دەستنووسێکی مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی (کوچەک مەلای ئەربیلی) گەیشتە ناوەندی کوردستان
بە سوپاسەوە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو م.عومەر ڕێشاوی، لەم دواییانەدا بەشێکی ئەرشیفی کتێبخانەی مامۆستای ناوبراویان، سپاردە ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی، کە چەندین کتێب و دوو دەستنووسی لە خۆگرتووە، کە ئەم دەستنوسەی مەلا ئەربیلی(کوچەک مەلای دووەم) "ربع المجيبة و المقنطرية" یەکێکە لەوان و تەمەنی نزیکەی (90)ساڵە.
مەلا ئەبوبەکر کوڕی مە لاعومەری کوڕی مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی ئەربیلی-یە، ساڵی ١٨٦٧.ز لەدایک بووە و ساڵی ١٩٤٢.کۆچی دوایی کردووە، مەلائەبوبەکر بە کوچەک مەلا-ش ناسراوە، ئەم نازناوەی دووەمی دەگەڕێتەوە بۆ مەلا ئەبوبەکری باپیری (١١٧٧٨-١٨٥٥.ز)، کە بە مەلا ئەبوبەکری کوچەک مەلا ناسراوبوو، چونکە بەژنی کورت بووە، بەڵام ئەبوبەکری دووەم و خاوەنی ئەم دەستنووسە بەژنی کورت نەبووە و لە خۆشەویستی ئەبوبەکری یەکەم ئەم ناوەیان لێناوە. بنەماڵەی مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی دەگەڕێنەوە سەر مەلائیلیاس کە دانیشتووی کوردستانی ئەردەڵان(لە شاری سنە) بوو، کە زانایەکی دیار و بە خزمەت بووە، لەسەردەمی شا ئیسماعیلی سەفەویدا کە پرۆسەی بەزۆر بە شیعەکردنی زانایانی دەستپێکردبوو، بۆیە لەترسی شای سەفەوی هەڵدێت و دێتە شاری هەولێر کە ئەودەم قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان بوو، سوڵتانی ئەوکاتەی عوسمانی سوڵتان سلێمانی قانوونی بوو ڕێزێکی فراوانی لێدەگرێت.
مەلا ئەبوبەکر عومەر ئەفەندی خاوەنی پێگەیەکی تایبەت بوو، پەیوەندی فراوانی بە زانایانی ئاینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبوو، لەگەڵ شێخانی نەقشبەندییەکاندا زۆر گەرموگوڕ بوو. وەک نیشانی پەیوەندی سیاسیشی بۆ نموونە، لە کاتی هەراکەی ڕەشید عالی گەیلانیدا (١٩٤١) شاژنە عالیە لەگەڵ مەلیک فەیسەڵی بچووک لەبەر نائارامی بەغدا جێدەهێڵین و لە ماڵی مەلا ئەبوبەکر لە گەڕەکی باداوەی هەولێر پەنادە دەدرێن.
مۆڵەتی بە دەیان زانای ئاینی بەخشیوە و ناوی ٩٩ لە پیاوانی ئاینی تۆمارکراون، کە لەسەردەستی ئەم مەلایە مۆڵەتی ئاینییان وەرگرتووە.
لە دوای خۆی حەوت بەرهەمی جێماوە لەوانە: سوانح القریحە فی شرح الصحیفە، الفوائد الحسینیە فی الربع المجیب، تەرجەمەی البدیعە لە تورکییەوە بۆ عەرەبی، حاشیەی اسصرلاب، حاشیە علی التشریح، حاشیە علی حاشیە(منە) للمصنف، علی التشریح و حاشیە علی مبحث الامور العامە فی شرح المواقف.
کە پێدەچێت ئەم دەستنووسەی بەردەست، پەیوەندیدارە یان هەمان ریسالەکانی حاشیەی ربع المجیب و حاشیە علی الاسطرلاب-ەکەی لە خۆ گرتبێت، بەڵام خۆی لە پێشەکییەکەدا ناوی "کیفیە عمل جانبی ربع المجيبة و المقنطرية"ی لێناوە.
وەسفی دەستنووس
ناوی دەستنوس: کیفیە عمل جانبی "ربع المجيبة و المقنطرية"
نوسەر(ان): ابوبکر عمر افندی (ابوبکر کچک ملااربیلی)
نوسەرەوە(الناسخ): -
ساڵی دانان: ١٠ ربیع الثانی ١٣٥٠ی کۆچی
ساڵی نوسینەوە: -
بابەت: گەردوونناسی و ساڵژمیریی (بابەتەکانی دیکەی کەشکۆڵەکەش تایبەتن بە فەرموودە و ڕێنمایی ئاینی ئیسلامی)
جۆری خەت: نەسخ
جۆری کاغەز: زەردباو
دەربارەی دەستنوس: لە هەرە زۆری لاپەڕەکانی دەستنووسەکەدا حاشیە و شەرحی مەتنەکەی تێدایە، چەندین هێڵکاریی و بازنەی ڕوونکاریی فەلەکی و گۆی زەوی جیا لە لاپەڕە سەرەکییاکن هاوپێچە لە بابەتی پەیوەستدا چەسپێنراوە بە لاپەڕەکانەوە. هەروەها لە چوارچێوەی کەشکۆڵێک کە جگە لەم دەستنووسە دوو ریسالەی دیکەی لەگەڵدایە)، ریسالە هاوپێجەکانی ئەم دەستنووسە یەکێکیان "خوارق العادە"یە و لە سەرەتادایە و یەک لاپەڕەیە، ریسالەی کۆتایی کە سێ لاپەڕەیە دیسانەوە تایبەتە بە ئسترلاب و بە زمانی فارسییە، بە خەتی نەستەعلیق نوسراوە ، بەڵام لاپەڕەی ناوەندی جێهێڵراوە و هیچی تێدانییە
سەرەتای دەستنوس: "بسم الله الرحمن الرحیم نحمدک یا من نزل حن ادراک العقلاء ...."
كۆتایی دەستنوس: "تسوید هذا الکتاب فی مدرسە شقلاوە مضی فی ربیع الآخر عشرین من یوما یوم الخمیس لسنە١٣٥٠ یا اللە ارحم الحقیر بحال حزین انصبنی المطالب المعهودە"
ژمارەی بەرگ پەڕە: ١٥٨ لاپەڕە
ژمارەی دێڕ: ١٢ دێڕ لە هەر لاپەڕەیەکدا
قەبارە و كەعب: ٢١سم ب*١٧سم پ (کەعب ٢سم)
بەرواری تۆمار: 7/1/2020
زمانی بەرهەم: عەرەبی (بەڵام دوا ریسالەی ئەم کەشکۆڵە بە زمانی فارسی نووسراوە)
شوێنی پاراستن: ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی (لە کتێبخانەی تایبەتی بەڕێز مامۆستا عومەر ڕێشاوی-یەوە سپێردراوەتە ناوەند )
جۆری دەستنووس: ئۆرجیناڵ
ڕانان و پێڕستکردن: هەردی مەهدی میکە
پەراوێز: سود وەرگیراوە لە مەلا طاهر مەلا عبداللە بەحرکەیی، مێژووی زانایانی کورد، بەرگی1، نوسینگەی تەفسیر بۆ بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن، چاپی دووەم، ٢٠١٦، هەولێر، ل٤٥.
#زانکۆی_سلێمانی #ناوەندی_کوردستان #هەولێر #سلێمانی#ئەرشیف #دەستنووس #کوچەک_مەلا #ئەفەندی #ئەربیلی #کچک_ملا