زانست و وەرگێڕان لەسەردەمی خیلافەتی ئیسلامدا
أ-زانستەكان
1_ زانستی مێژوو: پێشهاتنی ئاینی ئیسلام لەناو عەرەبدا نەك گرنگی بە زانست و نووسین نەدراوە، بەڵكو عەرەبەكانی نیمچە دوورگەی عەرەب پێشهاتنی ئاینی ئیسلام زمانی نووسینیشیان نەبووە، ئەوەی هەبووە لە مێژووی ژیانی عەرەب دەماودەم بە شێوەی شیعر ڕووداوەكانیان گێڕاوەتەوە و بەو شیعرانە باس لە ڕابردووی خۆیانیان كردووە. كاتێكیش ئاینی ئیسلام دەركەوت سەرەڕای گرنگیدانی ئاینی ئیسلام بە زانست و زانیاری و گێڕانەوەی دەیان چیرۆك و بە سەرهاتی گەلانی ڕابردوو عەرەبەكان نەیانتوانی گرنگی بە نووسین بدەن. لە سەرەتادا تەنیا ئەوەی هەبووە گرنگیدان بووە بە نووسینی قورئان، تەنانەت تا سەردەمی خیلافەتی عومەری كوڕی خەتابیش، كە ڕۆژمێری كۆچی داناوە ڕۆژمێرێكی تایبەتیان نەبووە ڕۆژەكانیان بژمێرن، بەڵكو كۆمەڵێك ڕووداوی جیاوازیان كردووە بە پێوەر بۆ زانینی ڕووداوەكان، وەكو وتوویانە فڵانە ڕووداو چەند ساڵ دوای ساڵی فیل بووە، یان فەڵانە ڕووداو دوای چەند ساڵ لە شەڕی فوجار بووە، یان پێش شەڕی بوعاس بووە...هتد.
دواتر عەرەبەكان بە چاولێكەری نەتەوەكانی تر دەستیان داوەتە نووسینی مێژوو، سەرەتاش بە نووسینی ژیانی پێغەمبەر (د.خ) و فەرموودەكان دەستیان پێكردووە، دواتریش دەستیان كردووە بە نووسینی مێژوو بەگشتی. ئەو شێوازەش گرتوویانەتەبەر بە شێوەی گێڕانەوە بووە، كە كەسێك ڕووداوێكی گێڕاوەتەوە لە كەسێكی پێش خۆی وەریگرتووە و گێڕاویەتیەوە، ئەویش لە كەسێكی پێش خۆی، تائەوەی گەشتووە بەو كەسە، كە خۆی ڕووداوەكەی بینیووە.
2-زانستی جوگرافیا : یەكێكی تر لەو بوارانەی موسڵمانان گرنگیان پێداوە بواری جوگرافیابووە، ئەمەش چەند هۆكارێكی هەبووە، لەوانە بۆ شارەزابوونی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان. بۆ بازرگانیش گرنگە، هەروەها هەلومەرج و ئاووهەوای ناوچەكە شارەزابیت. ئاڕاستەی ناوچە، كە دەكەوێتە كوێی شاری مەككەوە، كە ڕووگەی موسڵمانان لەو شارەیە، بۆیە موسڵمانان گرنگیان داوە بە لایەنی جوگرافیای ناوچە جیاوازەكانی جیهانی ئیسلامی. بۆ ئەمەش چەند كەسێك دەركەوتن لەسەر جوگرافیای ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی موسڵمانانیان نووسیووە و زانیاری جوگرافیان كۆكردۆتەوە دواتر لە شێوەی كتێب بڵاویانكردۆتەوە.
3-زانستی پزیشكی: یەكێكی تر لەو زانستانەی موسڵمانان گرنگیان پێداوە زانستی پزیشكی بووە، چونكە لە ئاینی ئیسلامدا كاری پزیشكی ڕێگە پێدراو بووە، خۆچارەسەركردن لای ئاینی ئیسلام كارێكی ئاسایە و قەدەغەنەكراوە، هەروەك لە فەرموودەشدا هاتووە لەسەر مرۆڤ پێویستە جەستەی خۆی بپارێزێ.
خودی پێغەمبەر (د.خ) پەنایبردووە بۆ (حارسی كوڕی كیلدە)، کە یەکێک بووە لە دکتۆر بەناوبەناگەکانى سەردەمەکەى، هەربۆیە دواتریش هەندێك لە خەلیفەكان پەنایان بردووە بۆ خۆ چارەسەركردن. وەك ئەوەی موعاویەی كوڕی ئەبوسووفیان پزیشكەكەی ناوی (ئیبن ئاسال) پزیشكەكەی عومەری كوڕی عەبدولعەزیز (ئیبن ئەبجوری كینانی ئەسكەندری) بووە لە كاتێكدا كەسێكی ناموسڵمان بووە. پزیشكەكەی ئەبوجەعفەری مەنسوور بە ناوی (جرجیس بەختیشوع) كەسێكی مەسیحی نەستووری بووە.
لە ناودارترین پزیشكەكانی سەردەمی عەباسیش زەكەریای ڕازی (250-311ك مردووە) بووە، چەندین كتێب و توێژینەوەی نووسیووە لە بواری پزیشكی ناودارترینی كتێبەكانی (رسالە فی الجدری والحصبە) و (الاسرار) و (الجامع) و (كتاب الحاوی) بووە.
بێگومان جگە لە زەكەریای ڕازی چەندین پزیشكی تر لەو سەردەمە دەركەوتوون لە وێنەی ئیبن سینا (370-427ك مردووە)، كە ئەوروپیەكان بە (شەهریاری پزیشكەكان ) ناوی دەبەن، كتێبەكەی (قانون فی الطب) بە ناوبانگترین كتێب بووە لە بواری پزیشكدا تا ئەو سەردەمە نووسرابێت.
4-زانستی بیركاری: موسڵمانان بە سوود وەرگرتن لە گەلانى پێشوو گرنگیان بە بیركاری داوە، ڕەنگە بەشێك لە هۆكاری گرنگیدان بە بیركاری لەلایەن موسڵمانانەوە سەرەڕای گاریگەری ئەو گەلانە لەسەر موسڵمانان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ژمارەی مانگەكان و ڕۆژەكانی ساڵ بزانن، ئەمەش پەیوەستبووە بە لایەنی ئاینیەوە وەك دیاریكردنی ڕۆژانی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان و ئەنجامدانی فەریزەی حەج و چۆنیەتی ژماردنی نوێژ و ڕكعاتەكانی.
یەكەمین زانای بە ناوبانگی ئیسلام لە بواری بیركاریدا خواڕەزمی (164-232ك مردووە) بووە، كە بۆ یەكەمینجار ژمارە سفری لەناو ژمارەكاندا بەكارهێناوە. بەناوبانگترین كتێبی خواڕەزمی كتێبەكەی (الكتاب المختصر فی حساب الجبر و المقابلە) یە ئەوروپییەكان لە سەدەی دوازدەیەمی زاینی وەریان گێڕاوەتە سەر زمانی لاتینی.
5-زانستی فەلەكناسی: ئەو گرنگیدانەى موسڵمانان بە زانستەکان بواری فەلەکناسیشى گردۆتەوە، لەم بواردا فەلەكناسە موسڵمانەکان رەصەدخانە (مرصد- ویستگە) یان دامەزراندوە، وەك دەزگایەك بووە بۆ چاودێریكردنی جوڵەی ئەستێرەكان.
(ئەستەرلاب) یش كە وشەیەكی یونانییە بە واتای ئاوێنەی ئەستێرەكان دێت یەكێكی تر بووە لە داهێنانەكانی موسڵمانان، یەكەم كەس ئەم ئامێرەی بەكارهێناوە ئەبوئیسحاقی فەزاری (188ك مردووە) بووە، سوودی ئەم ئامێرە بۆ دیاریكردنی ئاڕاستەی ئەستێرەكان بووە، دەریاوانەكان سوودیان لە دەریاكاندا لێ بینیوە.
یەكێكی تر لەو ئامێرانەی موسڵمانان بەكاریان هێناوە (كاتژمێری هەتاوی) بووە، لە ڕێگەی سێبەری خۆرەوە كاتەكانیان ژماردووە.
لە زانا بەناوبانگەكانی تری ئەم بوارە ئەبوعەبدوڵا بەتتانی صابی (240-317ك مردووە) و ئەبوڕەیحانی بیرۆنی (362-440ك مردووە) و قوتبەدینی شیرازی (634-710ك مردووە) و ئیبن شاطر(704 -777ك مردوو) بوون.
6-زانستی كیمیا: یەكێكی تر لە زانستەكان لە سەردەمی خیلافەتی ئیسلامدا گرنگی پێدراوە زانستی كیمیا بووە، دەوترێت سەرەتایی گرنگیدانی زانستی كیمیا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خیلافەتی ئومەوییەكان.
یەکێک لە زاناکانى ئەم بوارە (جابری كوڕی حەیان (117-200ك مردووە)، كە چەند دانراوێكی لە بواری كیمیا هەیە، لەوانە كتێبی (اصول الكیمیا) و (كتاب السبعین) و (الاسرار الكیمیا) و (السموم و دفع مضارها)، جابر بووە جێگەی بایەخی زانا ڕۆژئاواییەكان و كتێبەكانیان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی لاتینی.
زەكەریای ڕازی سەرەڕای ئەوەی یەكێك بووە لە پزیشكە بە ناوبانگەكانی سەردەمی خۆی، بە دووەمین زانایی بواری كیمیا دادەنرێت لەسەر بنەمای بەرهەمەكانی جابر زانستی كیمیای پێشخستووە. لە جیاتی زێڕ چەوری ئاژەڵی بەكارهێناوە بۆ دروستكردنی ڕەنگەكان. چەند كتێبێكی نووسیووە لەم بوارە لەوانە (الحیل) و (الاسرار) و (اكسید).
ب-وەرگێڕان لە مێژووی ئیسلامدا
وەرگێڕان لەسەردەمی خیلافەتی ئومەویی
وەرگێڕان واتا گواستنەوەی زانیاریە لە زمانێكەوە بۆ سەر زمانێكی تر، وەرگرتنی زانیاری و مەعریفەیە لە نەتەوەیەكەوە بۆ نەتەوەیەكی تر. لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە دەتوانین شارەزایی زانست و كلتووری زمانێكی تر بین و سود لەو زانست و زانیاریانە وەربگرین.
سەرەتاکانى وەرگێران لەناو موسڵماناندا بۆ ئەوكاتە دەگەڕێتەوە، كاتێك خالدی كوڕی یەزید والی میسر بووە لە سەردەمی خەلیفە عەبدولمەلیكی كوڕی مەروان، گرنگی داوە بە زانست و زانیاری لە سەرووی هەمووشیانەوە كیمیا، بۆیە دەوترێت بۆ یەكەمینجار وەرگێڕان لە زمانەكانی تری وەك عیبری و قبیتی و یونانی لەلایەن خالدی كوڕی یەزیدەوە بووە، لەو كتێبانەی لە سەردەمی خالد وەرگێڕدران كتێبی (مفتاح النجوم یان مفتاح أسرار النجوم) و (أحكام النجوم)ە.
بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كاری وەرگێڕان لەسەردەمی خیلافەتی ئومەوی بە تەواوی ڕەنگی نەدابوویەوە، وەك سەرچاوەكان باسیان لێوەکردووە وەرگێڕان لەسەردەمی خیلافەتی عەباسیدا بە فراوانى دەستى پێکردووە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دووەمین خەلیفەیان (ئەبوجەعفەری مەنسوور) (136-158ك)، دەوترێت ئەبوجەعفەری مەنسوور گرنگی زۆری داوە بە زانست و وەرگێڕان
لە دوای ئەبوجەعفەرەوە تێبینی ئەوە دەكەین گرنگیدان بە زانست و وەرگێڕان لە سەردەمی خەلیفەكانی وەك (مەهدی 158-169ك خەلیفە بووە) و (هادی 169-170خەلیفە بووە) خاوبوونەوەی بە خۆوە بینیووە، بەڵام لە سەردەمی خەلیفە (هارون ڕەشید 170-193 خەلیفە بووە)، كە لە دوای ئەو دوو خەلیفەیەوە دێت زانست و وەرگێڕان جارێكی تر گەشەی سەندووە.
بەهەمان شێوەی سەردەمی مەهدی و هادی سەردەمی ئەمین (193-198ك خەلیفە بووە)، كە لە دوای هارون ڕەشید دەسەڵاتی گرتۆتە دەست جموجۆڵێكی ئەو تۆی زانستی و وەرگێڕانیش لە سەرچاوەكان باسی لێوە نەكراوە، كە شایەنی باسكردن بێت، بەڵام سەردەمی مەئموون (198-218ك خەلیفە بووە)، كە دوای ئەمین دەسەڵاتی گرتۆتە دەست بە گەشاوەترین سەردەمی دەسەڵاتی خیلافەتی عەباسی دادەنرێت، بەهۆی گرنگیدانی خەلیفە مەئموون بە زانست و وەرگێڕان، هەمیشە ئەو كەسانەی لە خۆی نزیك كردۆتەوە و لەلایەنی داراییەوە خزمەتی كردن، كە گرنگیان بەو بوارە داوە، وەك دەوترێت مەئموون (بیتولحیكمە) ی ماڵی زانستی دامەزراند و پارەیەكی زۆری بۆ تەرخانكردوووە، سەرۆك و كارمەندی بۆ ئەم دامەزراوە زانستییە داناوە، هەوڵیداوە زۆرترین كتێبی تیادا كۆبكاتەوە بۆ ئەم مەبەستە شاندێكی لە سەرۆك و كارمەندانی بیتولحیكمەی ناردووە بۆ لای ئیپراتۆری ڕۆم بە مەبەستی پێدانی كتێب لە بواری فەلسەفە و پزیشكی و زانستەكانی تر، لەگەڵ شاندەكەدا چەندین دیاری گران بەهای بۆ ناردووە، تا لە بەرامبەردا ئەو كتێبانەی بۆ بنێرێت، كە داوای لێكردووە. وەك سەرچاوەكان دەیگێڕنەوە مەئموون بەرامبەر بە وەرگێڕانی هەر كتێبێك لەو كتێبانە بە قەد كێشی كتێبەكە ئاڵتوونی بە وەرگێڕەكە داوە.
دووان لە وەڕگێڕە هەرە دیار و بەناوبانگەكانی سەردەمی مەئموون (حەنینی كوڕی ئیسحاق) (194-260ك مردووە) و (قستای كوڕی لۆقای بەعلەبەگی (300ك مردووە) بوون. بە هۆی هەوڵە بەردەوامەكانی حنین بۆ وەرگێڕان و گرنگیدان بە زانست نازناوی (شیخ المترجمین)ی گەورەی وەرگێڕەكانی پێدراوە، هەر بۆیەش مەئموون كردویەتە سەرۆكی دامەزراوەی بیتولحیكمە و دیوانی وەرگێڕان.