میراتی شوێنەواری و مێژوویی بە هەردوو جۆرە بەرجەستەیی(بۆ نمونە، بیناسازی، نەخش و بەجێماوە هونەرییەکان، گڵێنەکاری و کانزاکاری) و مەعنەوییەکەیەوە (بۆ نمونە، داب و نەریت، زمان، چیرۆک و ئەفسانە فۆلکلۆرییەکان، مۆسیقا و هونەر)، سامانێکی نەتەوەیی بەنرخن لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گوازراوەتەوە و پارێزگاری لە مانەوەیان کراوە. هەروەها ئەم میراتە هەمیشەییە بەرجەستەکردنی یادەوەری بەکۆمەڵی کۆمەڵگایە و ڕەنگدانەوەی مێژوو، بەها، ناسنامەی نەتەوەیی و بیروباوەڕەکانییەتی. لە ژێر ڕۆشنایی گرنگی و بایەخی شوێنەوار و مێژووی ناوچەی گەرمیان، ئەم کۆنفرانسە نێوان زانستییە بەشێوەیەکی ئەکادیمی بواری توێژینەوەیی دابین دەکات بۆ لێکۆڵینەوەی ڕێکخراو لە گرنگی مێژوویی، کەلتوری، ئابوری و شارستانییەتی ناوچەی گەرمیان لە باشووری کوردستان. چوارچیوەی کۆنفرانسەکە ماوەیەکی مێژوویی سێ هەزار ساڵە (١٥٠٠ پ.ز بۆ ١٥٠٠ ز)دەگرێتەوە لە کۆتایی چاخی بڕۆنزیەوە تاکو کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست، لەوانە سەردەمەکانی کۆتایی چاخی بڕۆنزی (کاشی، خوری-میتانی، عیلامی و ئاشوری ناوەڕاست)، ئاشووری نوێ، هەخامەنشی، ئەشکانی، ساسانی و سەردەمی ئیسلام. ئەم کۆنفرانسە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە ڕۆڵی گەرمیان وەک ناوەندێکی نێوان هەرێمی بۆ پێکەوە بەستنەوەی شارستانیەتە جیاوازەکان دەخاتە ڕوو. بەو پێیەی بە درێژایی ئەم ماوە مێژووییە گەرمیان ناوەندی گرنگی کارگێڕی و ئیداری زلهێزەکان بووە و گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێ سیاسی و سەربازیەکان بووە. بەهۆی گرنگی پێگە جوگرافیەکەیەوە بە درێژایی مێژوو ئەم سنورە جوگرافیەدا جێگەی بایەخ و گرنگی دەوڵەت و هێزە جیاوازەکان بووە و لە هەوڵی دەستبەسەرگرتنیدا بوون. هەر بۆیە گەرمیان خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندە، خاوەنی بەجێماوی شوێنەواری و مێژوویی بایەخدارە و پێگەیەکی گرنگی لە تۆمارە مێژووییەکاندا هەبووە، ئەمەش دەخوازێت ئەمەش دەخوازێت لە ڕێگەی کاری زانستی و ئەکادیمیەوە بخرێنە ڕوو.
هەروەها، ئەم کۆنفرانسە کار دەکات بۆ دیارخستنی گرنگی جیۆستراتیجی ناوچەی گەرمیان و ڕۆڵی وەک ناوەندێکی ئابووری و بازرگانی گرنگ بۆ ئیمپراتۆریەت و دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان. بەهۆی گرنگی پێگە جوگرافیەکەیەوە، ناوچەی گەرمیان شوێنێکی گرنگی ژیاری بووە و مەڵبەندی کۆبونەوەی نەتەوە و ئاین و ئانزا جیاوازەکان بووە، ئەمەش وایکردووە ناوچەی گەرمیان ببێتە نمونەیەکی جوانی پێکەوە ژیانی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان. لە ڕێگەی شیکردنەوەی بەڵگە شوێنەوارناسییەکان و سەرچاوە نوسراوەکان، کۆنفرانسەکە هەوڵ دەدا تێگەیشتنێکی ورد و نوێ لەسەر میراتی شوێنەواری و مێژوویی فرەڕووی گەرمیان پەرە پێبدرێت، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە ئەکادیمیەکانەوە لایەنی هونەری، باوەڕداری ئاینی لەوانە: زەردەشتیەت، جوو، مەسیحیەت و ئیسلام بخرێنە ڕوو. ئەم ناوچەیە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی گەشەسەندووی هەیە و پێویستی بە ئاوڕدانەوەی زانستی و ئەکادیمیە بە مەبەستی ئاشکراکردنی ڕاستیە مێژوویی و شوێنەواریەکان.