پوختە
ئەم توێژینەوەیە لەبواری جیۆمۆرفۆلۆجیای پراكتیكی و پەیوەندی بە گەشتوگوزارەوە كراوە لە دیاردەی كارستی گۆمەبەحری گەشتوگوزاری لەناوچەی گەرمیان، تیایدا سیستەمی زانیاری جوگرافی (GIS) بەكارهێنراوە بۆ شیكردنەوەی تایبەتمەندییە مۆرفۆمترییەكانی ئاوزێڵی دیاردەكە. دیاردەی گۆمەبەحری دەكەوێتە ناحیەی مەیدانی سەربە قەزای خانەقینی ئیدارەی گەرمیان لەباشوری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، واتا دەكەوێتە ناوچەی شەپۆلاوی كەم و مامناوەند لەناوچەی نیمچە شاخاوی، لەڕووی ئەسترۆنۆمییەوە دیاردەی گۆمەبەحری دەكەوێتە سەر خاڵی یەكتربڕی بازنەی پانی (32= 49- 34°)ی باكور و هێڵی درێژی (49= 37- 45°)ی ڕۆژهەڵات، بەڵام ئاوزێڵەكەی دەكەوێتە نێوان دووبازنەی پانی (20= 43- 34° - 09= 50- 34°) ی باكور، و نێوان دوو هێڵی درێژی (25= 36- 45° - 05= 42- 45°)ی ڕۆژهەڵات بەڕووبەری (55,09 كم2)، بەشی سەرەوەی ئاوزێڵەكە دەكەوێتە سەر سنوری نێودەوڵەتی (عێراق – ئێران). لەژێر ڕۆشنایی ئامانجەكەی توێژینەوەكە بۆ سێ تەوەری سەرەكی دابەشكراوە، ئەوانیش (فاكتەرە كاریگەرەكان لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی دیاردەی گۆمەبەحری، و شیكردنەوەی جیۆمۆرفۆمتری ئاوزێڵی دیاردەكە، و تایبەتمەندییە گەشتوگوزارییەكانی)، توێژینەوەكە گەیشتە ئەو ئەنجامەكەی كە دیاردەی گۆمەبەحری دیاردەیەكی كارستییە و بەكاریگەری فاكتەرە دەرەكییەكان واتا پرۆسە مۆرفۆ ئاووهەوا كردەكان دروستبووە، ئەمە سەرەڕای كرداری هەرەسهێنان لە ماوەی پەرەسەندنیدا. سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بۆ چاخی پلایستۆسینی ماوەی چوارەم دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی دیاردەكە بەدرێژایی ساڵ ئاوی لێنابڕێت و دیمەنێكی جوان و سەرەنجڕاكێشی هەیە، بۆیە لەزۆربەی مانگەكانی ساڵدا ژمارەیەكی زۆر سەیرانكەر كە بەزۆری دانیشتوانی ناوچەی گەرمیانن بەمەبەستی سەیرانكردن و كات بەسەربردن و مەلەكردن سەردانی دەكەن، هەرچەندە ناوچەیەكی دورە پەرێزە و خزمەتگوزاری ئەتۆی بۆ نەكراوە.