تێڕوانینی گروپە جیاوازەكانی ئیسلام لەسەر خەلافەت
ئاینی ئیسلام وەك ئاینە ئاسمانیەكانی تر، لە سەرەتای دەركەوتنی پەیوەندیەكی پتەو لە نێوان تاكەكانی پەیڕەوكەرانی هەبووە، بەڵام دوای وەفاتی پێغەمەرەكەی ململانێ وناكۆكی كەوتۆتە نێوان كەسە دیارەكانی پەیڕەوكەرانی بەتایبەتی هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) ی ئیسلام.
لە ئەنجامی ڕاجیای و ململانێیان وردە وردە كێشە لە نێوانیان سەریهەڵداوە و لە شێوەی گروپی جیاواز و مەزهەبی جیاواز دەركەوتون. سەرەتای لە یەكترازانیش بەشێوەیەكی تەواو و دیار لە جەنگی سەففەینەوە سەریهەڵداوە، چونكە لە دوای كۆتای هاتنی جەنگەكە گروپێك لە سوپای خەلیفە عەلی جیابوونەوە، دواتر ئەم گروپە بە خەواریج ناسران.
كاتێكیش ئومەوییەكان خەلافەتیان بۆ خۆیان قۆرخكرد و، كەوتنە چەوساندنەوە و ئازاردان و لەناوبردنی بنەماڵەی عەلی كوڕی ئەبوتالیب. بەم كارەیان وردە وردە هەڵوێستی لایەنگرانی بنەماڵەی عەلی ئاڕاستەی ڕۆیشتن بووە بەرەو گروپێكی تر ئەویش شیعە بووە.
دیارە دروستبوونی گروپی موعتەزیلەش تەنیا لەكردنی پرسیارێكی شەرعی و وەڵامدانەوەی بەدڵی كەسێك نەبووە، بەڵكو دەگەڕایەوە بۆ ئەو پێشینە دوور و درێژەی لەمێژووی ئیسلامدا هەبووە لە ململانێ و شەڕ و یەكتر كوشتن. لە خوارەوە بە كورتی تیشك دەخەینەسەر بیروبۆچوون و تێڕوانینی هەریەك لەو گرووپانە بۆ پایەی خیلافەت.
1_ تێڕوانینی سوونە بۆ خەلافەت
پێیوایە دانانی خەلیفە مەرجێكی سەرەكییە لە نێو موسڵماناندا، نابێت موسڵمانان بێ سەركردەبن. دەبێت خەلیفە پێش هەموو شتێك موسڵمان بێت، نابێت كەم و كورتی لە جەستەیدا هەبێت، هەروەها كەسێكی بە تواناو لێهاتووبێت، دادپەروەربێت لە نێوان موسڵماناندا. بەشێك لە سوونە پێیوایە ئەوكەسەی دەبێتە خەلیفە دەبێت قوڕەیشی بێت، بە حوكمی ئەوەی پێغەمبەر (د.خ) فەرمویەتی (لا يزال هذا الأمر في قريش ما بقي من الناس اثنان(هەروەها لە گێڕانەوەیەكی تردا، كە موعاویە گێڕاویەتیەوە فەرمویەتی (إن هذا الأمر في قري)، بەڵام بەشێكی تر لە سوونە پێیان وایە ئەو فەرموودانە ڕاست نین و بە زمانی پێغەمبەر (د.خ) ەوە هەڵبەستراون، چونكە ناكرێت پێغەمبەر جیاوازی كردبێت لە نێوان قوڕەیشیەك و ناقوڕەیشیەك، نە لە قورئان و نە لە كاروكردەوەكانی پێغەمبەردا دەرنەكەوتووە جیاوازی كرابێت لە نێوان موسڵماناندا لەسەر بنەمای ڕەچەڵەك و خێڵ، بەڵكو چ لە قورئان و چ لە هەڵوێستەكانی پێغەمبەریشدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە ئەوكەسەی زیاتر خزمەتی بە ئیسلام كردبێت و تەقوای زیاتری كردبێت لە پێشتر بووە، نەك خێڵ و بنەماڵە، هەروەك گەورە بیرمەندی ئیسلام ناسری سوبحانی ئاماژەی پێكردووە (بە هەندێك شتی تردا دەزانین قوڕەشی بوون مەبەستێكی تایبەت وسنوورداری هەیە، قوڕەیش موتڵەق نیە، بە فەرزی ئەوەی،كە ئەو (فەرموودانە سەحیحیش بێت)، چونكە قورئان دەفەرموێ (إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ) نەیفەرموو (قریشكم) واتا بەڕێزترینتان ئەوكەسەیە، كە تەقواترینتانە، كەواتە قوڕەیش و غەیری قوڕەیشی نیە، بەڵكو مەسەلەی تەقوا لە پێشترە. هەروەها ئاماژەشی بەوەكردووە عومەری كوڕی خەتاب كاتێك بەشمشێر لێی دراوە پێش ئەوەی كۆچی دوای بكات فەرموویەتى ئەگەر سالمی بەندە ئازاد كراوەكەی ئەبوحوزەیفە ئێستا زیندوبوایە پێشنیاری ئەوەم دەكرد، بیكەن بە خەلیفە، گەر وابوایە عومەر ئەوەی نەدەگووت.
٢-تێڕوانینی شیعە بۆ خەلافەت
شیعەكان پێیان وابووە بوونی خەلیفە لە ئیسلامدا واجبە. لە دوای وەفاتی پێغەمبەر (د.خ) یشەوە ئەو مافە بۆ عەلی كوڕی ئەبوتالیبە، پاشان بۆ نەوەكانی، هەروەها پێیان وابووە دەبێت لە نەوەی فاتیمەی كچی پێغەمبەر و هاوسەری عەلی بێت، نەك لە نەوەی هاوسەرانی تری، چونكە ئەمە وەك میراتیەكە بۆ بنەماڵەی پێغەمبەر (د.خ)، پێیان وابووە پێغەمبەر (د.خ) لە حەجی ماڵئاوای ئاماژەی بۆ دەستنیشانكردنی عەلی وەك جێنشین (خەلیفە) دوای خۆی کردووە، چونكە کاتى حەجی ماڵئاوای پێغەمبەر (د.خ) عەلی لەگەڵ هاوەڵانیدا لە یەمەنەوە گەڕاوەتەوە، لە ناوچەی غەدیرخم بە پێغەمبەر گەیشتوون، هەندێكیان سكاڵایان لەعەلی كردووە لە سەفەرەكەیان، پێغەمبەریش هەندێك وتەی بەكارهێناوە لە وتەكانیدا بە باشی باسی عەلی کردووە، هەروەک فەرموویەتی:من كنت مولاه فعلي مولاه ..شیعەكان پێیوایە پێغەمبەر (د.خ) لەوێدا بە ڕوونی ئاماژەی بە جێنشێن بوونی عەلی كردووە. هەربۆیەش پێیان وایە سێ خەلیفەكەی پێش عەلی (ئەبوبەكر و عومەر و عوسمان) خیانەتیان لە عەلی كردووە، بەوەی پایەی خیلافەتیان بۆ خۆیان لە عەلی زەوتكردووە ،لەكاتێكدا دەبوو هەر لەسەرەتای كۆچی دوای پێغەمبەر (د.خ) ەوە ئەو مافە بۆ عەلی بێت،
پێشیان وایە خودا خۆی ئەو مافەی بە عەلی و نەوەكانی داوە، دوای عەلی حەسەن كوڕی دەبێتە جێنیشین پاشان حسێن و ئینجا بۆ نەوەكانیان، پێشیان وایە ئەوان پاك و بێ هەڵە و كەم و كورتین (مەعصومن) دوورن لە هەموو گوناهێك، هەر فەرمانێك لەوانەوە دەربچێت دەبێت جێبەجێ بكرێت، چونكە ئەوان فەرمانی هەڵەو بێ كەم و كورتی دەرناكەن.
٣-تێڕوانینی خەواریج بۆ خلافەت
سەبارەت بە تێڕوانینیان بۆ خیلافەت، هەڵوێستیان بە پێی بارودۆخ گۆڕاوە، ئەمان سەرەتا بەشێك بوون لە دەسەڵاتی خیلافەت واتا خیلافەتیان بە شەرعی زانیووە، تا ئەوكاتەی لە عەلی جیابوونەتەوە پێیان وابووە لە دوای شەڕی سەففەینەوە عەلی مافی خیلافەتی نیە، كاتێك لە عەلی جیابوونەتەوە بێ سەركردەماونەتەوە، ڕۆشتوونەتە ناوچەیەكی نزیك كوفە بەناوی حەرورا، لەوێ كەسێكیان لە نێوان خۆیان هەڵبژاردووە وەك خەلیفە بە ناوی عەبدوڵای كوڕی وەهبی ڕاسبی. لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت ئەوان جیاواز بوون لە سوونە و شیعە لەسەر مەسەلەی پایەی خیلافەت، چونكە بە دانانی عەبدوڵا وەك خەلیفەیان، كە لە خێڵی ئەزدەكان بووە ئیتر تێوری مەرجی قوڕەیشی بوونی سوونە بۆ خیلافەت و مەرجی خیلافەتی ئالوبەتی شیعەشیان ڕەتكردۆتەوە، پێیان وابووە ئەو كەسەی دەبێت بە خەلیفە مەرج نیە لەو دووانەبێت، بەڵكو دەكرێت كەسێكی موسڵمان بێت، پێشیان وابووە ئەگەر مرۆڤەكان لە نێوان خۆیان دادپەروەربن دەكرێت سەركردەی موسڵمانان هەر نەبێت.
ئەمانە دوای تێكەڵبوونیان بە نەتەوە موسڵمانەكانی جیا لە نەتەوەی عەرەب، بە حوكمی شۆڕشەكانیان دژی خیلافەتی ئومەوی، كە زیاتر لەو ناوچانە دەژیان موسڵمانانی غەیرە عەرەبی لە خۆگرتووە، بۆیە ئەوەیان ڕاگەیاندووە نەك موسڵمانێكی عەرەبی غەیرە قوڕەیشی، بەڵكو موسڵمانێكی غەیرە عەرەب (مەوالی) دەكرێت ببێت بە خەلیفە، تەنانەت ئەوان لە دواتردا پێیان ئاسایی بووە موسڵمانێكی ڕەشپێستیش ببێتە خەلیفەی موسڵمانان.
٤-سەبارەت بە تێڕوانینی موعتەزیلە بۆ خەلافەت
سەبارەت بە تێڕانینى موعتەزیلە بۆ خەلافەت بۆچوونیان زیاتر لە خەریجەوە نزیكە وەك لەوەی لە سوونە و شیعە، چونكە موعتەزیلە لەگەڵ مەرجی قوڕەیشی بوون نەبوون بۆ ئەو كەسەی دەبێتە خەلیفە، لەگەڵ ئەوش نەبوون، كە دەبێت خەلیفە لە ئالوبەیت بێت، وەك ئەوەی شیعە بڕوایان پێیەتی و، بانگەشەیان بۆ كردووە، جگە لە مەرجی قوڕەیشی بوون، لە هەندێك بۆچووندا لەگەڵ سوونە یەك دەگرنەوە، وەك ئەوەی پێیان وابووە دەبێت خەلیفە شارەزای سیاسەت بێت، دادگەربێت، شارەزای زانست و زانیاری بێت.
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت بیربۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر مەسەلەی (خەلافەت) ئیمامەت لەناو گروپە جیاجیاكانی ئیسلام، بە تایبەت لەسەر ڕەچەڵەكی ئەو كەسەی دەبێتە خەلیفە.
بەشێك لە سوونەكان پێیان وابووە دەبێت خەلیفە لە قوڕەیش بێت، بەڵام بەشێكی تر لەگەڵ مەرجی قوڕەیشی نەبوون، شیعەكان زیاتر بەرتەسكی ئەم پایە دەكەنەوە لە نێوان موسڵماناندا، پێیان وابووە لە نێو قوڕەیشدا دەبێت لە بنەماڵەی ئالوبەیت بێت. خەواریجەكانیش پێیان وابووە مەرج نیە خەلیفە لە قوڕەیش بێت، هەروەها لە ئالوبەیت بێت، بەڵكو دەكرێت موسڵمانێكی غەیرە عەرەب یان ڕەشپێستێك یان كۆیلەیەكی ئازادی موسڵمان بێت. موعتەزیلەكانیش بۆچوونیان زۆر لە بۆچوونی خەریجەكانەوە نزیكە بەتایبەتی لەسەر مەرجی قوڕەیش بوون و قوڕەیشی نەبوون.