ڕەزاشای پەهلەوی دەیویست لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکنەتەوەکردن و مۆدێرنسازی و ئێرانگەراییدا، سەرجەم جلوبەرگی نەتەوەکانی ئێران یەک بخات و جۆرە جلووبەرگێکی دیاریکرد و سەپاندی، بەڵام لە ناوچە کوردییەکاندا، دژایەتی ئەم سیاسەتە کولتوورییە کرا و مەلاخەلیل کە زانایەکی ئایینی ناوچەی موکریان و سەردەشت بوو، بە فەتوایەک دژایەتی ئەو سیاسەتەی ڕاگەیاند و بە حەرام و کوفری لەقەڵەمدا و هەڵگەڕانەوەی چەکداری و بەرەنگاربوونەوەشی (بە هەر جۆرە هۆکارێک) بە واجب ڕاگەیاند. ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٢٨، ڕاپەڕینێکی لێکەوتەوە و چەندین ناوچەی کوردستان لە موکریان کەوتنە دەست ڕاپەڕیووەکان (بە سەرکردایەتی خودی مەلا خەلیل). بەڵام پاش ماوەیەک بەهۆی پەلاماری نابەرامبەری ئەرتەشی ئێرانی پەهلەوییەوە، ڕاپەڕینەکە سەرکوت کرا و بنکەی ڕاپەڕیووەکان کە دەکەوتە ناوچەی سەردەشتەوە، کەوتە دەست سوپا و مەلاخەلیل و هەندێک لە هاوڕێکانی ناچار بەرەو دیوی کوردستانی عێراق کشانەوە. مەلاخەلیل لە ساڵی ١٩٥٥ کۆچی دوایی کرد.