راپۆرتێکی ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لەبارەی مێژووی شاری سلێمانی

https://www.facebook.com/KurdistanCDR/videos/210453769734019/

بانگەواز

هاونیشتیمانیانی ئازیز

لە پێناو كۆكردنەوە و پاراستن و ئەرشیفی بەڵگەنامەیی و دەستنووس و مێژووی زارەكی و كەلەپوری نیشتیمانیمان، بە مەبەستی رێگریكردن لە فەوتانیان و سوودوەرگرتنی توێژەرانی ناوخۆیی و دەرەوە لەو ئەرشیفە و دیجیتاڵكردنیان، ناوەندی كوردستان وەك ناوەندێكی زانستیی حكومیی نیشتیمانیی بە دەستێكی ئەمین و دڵسۆز بزانن. ناوەندی كوردستان، وێنە، بەڵگەنامە، دەستنووس و فایلە دەنگی و رەنگییەكانتان لەناو پێشكەوتووترین سۆفتوێری تایبەتمەنددا (بە پاراستنی مافی خاوەندارێتیتانەوە) دیجیتاڵ دەكات و دەیخاتە بەر دەستی توێژەران.

ناساندن

- ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی: ناوەندێکی بەڵگەنامەیی-دیکۆمێنتکردن و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی سەر بە «زانکۆی سلێمانی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا»یە، بەمەبەستی کارکردن لە سەر پێنج ئاستی ئەرشیفی مێژوویی دامەزراوە: ١.دیکۆمێنتکردن-التوثیق ٢.کۆکردنەوەی مێژووی زارەک ٣.دەستنوسەکانی کوردستان ٤.بنیاتانی کتێبخانەیەکی دیجیتاڵی ٤.ساغکردنەوە و توێژینەوە لە ئەرشیفی بەردەستی ناوەند.

- هۆبەی دەستنووس و بەڵگەنامەکان

- لە ئیستادا ناوەندی کوردستان خاوەنی ٦ هەزار بەڵگەنامە بە زمانی فارسی و ١٠ هەزار بەڵگەنامە بە زمانی تورکی-عوسمانییە و لەم رێژەیە ٣هەزاریان کاری پۆڵێنکردن و ناساندنیان بۆکراوە و تۆمارکردنی بەڵگەنامەکانیتر بەردەوامە.

- بەڵگەنامە فارسییەکانی تایبەت بە کورد کە شوێنی پاراستنیان ئەرشیفەکانی ناوەندی نیشتمانی، وەزارەتی دەرەوە و کتێبخانەی پەرلەمانی ئێرانە، زۆرینەیان بۆ سەردەمی دەوڵەتەکانی پەهلەوی یەکەم و دووەم(١٩٢١-١٩٧٩)ز دەگەرێنەوە. ناوەڕۆکی بابەتەکان بارودۆخی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی ناوچە کوردییەکان لەخۆ دەگرێت.

- بەڵگەنامە تورکییەکان، شوێنی پاراستنیان ئەرشیفی سەرۆک وەزیرانی عوسمانی لە تورکیایە و بەلگەنامەکانی سەدەی ١٦ بۆ سەدەی ٢٠ز لەخۆ دەگرێت. لایەنی سیاسی، بەرێوەبردن و ئاین ناوەرۆکی بەڵگەنامەکان پێکدەهێنن.

- بۆ ئاسانکردنی کاری توێژەران لە کاتی سێرچکردندا و هەروەها دواتر ئاماژەدان بە بەڵگەنامەکانی ناوەند لە کاتی بەکارهێنانیان وەک سەرچاوە، هەر بەڵگەنامەیەک کۆد و ژمارە تایبەت بەخۆی پێدراوە. بۆ نمونە بەڵگەنامە فارسییەکان کۆدی D.F. و بەڵگەنامە تورکییەکان کۆدی D.T. پێدراوە.

- سەبارەت بە سۆفتوێری ناوەند و گەڕان بۆ بەڵگەنامە و دەستنووس

- سۆفتوێری ئەرشیفیی و گەڕانی(browser) ناوەندی کوردستان کە تایبەت بەم ناوەندە وکارەکانی دروستکراوە، بریتییە لە ئامێرێکی پۆڵێنکردن، ڕێکخستن و ناساندنی بەڵگەنامەکان و دەستنووس ،هەروەها تۆمارکردنی کتێب، ماستەرنامە، تێزی دکتۆرا و گۆڤار و ڕۆژنامەکان کە تایبەتمەندی سێرچکردنی پێدراوە.

- ئامێرەکە لە بەشی تۆمارکردنی داتاکاندا لەم چەند بەشە پێکهاتووە: ١. بەڵگەنامەکان ٢. دەستنووسەکان ٣. وێنەکان ٤. مێژووی زارەکی ٥. کتێب ٦. ڕۆژنامەکان ٧. گۆڤارەکان ٨. توێژینەوەکان ٩. تێزی دکتۆرا و ماستەرنامەکان

- لە بەشی بەڵگەنامەکان ئەو خزمەتگوزارییە پێشکەش بە توێژەران دەکرێت کە بتوانن سێرچ بۆ بەڵگەنامەکان لە رێگەی کلیلەوشە، ناونیشان و ناوەرۆکی بابەتەکە بکەن. هەروەها بۆ ئاسانترکردنی کاری توێژەران، سۆفتوێرەکە تایبەتمەندی سێرچی بەپێی ساڵی تۆمارکردنی بەڵگەنامەکان و هەروەها زمانی نوسینی بەڵگەنامەکان پێدراوە.

- هەریەک لە بەشەکانی تایبەت بە تۆمارکردنی داتاکان، خاوەنی کۆدی تایبەت بە خۆیەتی کە کاری سێرچ کردن ئاسان دەکات. بۆ نمونە: بەڵگەنامەی عەرەبی: D.A. ، دەستنووسی کوردی: M.K. ، وێنەی تایبەت بە کوردستان: I.K.، مێژووی زارەکی: OH.K.

گۆشەیەکی مێژووی ئاڵای کوردستان

لە مێژووی هاوچەرخی کورددا چەند ئاڵایەک وەک نیشانە و ئاڵای جوڵانەوەی سیاسی کوردستان نمایشکراوە. لانیکەم دیارترینیان ئاڵاکەی شێخ مەحمود، ئاڵاکەی شۆڕشی ئارارات و خۆییبوون، ئاڵای کۆماری مەهاباد و ئاڵای هەرێمی کوردستانه‌.

ئاڵای ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان کە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەنگی لەسەردراوە، نزیکترین و بگرە تەنها لە تیشکی خۆرەکەدا نەبێت، هەمان ئاڵای کۆمەڵەی خۆییبوون و شۆڕشی ئاراراتە (١٩٢٧-١٩٣١). کۆمەڵەی خۆییبوون لە ئەنجامی یه‌كگرتنی چوار رێکخراوی سیاسی کوردستانی پێکهات کە بریتیبوون لە: کۆمەڵەی تەعالی کوردستان، تەشکیلاتی کوردستان، میللیەتی کورد و کۆمیتەی ئیستیقلال، کە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەیاندا و رێکخراوێکتریان بە ناوی کۆمەڵەی خۆیبوون سازدا، پاشان لە هەناوی ئەم کۆمەڵەیەشدا شۆڕشی ئارارات [دژی حکومەتی تورکیا و ئەتاتورک] هەڵگیرسا. (کندال و دیگران، کردها، ١٣٧٩: ص١١١)، (کۆچرا، جنبش ملی کرد، ١٣٧٧: ص١١٥).

هەندێ لەو باوەڕەدان لەناو ئەم گروپانەی خۆیبوون _ یشدا ئاڵاکە تایبەت بووە بە باڵی کۆمەڵەی تەعالی کوردستان و لە ساڵی ١٩٢٠ دا کێشراوە و پاشتر بووەتە ئاڵای خۆییبوون.

حکومەتی دووەمی شێخ مەحمود [مەلیکی کوردستان] ئۆکتۆبەری ساڵی 1922 ئاڵای کوردستانی لە شاری سلێمانی هەڵکرد و "حکومەتی خوارووی کوردستان"ی راگەیاند. ئەو ئاڵایەی کە لەلایەن حکومەتی خوارووی کوردستان بە رێبەرایەتی شێخ مەحموود هەڵكرا پێکهاتبوو لە زەمینەیەکی سەوز و مانگێکی سپی لەسەر رەنگی سوور لە ئاڵاکەدا دەبینرا.

کۆماری کوردستانیش لە مەهاباد ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی هەبوو کە لە رۆژی ٢٦ی سەرماوەزی١٣٢٤(١٧/کانونی یەکەم/١٩٤٦ز) لە شارەوانی شاری مەهابادی پێتەختی کۆماری کوردستاندا له‌ جێگه‌ی ئاڵای ئێران هەڵکرا (نەوشیروان مستەفا، کۆماری کوردستان، ٢٠٠٦: ل٩٦)، ئاڵاکەی کۆماریش سێرەنگە و قەڵەمێک و خۆرێک و گولەگەنمێک بە دەوریدا لە ناوەڕاستی ئاڵاکەدا دەبینرێن.

هەژار موکریانی(١٩٢١-١٩٩١) لەبارەی ئاڵاکەی کۆماری کوردستان (مەهاباد) ئەم شیعرەی نوسیوە:

پارچەکەی سێ رەنگی خۆی دەنوێنێ؛ رەنگی سوور دەڵێ

تا تنۆکێ خوێنی کورد مابێ قەدی من نانەوێ

یان دەڵێ لێم سوورە دێموکراسی لە عالەم سەرکەوێ

موستەبید و مورتەجیع کەوتوونە گێژی گێژەوێ

سپیەکەی موژدەی بەیانی بەختی کوردی کرد بەیان

رۆژی بەختی کوردە پەیدا بوو نەما پەردەی شەوێ

دوو گوڵی گەنمی دەڵێ ئاگات لە رزقی خۆت ببێ

خۆت کە برسی بۆچی دوژمن پێی بژی لێرە و لەوێ

پێت دەڵێ نووکی قەڵەم گەر ژینی خۆشت پێدەوێ

غەیری من دەس ناکەوێ بۆ رێی تەرەقی پێشرەوێ

رەنگی سەوزی یانی دایکی نیشتمان لەورۆکەوە

جوان و سەر سەوزە وەگیری کەوتووە عومری نەوێ

(هەژار موکریانی، ئاڵەکۆک، ئاڵای کوردستان)

بەڵام ئاڵاکەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، هەرسێ رەنگی سوور لەسەرەوە و رەنگی سەوز لە خوارەوە و رەنگی سپی لە ناوەڕاستدا لە خۆگرتووە و لەسەر زەمینە سپیەکەش خۆرێکی زەرد دەدرەوشێتەوە کە نزیکە لەو ئاڵایەی لە یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی رێکخراوی (خۆیبوون) لە ساڵی ١٩٢٧ وەک ئاڵای کوردستان بڕیاری لەسەردراوە.

لە دوای پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان(١٩٩٢)، ئاڵاکە لە لایەن ھەندێک لە رێکخراو و دەزگاکانەوە هەڵدەکرا و بەکاردەهێنرا، بەڵام لە ١١\١١\١٩٩٩ یاسای ژمارە ١٤ و بڕیاری ژمارە ٢٨، بەدواوە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بەرەسمی وەک ئاڵای کوردستان بڕیاری لەسەر درا، کە تیشکی خۆرەکەی ٢١ تیشکە و لە چوار رەنگی سوور، سپی، زەرد، سەوز پێکھاتووە، لە ساڵی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی ١٩-٦-٢٠٠٤ بە بڕیاری ژمارە (٤٨) رۆژی ١٧ ی کانونی یەکەمی هەمو ساڵێکی کردە رۆژی ئاڵای کوردستان لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان. هۆکاری دیاریکردنی ئەم رۆژەش ئەوەیە کە ھاوکاتە لەگەڵ رۆژی داگرتنی ئاڵای کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ز، لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتەی ئێرانەوە(پەهلەوی).

هەر لێرەوەوە بە ناوی ناوەندی کوردستان بۆ دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لە زانکۆی سلێمانی، رۆژی ئالای کوردستان لە هەموو هاونیشتمانییانی کوردستان پیرۆزبێت و بە ئومێدی بونیادنانی نیشتمانێک بۆ هەمووان و هی هەمووان.

#KCDR #ناوەندى_کوردستان #زانکۆى_سلێمانى

#ئاڵای_کوردستان #کوردستان

https://www.facebook.com/KurdistanCDR/posts/2200493933315399?__tn__=K-R