بنەماڵەی مەلا سەعیدی گڵێجاڵ دەستنووسی فەقێیەکی کورد لە مەدرەسەی پریس دەسپێرنە ئەرشیفی ناوەندی کوردستان. تەمەنی دەستنووسەکە نزیکەی ٧٠ ساڵە و چەند پەراوێزێكی زانایانی کوردی ناوداری لەسەر یاداشت كراوە. دەستنووسەکە لەلایەن فەقێ عەبدولکەریم گوڵپییەوە (حەمەکەریم هەورامی)نووسراوەتەوە و تا ئێستا نازانرێت چۆن كەوتۆتە حوجرەی مەلا سەعیدی گڵێجاڵەوە. ناوبراو جیا لەم کتێبە خاوەنی چەندین کتێبی مێژوویی و پەروەردەیی و ئەدەبییە، نووسەر بە گشتی زیاتر لە ٢٢ بەرهەمی لە کتێبخانەکانی کوردستاندا دەبینرێن.
حەمەکەریم هەورامی (گوڵپی)، لە ساڵی ١٩٤٢ چووەتە پۆلی یەکەمی سەرەتایی لە شارەدێی گوڵپ(١) و پاش بڕینی شەش پۆل و دەبێتە فەقێ سەرەتا لای مەلامحەمەدی مەلاغەفووری گوڵپی دەست دەکات بە خوێندنی قورئان و پەندەکانی عەتتار و فەتحولقەریب(٢)، هەروەها خەتمی تەواوی قورئان و ئەحمەدییشی لای مەلاخالید لە ئاوایی ڕۆسەم بەگ تەواوکردووە(٣). پاش ئەوە ساڵی ١٩٥١، ڕوودەکاتە خوێندنی نێومزگەوت و ڕوودەکاتە گوندی عەنەب و لە حوجرەی مامۆستا مەلامەحموودی عەنەبی دەبێتە فەقێ، لەوێ دەبێتە هاوڕێی فەقێیایەتی مامۆستا عەبدوڵای گوڵپی و مامۆستا عومەر ڕێشاوی و شێخ حەسیب کە ئەودەم لە گوندی عەنەب فەقێ بوون(٤)، هەر لێرەشدا وەک قۆناغی سوختەیی لە فەقێیەتیدا عەوامیلی جورجانی دەخوێنێت و پاشتریش چەندین مەدەرسەی دیکەی لە ناوچەکانی کوردستان دەبینێت و پاشتر دەچێتە مەدرەسەی پریس و لەوێدا دەگیرسێتەوە، ئەم دەستنووسە لەوێدا نوسراوەتەوە. ئەو سەردەمە مەدرەسەی پریس مودەڕیسەکەی مامۆستا مەلاعوسمان عەبدولعەزیز بوو.
ئەوەی تێبینی دەکرێت دەستنووسەکە جیا لە شەرحی سەعدوڵای سەغیر، حاشیەی هەریەک لە مامۆستایان قزڵجی، شیخ مارفی نۆدێ، مەلا حەسەنی چۆڕی، مەلای گەورەی پێنجوێنی و عەبدولعەزیز پاڕەزانی(کە ئەوکات موستەعید بووە لە مەدرەسەی پریس)، لە لاپەڕەکانی یەک و دوودا دەبینرێن و بۆ شەرحی عەوامیلی جورجانییان ئیزافە کردووە.(٥)
ناوەندی کوردستان سوپاسی تایبەتی هەیە بۆ بنەماڵەی مامۆستا مەلا سەعیدی گڵێجاڵ هەیە، کە لە ڕێگەی مامۆستا یاسین تەها-وە (توێژەر لە ناوەندی کوردستان)، متمانەیەیان دایە ناوەند و زانکۆی سلێمانی. جێی وتنە مەلا سەعید مستەفا مەعروف گڵێجاڵی، لەساڵی 1945 لە مەدرەسەی بیارەی شەریفە مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە، لە 1988 لەژیاندا نەماوە. مامۆستا و وتاربێژی مزگەوتی گڵێجاڵ بووە کە گەورە گوندی پشتکێوی بەمۆیەو لەئاواییەکەی خۆی مەدرەسەیەکی ئاینی هەبووە هەر بۆیە بە نازناوی "مامۆستا" لەناوچەکە ناسراوە.
ناوی دەستنووس: عەوامیلی جورجانی بە شەرحی سەعدوڵای سەغیر
نووسەر: ئەبوبەکری کوڕی عەبدولقاهری کوڕی عەبدوڕەحمانی جورجانی (گورگانی)
نووسەرەوە: عەبدولکەریم ڕەمەزان گوڵپی
زمانی دەستنووس: عەرەبی
مێژووی نوسینەوە: دەستنووسەکە بەرواری نووسینەوەی لەسەر نییە، بەڵام بەپێی یاداشتی نووسەرەوەکە و ژیانی فەقێیەتی و ئەو کاتەی لەپریس بەسەری بردووە، دەکەوێتە نێوان ساڵانی ١٩٥١-١٩٥٣ەوە.
تێبینی: بە پێی ئەنجامەی کۆتایی دەستنووسەکە، لە مەدرەسەی ئاوایی پریس نووسراوەتەوە کاتێک کە نوسەرەوەکەی لەوێدا فەقێ بووە و لەسەر داوای مامۆستا عەبدوڵای گوڵپی کە ناوبراو لە هەمان مەدرەسە موستەعید بووە و پێشکەشی مەدرەسەکە کراوە. هەندێ لاپەڕەی دڕاوی تێدایە و بە گشتی دەستنووسێکی ماندووە و چاککراوەیی زۆرە و کەعبەکەی تیپڕێژ کراوە. لەسەر بەرگەکەی چەندین شیعر و یاداشتی ڕۆژگاری تێدا بەدی دەکرێت، کە دیارە پاشتر و بە قەلەمی دیکە و لەلایەن کەسانی دیکەوە نووسراوە.
بابەت: نەحو (ڕێزمانی عەرەبی)
سەرەتا: "قولە بسم اللە باستعانە اسم اللە نبتدأ الکتاب فالجار و المجرور صلە نبتدا المقدر موخرا...."
کۆتایی: "تمت هذه الكتاب سمي بسعدالله الصغير بيده الحقير عبدالكريم گلپی من اهالی گلپ ....یاربی ماموستا ملاعبداللە موفق بکەیت لەسەر تەحصیلی علم آمین یارب العالمین.. تواوم کرد ام کتیبە بە ازن اللە اگر سئویکم کردبیت استغفراللە"
جۆری خەت: نەسخ.
قەبارە: ١٧*٢٢سم
لاپەڕە: ٣٢لاپەرە.
شوێنی پاراستن: ناوەندی کوردستان/زانکۆی سلێمانی
وێنەی دیجیتاڵی: ناوەندی کوردستان/ زانکۆی سلێمانی
ناساندن و بەدواداچوون: هەردی مەهدی
پەراوێز و سەرچاوەکان:
١. بەڵگەنامەی تۆماری خوێندکارانی قوتابخانەی گوندی گوڵپ(١٩٤٢): ئەرشیفی ناوەندی کوردستان، زانکۆی سلێمانی.
٢ . حەمەکەریم هەورامی(٢٠١٦): چیرۆکی من و گەندەکەم، بەرگی یەکەم، هەولێر، ل٢٦٠.
٣. هەمان، ل٢٧٣.
٤. هەمان، ٢٨٢و٢٩١و ٢٩٣.
٥.دەستنووسی عەوامیلی جورجانی(نووسینەوەی عبدالکریم گوڵپی)، ئەرشیفی ناوەندی کوردستان/زانکۆی سلێمانی.
#ناوەندی_کوردستان #زانکۆی_سلێمانی #عوامل_جرجاني #عبدالله_الصغير #دەستنووس #ئەرشیف #کوردستان #هەڵەبجە #هەورامان #گوڵپ #پریس