یەكێكیتر لە دەستنوسەكانی حاشیەی پێنجوێنی لەسەر مەتنی گەلەنبەوی گەیشتە #ناوەندی_كوردستان. ئەم دەستنوسە لە لایەن مەلا حسێن چاوە مەعروف "مەلا حسێنی شێخانی" لە ساڵی 1934 نوسراوەتەوەو بنەماڵەكەی بۆ ئەرشیفكردن و لێكۆڵینەوە بەسوپاسەوە داویانە بە #ناوەندی_كوردستان.
دەستنوسەكە 37 لاپەڕەیە، بەمەرەكەبی ڕەش و سوور نوسراوەتەوە، لەناو كەشكۆڵێكدایە كە سێ دەستنوسیتر لەخۆ دەگرێت. لەپەراوێزی مەتنی دەستنوسەكەشدا "الكلنبوي"، مەلا حوسێنی شێخانی حاشیەكانی مەلا عەبدولڕەحمانی پێنچوێنی بەخەتێكی وردتر نووسیوەتەوەو لەكۆتایی بڕگەكانیشدا بە زاراوەی "پینجوینی" نەخشاندوویەتی.
ئەم حاشیەی پێنجوێنی و بەرهەمە بنەڕەتییەكەش كە دانراوی ئیسماعیل شێخ زادەی گەلەنبەوی ئیزمیرییە بەشێك بووە لە پرۆگرامی خوێندنی حوجرەكانی كوردستان لەسەدەی ڕابردوودا و تایبەتە بە هونەری "البحث والمناظرة" كە میتۆدی توێژینەوەو گفتوگۆكردنە، لە كوردستانیشدا تا ئێستا هیچ دەستنوسێكی ئۆریجناڵی كاغەزیی لەبەردەستدا نییەو سەرجەمیان لە دەستنووسخانەكانی توركیاو سعودیەن لەكاتێكدا مەلا عەبدولڕەحمانی پێنجوێنی لەدەوروبەری 1902 زاینی مردووە.
مانگی ڕابردووش دەستنوسێكی "الاداب للگلنبوي" بەحاشیەی "العلامتين" مەلا عەبدولڕحمانی پێنجوێنی و شێخ عومەری قەرەداغی كە لەلایەن مەلا سەید ئەحمەدی تاوگۆزی ـ ییەوە لە ساڵی 1948 لە یەكێك لە حوجرەكانی هەڵەبجە نوسراوەتەوە لەلایەنە كوڕەكانییەوە درا بە دیاری بۆ #ناوەندی_كوردستان بەمەبەستی دیجیتاڵكردن و پاراستنی بەشێوەیەكی زانستی.
#ناوەندی_كوردستان، #زانكۆی_سلێمانی، #دەستنووسەكان، #هەڵەبجە،#شێخانی، #تاوگۆزی، #پێنجوێنی، #قەرەداغی، #قەشقەیی،#گەلەنبەوی، #چەمچەماڵ