڵەمێشەكەی لە كاتی سووتاندا. بە زۆری ئەم جۆرە لە قوڵاییە كەمە كاندایە، بۆیە دەرهێنانی ئاسانە. وە بەشداری دەكات بە (25%) بەرهەمهێنانی جیهانی خەڵوز.
دووەم. نەوت:
نەوت بریتی یە لە ماددەیەكی هیدرۆكاربۆنی، لە ئێستادا شوێنێكی گرنگی هەیە لە جیهاندا، یەكێكیشە لە پایە گرنگەكانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی لە سەدەی بیست و یەكەمدا.
ئاشنا بوونی نەوت لەلایەن مرۆڤایەتیەوە بۆ نزیكەی (5000)ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، كاتێك لەلایەن دانیشتووانی حەوزی دەریایی ناوڕاست و حەوزی دیجلە و فورات و سۆمەرییەكان و ئەكەدییەكانەوە ناسراوە. هەروەها پێشتریش مصرییە كۆنەكانیش سوودیان لێوەرگرتووە بۆ چەندین مەبەست وەكو لایەنی پزیشكی. بەڵام ئاشنا بوونی لە لایەن ئەوروپیەكانەوە بەشێوەیەكی دیاری كراو بوو تاوەكو سەدەی هەژدەهەم، كە تەنها بەكارهێنانیشی بۆ مەبەستی پزیشكی بوو تاوەكو لە لایەن هەندێ نۆرینگەوە (صیدلیە) وە لەساڵی (1854ز) توانرا گازێكی لێ بدۆزرێتەوە توانایی سوتانی هەبوو، ئەویش (كیروسین) یان نەوتی ڕووناكەرەوە بوو. كە هەندێك لێكۆڵەر ئەم مێژوو بە مێژووی ڕاستی مشتەقاتی نەوتی دەزانن، بەڵام مێژووی ڕاستی بازرگانی نەوت بۆ ئەمریكیەكان دەگەڕێتەوە، كاتێك لە ساڵی (1859ز) (ئەودین دریك) یەكەم بیرە نەوتی هەڵكەند تەنها بە قوڵی (32م) لە ولایەتی (بنسلڤانیا) لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. دواتریش بە دوایدا چەندین بیرە نەوتی تر هەڵكەنراو گەڕان بەدوای نەوتە گەشەی كرد، توانرا نەوت لە ڕوسیا و ئەندەنوسیا و كەنەدا و ئەمریكای باشور بدۆزرێتەوە، بەمەش بەرهەمهێنانی جیهانی نەوت زیادی كرد بەجۆرێك بەرهەمهێنانی جیهانی لە (0.8ملیۆن تەن) ەوە لە ساڵی (1870ز) زیادیكرد بۆ (50 ملیۆن تەن) پێش جەنگی جیهانی یەكەم وە بۆ (210 ملیۆن تەن) پێش جەنگی جیهانی دووەم لە دوای جەنگیش بۆ (530 ملیۆن تەن)، دواتریش چەندان جار زیادی كرد لە نیوەی دووەمی سەدەیی بیستەم.
مشتەقاتی نەوت:
مشتەقاتی نەوت زۆر و جۆراوجۆرە، كە هەریەكەیان بۆ مەبەستێكی تایبەتی بە كاردەهێنرێن، گرنگترین مشتەقەكانی ئەمانەی خوارەوەن:
1. گازۆلین (بەنزین) بۆ كارپێكردنی ئۆتۆمۆبیل بە كاردەهێنرێت.
2.كیرۆسین (گازی سپی) بۆ ڕوناكردنەوە و سووتان و كارپێكردنی هەندێ جۆری ئۆتۆمۆبیل.
3. دیزل (مازوت) بەكاردێت بۆ كارپێكردنی مەكینەی دیزل (شەمەندەفەر، پاپۆڕ، مەتاحنەكان).
4. ڕۆنی چەوركردن و ڤازلین و شمع كە بە كاردەهێنرێن بۆ چەوركردنی ئامێرەكان بۆ پاراستنیان لەناوچوون.
5. غازی ماڵان كە بەكاردەهێنرێت بۆ چەندین مەبەست.
6. قیر كە بەكاردەهێنرێت بۆ ڕێگا و بانەكان.
7. چەندین مەوادی تر كە دەچنە چەندین پیشەسازییەوە وەكو (پلاستیك، پاككەرەوە).
سەرەڕای ئەوەی نەوت وەكو كەرەستەی خاو دەچێتە چەندین پیشەسازی ترەوە وەكو پیشەسازی كیمیاوی و پیترۆكیمیاوی لەوانە پیشەسازی لاستیكی كیمیاوی و نایلۆن و وەرەقە و فازلین و شمع و لەناوبەری مێروو و ماددەی پاككەرەوە.
سێیەم. گازی سروشتی:
بریتی یە لە گازێك كە خێرا دەسوتێت، لەگەڵ نەوتدایە یان لە بیری سەربەخۆدایە. گازی سروشتی پاك نە ڕەنگی هەیە نە بۆن، كە دەتوانرێ بەكاربهێنرێت وەكو سووتەمەنی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ، بەڵام ئەو گازەی لەگەڵ نەوتدایە پێوستی بە پاككردنەوەیە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ بەكاربهێنرێت، چونكە هەندێ گازی لەگەڵدایە وەكو دووەم ئۆكسیدی كاربۆن پێوستە لێی پاك بكرێتەوە پێش بەكارهێنان، ئەمەش لە ڕێگەی بورجی پاڵاوتنی تایبەتییەوە كە ناودەبرێت بە (بورجەكانی شوشتن).
مرۆڤ هەر لە كۆنەوە گازی ناسیوە، بەڵام گرنگی بەكارهێنانی نەزانی وە، چینیەكان یەكەم لایەن بوونە كە گازیان بۆ سووتان بەكارهێناوە لە (940 ساڵ پ ز).
بەهۆی نزیكی و زۆرجار تێكەڵ بوونی لەگەڵ نەوت، بۆیە گومان دەكرێت گاز سروشتیش پاشماوەی زیندەوەرە زیندووەكان بێت و گۆڕا بێت بۆ زەیتی نەوت بە كاریگەری پەستانی بەرزو و پلەی گەرمی بەرز لە ناخی زەوی.
گازی سروشتی بە هۆی بۆری تایبەت بە گواستنەوەی گازی سروشتی دەگۆزرێتەوە، سەرەتا ئەم بۆرییانە لە وڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بە دار دروست كرا لە ساڵی (1826ز)، بەڵام دواتر لە ساڵی (1925ز) پێشكەوت و بە ئاسن ئەم بۆرییانە دروست كران. هەروەها پێوستە بە بەردەوامی ئەم بۆرییانە چاودێری بكرێن و پاك بكرێنەوە. كە خێرایی گواستنەوەی گاز تێیاندا بەبەردەوامی (95-115 كم/ كاتژمێر)، بەڵام تاوەكو بۆرییەكە درێژ بێت خێرایەكەی كەم دەكات. لە ئێستادا گازی سروشتی یەكێكە لە یەكێكە لەسەرچاوە گرنگەكانی وزە، لە پلەی سێیەم دایە، كە لەساڵی (2004ز) بەشداری كرد بە نزیكەی (26.3%).
بەشداری گازی سروشتی وەكو سەرچاوەی وزە لە شوێنێك بۆ شوێنێكی تر جیاوازە، لە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە ڕێژەی (30%) و (15-30%) لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا و لەڕوسیاش نزیكەی (30%). ئەم گرنگی و بەشدارییەی گازی سروشتی دەگەڕێتەوە بۆ زۆری بڕەكەی لە هەندێ لە وڵاتانی جیهان و بەرزی وزەی گەرمیەكەی كە نزیكەی (7700) یەكە گەرمیە بۆ هەر كیلۆگرام لە گازی سروشتی. كە زیاترە لە هاوتاكەی لە وزەی خەڵوز بە (2000-7000) و وزەی كارەبا بە (2800). هەروەها لە كاتی سوتانیشە زۆر وزەیەكی پاكە و پاشماوەی نی یە و ژینگە پیس ناكات، لەگەڵ كەمی تێچوونی دەرهێنانی و ئاسانی گواستنەوەی بۆ ناوچەكانی بەكارهێنانی، هەروەها زۆری یەدەكەكەی كە مەزندە دەكرێت بە (160 تریلۆن م3) (تریلۆن= ملیۆن ملیۆن).
چوارەم. وزەی كارەبا:
وزەی كارەبا جیاوازە لە خەڵوز و نەوت و گازی سروشتی، چونكە كارەبا سەرچاوەی وزە نی یە بەڵكو وزەیە، كە ئەتوانین بە دەستی بهێنین لە سەرچاوە ئاوییەكانەوە كە ناودەبرێت بە كارۆئاوی یان لەڕێگەی سوتانی یەكێك لە مشتەقەكانی نەوتەوە وەكو گاز یان سووتانی خەڵوز و وزەی ئەتۆم كە ناودەبرێت بە كارەبای گەرمی. كە ئەمەی دووەم زۆرتر بڵاوە لە هەموو ناوچەكانی جیهان ⅔ كارەبای جیهان بەرهەمدەهێنێـت.
تایبەتمەندییەكانی وزەی كارەبا بە بەراورد بە وزەكانی تر:
1. بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ دەكرێت و دابەشدەكرێت بەگوێرەی پێوست.
2. بەخێرای دەگوزرێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی كە دەمانەێت لە ڕێگەی محاولەی كارەبای گەورەوە.
3. وزەیەكی پاكەو پاشماوەی نی یە و نابێتە هۆی پیس بوونی ژینگە.
4. كارەبا وزەیەكی نوێ بووەیەیە، كۆتایی نایەت بە تایبەتی وزەیەی كارۆئاوی.
پێنجەم. وزەی ئەتۆم:
لە ئێستادا وزەی ئەتۆم یەكێكە لەسەرچاوە گرنگەكان وزەی بەرهەمهێنانی كارەبا، كە كانزای یۆرانیۆم
سەرچاوەی سەرەكی ئەم وزەیەیە، هەر یەك كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو ئەو وزەی دەیدات زیاترە لە (2700) تەن خەڵوزی بەردین.
بۆ یەكەم جار كورەی ئەتۆمی بەكارهێنرا بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لەساڵی (1965ز) لە بریتانیا، بەڵام بەكارهێنانی تاوەكو ئێستا زۆر دیاری كراوە تەنها لە چەند وڵاتێكی دیاری كراوە، گرنگترینیان (وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەندێ وڵاتی ئەوروپی، یابان)، چونكە یۆرانیۆمی پیتێنراو بەرهەم ناهێنرێت لە لایەن دەوڵەتە پێشكەوتووەكانەوە نەبێت.
ئەو ڕێگریانەی ڕووبەڕوی وزەی ئەتۆم ئەبنەوە بریتین لە مانەی خوارەوە:
1. كانزایی یۆرانیۆم زۆر كەمە و یەدەكی جیهانی ئەم كانزایە زیاتر نی یە لە (2 ملیۆن تەن).
2. بەرزی تێچوونی بنیاتنانی ویستگەی ئەتۆم.
3. كەمی شارەزایی هونەری كە وزەی ئەتۆم پێوستی پێیەتی.
4. پیسبوونی ژینگە لە كاتی ڕوودانی تەقینەوەی كورە ئەتۆمیەكان (مفاعل النوویە).
5. نەبوونی گەرەنتی لەكاتی بنیاتنانی ویستگەكانی تایبەت بە كورە ئەتۆمیەكان (وەكو ئەوەی ڕوویدا لە كورەی تشرنویلی ئەتۆمی لە كۆماری ئۆكرانیا بوو بەهۆی پیس بوونی ژینگەی دەوروبەری.