١-دروستبوونی دیوانەكان لە مێژووی ئیسلامدا(١١/١/٢٠٢١)
دیوان وشەیەكی فارسیە، بە واتای(دەفتەر،تیانووس، تۆمارگە) دەگەیەنێت، ئەو جێگایەبووە نووسەرانی دەوڵەت بۆ ڕێكخستنی كاروبارەكان تیایدا كۆبوونەتەوە و سەرقاڵی ژماردنی سەربازان وداهات وخەرجیەكان بوون.دەوترێت وشەی دیوان لە وشەی(دیوانە_دیڤانە)(شێت)ی فارسیەوە هاتووە،چونكە بۆیەكەمجار ئەم وشەیە لەلایەن كیسرای ئیمپراتۆری ساسانیەوە بۆ ئەو نووسەرانە بەكارهاتووە،كە سەرقاڵی نووسین و ژماردنی داهاتەكان بوون،كاتێك سەردانیكردون زۆر سەرقاڵ بوون و لەبەر خۆیانەوە حیسابیانكردووە،ئەویش ئاماژەی بەوەكردووە ئەمانە (دیوانە_دیڤانە) شێتن، بۆیە وشەی دیوان بڕایە بەر نووسەرانی دەوڵەت.
كەواتە بۆمان دەردەكەوێت پێشهاتنی ئاینی ئیسلام دیوان هەبووە ولەلایەن نەتەوە جیاوازەكانەوە گرنگی بە دیوان دراوە،بەڵام لەسەرەتای هاتنی ئیسلام ولەسەردەمی خودی پێغەمبەر(د.خ)ی ئیسلام دیوان بوونی نەبووە.
لەسەردەمی خەلافەتەكەی ئەبوبەكری سدیقیش دیوان بوونی نەبووە،وەك سەرچاوەكان ئاماژەیان بۆكردووە هەموو توێژەران و مێژوونووسانیش لەسەری یەكدەنگن بۆیەكەمجار لەئیسلامدا دەركەوتنی دیوان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلافەتی عومەری كوڕی خەتاب، پەیوەستی دەكەن بە ڕووداوێك ئەویش ئەوەبووە ئەبوهورەیرە بەرپرسی ناوچەی بەحرێن بووە،جارێكیان بە دەستكەوتێكی پێنج سەد هەزار درهەمی دەگەڕێتەوە بۆ مەدینە، خەلیفە بە زۆری داهاتەكە سەرسام دەبێت، ڕاوێژ لەگەڵ دەوروبەری دەكات،كەوا هەموو داهاتەكە چی پێبكرێت؟. وەلیدی كوڕی هیشام كوڕی موغەیرە یەكێكە لە ئامادەبوان بە خەلیفە ڕادەگەیەنێت من پێشتر سەردانی ناوچەكانی عەجەمەكانم كردووە ئەوان جێگایەكیان هەبوو پێیان دەوت دیوان ناوی سەربازان و داهاتە زیادەكانیان تیادا دەنوسرا ودەیان ژمارد. پاشان بە پێی پێویستی، داهاتیان بەسەر سەربازان دابەشدەكرد.خەلیفە عومەر ئەمەی پێ باش دەبێت،بۆیە دوای ڕاوێژ بڕیاری دامەزراندنی دیوانی سەربازی وبەخشین دەدات. هەریەكە لە عەقیلی كوڕی ئەبوتالیب و جبیری كوڕی موتعیم و مخزمەی كوڕی نوفڵ ڕادەسپێرێت بۆ ڕێكخستنی كاروباری ئەو دیوانە.
كەواتا لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت بۆیەكەمینجار دانانی دیوان لەسەردەمی خەلیفە عومەری كوڕی خەتاب بووە، ئەو دیوانەش دامەزاروە بە ناوی دیوانی سەربازی بووە،لەم دیوانەدا ناوی سەربازان و ئەوكەسانەش تۆماركراوە،كە بەپێی نزیكی لەپێغەمبەر(د.خ) و زووتر موسڵمان و خزمەتەكانیان بووە بۆ ئیسلام،لەسەر ئەم بنەمایەش دەستكەوتە زیادەكانی شەڕ وەك بەخشین بەو كەسانە دراوە.
كاتێك ئومەویەكان هاتونەتە سەردەسەڵات سەرەڕای ئەوەی بەردەوامبوون لە درێژەدانی دیوانی سەربازی،چەند دیوانێكی تریان دامەزراندووە وەک:دیوانی مۆر، دیوانی نامەنووسین، دیوانی خەراج، دیوانی صەدەقە و، دیوانی جوانكاری و خۆڕازاندنەوە
عەباسیەكان كاتێك هاتنەسەر دەسەڵات وكۆتاییان بەدەسەڵاتی ئومەویەكان هێنا،سەرەڕای درێژەدان بە بەشێك لەو دیوانانەی سەردەمی ئومەویەكان و گۆڕانكاریكردن لە هەندێكیان لەسەردەمی دەسەڵاتەكەیاندا هەندێك دیوانیان دامەزراند پێشتر دانەمەزرێنرابوو،بۆیە تەنیا باسی ئەو دیوانانە دەكەین، كە لەسەردەمی ئومەویەكاندا نەبوون و عەباسیەكان دایانمەزراند. لەوانە:دیوانی دەستبەسەرداگرتن،دیوانی بەدواداچوون بۆ سكاڵاكان، دیوانی صەوافی، دیوانی ضیاع،دیوانی خەرجى.
جگە لەو دیوانانەی لەسەرەوە باسكرا خەلیفەكانی عەباسی چەندین دیوانی تریان دامەزراندوە،كە هەریەكە لەو دیوانانە سەرپەرشتی بوارێكی تایبەتی كردووە وەك دیوانی جەهبزە،كە خەلیفە مەئمون دایمەزراندووە بۆ سەرپەرشتی كردنی كاروباری ئەهلی زیمە وكەسانی ناموسڵمان، ڕەنگە مەئموون ئەمەشی بۆیەكردووە لە ژێركاریگەری فارسەكان بووە،بەحوكمی ئەوەی دایكی مەئموون فارس بووە ،هەندێك لە فارسەكانیش تا ئەوكاتە نەبوون بە موسڵمان ویستویەتی لە ڕێگەی ئەم دیوانەوە مافەكانیان بپارێزێت. دیوانی كۆیلەومەوالیەكان،كە لەلایەن خەلیفە موعتەسەمەوە دامەزراوە،ڕەنگە ئەوەش وای لە خەلیفە موعتەسەم كردبێت ئەم دیوانە دابمەزرێنێت زۆرترین كۆیلەی توركی هەبووە، زۆرێك لەوكۆیلانەش خاوەن دەسەڵات بوون و ببوون بەسەركردەی سوپا،ئەمە سەرەڕای ئەوەی دایكی موعتەسەم یەكێك بووە لەكۆیلە توركەكان،بەو هۆیەشەوە توركەكان باڵادەست بوون.ڕەنگە هەر ئەم هۆكارانەش وای كردبێت موعتەسەم ئەم دیوانەی دامەزراندبێت.