مەترسییە تەندروستییەکانی خواردنەوەی ئاوی بوتڵی پلاستیکی
ئاوی بوتڵی پلاستیکی بە ئاسانی دەستدەکەوێت و گونجاوە بۆ هەڵگرتن. بەڵام خواردنەوەی ئاو لەم جۆرە بوتڵانە ڕەنگە بەو مانایە بێت کە تۆ ڕێگە بە هەزاران گەردیلەی پلاستیکی بچووکی ژەهراوی دەدەیت کە بە جەستەتدا تێپەڕن. توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، بە تێکڕا یەک لیتر ئاوی بوتڵی پلاستیکی لە دوو ملیۆن و ٤٠ هەزار پارچەی پلاستیکی پێکدێت. ئەمانە بە نانۆپلاستیک ناسراون، کە زیان بە تەندروستی دەگەیەنن.
زییانە باوەکانی بوتڵی پلاستیکی بریتین لە:
١.خواردنی مایکرۆپلاستیک
دەکرێت بوتڵی پلاستیکی مایکرۆپلاستیکەکان دەربدات بۆ ناو ئاوەکە، کە دەتوانرێت بخورێت و بە تێپەڕبوونی کات لە جەستەدا کۆببێتەوە. ئەم تەنۆلکانە دەکرێت ببنە هۆی کێشەی تەندروستی جۆراوجۆر، چونکە هەڵگری ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکانن.
٢. شلکردنەوەی کیمیایی
بوتڵی پلاستیکی دەتوانێت ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان وەکو ((BPA)Bisphenol A) بخاتە ناو ئاوەکەوە. BPA بە تێکدانی هاوسەنگی هۆرمۆنەکان ناسراوە و پەیوەندی بە کێشەکانی زاوزێ و کێشەکانی گەشەکردنەوە هەیە.
٣. ئەگەری شێرپەنجەییی
هەندێک مادەی کیمیایی کە لە پلاستیکەکاندا دەبینرێن، وەکو فتالێت و ستیرین، ئەگەری شێرپەنجەیان هەیە. لەوانەیە بەشداربن لە گەشەکردنی شێرپەنجە جۆراوجۆرەکان، لەوانە شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی پرۆستات و شێرپەنجەکانی پەیوەست بە سیستەمی زاوزێ.
٤. هەڵمژینی ژەهری ژینگەیی
پلاستیک دەتوانێت ژەهرەکانی ژینگە هەڵبمژێت، و کاتێک دەخورێت ئەم ژەهرانە کاریگەری نەرێنیان لەسەر تەندروستی دەبێت. بەرکەوتنی درێژخایەن بەم جۆرە پیسکەرانە دەتوانێت بەشداربێت لە حاڵەتە تەندروستییە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، کێشەکانی هەناسەدان، تێکچوونی دەمارەکان و تێکچوونی گۆڕانکاری خۆراک.
پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت لەسەر کاریگەرییە زیانبەخشەکانی پلاستیک لەسەر تەندروستی، بەڵام باشترە خۆ بەدوور بگیردرێت لە بەکارهێنانی بوتڵی پلاستیکی،
لەبری بوتڵی شوشەیی یاخود بوتڵی ستیل بەکاربهێنرێت.
باخان هیوا
پزیشکی دەرمانساز/ یاریدەدەری تاقیگە لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان