ئابـووری لە ئیسلامــدا
أ_چالاكییە ئابوورییەكان لە ئیسلامدا
1_كشـتوكاڵ: ئاینی ئیسلام گرنگیەكی زۆری بە بەرهەمی كشتوكاڵداوە، هەر بۆیەش لە قورئاندا لە هەندێك لە ئایەتەكەندا باس لە كشتوكاڵ كراوە و وەك ناز و نیعەتێكی خودای باسیكردووە، كە خودا بە ئادەمیزادی بەخشیوە.
2_بــازرگــانی:لەگەڵ هاتنی ئاینی ئیسلام و پاشان فراوانخوازی هەڵگرانی ئاینەكە، بازرگانی زیاتر گرنكی پێدراوە، ئەمەش بە هۆی فراوانبوونی سنوورەكانی جیهانی ئیسلامی، لە ڕۆژهەڵاتەوە گەیشتۆتە ناوچەكانی هندستان، لە باكوور و ڕۆژئاواوە گەیشتۆتە ناوچەكانی ئاسیای بچووك و ئەرمەنستان و ئازەربایجان و دەریای ناوەڕاست، لە باشووریشەوە گەیشتۆتە میسر و وڵاتانی ئەفریقیا.
بەمەش چەندین ڕێگای بازرگانی لە ناوچەكان دەركەوتن چ وشكانی و چ ئاوی. لەو ڕێگا بازرگانیانەی، كەلە جیهانی ئیسلامیدا بەناوبانگ بووە، ڕێگای وشكانی نێوان بەغدا _خۆراسان _بوخارابووە. لە ڕێگا ئاوییە بەناوبانگەكانیش ڕێگای ئاوی دەریای ناوەڕاستبووە.
3_دەستكەوتی جەنگی(غەنیمە):ئەو دەستكەوتەیە كەلە ئەنجامی سەركەوتنی جەنگاوەرانی موسڵمانان بەسەر دوژمنەكانیان لە شەڕدا بەدەستی دەهێنن.
ب- ڕێكخستنە داراییەكان و سەرچاوەكانی داهات لە ئیسلامدا
دوای كۆچكردنی موسڵمانان بۆ مەدینە كۆمەڵێك ئایەت هاتۆتە خوارەوە لەسەر دەستكەوت و چۆنیەتی بازرگانی كردن و گرنگیدان بە كاری كشتووكاڵی، ئیدی هەڵگرانی ئاینەكە بوونە خاوەنی ئابووری تایبەت بە خۆیان، لەسەر ئەو بنەمایەیی قورئان و پاشان لەسەر ڕێنماییەكانی پێغەمبەری ئاینەكە (د.خ)، موسڵمانان ئابووری خۆیان بەدەست هێناوە. هەر لە ڕێگەی ئەو ئایەت و فەرموودانەشەوە كاربەدەستان و فەرمانڕەوایانی موسڵمانانیش داهاتیان بۆ دەوڵەتەكەیان كۆكردۆتەوە. دواجاریش هەندێك لەكاربەدەستانی موسڵمانانیش بە بێگوێدانە ئەو ئایەت و فەرموودانە هەندێك باجیان كۆكردۆتەوە، كە نە لە قورئان و نە لەسوونەتدا نەهاتووە، بۆیە ئەو باجانە بە باجە ناشەرعیەكان ناسراوە. لە خوارەوەباس لەو باجانە دەكەین، كە بە پێی قورئان و سوونەت وەرگیراون، بونەتە سەرچاوەی داهاتی موسڵمانان، پاشان بە كورتیش باس لەو باجە ناشەرعیانە دەكەین:
1_دەستكەوتی جەنگی(غەنیمە):ئەو دەستكەوتەیە كەلە ئەنجامی سەركەوتنی جەنگاوەرانی موسڵمانان بەسەر دوژمنەكانیان لە شەڕدا بەدەستی دەهێنن.
2_جزیە: بریتیە لە باجێكی ساڵانە، كاربەدەستانی موسڵمانان لەسەر خەڵكانی ناموسڵمانی ئەهلی زیمە (جوولەكە و مەسیحی) وەك سەرانە وەریدەگرن، داهاتەكەی دەڕواتە خەزێنەی دەوڵەتی ئیسلامی. لەبەرامبەر ئەم باجەدا پێویستە لەسەر كاربەدەستانی موسڵمانان سەروماڵیان بپارێزن، بۆیەش پێیان دەوترێت ئەهلی زیمە، واتا پاراستنی خۆیان و سامانیان لە ئەستۆی موسڵمانانە.
3_خراج: باجێكی ساڵانەیە لەسەر زەوی كشتوكاڵی وەردەگیرێت، لەسەر ئەو زەویانەی بەڕێی شەڕ دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام بە پێی ڕێككەوتنێك بە دەستی ئەوكەسانەوە ماوە، كە موسڵمان نین.
4_ دەیەك: ئەو داهاتەیە لەسەر ئەو زەویە كشتوكاڵیانە وەردەگیرێت، كە بە دەستی كەسێكی موسڵمانە
5_زەكات: بەخشینی بڕێك پارەیە لە كەسێكی موسڵمانی خاوەن سامان وەردەگیرێت، بە مەرجێك بڕی ئەو سامانەی هەیە ساڵێك بەسەریدا تێپەڕی بێت.
6_سەرفترە: بریتیە لە بەخشینی بڕێك لە خۆراكی وەك برنج و گەنم یان نرخەكەی، بڕەكەی لە نێوان 2 بۆ 3 كیلۆ دەبێت، ساڵانە لە كۆتاییەكانی مانگی ڕەمەزان دەدرێت بە تایبەتی ڕۆژێك پێش جەژن تا بەیانییەكەی نوێژی جەژن.
7_الفیء: ئەو جۆرە ماڵەیە لە غەیرە موسڵمان وەردەگیرێت، لەكاتی خۆ بە دەستەوەدانێكی بێ شەڕ. ئەم دەستكەوتە دراوە بە پێغەمبەر، دوای ئەویش دراوە بە خەلیفەی موسڵمانان.
8-دەیەكی بازرگانی: ئەو باجەیە، كەلەسەر بازرگانە ناموسڵمانەكان وەرگیراوە، كاتێك بازرگانیان لە نێوان ناوچەكانی موسڵمانان و ناوچەكانی بێباوەڕان كردووە. جۆری وەرگرتنی باجەكەش بەپێی جۆری مامەڵەكە گۆڕاوە.
9_باجە ناشەرعییەكان:ئەو باجانەبووە، كە نە لە قورئان و نە لە سوونەت نەبووە، تەنانەت لەسەردەمی خەلیفە ڕاشدینەكان ئەم باجانە بوونی نەبووە، بۆ یەكەمینجار باجێكی ناشەرعی لەلایەن كاربەدەستانی موسڵمانانەوە وەرگیرابێت لە سەردەمی خیلافەتی موعاویەی كوڕی ئەبوسوفیان بووە، كاتێك ڕێگایداوە خەڵكی لە ڕۆژانی نەورۆزدا خۆشی بگێڕن، لە بەرامبەردا باج بدەن و، دیاری نەوڕۆزانەی بۆ بنێرن.