دۆزینەوە جوگرافییەكان
بەشێكی زۆری جوڵەی دۆزینەوە جوگرافیایەكان لە سەدەی پانزەهەمی زاینیەوە دەست پێدەكەن وەكو یەكێك لە گرنگترین دەرئەنجامەكانی سەردەمی رێنیسانس لە ئەوروپا، كە دەریاوانە ئەوروپیەكان توانیان بگەن بە چەندین دەرئەنجامی گرنگ لە بواری دۆزینەوە جوگرافیایەكانو مێژووی جیهاندا. چونكە پێشووتر زانیاریی ئەوروپییەكان زۆر كەم و دیاریكراو بوون لە بارەی جیهانەوە بە جۆرێك لە شێوەی خەیاڵ بوون و بەگشتیش زانیاری زۆر وورد و دروست نەبوون.
پێناسەی دۆزینەوەكانی جوگرافیا
زاراوەی دۆزینەوە جوگرافییەكان بەكاردێت بۆ ئەو گەشتە دەریاییانەی كە ئەوروپیەكان پێی هەستان لە ماوەی سەدەكانی پانزەهەمو شانزەهەمی زاینی بە دۆزینەوەی رێگای دەریایی بۆ هند لەڕێگەی (راس رجا صالح)ەوە لە ئەفریقیاوە، هەروەها دۆزینەوەی جیهانی نوێو بەكارهێنانی دەرامەتەكانی، بەجۆرێك ئەم دۆزینەوانە چەندین دەرئەنجامی لێكەوتەوەو كاریگەری گەورەو گرنگیان لەسەر ئەوروپاو جیهان هەبوو. گەیشتن بە جیهانی نوێ لەلایەن ئەوروپپەكانەوە كاریگەری گەورەی لەسەر زانیاریو زانستەكان هەبوو، بەجۆرێك دۆزینەوە جوگرافییەكان رووبەرێكی بەرفراوانیان بەرووی زاناكاندا كردەوە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە زانستی یەكانیان، ئەمەش وایكرد گوڕانكاری بەسەر چەندین بیردۆزدی سەدەكانی ناوڕاستی ئەوروپادا بهێنرێتو تەنانەت هەندێكیان رەت بكرێنەوەو بیردۆزی نوێ جێگەیان بكرێتەوە.
دەرئەنجامی دۆزینەوە جوگرافییەكان:
١. گۆڕینی رێگای بازرگانی جیهانی لە دەریای ناوراستەوە بۆ زەریای ئەتڵەسی، بەمەش رێگای بازرگانی ئەوروپا لە شارەكانی سەر دەریای ناوڕاستی وەكو (جەنەوە، ڤینیسیا) گۆڕا بۆ شارەكانی رۆژئاوا وەكو شارەكانی وڵاتی (ئیسپانیا، پرتوگال)و پاشانیش باكوری كیشوەركە وەكو شارەكانی وڵاتی) هۆڵەندە، بریتانیا).
2. دروستبوونی هەردوو ئیمپڕاتۆریەتی ئیسپانیو پرتوگالی دەستگرتنیان بەسەر رووبەرێكی بەرفراوانی جیهاندا.
3. پرتوگالیەكانو ئیسپانیەكان هەوڵی زۆریان دەدا بۆ بڵاوكردنەوەی ئاینی مەسیحی و مەزهەبی كاسۆلیكی لە نێو دانیشتووانی ئەو وڵاتانەی كە دەستیان بەسەردا دەگرت بە تایبەت لە جیهانی نوێدا، ئەمەش بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەم هەموو شوینكەوتووەی مەزهەبەكەیان كە لە دەستیان دابوو لە بەشێكی زۆر وڵاتانی ئەوروپی لە ئەنجانی بڵاوبوونەوەی مەزهەبی پرۆتستانتیەوە بە هۆی دەركەوتنی جوڵەی چاكسازی ئاینیەوە.
4. زیادبوونی بڕی كانزا گرانبەهاكان، بە تایبەت ئاڵتونو زیوو كە تاڕادەیەكی زۆر سوودیا لێوەردەگیرا بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەمەش بەهای دراو دابەزیو نرخی كرێو نرخ بەرزبوویەوەو بارودۆخی ئابووری لە ئەوروپا بەروپێش چوو، لە ئەنجامی زیادبوونی چالاكی بازرگانیو بنیاتنانی پیشەسازی نویًو زیادبوونی داهاتەوە.
5. گرنگی زانستی جوگرافیا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردو بوارەكانی توێژینەوەی جوگرافی بەرفراوانبوون، بیرۆكەی خەڵكی ئەوروپا گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات لە بارەی زەویو قەبارەیو شێوەكەی، بەجۆرێك زانای بواری فەلەكو ئەستێرەناسیو بوارەكانی تری جوگرافیا دەركەوتن. ئەمە جگە لە گرنگیدان بە زانستی دەریاوانیو دروستكردنی گەشتی بۆ ئەوەی زیاتر بە دەریاو زەریاكاندا بگەڕێنو زانیاری لە بارەی جیهانەوە كۆبكەنەوە، بەمەش بوارەكانی زانستو بیركردنەوەی ئازاد سەری هەڵدا، بە بێ پشت بەستن بە بیرو بۆچووونە باوەكانی سەدەكانی ناوڕاست.
6. دانیشتووانە بنەڕەتیەكانی بەشێكی زۆری ناوچە داگیركراوەكان تووشی كێشەو لەناوبردن بوونەوە بە تایبەت لە كیشوەری ئەمریكای باكور. كە هندییە سورەكانی تێدا دەژیان پێش هاتنی ئەوروپیەكان، كە بەهۆی ئامادەنەبوونی هندییە سورەكان بۆ هاوكاری ئەوروپیەكان بەشێكی زۆریان لەناوبرانو ئەوەیشیان مایەوە لە ناوچە دوورە دەستەكان بە ژیانی سەختەوە بەردەوامیان بەژیان دەدا، بە بەردەوامیش ژمارەیان لە كەمبوونەوەدا بوو بە جۆرێك لە ئێستا تەنها ژمارەیەكی كەمیان ماوە لە رۆژئاوای ولایتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاو كەنەدا دەژین. بەڵام لە ئەمریكای باشور بارودۆخی دانیشتوانە بنەڕەتیەكان باشتربوو بە جۆرێك تاڕادەیەك تێكەڵ بە ئیسپانیو پرتوگالیەكان بوون.