هەموو پڕۆژەیەكی ئابوری تایبەتمەند بە پیشەسازی و كشتوكاڵ و تەنانەت پرۆژەی پیشكەشكردنی خزمەتگوزاریش بێت پێوستی بە هۆكاری گواستنەوە هەیە بۆ گواستنەوەی بەرهەمەكانی بۆ بازاڕ بە كەمترین كات و تێچوون، بۆیە بە بەردەوامی هۆیەكانی گواستنەوە لەو پێناوەدایە و پێشدەخرێت بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بە ئاسانترین شێوە بەدیبهێنرێت.
لە پیشەسازی دا گواستنەوە ڕۆڵێكی گەورە و كارایی زیاتری هەیە لە هەر كەرتێكی تری ئابووری، پڕۆژەی پیشەسازی نوێ تایبەتمەندە بە زۆری بەرهەم كە پێوستی زۆری بە گواستنەوە هەیە لە كرداری بەرهەمهێناندا. تێچوون و كرێ گواستنەوە لە چالاكی هەندێ پیشەسازیدا لە ساڵی (1948ز) لە ڕووسیا گەیشتە نزیكەی (40%) تێچوونی گشتی بەرهەمهێنان، چونكە گواستنەوە لە پیشەسازیدا لە چەندین ڕووەوە كاریگەری هەیە هەر لە دیاریكردنی شوێنی كارگە و هێنانی كەرەستەكانی دروستكردنی بینای كارگەكەو هێنانی كرێكار و وەستایی پێوست و دواتریش هاتوچۆی ڕۆژانەی كرێكارانی كارگەكە و هێنانی كەرەستەی خاو و دوایی قۆناغەكانی بەرهەمهێنانی بەرهەمەكە و ناردنی بۆ بازاڕ.
شوانكاری بازرگانیش پەیوەستیەكی گەورەی هەیە بە بوونی هۆكارەكانی گواستنەوەوە كە پشتی پێدەبەستێت بۆ ئاسانكردنی بە بازاڕكردنی بەرهەمەكانی لە بازاڕەكاندا، هەروەها كە دەبینین ناوچەكانی شوانكاری لە جیهانی نوێدا لە كیشوەری ئەمریكایی باكور، گواستنەوەی ئاسنی رۆڵێكی گەورەی لە گواستنەوەی مەڕوماڵاتەكان هەیە بۆ ئەو هەرێمانەی لە وەڕگای باشیان هەیە بۆ قەڵەو كردنیان و پاشان سەڕبڕینیان و ئامادەكردنیان لە شارە تایبەتیەكان لە ناوچەی پێنج دەریاچە مەزنەكە، ئەمە لە كاتێكدا پێش ڕاكێشانی هێڵی ئاسنی بۆ ئەو ناوچانە نە دەتوانرا بەم شێوەیە سوود لەم شوانكارییە وەربگیرێت و ساڵانە ژمارەیەكی زۆری ئاژەڵ لەناو دەچوون بەبێ ئەوەی سوودیان لێوەربگیرێت.
زۆر جار چالاكی كانزاكاری دەوەستێت، یان پێش دەكەوێت ئەگەر بتوانرێت هۆكاری گواستنەوەی پێوستی بۆ دابین بكرێت، بەكاربردنی سامانی كانزایی پەیوەستی یەكی بەهێزی هەیە بە كەمی تێچوونی هۆیەكانی گواستنەوە، بە پێچەوانەشەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچوونی گواستنەوە و پاشانیش كەمبوونەوەی قازانج و زیادبوونی قورسایی لەسەر خاوەنی ئەو دامەزراوە ئابورییە.
ئەم پێشكەوتنانە شێوازەكانی تری گواستنەوەیشی گرتەوە لەوانەش گواستنەوەی ئاوی، ئاراستەیەكی زاڵ هەبوو بۆ بیرۆكەی گواستنەوەی بڕێكی زۆری شمەك لەڕێگەی هەڵگری گەورەوە بە ئامانجی كەمكردنەوەی تێچوونی گواستنەوە، ئەمەش لەڕێگەی گواستنەوەی ئاوییەوە زۆر بەدیهات، یابان وڵاتێكی پێشكەوتووە لەم بوارەدا كە كەشتی گەورە بەكاردەهێنێت لە دەریا و زەریاكان بۆ گواستنەوەی نەوت كە توانای گواستنەوەی سەدەها هەزار تەنیان هەیە.
ئەتوانین كورتكراوەی قسەكانمان لەم ڕاستیانەی خوارەوە بخەینەڕوو:
1. پێشكەوتنی تەكنەلۆجی لە بواری گواستنەوەدا بوو بەهۆی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زۆر و نوێ بە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
2. بەرزكردنەوەی نرخی زەوی، ئەوانەی كە دووربون لە سەنتەری شارەكانەوە یان دووربوون و پێش پێشكەوتنی هۆیەكانی گواستنەوە بەكارنەهێنرابوون، دواتر ڕێگایان بۆ راكێشرا لە ڕووی ئابورییەوە نرخیان زیادی كرد.
3. بەهۆی ئەوەی گواستنەوە پێكهێنەرێكی سەرەكی تێچوونی بەرهەمهێنانە بەردەوام لە هەوڵی پێشخستنی دان بۆ كەمكردنەوەی تێچوونی بەرهەمهێنان.
4. گواستنەوە و گواستنەوەی خێرا بوو بەهۆی هاتنەكایەی تایبەتمەندی پیشەی بەرفراوان و هەرێمی.
5. بەهۆی ئەو پێشكەوتنانەی لە مەیدانی ئابووریدا دەركەوتن و ناسران بە سیستەمی بەرهەمهێنانی زۆر (الكبیر)، كە پێوستی بە بازاڕی گەورە و بەرفراوان بوو بۆ بەبازاڕكردنی بەروبومەكانی، ئەمەش پێوستیەكی زۆری بە هۆكارەكانی گواستنەوە هەبوو.
6. گواستنەوە یەكێك لە هۆكارە گرنگەكان بوو لە جێگیربوونی پیشەسازی، كە دەبینین بە زۆری كارگە پیشەسازییەكان نزیكی بازاڕ یان كەرەستە خاوەكە یان نزیكی سەرچاوەكانی وزەن بە گوێرەی پێداویستی كارگە پیشەسازییەكان.