٤-خیلافەت لە ڕاوێژەوە بۆ پشتاوپشت و بنەماڵەیی (٢٢/٤/٢٠٢١)
دواى ئەوەى پێغەمبەرى ئیسلام موحەمەد(د.خ) لە ساڵى یازدەى کۆچى وەفاتی کرد، موسڵمانەکان بێ سەرکردەماونەتەوە،بۆیە بیریان لەوە کردۆتەوە،کەسێک بە جینشین دابنێن بۆ ئەم مەبەسەتە لە سەقیفەى بەنى ساعیدە،بەشێک لە موسڵمانەکان کۆبوونەتەوە، ئەنجامى ڕاوێژێکى زۆر ئەبوبەکرى سدیق هاوەڵى پێغەمبەر بۆ ئەم کارە هەڵبژیردراوە، دواتریش لە مزگەوتدا بەیعەتى پێدراوە.
ئەبوبەکر دواى دووساڵ لە حوکمڕانى نەخۆشى تەنگى پێهەڵچنیوە،بۆیە بیرى لە دانانى جێنشینیک کردۆتەوە، بۆ ئەمە پرس و ڕاوێژى بە هاوەڵانى کردووە، ڕاى سپاردون بۆ پرس و ڕاوێژى کەسانى تر،بەوەى ئەو عومەرى کورى خەتابى بۆ خیلافەتى دواى خۆى دیارى کردووە،هەموو موسڵمانانى شارى مەدینە یەک دەنگبوون لە هەڵبژاردنى عومەر.
خەلیفە عومەریش دواى دەساڵ لە حوکمڕانى(١٣-٢٣ک)،پێش ئەوەى وەفات بکات بە کاریگەرى لێدانى شمشێرەکەى ئەبولوءلوء،خیلافەتى بە شەش کەس سپاردووە،تا ئەوەى یەکێک لەو شەش کەسە بە ڕاوێژى موسلمان بوو بە خەلیفەى موسڵمانان، ئەویش عوسمانى کوڕى عەففان بوو.
عوسمانیش دواى نزیکەى دوازدە ساڵ لە حوکمڕانى بە دەست ئەو کەسانە کوژا، کە ناڕازى بوون لە والیەکانى عوسمان،بەمە موسڵمانەکان بی سەرکردەمانەوە،عوسمانیش پیش کوژرانى کەسى بۆ جیگەکەى دەستنیشان نەکردووە،دواى گفتوگۆ و ئاڵوگؤڕى بۆچوون،سەرئەنجام بەشێکى زۆرى موسڵمانان یەک دەنگبوون لە دانانى عەلى کوڕى ئەبوتالیب وەک خەلیفەى موسڵمانان.ئەویش بۆ ماوەى نزیکەى پێنج ساڵ لە دەسەڵات، سەرئەنجام بە دەستى یەکێک لە خەواریجەکان کوژرا.
پێش ئەوەی عەلى كۆچی دوای بكات لایەنگرانی داوایان لێكردووە حەسەنی كوڕی بكاتە جێنشینی،بەڵام عەلی ئامادەنەبووە ئەم كارەبكات،ئاماژەی بەوەكردووە نەڕێگریتان لێ دەكەم بۆ ئەو كارە نە هانتان دەدەم،بەڵكو خۆتان ئازادبن لەم كارە.
كاتێك عەلی كۆچی دوایكردووە لایەنگرانی بەیعەتیان بە حەسەنداوە ببێتە خەلیفە،بەلام حەسەن دوای شەش مانگ لە خیلافەت وازى لە خیلافەت بۆ موعاویەى کوڕى ئەبوسووفیان هێناووە، کە تا ئەوکاتە والیی شام بوو، لە شەرو ململانیدا بوو دژى خەلیفە عەلى و دواتریش حەسەن، بۆیە حەسەن گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی ئەوخوێنەی لە نێوان موسڵمانان دەڕژێت بەردەوام دەبێت ئەگەر وازلە خیلافەت نەهێنێت بۆ موعاویەی كوڕی ئەبوسوفیان،ئەمە وای لە حەسەن كردووە ئەوە بە موعاویە ڕابگەیەنێت ئەو واز لە خیلافەت دەهێنێت بۆ موعاویە، بەومەرجەی گیانی خۆی و هاوەڵانی پارێزراوبێت،دوای موعاویەش جارێكی تر هەڵبژاردنی خەلیفە ببێتەوە بە ڕاوێژ،موعاویە بەو داوایانەی حەسەن ڕازی بووە،بۆیە حەسەن وازی لە پایەی خیلافەت بۆ موعاویە هێناوە،بەمەش موعاویە بوبە خەلیفەی موسڵمانان.وەك سەرچاوەكان ئاماژەیان پێكردووە موعاویە خۆی وتویەتی من یەكەمین پادشای موسڵمانانم. كاتێكیش گەورە هاوەڵی پێغەمبەر(د.خ)سەعدی كوڕی ئەبی وەقاس بەیعەتی پێدەدات لەكاتی سڵاو كردن پێی دەڵێت(السلام علیك ایها الملك).
وەك سەرچاوەكان ئاماژەیان بۆكردووە موعاویە زۆربەی داواكاریەكانی حەسەنی جێبەجێ نەكردووە بە تایبەتی مەسەلەی خیلافەت.ئەوەبووە لەساڵی (56ك)موعاویە هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ بۆ دانانی یەزیدی كوڕی وەك جێنشین وخەلیفەی دوای خۆی، بەپێی سەرچاوەكانیش موعاویە توانیوویەتی لەم ساڵەدا خەڵكی ناچاربكات بەیعەت بە یەزید بدەن.كاتێك لەساڵی(60ك)موعاویە كۆچی دوایكردووە،یەزیدی كوڕی جێگەی گرتۆتەوە(60-64ك) ئەمەش یەكەمین گۆڕانكاری بووە لەسیستەمی فەرمانڕەوایدا لە مێژووی ئیسلامدا هاتۆتەكایەوە ،موعاویە بە زۆر و فشارخستنەسەر خەڵكان بەیعەتی بۆ یەزید وەرگرتووە،بەمەش لە پێشینەكانی خۆی لایداوە.ئەگەرچی موعاویە لەم كارەی سەركەوتنی بەدەستهێناوە،بەڵام ئەنجامێكی خراپی لێكەوتەوە، بەهۆیەوە چەندین ڕووداوی دڵتەزێنی لێكەوەتەوە،هەر لە كوژرانی حوسێنی كوڕی عەلی و هاوەڵانی تا هەتككردنی خەڵكی مەدینە و كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ئەو شارە و پاشان هێرشكردنە سەر كەعبە و سوتاندنی.
یەزیدیش هاوشێوەی باوكی پێش ئەوەی كۆچی دوای بكات لە ساڵی(64ك) موعاویەی كوڕی كردە جێنشینی خۆی، كە بە موعاویەی دووەم ناسراوە.موعاویەى کورى یەزید ماوەیەکى کەم لە حوکمڕانى بووە کۆچی دواى کردووە.
بنەمالەى ئومەوى کە کۆنترۆڵى دەسەڵاتیان کردبوو، دەیانویست خیلافەت ببێتە پشتاوپشت و لە نێو ئەم بنەمالەیە نەڕواتە دەرەوە،بۆ ئەمە مەروانى کوڕى حەکەمى کورى ئەبى عاس هەڵبژێردراو دەسەڵاتی گرتەدەست. كاتێكیش مەروان كۆچی دوایكردووە، لەسەر وەسیتى خۆى عەبدولمەلیك(65-86ك)ى کورى جێگەی گرتۆتەوە،ئیدی بەتەواوی پایەی خیلافەت بوبە پشتاوپشت وڕاوێژ بەیەكجاری كۆتای هات و ئەو سیستەمەی بۆیەكەمجار لەسەقیفەی بەنی ساعیدە لەدوای كۆچی دوای پێغەمبەر(د.خ)هاتەكایەوە،كۆتای پێهات.ئومەویەكان تا ساڵی132ك بەوشێوەیە لە دەسەڵات مانەوە تا ئەوەی لەو ساڵەدا عەباسیەكان (كەناوەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوی عەباسی مامی پێغەمبەر(د.خ)،چونكە لەنەوەی عەباسبوون) كۆتاییان بە دەسەڵاتی ئومەویەكان هێناوە،بەڵام ئەمانیش هەمان ڕێچەكەی ئەوانیان گرتەبەر و خیلافەتیان لە نێو بنەماڵەكەی خۆیان هێشتۆتەوە،بە تایبەتی كاتێك یەكەمین خەلیفەیان ئەبوعەباسی سەفاح كۆچی دوای كردووە،پێشئەوەی كۆچبكات ئەبوجەعفەری برای كردۆتە جێنشینی خۆی،ئەبوجەعفەریش پێش ئەوەی كۆچی دوای بكات مەهدی كوڕی كردۆتە جێنشینی خۆی،ئیدی عەباسیەكانیش بەو شێوەیە لە حوكمدامانەوە تاوەكو ئەوەی لە ساڵی 656ك مەغۆلەكان كۆتاییان بەدەسەڵاتیان هێنا.