ڕۆژی سێ شەممە بەروار 6-11-2022 لەهۆڵی 14 ی بەشی جوگرافیا سمینار لەلایەن ( م ی هیمن نصرالدین ) ئەنجامدرا بەناونیشانی (شیكردنەوەی پەیوەندی نێوان دیاردەی وشكی ئاووهەوایی و گۆڕانی ڕووپۆشی ڕووەكی لەقەزای دەربەندیخان لەنێوان ساڵانی (2008 – 2021) بەجێبەجێكردنی میتۆدی (OBIA) )
پوختە
دیاردەی وشكی ئاووهەوایی وەك یەكێك لە دەرئەنجامەكانی گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆڕانی ئاووهەوا، بەیەكێك لە گاریگەرترین فاكتەرە نازیندوەكان دادەنرێت كە كاریگەری سلبی گەورەی لەسەر ژینگەی سروشتی بەگشتی و بەرگی زیندەگی (ڕووپۆشی ڕووەكی) بە تایبەتی هەیە. وشكی دیاردەیەكی ئاووهەوای جیهانییە لە ژینگەی جۆراوجۆر بوونی هەیە بە بێ ئەوەی سنورە كارگێڕی و سیاسییەكان بناسێت، روودەدات بە هۆی گۆڕانی داینامیكی پلەی گەرمی، بەهێزی تیشكی خۆر، هەروەها دابەزینی تێكڕاكانی دابارین. وڵاتان و دامەزراوە زانستی وئەكادیمییەكان پەنا دەبەنە بەر ڕێگەی جۆراوجۆر بۆ چاودێریكردنی ژینگەی سروشتی و دەرخستنی دەرئەنجامەكانی وشكی و كەمكرنەوەی كاریگەریەكانی، كە یەكێك لە ڕێگا و كاریگەر و زانستییەكان بریتییە لە پشت بەستن بە زانستی هەستكردن لە دورەوە (Remote Sensing).