ئەرشیفی بەڵگەنامەیی

ناوەندی کوردستان

بەڵگەنامەکان و نمونەکانیان

ئەم بەشە هەڵدەستێت بە: کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و بەڵگەنامەییکردن(التوثیق) تایبەت بە کوردستانناسی لە ئەرشیفی ناوخۆ و هاماهەنگی لەگەڵ ئەرشیفی وڵاتان، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە ئەرشیفەکانیان بەڵگەنامەی تایبەت بە کوردستانیان لە خۆگرتووە (وەک ئەرشیفەکانی ئێران، تورکیا، عیراق، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەرمینیا و روسیا و هندستان و تاد) تا بە هەرشێوەیەک (ئۆرجیناڵ یان کۆپی یان دیجیتاڵکراو بهێنرێنەوە و لە کتێبخانەی سەنتەردا پێشکەشی خوازیاران بکرێت). لەمەشدا جگە لە پەیوەندیەکانی خودی سەنتەر هەوڵدەدرێت سود لە پەیوەندی زانکۆ و وەزارەت و حکومەتی هەرێم وەربگیرێت. سەرەڕای ئەوەش لە رێی بەشەکانی زانکۆ و توێژەرانییەوە و ئەو خوێندکارانەی کە دەچنە وڵاتان هەماهەنگی و پشتیوانی بکرێن تا ئەرشیفی بەڵگەنامەیی دەوڵەمەندتر بکرێت. ئەمانە بەشێکن لە ئەرکی ئەم بەشە.

لە ئێستادا ناوەندی كوردستان خاوەنی 6 هەزار بەڵگەنامە بە زمانی فارسی و 10 هەزار بەڵگەنامە بە زمانی توركی-عوسمانییە و لەم رێژەیە 3 هەزاریان كاری پۆلێنكردن و ناساندنیان بۆ كراوە و تۆماركردنی بەڵگەنامەكانیتر بەردەوامە.

بۆ ئاسانكردنی كاری توێژەران لە كاتی گەڕاندا بەناو سوفوێری تایبەت بە ناوەندا و هەروەها دواتر ئاماژەدان بە بەڵگەنامەكانی ناوەند لە كاتی بەكارهێنانیان وەك سەرچاوە، هەر بەڵگەنامەیەك كۆد و ژمارەی تایبەت بە خۆی پێدراوە. بۆ نمونە بەڵگەنامە فارسییەكان كۆدی D.F و بەڵگەنامە توركییەكان كۆدی D.T یان پێدراوە.

هەڵمەتەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواری سەردەمی پاشایەتی

لەهەڵمەتەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواری سەردەمی پاشایەتی و لە ساڵەكانی 1955 _ 1956 مامۆستای ئاینی گوندی قاینەجەی دەڤەری شارەزوور "مەلا سەید ئەحمەد تاوگۆزی" كە وانەبێژ بووە نوسراوی كردووە بۆ بەرێوەبەرایەتی مەعاریف لە لیوای سلێمانی بەمەبەستی خەرجكردنی كرێی ئەو خانوەی كراوە بە قوتابخانە بۆ هەر مانگێك 1 دیناری عێراقی.

ئەرشیفی #ناوەندی_كوردستان، #زانكۆی_سلێمانی #نامەکان #کوردستان #زانایان


قەدەغەكردنی نازناوی كوردی لەكەركوك

بەر لە 20 ساڵ و لە 21 ئابی 1999 وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریدا لە #كەركوك چیتر نازناوی كوردی و توركمانی خێزانەكان تۆمار نەكرێن لە پێناسی باری شارستانی و ئەوانەشی تۆماركراون بسڕدرێنەوە جگە لە نازناوە عەرەبی و مەسیحییەكان. جگە لەوەش بڕیاریدا بە دورخستنەوەی فەرمانبەرانی كورد و توركمان لە فەرمانگەی رەگەزنامەو باری شارستانی كەركوك بۆ سەر میلاكی وەزارەتەكانیتر.


ئەرشیفی دیجیتاڵی #ناوەندی_كوردستان، #زانكۆی_سلێمانی

پەیامێكی سمكۆی شكاك بۆ عوسمانییەكان

ئەی حكومەتی بێ ناموس، ئەی بێ ناموس، سوك و هیچ و پوچ، بێ دین، بێ ئیمان، حكومەتی كوردستان كۆمەڵەی زایۆنی نییە، ئیتحادی نیفاق و تەدەنی(ئیتحاد و تەرەقی) نییە، جولەكە دۆنمەكان نییە، ماسۆنییەت نییە، كوردستان خاكی پاكی قەومی نەجیبی كوردە و ئینشائەڵا لەمەولاش هەر بە هی ئەو قەومە نەجیبە ئەمێنێتەوە.

#گەنجینەی_ناوەند #ناوەندی_کوردستان #زانکۆی_سلێمانی #موکریان #سابڵاخ #کوردستان #ورمێ

شێخ مەحمود لە بەڵگەنامەیەکدا

ئەرشیفی دیجیتاڵی #ناوەندی_كوردستان:

بەڵگەنامەیەكی ئەرشیفی نیشتمانی عێراق دەریدەخات كە دەسەڵاتدارانی بەغدا دەستیان بەسەر ماڵ و موڵكی شێخ مەحمودی حەفیددا گرتووە لە لیوای سلێمانی (1932_ 1933)، بەرامبەر بەمەش مانگانەی 37 دینارو 500 فلس موچەیان بۆ بژێوی خۆی و 9 دیناریان بۆ باباعەلی كوڕی تەرخان كردووە.

بەڵگەنامەكە داوا دەكات ئەم خەرجییە لەبودجەی تشرینی یەكەمی 1932 تا كۆتایی ئازاری 1933 لەبەرچاو بگیرێت، لەگەڵ ڕونكردنەوەی خەرجی و داهاتەكانی ئەم دۆسیەیە لە خشتەیەكدا لەلایەن ئیدارەی لیوای سلێمانییەوە، ئەمەش وەڵامی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی بووە (245) لەوبارەیەوە.

#ناوەندی_كوردستان، #زانكۆی_سلێمانی، #شێخ_مەحمودی_حەفید، #بەغدا، #عێراق، #كوردستان


شەوكەت بەگ عەزمی بەگ بابان

لە بەڵگەنامەیەكیتری ئەرشیفی نیشتمانی عێراقدا كە وێنەی لە#ناوەندی_كوردستان هەیە دەربارەی دۆسیەی بەڕێوەبەرێكی ناحیە لەسنوری سلێمانی (1919_1931) ئەم ڕاستیانە دەردەكەون

ـ ڕەگەزنامە: كورد، ئیسلام، عێراقی

ـ بڕوانامەی بەڕێوەبەری ناحیە: دەرچووی ئامادەیی

ـ مووچەی مانگانە: 200 ڕوپیە "هیندی"

ـ زانینی زمانی: كوردی، توركی

بەڵگەنامەكە دەربارەی دۆسیەی كەسایەتییەكی بنەماڵەی بابانە "شەوكەت بەگ عەزمی بەگ بابان" لەئەرشیفی نیشتمانی عێراق (لەدایكبوی 1896 ز). ناوبراو، لە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا سەرەتای سییەكانی سەدەی ڕابردوو لە چوار شارۆچكە (بازیان، تانجەرۆ، قەرەداغ، سەرچنار) پۆستی بەرێوەبەری ناحیەی دیوە بەمانگانەی 200 _ 225 ڕوپیەو جگە لەزمانی دایك زمانی توركیشی زانیوە.

ئەرشیفی دیجیتاڵی #ناوەندی_كوردستان، #زانكۆی_سلێمانی

#سلێمانی، #بابانەكان، #كوردستان، #بازیان، #قەرەداغ، #تانجەرۆ،#سەرچنار

پۆشاکی ژنانی کورد لە نیگارێکدا

نیگارێکی ڕوخسار و پۆشاکی ژنانی کوردستانی ناوچەی موکریان، مێژووەکەی بۆ سەردەمی قاجاری (۱۷۹۴–۱۹۲۵.ز)دەگەڕێتەوە.

جێی ئاماژەیە تا سییەکانی سەدەی ڕابردوو، زۆرینەی ژنانی ئێران پەچە وعەبایان پۆشیوە، تەنانەت دەوڵەتی ئێران بۆ لابردنی پەجە و دەرخستنی ڕوخساری ژنان، ئەو دوو پۆشاکەی قەدەغەکرد و کاردانەوەی توندوتیژی لەلایەن کۆمەڵگەی ئەوکاتی ئێرانەوە لێکەوتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ناوچە کوردستانییەکان نەک پێویستی بە فەرمانی حکومەت و پۆلیس نەبوو بۆ دەرخستنی روخساری ژنان، بگرە زۆرینەیان بێ پەچە بوون و ڕوخسارییان دەرکەوتبوو. ئەم وێنەیەش نمونەیەکی ئەو ڕاستییە ئاشکرادەکات.

#وێنەکان #گەنجینەی_ناوەند #ناوەندی_کوردستان #زانکۆی_سلێمانی#مەهاباد #موکریان #سابڵاخ #کوردستان #کشف_حجاب #ایران#ئێران #hardimahdi

نامەیەکی ٦٢ساڵ لەمەوبەری هەورامان

نامەیەکی باوکانی خوێندکارانی شارەدێی گوڵپ لە ناوچەی هەورامان، کە تیایدا داوا لە بەڕیوەبەری قوتابخانەکە (م.ئەحمەد حسێن1928_2018.ز) کراوە مناڵەکانیان دەرنەچێنرێن بۆ پۆلێکیتر {بە پێی بڕیاری عبور} لە کاتێکدا لە وانەیەکدا بە پێی تاقیکردنەوە دەرنەچوون و "زانیاریی تەواویان وەرنەگرتووە". مێژووی نامەکە بۆ 26/11/1958 دەگەڕێتەوە و نزیکەی چوار مانگ دوای کودەتای #١٤ی_تەموز ی#عبدالکریم_قاسم و هاوڕێکانی بووە و عێراق لە سەروبەندی ئاژاوە و ناڕێکوکپێکی کارگێڕیدا بووە، بەڵام ئەم باوکانە بە نامەیەک ئەم ناڕەزایەتییە و ئەم پابەندییە زانستییە و بەرپرسیارێتییە دەخەنە ئەستۆی خۆیان و کاربەدەستانی پەروەردە و بە پێی خشتەیەک ناوی یانزە قوتابی و یانزە سەرپەرشتیاری قوتابییەکە هاتووە کەپەنجەمۆر و ئیمزایان لەسەرکردووە، بە خەتێکی ڕوقعەی ناپابەندەوە نوسراوەتەوە.

سوپاس بۆ بەڕێز م.ئیبراهیم میکە عەلی نوسەر و توێژەر، کە کۆپییەکی نامەکەی بۆ ئەرشیفی ناوەندی کوردستان نارد، هیوادارین بتوانین ئۆرجیناڵ یان کۆپییەکەی جوانتر و بە کوالیتییەکی بەرزترەوە بکەوێتە دەستمان، داواکاریشین هەرکەس زانیاری لەسەر ئەم نامە گرنگە هەیە، بە سوپاسەوە ئاگادارمان بکاتەوە.

گوڵپ کەوتووەتە ناحیەی خورماڵی پارێزگای ھەڵەبجەی هەرێمی کوردستانی عێراق. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی سەرگەت و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی نارنجڵە و لەباکوردی ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی باخەکۆن لەڕۆژاواوە لەگەڵ گوندی دێکۆن هاوسنورە.

#گوڵپ #هەورامان #کوردستان #پەروەردە #قوتابخانە #خوێندکاران#عبور #ناوەندی_کوردستان #زانکۆی_سلێمانی #ئەرشیف#بەڵگەنامەکان #نامەکان #hardimahdi


ساڵی ١٩٢٤ دوو هاوڵاتی کورد لە کەرکوک بە تۆمەتی پەیوەندی بە "کوردەکانی سلێمانی" و حکومەتی مەلیک مەحمود-ەوە دەسگیردەکرێن

لە ژمارەی رۆژی ١٣/نیسان/1924یدا، لەبارەی کەرکوکەوە رۆژنامەی ئیستیقلال کە لە شاری بەغدا دەردەچوو، باس لە دەسگیرکردنی دوو کەس بە ناوەکانی عەبدوڵا عەلی بەگ و فەخری محەمەدعەلی بەگ دەکات، کە بەهۆی پەیوەندی و ناردنی هەواڵ بۆ شێخ مەحمود مەلیکی کوردستان لە سلێمانی و پێدانی هەواڵ بە "کوردەکانی سلێمانی" (ئەو دەمە سلێمانی بەشێک نەبوو لە عێراق ولە چوارچێوەی ویلایەتی موسڵی یەکلانەبۆوەدا بوو).

هەر لەم ژمارەیەدا چەندین بروسکە و هەواڵی لەبارەی ڕێککەوتنی نالەباری لۆزانەوە تێدایە، کە زۆرێک لە مافەکانی کورد بە هۆی ئەو ڕێککەوتنەوە پێشێل کرا.

هەواڵەکانی کەرکوک و لۆزان و کوردستان لە لاپەڕەی رۆژنامەی "الاستقلال"دا گرنگییەکی زۆریان پێدراوە، کە زانیاری و ڕوداوی بایەخداری گرنگی تێدایە بۆ توێژەری بوارەکانی زانستی مرۆیی و بەتایبەت مێژوو و کۆمەڵناسی.

ئێستا زۆرینەی ئەرشیفی رۆژنامەوانی سەردەمی پادشایەتی عێراق لە ناوەندی کوردستان بە شێوەی دیجیتاڵ پارێزراون.

#کوردستان #کەرکوک #سلێمانی #ناوەندی_کوردستان#زانکۆی_سلیمانی #لۆزان #ڕۆژنامەکان #کورد_لە_دیدی_ئەوانیترەوە

H.M.M


تەلەگرافێکی ئەرشیفی وەزارەتی ناوخۆی عوسمانی

تەلەگرافێکی ئەرشیفی وەزارەتی ناوخۆی عوسمانی کە لە 1/4/1919 ئاراستەی وەزارەتی ناوبراو کراوە، تێیدا هەواڵی راگەیاندنی حکومەتی سەربەخۆی کوردستانی لە لایەن شێخ مەحمود-ەوە بە عوسمانییەکان گەیاندووە.

#ناوەندی_کوردستان #زانکۆی_سلێمانی #بەڵگەنامەکان #شێخ_مەحمود#سلێمانی #کوردستان #عوسمانی #تورکیا

سۆفیانی ژن لە کوردستان

ژنانی سۆفی "ژنانی تەوبەكار" لە مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان، سەردەمی قاجاری (نیوەی دوووەمی سەدەی 19)

ئەرشیفی #ناوەندی_كوردستان، #زانكۆی_سلێمانی

نیگاری شێخ عوبەیدوڵای نەهری

نیگاری شێخ عوبەیدوڵای نەهری(شەمدینانی) لە دەستنووسەکەی (سید میرزا حسن خان- منشی اسرار دولتی)، کە تێیدا راپۆرتێکیشی لەبارەی شۆڕشەکەی نەهرییەوە نووسیوە.

#ناوەندى_کوردستان #زانکۆى_سلێمانى #دەستنووسەکان #وێنەکان#شێخ_عوبەیدوڵای_نەهری #نەهری #رۆژهەڵات

تەلەگرافێکی ئەرشیفی وەزارەتی ناوخۆی عوسمانی

تەلەگرافێکی ئەرشیفی وەزارەتی ناوخۆی عوسمانی کە لە 1/4/1919 ئاراستەی وەزارەتی ناوبراو کراوە، تێیدا هەواڵی راگەیاندنی حکومەتی سەربەخۆی کوردستانی لە لایەن شێخ مەحمود-ەوە بە عوسمانییەکان گەیاندووە.

#ناوەندی_کوردستان #زانکۆی_سلێمانی #بەڵگەنامەکان #شێخ_مەحمود#سلێمانی #کوردستان #عوسمانی #تورکیا