دەستنووسێكی مێژووەكەی ئیبن خەلەكان

تلخیص من تاریخ القاضي شمس الدين ابن خلكان

شوێنی پاراستن: دار الإفتاء السعودية

بابه‌ت: مێژوو

بەگپەڕە: 29

ئەرشیفی: #ناوەندی_كوردستان، #زانكۆی_سلێمانی

پێڕستكردن: یاسین تەها

ئەم دەستنووسە پوختەیەكی كورتكراوەی مێژووی ئیبن خەلەكانی هەولێرییە كە مەبەست لێی "وفیات الأعیان"ـە. کەس نییە بەدواى زانیاری مێژوییدا بگەرێت لە سەدە ناوەنجییەکانى ئیسلام و ناچار نەبێت بگەرێتەوە بۆ ئیبن خەلەکانى ئەربیلى (681 ک/1282ز مردووە)، چونکە نیمچە کۆدەنگى هەیە لەسەر ئەوەى ناوبراو خاوەن باشترین و بەپێزترین بیبلۆگرافیاى ناسینى کەسایەتییەکان و ژیاننامەى ناوداران و مێژووى گشتییە لەسەردەمى خۆیەتی و بەرهەمەکەشى لەناو لێکۆڵەراندا بە وردى و دروستى ناوبانگى رۆشتووە (جب، 240) بەرهەمەكەی ئیبن خەلەکان جگە لەوەى لەرووى ئەمانەتەوە وردە، بەناوبانگترینیشە لەبوارى خۆی تا سەردەمى ئێستا (مصطفى، 1987، 1/430). زۆربەى ئەو بەرهەمە مێژوویانەشى لەسەردەمى ئیبن خەلەکاندا نوسراون فەوتاون و نەماونەتەوە بۆ دواتر، ئەمەش بوەتە هۆى ئەوەى بیبلۆگرافیاکەى ئیبن خەلەکان نەک بۆ ژیننامەى کەسایەتییەکان بەڵکە بۆ مێژووى گشتیش ببێتە سەرچاوە (حسن، 1980، 156).

ئیبن خەلەكان ناوى تەواوى عەباس ئەحمەد خەلەکانە و نازناوى شەمسەدینە (تغري بردي، 1963، 7/353) لەشارى هەولێر لەدایکبووەو هەندێکجار بەرەچەڵەک دەدرێتە پاڵ بەرمەکییەکان (عبدالله، 120)، بەڵام مێژوونوسانى وەک سەفەدى و شاکر کەتبى و کۆمەڵێکیتر لێکۆڵەر دەڵێن لەکوردانى هەکارییە (الصفدي،1969، 7/313؛ الكتبي، 1/113). سەربارى ئەم ناکۆکییانەش کۆدەنگى هەیە لەسەر ئەوەى نازناوى ناوبراو دەگەرێتەوە بۆ باپیرى سێیەمى کە خەلەکانەو بەقسەى عەبدولڕەحیمى ئەسنەویش (772 ک/1370 ز مردووە) خەلەکان ناوى گوندێکى دەوروبەرى هەولێر بووە (الأسنوي، 1/495).

ئیبن خەلەکان لەمانگى رەبیعى دووەمى ساڵى (٦٠٨ ک/ ١٢١٢ز) لە هەولێر لەپەنا قوتابخانەى موزەفەرییەو لە ئامێزى قەڵا لەدایکبووەو لەساڵى (٦٨١ ک/ ١٢٨٢ ز) یش کۆچى دوایی کردووە (ابن خلكان،2/344؛ روزنثال،1983، 764).

باوکى ئیبن خەلەکان کە ناوى شەهابەدین محەمەدە کەسێکى شەرعزان بووە، سەردەمێک لەقوتابخانەى نیزامییەى بەغدا وەک موعید کاریکردووە، دواتر چووەتە موسڵ و چواردە ساڵ لەم شارە ماوەتەوە، پاشان هاتۆتە هەولێر و بوەتە جێگە متمانەى سوڵتان موزەفەرەدین کەوکەبەرى(1181_1232 ز) فرمانڕەواى شارەکە (طليمات، 1963، 15_ 55).

پێدەچێت ئەم كۆچ و ڕەوە تایبەتمەندی خێزانى ئیبن خەلەکان بێت چونکە ناوبراو لەباوکى زیاتر گەشتى کردووە و هەولێرو موسڵ و حەلەب و دیمەشق و قاهیرەى تەى کردووە، بەڵام ئەوە لەو راستییە کەم ناکاتەوە کە پێگەشتن و پەروەردەبوونى لەهەولێر بووە، باوکیشى رۆڵى گەورەى دیوە لەگەیاندنى بەپایە و بە دەستخستنى مۆڵەتە زانستییەکانى ئەو سەردەمە (ابن خلكان، 7/23_36) وا دەریش دەکەوێت پەیوەندی باشى باوکى لەگەڵ سوڵتان موزەفەرەدینى سوڵتانى هەولێر یەکێکیتر بووە لە هۆکارەکانى دەرکەوتن و هەڵکەوتنى، چونکە لەباسى ژیاننامەى ناوبراودا ئیبن خەلەکان دەڵێت خۆى ماف و چاکەى بەسەرمانەوە هەیەو باو باپیرانیشى چاکەو مافیان بەسەر باوباپیرانمانەوە هەیە ( ابن خلكان، 4/ 115_120).

سەرچاوەكان:

ابن خلكان: وفيات الاعيان وانباء ابناء الزمان، تحقيق احسان عباس، بيروت.

الأسنوي: طبقات الشافعية، تحقيق، عبدالله احمد الجبوري، مطبعة الارشاد، بغداد.

تغري بردي: النجوم الزاهرة في ملوك مصر والقاهرة، المؤسسة المصرية للكتاب، القاهرة، 1963.

جب، علم التأريخ، ترجمة لجنة الترجمة لدائرة المعارف الإسلامية (ابراهيم خورشيد وآخرون)، دار الكتاب اللبناني، بيروت.

رجب محمود بخيت: اعلام المؤرخين، مكتبة جزيرة الورد، القاهرة.

شاكر الكتبي، فوات الوفيات، تحقيق، إحسان عباس، دار صادر، بيروت.

شاكر مصطفى: التأريخ العربي والمؤرخون العرب، دار العلم للملايين، بيروت،ط 3، 1978.

الصفدي: الوافي بالوفيات، تحقيق، احسان عباس، بيروت.

عبدالرحمن البدوي: موسوعة المستشرقين، دار العلم للملایین، بیروت، ط3.

عبدالقادر أحمد طليمات، مظفرالدين كوكبري، المؤسسة المصرية العامة للتأليف، القاهرة، 1963.

علي ابراهيم حسن: استخدام المصادر وطرق البحث في التاريخ الاسلامي العام وفي التاريخ المصري الوسيط، مكتبة النهضة المصرية، القاهرة، ط3، 1980.

علي أبراهيم حسن: استخدام المصادر وطرق البحث في التاريخ الاسلامي، مكتبة النهضة المصرية، 1963.

فرانز روزنثال: علم التاريخ عند المسلمين، ترجمة صالح أحمد العلي، مؤسسة الرسالة، بيروت الطبعة الثانية، 1983.

يسري عبدالغني عبدالله: معجم المؤرخين المسلمين، حتى القرن الثاني عشر الهجري، دار الكتب العلمية، بيروت.