ڕۆژی سێ شەممە بەروار 23-10-2022 لەهۆڵی 14 ی بەشی جوگرافیا سمینار لەلایەن ( م ی هیمن نصرالدین ) ئەنجامدرا بەناونیشانی (شیكردنەوەی تایبەتمەندییە هایدرۆمۆرفۆمترییەكانی ئاوزێڵی دۆڵی ئاوەسپی و كاریگەری لەسەر دروستبوونی دیاردەی لافاو بە بەكارهێنانی سیستەمی زانیارییە جوگرافییەكان (GIS) )
پوختە
ئەم توێژینەوەیە لەبواری هایدرۆمۆرفۆمتری ئاوزێڵی دۆڵی ئاوەسپیدا كراوە، و تێیدا پشت بە فایلی مۆدێڵی بەرزی و نزمی (DEM-12.5m)ی ناوچەی لێكۆڵینەوە بەستراوە، و بەپرۆگرامی سیستەمی زانیارییە جوگرافییەكان (GIS) شیكردنەوەی بۆ كراوە. ئاوزێڵی دۆڵی ئاوەسپی دەكەوێتە ناوچەی نیمچە شاخاوی هەرێمی كوردستان لەباكوری ڕۆژهەڵاتی عێراق، یەكێكە لەلقە سەرەكییە ئاوپێدەرەكانی دەریاچەی عوزێم، كە لەباكوری ڕۆژهەڵاتیەوە زنجیرە چیای قەرەداغ دەبێتە هێڵی جیاكەرەوەی ئاویی لەگەڵ ئاوزێڵی دێوانە و لەڕۆژهەڵاتەوە بەشێك لەئاوزێڵی ڕووباری سیروان و لەڕۆژئاواشەوە ئاوزێڵی باسەڕە لەگەڵیدا هاوسنورن، ڕووبەرەكەی دەكاتە (1993,94)كم2، و لەپلەی شەشەمدا دەڕژێتە دەریاچەی عوزێمەوە. لەڕووی ئەسترۆنۆمییەوە دەكەوێتە نێوان دووبازنەی پانی (10 40 34° - 15 18 35°)ی باكور، نێوان دووهێڵی درێژی (45 23 44° - 10 29 45°)ی ڕۆژهەڵات، ئامانج لەم توێژینەوەیە خستنەڕووی تایبەتمەندییە مۆرفۆمترییەكان و ئاماژە هایدرۆلۆجییەكانیە لەئاوزێڵی دۆڵی ئاوەسپی، بەمەبەستی پێشبینیكردنی مەترسی ڕوودانی دیاردەی لافاو و خەمڵاندانی داهاتی ئاویی ساڵانە تێیدا. توێژینەوەكە گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە لەسەر بنەمای تایبەتمەندییە مۆرفۆمتری و هایدرۆلۆجییەكان مەترسی ڕوودانی دیاردەی لافاوی لەناكاوی نییە، هەروەها داهاتی ئاویی ساڵانەی بەرزە و دەكرێت لەدروستكردنی بەنداودا سودی لێوەر بگیرێت.