٢-هەوڵەکانى پێغەمبەر(د.خ) لە بنیاتنانی شارستانیەتى ئیسلام(٥/١/٢٠٢١)
دوای ئەوەی پێغەمبەر(د.خ)كۆچیكردووە بۆ(یسرب)مەدینە یەكەم هەنگاوی بریتى بووە لە دروستكردنی مزگەوتێك لە ناوچەی قوبای نزیك مەدینە، پاشان دروستكردنی مزگەوتی مەدینە.
گرنگی دروستكردنی مزگەوتەكە لەوەدابووە تەنیا شوێنێك نەبووە بۆ خوداپەرستی، بەڵكو لەلایەنی سیاسی وكارگێڕی وكۆمەڵایەتی وزانستیەوە بەكار هێنراوە،موسڵمانان بە گشتی سوودیان لێ بینیووە.لەلایەنی سیاسی و كارگێڕیەوە شوێنێك بوو بۆ بڕیاردان وگفتوگۆكردنی مەسەلە گرنگەكان و پێشوازیكردن لە نێردراوەكان،موسڵمانان تیایدا ڕاوێژیان كردوە لەسەر مەسەلەی شەڕ و ئاشتی.لەلایەنی كۆمەڵایەتیەوە ئەگەر پێشتر ماڵی سەرۆك خێڵ شوێنی چارەسەركردنی كێشەكان بووبێت ئەوا لە دواتردا مزگەوت ئەو ڕۆڵەی گێڕاوە، لەهەمان كاتدا شوێنێك بووە بۆ فێربوون وفێركردن،لەم ڕوەوە ڕۆڵی قوتابخانەكانی ئێستای گێڕاوە.
یەكێكی تر لەو كارانەی جێگەی بایەخ بوو لای پێغەمبەر(د.خ)دروستكردنی پەیوەندیەكی پتەوی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگەبوو دوور لە خێڵ و بنەماڵە،بەڵكو لەسەر بنەمای موسڵمانیەتی كۆمەڵگە ڕێكبخات،بۆیە موسڵمانانی لە نێوان خۆیاندا كردووە بە برای یەكتر،برایەك نەك تەنیا بەزار بێت،بەڵكو بەكردار لەنێوان خۆیاندا ئەم برایەتییەیان سەلماندووە.
لەوكارە گرنگانەی پێغەمبەر(د.خ)ئەنجامیدا نووسینی بەڵگەنامە(دەستوور)ی مەدینە بووە،كەتیایدا تاكەكانی كۆمەڵگەی مەدینەی بە موسڵمان و جولەكەوە بەرپرسیاركرد بەرامبەر بەو شارە،چونكە دەستوورەكە تەنیا تایبەت نەبوو بە موسڵمانانەوە، بەڵكو تایبەت بوو بە جولەكەكانیشەوە وەک لە دەستوورى بەڕوونی دەردەكەوێت هەركەس ئازادە لە مومارەسەكردنی ئاینی خۆی و بە ئازادانە دوای ئاینی خۆی بكەوێت.
دوای ئەوەی پێغەمبەر ڕێككەوتنامەی حودەیبیەی لەگەڵ مەككەیەكان ئەنجامدا و لە مەترسی و پلانی ئەوان ترسی نەما،هەوڵیداوە بانگەوازی ئاینەكەی لە چواچێوەی نیمچە دوورگەی عەرەب بڕواتە دەرەوە وخەڵكان وفەرمانڕەواكانی تر ئیسلامیان پێبگات وبانگیان بكات بۆ سەر ئاینی ئیسلام.بۆیە نامەی ناردووە بۆ ئیمپراتۆری ڕۆم وئیمپراتۆری ساسانی ومەلیك و فەرمانڕەواكانی حەبەشە وبەحرەیەن و عومان... هتد.هەموو نامەكانیشی بە جۆرێك لە جۆرەكان بەیەك شێوە نووسراوە بانگی فەرمانڕەواكان وگەلەكەیانی كردووە بۆ سەر ئاینی ئیسلام ویەكتاپەرستی و ئامۆژگاری كردوون بۆ سەر ئاینی نوێ.زۆربەی فەرمانڕەواكانیش وەڵامی نامەكەیانیان داوەتەوە،هەندێك لەوانە بەباشی وەڵامیان داوەتەوە وەك فەرمانڕەوای حەبەشە. هندێكیشیان وەڵامەكەیان تووند وهەڕەشە لێكردن بووە وەك كیسرای فەرمانڕەوای ساسانی.بەڵام هەتا خۆی لە ژیان مابوو شەڕوبەریەك كەوتنی لەگەڵ ئەو فەرمانڕەیانە نەبووە تەنیا لەگەڵ فەرمانڕەوایانی ڕۆم وهاوپەیمانەكانیان نەبێت. وەك لە شەڕی موئتە ولە غەزای تەبووك ڕوویدا.
بەم شێوەیە دەبینین،ئەو هەوڵانەى پێغەمبەر(د.خ)لەسەرەتاى گەیشتنى بە شارى مەدینە بنەمایەکى گرنگ بوون بۆ شارستانیەتى ئیسلام،و پتەوبوونى ئەم شارستانیەتە.