پوختە
ئەم توێژینەوەیە لە بواری هایدرۆ مۆرفۆمتریدا كراوە بە بەكارهێنانی سیستەمی زانیاری جوگرافی (GIS)، تیایدا تایبەتمەندییە هایدرۆ مۆرفۆمترییەكان و پەیوەندییان بە دروستبوونی دریاردەی لافاوەوە خراوەتەڕوو لە ئاوزێڵی بەنداوی دێوانەدا، كە دەكەوێتە كۆتایی ناوچەی شاخاوی لەباشوری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان لەنێوان هەردوو زنجیرەی چیای سارا و زنجیرەی چیای قەرەداغ، كە ناوچەیەكی هاوبەشە لەنێوان هەردوو قەزای دەربەندیخان و قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی، لەڕووی ئەسترۆنۆمییەوە ئاوزێڵەكە دەكەوێتە نێوان دووبازنەی پانی (10= 05- 35° - 55= 24- 35°)ی باكور، و نێوان دوو هێڵی درێژی (30= 15- 45° - 30= 41- 45°)ی ڕۆژهەڵات، ڕووبەرەكەی دەكاتە (601,02 كم2)، لەپلەی شەشەمدا كە كۆتا پلەیە بەنداوی دێوانەی لەسەر بونیادنراوە. ئامانج لە توێژینەوەكە خستنەڕووی هۆكارەكانی مەترسی ڕوودانی دیاردەی لافاوە لەسەر بەنداوی بونیادنراوی دێوانە كە كاركردن تێیدا بەردەوامە، بەمەبەستی بونیادنانێكی بەهێزتر و ئامادەكارییەكی زیاتر بۆ كەمترین ئەگەری مەترسی ڕوودانی دیاردەی لافاو لەسەر بەنداوەكە، لەبەر ڕۆشنایی ئامانجەكەی توێژینەوەكە بۆ سێ تەوەری سەرەكی دابەشكراوە ئەوانیش (تایبەتمەندییە سروشتییەكانی ئاوزێڵی بەنداوی دێوانە، و تایبەتمەندییە مۆرفۆمترییەكانی و پەیوەندییان بە دروستبوونی دیاردەی لافاوەوە، و تایبەتمەندی هایدرۆلۆجی ئاوزێڵەكە)، لێكۆڵینەوەكە گەیشتە ئەو ئەنجامەی كۆمەڵێك نزمە پاڵەپەستۆ كە گرنگترینیان نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاستە هەڵدەكەنە سەری، و هەندێكجار لەماوەیەكی كورتدا بڕێكی زۆر باران دەبارێت، لەلایەكی ترەوە لەڕووی تایبەتمەندییە مۆرفۆمترییەكانەوە ئاوزێڵی بەنداوی دێوانە مەترسی ڕوودانی دیاردەی لافاوی لێدەكرێت، كەواتە بەگشتی پەیوەندییەكی ڕاستەوانە هەیە لەنێوان تایبەتمەندی ئاووهەوایی بەتایبەت ماوە و بڕی بارانبارین، لەگەڵ تایبەتمەندی هایدرۆ مۆرفۆمتری ئاوزێڵی بەنداوی دێوانەدا لە كۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی دیاردەی لافاودا.