توێژینەوە و بڵاوکراوەکان

Research & Published

توێژینەوە و بڵاوکراوەکان:

ئەم بەشە کاردەکات بۆ ئەرشیفکردنی سەرجەم رۆژنامە، گۆڤار، بەیاننامە و ئەدەبیاتی سیاسی، بەیاننامەی لایەنەکان و رێکخراوەکان و کتێبەکانیان(ناساندن، پۆلێن، خستنەڕو و توێژینەوە و راسپاردنی توێژەران و دوبارە بڵاوکردنەوەیان) لە پێناو دروستکردنی ئەرشیفێکی نیشتمانی رۆژنامەوانی کورستان و پاشان دیجیتالیزەکردنیان و پێشکەشکردنیان بە خوازیارانی.

هەروەها ئەم بەشە بە هەماهەنگی لەگەڵ گۆڤارەکە بەشداری لە هاندانی توێژەران دەکات بۆ توێژینەوە لە بڵاوکراوە ئەرشیفکراوەکان. زیاتر لەوەش ساڵانە چاپکراو و بەرهەمێکی دیجیتاڵی لە ئەرشیفی رۆژنامەگەری کوردستانی دەخاتە ناو کتێبخانەکانەوە. لە داهاتوودا یەكێک لە ئەركەكانی هۆبەی بڵاوكراوە و توێژینەوە بریتی دەبێت لە دەركردنی گۆڤارێكی بەڵگەنامەیی زانستیی. ئەم گۆڤارە زانستی دەبێت و هەوڵدەدات لە بەڵگەنامە و دەستنووس و مێژووی زارەکی و بڵاوکراوە ئەرشیفکراوەکان (رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان و پەیوەست بە کوردستانناسییەوە) و دانیشتنەکانی پەرلەمان بتوێژێتەوە و لەسەر ئەم ئەرشیفە نیشتمانییەی سەنتەر چەندین توێژینەوە "وەرزانە" بخاتە ناو کتێبخانەی کوردییەوە بەمەش هاوئاهەنگ دەبێت بۆ بەجێهێنانی ئامانجێکیتری سەنتەر کە دروستکردنی دیدێکی زانستی کوردستانییانە بۆ مێژوو و کلتورناسی کۆمەڵگەی کوردستان. هەروەها گۆڤارەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشەکاندا توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ رادەسپێرێت بۆ توێژینەوە لە ئەرشیفە ئامادەکراوەکەی سەنتەر.

لیستی توێژینەوە و کتێبە چاپکراوەکانی ناوەندی کوردستان:

بارودۆخی کۆمەڵایەتیی شاری کەرکووک (1921 _ 1958) / د. دڵشاد مەحمود عەبدولڕەحمان

کتێبی بارودۆخی کۆمەڵایەتیی کەرکووک لە سەردەمی پاشایەتیدا، لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنەی کۆمەڵگەی کەرکووکە لە قۆناغی پاشایەتی و تیشك دەخاتە زۆر لایەنی ئەم شارە بە پشت بەستن بەسەرچاوەكان لەگەڵ لێکدانەوەی پرس و بابەتەکان بەمیتۆدێكی بێلایەن و بابەتیانە.كتێبەكە ڕوبەڕووی چەند تەوەر و باسێك دەبێتەوە كە پەیوەستن بە پرسە ناکۆکی و ورووژێنەرەکانی خاک، پاشخانی مێژوویی، پێکهاتەی دانیشتووان و ئاماری دروستی هەریەک لە پێكهاتەكانی شارەكە لە سەردەمی پاشایەتیدا.لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەشەوە پ. د جەبار قادر كە سەرپەرشتی كردووە دەڵێت، دەکرێ ئەم کارە لە بارەی لێکدانەوەی دیاردە و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کەرکووکەوە، بە پێشەنگ دابنرێ لە هیستۆریۆگرافیای کوردیدا.پێش ئەم بەرهەمە، هیچ نووسەرێکی کورد لە بارودۆخی کۆمەڵایەتیی کەرکووک بەم چەشنە نەکۆڵیوەتەوە و ئەوەندە زانیاریی لە دووتوێی کتێبێکدا کۆ نەکردۆتەوە.ئەم توێژینەوەیە لە بنەڕەتدا تێزێکی دکتۆرا بووە و ئەندامانی لێژنەی گفتوگۆی تێزەکەش، زانیاری و لێکدانەوەکانی توێژەرەکەیان بەرز نرخاندووە.:هەندێك لە گرنگترین بابەت و تەوەرەكانی ئەم كتێبە بریتین لە:مێژووى سیاسیى کەرکووک لە سەردەمى پاشایەتیداـ شار و پێکهاتەى دانیشتووانـ ئیکۆلۆجیاى شار:ـ هەڵکەوتەو پێگەى جوگرافیى کەرکووکـ گەڕەکەکانى شارى کەرکووکـ شەقام و بازاڕ و خانو و ئوتێل و گەرماو و گۆڕستانەکان_پێکهاتەى دانیشتووان و دابەشبوونى جوگرافییان_پێکهاتەى نەتەوەیى و زمانیى دانیشتووانپێکهاتەى ئایینیى دانیشتووان:_پێکهاتەى چینایەتى و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان_پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى دانیشتووان_پەیوەندییە نێوخۆییەکانى شار_پەیوەندییە دەرەکییەکانى شار_ ڕەوشى فێرکردن و تەندروستى و خزمەتگوزارییە گشتییەکانـ ڕووخسارە کۆمەڵایەتییەکانى شارى کەرکووک_ دابونەریت و بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەکانتەوەرى سێیەم: پۆشاک و جەژن و بۆنەکانهونەر و وەرزش و هۆیەکانى کاتبەسەربردن
https://bit.ly/2P32jTC See less

هەولێر لە سەردەمی عوسمانییەكاندا (سەدەكانی 18 -19) / ئاشتی ڕەحمان بەكر

ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا ماستەرنامەیەكە كە لە زانكۆی سوتچو ئیمام لە وڵاتی توركیا گفتگۆ كراوە

نووسەر لەم كتێبەدا باردۆخی كۆمەڵایەتی شاری هەوڵێری لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەكانی 18-19 خستوەتە ژێر لێكۆڵینەوە و گرنگی بە لایەنەكانی بەرێوەبردنی دەوڵەتی عوسمانی ، پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان، شێوازەكانی بیناكاری، سیستمی پەروەردە و هەوروەها دۆخی ئابووری شارەكە داوە.بەوپێیەی كە ئەم كتێبە دەچێتە خانەی مێژووی كۆمەڵایەتیی كوردەوە كە كاری كەمی لەسەر كراوە و هەروەها سەرچاوەكانی ئەم توێژینەوە كە بە شێوەیەكی سەرەكی پشتی بە بەڵگەنامە و ساڵنامەكانی عوسمانی بەستووە، دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەكی بەنرخ و گرنگ بۆ تێگەیشتن لە دۆخی گشتی شاری هەولێر لە سەدەكانی 18-19.

گرنگترین بابەت و تەوەرەكانی ئەم كتێبە بریتین لە:

- مێژووی سیاسی هەولێر

- پێکهاتەى کۆمەڵایەتى هەولێر

- تەریقەتەکان

- كەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەكان

- پێکهاتەى بیناکارى هەولێر

- پێکهاتەى کارگێرى شارى هەولێر (سەدەى 18-19)

- پێکهاتەى کارگێرى و بەرێوەبردنى هەولێر

- سیستەمى پەروەردەى هەولێر

- پێکهاتەى ئابوورى هەولێر

https://bit.ly/2P32jTC

یادەوەری و دادپەروەری / هەورامان فەریق کەریم

ئەم كتێبە خوێندنەوەیەكی نێوپسپۆڕی(interdisciplinary)یە بۆ كۆیادەوەری هەڵەبجەییەكان لەمەڕ جینۆسایدی هەڵەبجە. بۆ ئەم مەبەستە توێژەر لە بەشی ئەدەبیاتی توێژینەوەدا پشتی بە سێ تیۆریستی بواری كۆیادەوەری كە بریتین لە "مۆریس هاڵبواكس، پۆل ریكۆر و پیەر نۆرا"ی فەڕەنسی بەستووە. هاڵبواكس، بە تیۆری "كۆیادەوەری(Collective Memory)"، پۆل ریكۆر بە تیۆری "مێژوو، یادەوەری، فەرامۆشی" و پەیوەندی ئەم چەمكانە بە گێڕانەوە و دادپەوەرەرییەوە و پیێر نۆرا بە تیۆری "شوێنەكانی یادەوەری" بە سێكوچكەی بواری كۆیادەوەری هەژمار دەكرێن.

ئەم كتێبە هەڵێنجراوی ماستەرنامەی نووسەرە كە ساڵی 2014 لە كۆلێژی زانستە كۆمەڵایەتییەكانی زانكۆی تاران گفتوگۆ كراوە.

هەندێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی كتێبەكە بریتین لەمانە:

- چوارچێوی توێژینەوە

- زەمینە هزرییەكانی كۆیادەوەری: بێرگسۆن، دۆركهایم و قوتابخانەی ئانال

- كۆیادەوەری و چوارچێوەی كۆمەڵایەتییەكانی یادەوەری، مۆریس هاڵبواكس

- مێژوو، یادەوەری، فەرامۆشی، پۆل ریكۆر

- شوێنەكانی یادەوەری، پیێر نۆرا

- مێتۆدۆلۆجی: ئیتنۆمێتۆدۆلۆجی

- شیكردنەوەی داتاكان، گراوندد تیۆری

- جینۆسایدی هەڵەبجە وەك كۆیادەوەری

- گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی یادەوەری

- شوێنەكانی یادەوەری

- دادپەروەری لە بەبیرهێناوە و لەبیركردندا

ئەم كتێبە بەشێكە لە زنجیرەیەك كتێبیتر كە 11 دانەیە و ناوەندی كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەکادیمی بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و فارسی بڵاو دەكاتەوە كە سەرجەمیان توێژینەوەی زانكۆیی و ساغكردنەوەی ئەرشیفیین و پەیوەستن بە مێژووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی، زارەکی و رۆژنامەوانی گەلی كوردەوە.

https://bit.ly/2P32jTC


خانەقین لە بەڵگەنامەكانی ئێراندا / كاروان عوسمان خەیات

بەڵگەنامەكانی ئەم كتێبە لە لایەن "كاروان عوسمان خەیات" ئامادەكراوە و "جووتیار نەریمان" وەریگێڕاون بۆ كوردی. تەواوی بەڵگەنامەكان بە زمانی فارسین و مێژووەكەی بۆ كۆتایی دەوڵەتی قاجار و سەرەتای دەوڵەتی پەهلەویی یەكەم دەگەڕێتەوە (1925_1941). بەشێكی زۆری ئەم بەڵگەنامانە تایبەتن بە شاری خانەقین و ئاڵۆگۆری بازرگانی نێوان ئێران و عێڕاق لە ڕێگەی ئەم شارە سنورییەی كوردستانەوە.

بەشێكیتر لە بەڵگەنامەكان تایبەتن بە ئاڵوگۆڕی نامەی كونسوڵی ئێران لە خانەقین لەگەڵ تاران و وەڵامی كاربەدەستانی ئێران لەبارەیانەوە لەگەڵ بابەتە ئابووری، سیاسی و ئیداریییەكان پەیوەست بە خانەقین و شارەكانیتری كوردستانی رۆژهەڵات وەك كرماشان، قەسری شیرین و سەرپێلی زەهاو.... . هتد.

بەشێك لە تەوەرە گرنگەكانی ئەم كتێبە بریتین لە:

- نامەگۆڕینەوەی نێوان وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی دارایی

- بەدڕەفتاری كارمەندانی خانەقین لەگەڵ زیارەتكارە ئێرانییەكان

- نرخی شەكر و چا لە خانەقین

- هێلی تەلەگرافی تاران-خانەقین

- زیادكردنی هێزەكانی ئاسایش لە خانەقین و مەندەلی

- چۆڵكردنی گوندەكانی كەندی و جەلیلی

ئەم كتێبە بەشێكە لە زنجیرەیەك كتێبیتر كە 11 دانەیە و ناوەندی كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەکادیمی بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و فارسی بڵاو دەكاتەوە كە سەرجەمیان توێژینەوەی زانكۆیی و ساغكردنەوەی ئەرشیفیین و پەیوەستن بە مێژووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی، زارەکی و رۆژنامەوانی گەلی كوردەوە.

https://bit.ly/2P32jTC


ڕۆژنامەی باسەڕە / هۆگر ستار قەمەری و بەختیار شەریف قوربانی

ڕۆژنامەی باسەڕە ساڵی 1942 لە ناحیەی قادرکەرەم لە لایەن نووسەر و ڕوناكبیر شاکر فەتاح (1914-1988) بە شێوەی دەستخەت 24 ژمارەی لێ بڵاوكراتەوە، دواتر لەساڵی 1985 لە چاپخانەی (الحوادث) ی بەغدا چاپ كراوە.

لەم چاپە نوێیەی باسەڕە ئامادەكارانی كتێبەكە "هۆگر ستار قەمەری" و "بەختیار شەریف قوربانی"، جارێكیتر دەقی سەرجەم ژمارەكانی ڕۆژنامەی باسەڕەیان بەتەواوەتی و بەبێ هیچ دەستكارییەك لە رێنووسدا، تایپ كردووە. جگە لەوەش پرۆفایلیان بۆ نوسەرانی بابەتەكانی رۆژنامەكە كردووەو ژیاننامەو وێنەیان بڵاوكردوونەتەوە لەگەڵ گوزەرێكی خێرا بەمێژووی قادركەرەم.

لەپاشكۆی كتێبەكەشدا ژمارە (24) ی ڕۆژنامەی باسەڕەیان بەشێوەی دەسخەت داناوە لەگەڵ دوو بەڵگەنامەی گرنگ دەربارەی سەرنوسەری رۆژنامەكە.

ئەم كتێبە بەشێكە لە زنجیرەیەك كتێبیتر كە 11 دانەیە و ناوەندی كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەکادیمی بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و فارسی بڵاو دەكاتەوە كە سەرجەمیان توێژینەوەی زانكۆیی و ساغكردنەوەی ئەرشیفیین و پەیوەستن بە مێژووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی، زارەکی و رۆژنامەوانی گەلی كوردەوە.

https://bit.ly/2P32jTC


بیبلیۆگرافیا نامەكانی مامۆستا مەلا عەبدولكەریم مودەڕیس / عەدنان عەبدولقادر هەورامانی

ئەم كتێبە لە لایەن دكتۆر "عەدنان عەبدولقادر هەورامانی" كاری لێكۆڵینەوە و ساغكردنەوەی بۆكراوە و پێکهاتووە لە (۸۰) نامەی دەگمەنی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس کە بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی بۆ چەند کەسایەتیکی دیاری ناردووە.

جیا لە لێكۆڵینەوەی ورد لەم نامانە، ئەم بەرهەمە لێکۆڵینەوەیەکیشە لەسەر ژیاننامە و بەرهەمەکانی مامۆستا عەبدولكەریمی مودەڕیس، پێگەی ئایینی و زانستی و هەروەها خستنەڕووی چەندین هۆنراوەی ئەم مامۆستا ناودارە لە كە تا ئیستا بڵاونەكراوونەتەوە.

گرنگترین تەوەرەكانی ئەم كتێبە بریتین لە:

- ژیاننامەی مامۆستا مەلا عەبدولكەریم مودەڕیس

- ژیانیی زانستیی مامۆستا مەلا عەبدولكەریم

- بەرهەم و دانراوەکانی

- پەرۆشی بۆ بووژانەوەی مێژووی زانایانی کورد

- نامە و پرسەنامەکانی بۆ کەسایەتییەکان

https://bit.ly/2P32jTC


کشتوکاڵ و خوراک لە هەرێمی چیا لە سەدەی (٤ک/١٠ ز) / سۆران بەها ئەحمەد

ئەم توێژینەوەیە لە بنەڕەتدا ماستەرنامەیەكە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە زانکوی سلێمانی بەشی مێژووی گفتوگۆی لەسەر کراوە و لەلایەن د. سەلاح ئیسماعیل كانەبی سەرپەرشتی كراوە گرنگی بە دیوی شارستانیانەی مێژووی کورد و ناوچە کوردییەکانی هەرێمی چیا دەدات (باكورى ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا و خاكی میدیای جاران) و تیشکی خستووەتە سەر ژیانی ڕوژانەی دانیشتوانی هەرێمەکە و هەوڵیداوە چۆنیەتی کشتوکاڵ کردن و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان باس بکات و کاریگەری لایەن سروشتی و مروییەکان لە سەر کشتوکاڵ و خۆراک لەو سەردەمەدا ڕوون بکاتەوە. جگە لەمەش زور بە ووردی هەڕەمی خوراک دیاری کراوە و شێوەکان و پیشەسازییە تایبەتەکانی خوراکی هەرێمەکەی خستووەتە ڕوو، نرخی خۆراکەکان لە سەردمەکەدا تا ڕادەیەکی ورد دیاری کراون و تەکنیکەکانی هەڵگرتنی خۆراکەکان باس کراون.

ئەم توێژینەوەیە لەم بەشانە پێکهاتووە:

ـ سنووری جوگرافی هەرێمی چیا، شێوەکانی ژیان لە هەرێمی چیا، پەیوەندییەکانی شار و گوند و کوچەری بە یەکدییەوە وچینەکانی کومەڵگە

ـ کشتوکاڵ و نەریتەکانی کشتوکاڵ کردن لە هەرێمەکەدا، بەروبوومە کشتوکاڵیەکان و هویەکانی پێش کەوتن و پاش کەوتینی کشتوکاڵ

ـ خۆراکی ڕۆژانە و پیشەسازیەکانی تایبەت بە خۆراک لە هەرێمەکەدا، هەڕەمی خۆراکی و چۆنیەتی دابینکردنی ئاو

ـ کاریگەری کولتووری مرۆیی لەسەر خۆراک و خۆراکی چین و توێژەکان و خۆراکی حاجییەکان

https://bit.ly/2P32jTC

أعلام علماء الكُرد خلال القرون 6_8 الهجري / صالح أمين عزيز

ئەم كتێبە لە لایەن دكتۆر "صالح أمين عزيز" كاری لێكۆڵینەوە و ساغكردنەوەی بۆكراوە و تێزی دكتۆرایە و پێشكەش بە زانكۆی فاتیحی لیبیا كراوە، تیشك دەخاتە سەر ناودارانی كورد و زانا ئاینی و نوسەر و ئەدیب و شەرعزانەكانی كورد لە ماوەی چاخەكانی 6_8 كۆچی.

لەدەسپێكی كتێبەكەدا بەوردی ڕوون كراوەتەوە چۆن زانایانی كورد بناسین و جیایان بكەینەوە؟ ڕچەڵەكی كورد دەگەڕێتەوە بۆ سەرچی؟ سنورەكانی كوردستان كامانەن؟ كورد لەتاراوگە چالاكییان چی بووە؟ هەروەها تیشك خراوەتە سەر كورد لەسەردەمی هاتنی ئیسلام، پاش بڵاوبوونەوەی ئیسلام، میرنشین و دەسەڵاتە كوردییەكان.

لەبەشەكانی دوایی كتێبەكەدا جگە لەساغكردنەوەی ژیاننامەی دەیان خەڵكی ناسراو و زانا و شەرعزانی كورد گرنگترین ئەم باس و بابەتانەش لە خۆ دەگرێت:

ناودارانی كورد و دانراوەكانیان لە زمان و ئەدەب و زاستە ئیسلامییەكان

بەشداریی كورد لە زانستەكانی بنەماكانی ئاین (أصول الدین)

بەشداری كورد لە زانستی تەفسیر و زانستەكانی قورئان

بەرهەمی ناودارانی كورد لە شەرعزانی

هەڵبژلردەی زانایانی كورد لە زانستە ئیسلامییەكان

میتۆدی زانایانی كورد لە زانستی فەرموودەو بنەماكانی

دیارترین شێوەكانی ڕەخنەسازی لە بەرهەمی زانایانی كورد

دەركەوتنی گرنگیدانی كورد بەزانستەكانی سوننەت

گێڕانەوە و جیاكردنەوەی فەرموودە دانراوەكان

گرنگترین مەڵبەندە رۆشنبیرییەكانی كورد

بنكە زانستییەكانی كوردستان و قوتابخانەكان

هەندێ لەشارە كوردییە ناسراوەكان

ڕاڤەكانی فەرموودە

دانراوی ناودارانی كورد لە ژیاننامەو موعجەمەكان

لەكۆتاییدا پێرستی ئایەتەكان

پێڕستی فەرموودەكان

پێڕستی شیعرەكان

پێڕستی ناوداران

پێڕستی شارەكان

https://bit.ly/2P32jTC


الأديان والمذاهب والعقائد في كُردستان / ياسين تەها

ئەم كتێبە گوزەرێكی خێرایە بەمێژووی ئاین و ئاینزاو بیروباوەڕ و رێچكە فیكرییەكانی كوردستان لە چاخی ناوەندی ئیسلامیدا و بەدیاریكراوی لە نێوان ساڵانی (232 ـ 656 كـ /847 ـ 1258 ز) كە هاوتایە لەگەڵ چاخی عەباسی دووەم و دەوروبەری چوار سەدە لەخۆی دەگرێت.

ئەم كتێبە كە بەزمانی عەرەبییە سەرەتاكەی بە رونكردنەوەی ریشەی كورد، ناوچە كوردییەكان لەسەردەمی ئیسلامیدا، چۆنییەتی بڵاوبونەوەی ئیسلام لەكوردستان دەست پێ دەكات و پاشان دەچێتە ناو وردەكاریی ژینی ئاینی لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان.

گرنگترین تەوەر و بەشەكانی ئەم كتێبە بریتین لە:

بەشی یەكەم ـ ئاینە نا ئیسلامییەكان لەكوردستان:

ـ زەردەشتی

ـ جوولەكە (كوردانی جولەكە)

ـ مەسیحی (كوردانی مەسیحی، ئاینزا مەسیحییەكان لە كوردستان)

ـ بیروباوەڕە "باطني" یەكان: مانەوی و مەزدەكی و خوڕەمی.

بەشی دووەم:

خەواریج و شیعەكان

ـ پەیوەندی خەواریج بەكوردەوە، مەڵبەند و پێگەكانیان، هۆكاری هۆگریی كورد پێیانەوە، بەشداریی كورد لە چالاكییەكانیان، بزوتنەوەكانیان.

ـ شیعە، نەخشەی بڵاوبونەوەیان لە كوردستان، گروپەكانیان: زەیدی و ئیمامی و قەرامیتەو ...هتد.

بەشی سێیەم:

ئاینزا شەرعزانییە سوننەكان

ـ ئاینزای شافیعی: پێگەی، هۆكاری بڵاوبونەوەی، چۆنیەتی بڵاوبونەوەی، رۆڵی كورد تێیدا

ـ ئاینزای حەنەفی لەكوردستان

ـ ئاینزای حەنبەلی لەكوردستان

ـ ئاینزای مالیكی لەكوردستان

بەشی چوارەم

ئاراستە سۆفیگەرییەكان و گروپە پەیوەستەكان پێیانەوە

ـ سۆفیگەری: سەرهەڵدانی لەكوردستان، هۆكار، مەڵبەندەكانی سۆفیگەری

ـ ئێزدییەكان: ریشەی ئێزیدییەكان، عەقیدەی ئێزدی و پەیوەندیی بەئاینە ئاسمانییەكان

ـ یارسان: ئەهلی حەق و گواستنەوەیان بۆ كوردستان و رەگ و ریشەیان

https://bit.ly/2P32jTC

سیاست ایران در قبال كردها (1299-1320ش)

نووسەر سەرەتا سیاسەتە گشتییەكانی دەوڵەتی پەهلەوی یەكەم(1925-1941ز) بۆ سەرجەم ئێران و بە تایبەت ناوچە كوردنشینەكانی باسكردووە و دواتر شرۆڤەی كاریگەری ئەم سیاسەتانەی لەسەر ناوچە كوردییەكان و كاردانەوەی ڕەگەزە دیارەكانی ئەم ناوچانەی كردووە. بارودۆخی سیاسی ناوچە كوردنشینەكان، هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی دەوڵەتی پەهلەوی، كاردانەوەی ناوچە كوردنشینەكان بۆ سیاسەتە كولتووری و عەشایرییەكانی دەوڵەتی ناوەندی، ڕاپەڕینەكانی كورد و كاریگەری لەسەر سیاسەتیی دەرەوەی ئێران لەگەڵ توركیا و عێراق، تەوەرە سەرەكییەكانی ئەم كتێبە پێك دەهێنن.

گرنگترین تەوەر و بەشەكانی ئەم كتێبە بریتین لە:

بەشی یەكەم: جوگرافیای مێژوویی و بارودۆخی سیاسی ناوچە كوردنشینەكان

- سنوری ناوچە كوردنشینەكان

- ناوچە كوردنشینەكان لە دابەشبوونە كارگێرییەكاندا

- پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و عەشایری

- بارودۆخی كۆمەڵایەتی و سیاسی

- زەمینەی دەركەوتنی بزووتنەوە ناسیۆنالیستە كوردییەكان

بەشی دووەم: سیاسەتە گشتییەكان و بەرنامەكانی دەوڵەتی پەهلەوی یەكەم

- بنەما هزرییەكانی سیاسەتی گشتیی دەوڵەت

- شوناسسازی و نەتەوەسازی

- مۆدێرن سازی، ناوەندێنتی و دەوڵەت سازی

- سیاسەتی سەربازی و ڕۆڵی سوپا

- سیاسەتی عەشایری

بەشی سێیەم: سیاسەتە كولتوورییەكانی دەوڵەت و كاردانەوەی كوردەكان

- دامەزراوە سیاسی و كەسایەتییە كولتوورییەكانی دژ بە دەوڵەت

- رێكخراوە سیاسییەكانی ناوچەكە كوردنشینەكان

- هەڵوێستی كەسایەتییە ئایینی و سیاسییەكانی ناوچەكە

- سیاسەتی گۆرینی جلو بەرگ، لابردنی حیجاب و گۆڕانی دۆخی ژنان

- سیاسەتی پەروەردە لە ناوچەكە

بەشی چوارەم: لێكەوتەكانی سیاسەتی عەشایری و كاریگەری كوردەكان لە پەیوەندییە دەرەكییەكان

- كاردانەوە عەشایرییەكانی كورد بەرامبەر سیاسەتەكانی دەوڵەت

- كاردانەوە و ڕاپەڕینەكانی (سمكۆی شكاك، جەعفەر سوڵتانی لهۆنی، مەحمودخانی دزڵی، سەردار ڕەشیدی ئەردەڵان و محەمەد ڕەشیدخانی بانە)

- ڕۆڵی كوردەكان لە پەیوەندییەكانی ئێران و توركیا

- ڕۆڵی كوردەكان لە پەیوەندییەكانی ئێران و عێراق

- یەكگرتنی سیاسیی كوردەكان دژ بە دەوڵەتی ناوەندی

https://bit.ly/2P32jTC