٣-دادوەری(قضاء) لە مێژووی ئیسلامدا (١٧/١/٢٠٢١١)
وشەی قضاء وشەیەكی عەرەبیە،لە وشەی(قَضَى)ەوە هاتووە،كە بە واتای بڕاندنەوە وكۆتایی هێنان یان مردن هاتووە،هەروەك لە قورئاندا هاتووە(فَمِنْهُم مَّن قَضَى نَحْبَهُ وَمِنْهُم مَّن يَنتَظِرُ وَمَا بَدَّلُوا تَبْدِيلًا(.لە زمانی كوردیشدا وشەی (داد)ی بۆ بەكاردەهێنرێت،كە بە واتای پەنابردن یان پەنادان دێت.ئەو كەسەش ئەم پایەیە وەردەگرێت لە زمانی عەرەبیدا پێی دەوترێت قاچی، لەزمانی كوردیشدا وشەی دادوەری بۆ بەكاردەهێنرێت.
لە ڕووی واتایشەوە هەروەك ئیبن خەلدون ئاماژەی بۆكردووە قچاو پایەیەكە نەیاروڕكابەرەكان ململانێكانیان تیادا یەكلای دەكەنەوە و كێشەكانیان تیادا بە كۆتا دەهێنن.
دادوەر(قاضی)یش ئەوكەسەیە پایەكە وەردەگرێت، هەوڵی چارەسەر كردنی كێشە و گرفتەكانی نێوان دوولایەن یان زیاتر دەدات. هەوڵدەدات ماف بۆ خاوەن ماف بگێڕێتەوە،ئەو كەسەش مافی خەڵكی قۆرخ كردووە لێی وەربگرێتەوە و بەپێی كارەكەی حوكمی بەسەر بدات.
سەرچاوەی دادوەری لە ئیسلامدا قورئان و سونەتە،ئەگەر كاری دادوەریەكە لەو دوانە نەبوو ، كار بەڕای زانایان و شارەزایان وفەقیهەكان دەكرێت،كە كۆدەنگی (ئیجماع)ی لەسەر بێت. خۆئەگەر ئەوەش نەبوو، دەتوانرێت دەقێكی قورئانی بكرێتە قیاس بۆ دادوەریەكە.یان ئەوكەسە بەپێی شارەزای خۆی لە پیشەكەی(دادوەری) دەتوانێت بڕیار لەسەر دادوەریەكەی بدات.
پێغەمبەر(د.خ)تا لە شاری مەككە بوو دادوەری لە دەست نەبوو، هەروەك چۆن دەسەڵاتی سیاسیشی لەدەست نەبوو،بەڵام كاتێك كۆچیكرد بۆ مەدینە و دەسەڵاتی ئەو شارەی گرتۆتە دەست دادوەریكردنیش كەوتۆتە دەستی.
كاتێك پێغەمبەر(د.خ) وەفاتیكردوە وئەبوبەكر بوبە جێنشینی،لە دادوەریدا هەمان ڕێچكەی پێغەمبەری گرتووە،هەروەكو ئەو پشتی بە هاوەڵە نزیكەكانی بەستووە ،هیچ گۆڕانكارییەكی نەكردووە لە بواری دادوەریكردندا.
لەسەردەمی خەلیفە عومەری كوڕی خەتابدا بۆ یەكەمین جار مووچە بۆ دادوەران بڕاوەتەوە.تاوەكو سەردەمی عوسمان شوێنی دادوەران مزگەوت یان ماڵەكەی خۆیان بووە،بەڵام بۆ یەكەمین جار خەلیفە عوسمان لەسەردەمی خیلافەتەكەیدا جێگایەكی تایبەتی بۆ دادوەران دروستكردووە بۆ دادوەری.
خەلیفە عەلیش لەسەردەمی خیلافەتەكەیدا گرنگیەكی زۆری بە دادوەریداوە، داوای لە والیەكانی كردووە هێندە مووچە بە داوەران بدرێت پێویستییان بە خەڵكی نەبێت،بۆ ئەوەی كاری دادوەریان بە جوانی ئەنجام بدەم و نەكەونە ژێركاریگەری بەرتیل وەرگرتنەوە.
لەسەردەمی خیلافەتی ئومەویدا سیستمی دادوەری هەندێك گۆڕانكاری بە سەرداهاتووە،پێشتر چ لە سەردەمی پێغەمبەر(د.خ) و چ لەسەردەمی خیلافەتی ڕاشدینیشدا،دادوەر بە زارەكی سكاڵاكانی وەردەگرت و كێشەو گیروگرفتەكانی نێوان دوولایەنی چارەسەركردووە،هیچ نووسراوێك لەو دوو سەردەمەدا لەلایەن دادوەرانەوە نە نووسراوە،بۆیەكەمین جار دادوەر سكاڵاكان و بڕیارەكانی نووسیبێت و تۆماری كردبێت لەسەردەمی یەكەمین خەلیفەی ئومەوی موعاویەی كوڕی ئەبوسوفیان بووە.
یەكێكی تر لە سیما دیارەكانی دەسەڵاتی دادوەری لەسەردەمی خیلافەتی ئومەوی دانانی دەرگاوان وپۆلیس بوو لەخانەی دادگادا،ئەمەش هەر لەسەردەمی موعاویەوە هاتۆتەكایەوە.
عەباسیەكانیش لەسەردەمی دەسەڵاتیاندا گرنگیان بە پایەی دادوەرانداوە،بە جۆرێك لە سەردەمی دوومین خەلیفەیان(ئەبوجەعفەری مەنسور)پایەی دادوەری دادوەرانی دامەزراندووە،سەرۆكی دادوەری دادوەران سەرپەرشتی كاری دادوەری كردووە.
هەر لەسەردەمی عەباسیەكان بووە بۆ یەكەمین جار دادوەر جلی تایبەتی پۆشیوە،ئەو جلەش جلێكی عابایی ڕەش بووە.