workshop

گەشەپێدان (Development)  مانی ئەوەیە کە کۆمەڵگا لەبارێکەوە یاخود لەقۆناغێکەوە ببرێتە بارو قۆناغێکی دیکە. واتە پرۆسەیەکی بەردەوامە بەرەو پێشکەوتن. گەشەپێدان بەگشتی کۆی هەموو لایەنە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و شارستانیی و پەروەردەیی و تەندروستیی و کارگێڕیی و ژینگەیی دەگرێتەوە.

گەشەپێدان (التنمیة) لەزمانی عەربیدا لە کرداری (نما) وە هاتووە واتە زیادکردن یان گەشەکردن بەرەو لایەنی باشەو چاکسازی. لەهەمان کاتیشدا پێچەوانەی دواکەوتنە (التخلف Underdevelopment). گەشەپێدان رەگەزی سەرەکی سەقامگیریی و پێشکەوتنی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە. پرۆسەیەکی بەردەوامە بەشێوەیەکی گشتی کۆی لایەن و کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە.

پێناسەی گەشەپێدان: لەلایەن نوسەران وتوێژەرانی بواری گەپێدانەوە پێناسەی زۆر بۆ گەشەپێدان کراوە. هەر یەکە لەروانگەی خۆیەوە و بەکاریگەربوون بەپاشخانی فکریی و سیاسییو شارستانیی و جوگرافیی لە پرۆسەی گەشەپێدانیان روانییوە. لەهەمان کاتدا زانایانی پسپۆرییە جیاوازەکان هەریەکەیان لەروانگەی رەهەندە جیاوازەکانی پسپۆری خۆیانەوە پێناسەیان بۆ گەشەپێدان کردووە. بەڵام وێرای هەموو ئەمانە ئەتوانین پێناسەی گەشەپێدان بکەین بەم شیوەیەی لای خوارەوە:

گەشەپێدان بریتییە لە: پرۆسەیەکی بەردەوام و دینامیکی لەزنجیرەیەک گۆرانکاری هەیکەلیی و فەرمانی لەکۆمەڵگادا پێکدێت. کاتیکیش روودەدات کە ئەو دەرامەتانەی لە کۆمەڵگادا هەن بەشێوەیەکی باش لەلایەن دەسەڵات و بڕیار بەدەستانی دەوڵەتەوە بخرێنە کارەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی زۆرینەی هاوڵاتیان و توانادارکردنیان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا. کەواتە گەشەپێدان واتە پرۆسەیەکە ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی کۆمەڵگا بەشداری تیادا دەکەن بەئامانجی گواستنەوەی کۆمەڵگاکەیان لەبارێکی دواکەوتوو و نیگەتیڤەوە بۆ بارێکی ئیجابیی و پۆزەتیڤ.