کارلێکی کەلتوری و ستراتیجی جیۆپۆلەتیکی ناوچەی گەرمیان:
لەم تەوەرەدا تیشک دەخرێتە سەر گۆڕانکاریە سیاسی و سەربازی و کەلتوریەکانی ناوچەکە لە دوو سەردەمی پڕ لە ئاڵۆزی سیاسی و شارستانی و ئابوری و کەلتوری: یەکەم، بەو پێیەی ناوچەی گەرمیان پێگەیەکی گرنگی جوگرافی هەبووە، ناوەندێکی گرنگی ململانێ سەربازیەکان بووە لە نێوان زلهێزەکانی وەک کاشی و ئاشوری و میتانی و عیلامی لە ماوەی ماوەی کۆتایی چاخی برۆنزیدا. توێژەران هاندەدرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە میراتی مێژوویی و شوێنەواری و کەلتوری و شارستانییەتی ئەو نەتەوە جیاوازانە لە ناوچەی گەرمیان، بە تایبەتی سەرنجێکی تایبەت بخرێتە سەر تۆمارە مێژووییەکانی ئەم سەردەمە. دووەم، لە ماوەی فەرمانڕەوایی دەوڵەتی ئاشوری نوێدا، چەندین دەوڵەت و نەتەوە و شانشینی ناوخۆیی لە سنورەکانی گەرمیاندا فەرمانڕەواییان دەکرد، گرنگی پێگە جوگرافیەکەی گەرمیان لە ڕووی ئابوری و سیاسیەوە هۆکاری دروستبوونی ململانێ و چەندین شاڵاوی سەربازی بوو، ئەمەش وایکردووە ناوچەکە ناو و ناوبانگێکی زۆری هەبێت لە تۆمارە مێژووییەکانی ئەو سەردەمە. هەربۆیە کۆنفرانس بە بایەخەوە لە کاری لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی دەڕوانیت لەسەر لێکەوتە جۆراوجۆرەکانی ڕووداوە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی ئەم سەردەمە.
میراتی کارگێڕی و ئاینی و شارستانی هەزارەی یەکەمی پێش زاین و هەزارەی یەکەمی زاینی لە ناوچەی گەرمیان:
گەرمیان سەرە ڕێگە و ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و کەلتوری بووە لە نێوان زلهێزەکاندا. خاڵی پێکەوە بەستنەوەی هەردوو ئیمپراتۆریەتیەتە یەک لە دوای یەکەکان بووە. ئەم پانێڵە گرنگی دەدات بە بایەخی ناوچەی گەرمیان لە ماوەی فەرمانڕەواییکردنی دەوڵەتی هەخامەنشی، ئەشکانی و ساسانی لە ناوچەکەدا. پێویستە توێژینەوەکان سەرنج بخەنە سەر گرنگییەکانی لایەنی کارگێڕی و بازرگانی و سەربازی و میراتی بەجێماوی دەوەڵەتانی ئەو سەردەمە مێژووییە لە ناوچەکەدا. لێکۆڵینەوە لە هەر تۆمارێکی مێژوویی و بەجێماوە بیناسازی و کەرەستە شوێنەواریانە بکرێت کە بایەخ و گرنگی گەرمیان وەک ناوەندێکی کارگێڕی و ئابوری و بازرگانی نیشان دەدات کە تۆرێکی بەهێزی بازرگانی هەرێمایەتی و ڕێگای ئاوریشم بووە.
فتوحاتی ئیسلامی و قۆناغە ڕاگوزارییەکانی سەرەتای سەدەکانی ناوەڕاست:
لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانی نێوانی هەردوو ئیمپراتۆریەتی ساسانی و دەوڵەتی ئیسلام، ناوچەی گەرمیان بوو بە چەقی ململانێکان. لەم تەوەرەدا گرنگی دەدرێت بە گرنگترین لێکەوتەکانی ئەو شەڕ و پێکدادانە سەربازییانەی لە نێوان هەردوو دەوڵەتەکە ڕوویان داوە لەسەر ناوچەی گەرمیان. توێژەران هان دەدرێن بۆ لێکۆڵینەوە لە دەرەنجامەکانی بە ئیسلام کردن و پێکەوە ژیان لەگەڵ نەریتە ناوخۆییەکانی پێش ئیسلام لە ناوچەی گەرمیان. هەروەها گرنگی بدرێت بە بارودۆخی ئاینی زەردەشتی و مەسیحیەت و کەمایەتییە ئاینییەکانی دیکە لە ماوەی فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆرى ساسانی و لە دوای هاتنی سوپای ئیسلام و دەستپێکردنی فتوحاتی ئیسلامی لە ناوچەی گەرمیان. ئەم ململانێیانە چی کاریگەرییەکی لەسەر کارلێکی کەلتوری و شارستانی لە نێوان کورد و عەرەب و فارسدا هەبووە و ڕەنگادانەوەکانی چی بوون لە ناوچەکەدا، هەوەها لەم تەوەردا گرنگی دەدرێت بە گرنگترین قەڵا و تاوەرەکانی بەرگریکردن لە ناوچەی گەرمیان و پێکدادانەکانى هەردوولا لەم ناوچەیە، پاشانیش ڕەگ داکوتانى ئاینى ئیسلام و دەسەڵاتدارە موسڵمانەکان لە ناوچەکەدا. هەروەها گرنگی بدرێت بە بارودۆخی ناوچەی گەرمیان لە ململانیی نێوان گروپ و دەستەوتاقمە مەزهەبیەکانی وەک سونە و شیعە و خەواریجەکان لەگەڵ خەلافەتی ئیسلام.
گەرمیان لە سەردەمی بنەماڵە کوردییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست:
لەم پانێڵەدا توێژەران هاندەدرێن سەرنج بخەنە سەر گرنگترین ئەو بنەماڵە کوردییانە لە ناوچەی گەرمیاندا لە ماوەی سەدەکانی ناوەڕاستدا فەرمانڕەواییان کردووە، لەوانە حەسنەوی و عەنازیەکان. پەیوەندی نێوان بنەماڵە کوردییەکان و دەوڵەتە فەرمانڕەواکانی وەک ئەمەوی و عەباسییەکان بخرێتە ڕوو، پێگەی جوگرافی گەرمیان و ڕۆڵی لە بازرگانییە هەرێمایەتییەکان لەم سەردەمەدا بابەتی گرنگی توێژینەوەکانن. هەروەها کۆنفرانس ئەخوازێت گرنگی بە تێکەڵاوی و کارلێکە شارستانییەتەکانی ئەم سەردەمە لە ڕووی هونەری بیناسازی و ئابووری و ئاینییەوە لە نێوان هەرسێ دەسەڵاتدارى بوەیهی و سەلجوقی و عەباسی ڕوونبکرێتەوە.
فرە ئاینیی و لایەنی ڕۆشنبیری ناوچەی گەرمیان:
بە درێژایی مێژوو ئاین و بیروباوەڕە ئاینیەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە ئاراستەکردنی نەتەوە جیاوازەکان هەبووە و کاریگەریان لەسەر ئاستی ڕۆشنبیری گشتی هەبووە. ناوچەی گەرمیانیش ناوچەیەکی دەوڵەمەند بووە بە کولتور و بیروباوەڕی ئاینی جۆراوجۆر. ئەم کۆنفرانسە بوار دەڕەخسێنێت بۆ توێژەران لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ئاین و ئاینزاکان و نەتەوە جۆراوجۆرەکان بکات لەوانە: خواوەند و بیروباوەڕە ئاینیەکانی ناوچەکە هەر تۆمارێکی ئاینی لە ماوەی کۆتایی چاخی برۆنزی تاوەکو هاتنی ئیسلام، بایەخێکی تایبەت بدرێت بە بارودۆخی ئاینى زەردەشتی و یەهودی و مەسیحى و ئیسلام و یارسانى و بیروباوەڕە ئاینییە ڕەسەنەکانی ناوچەکە لە ژێر سایەی دەوڵەتانی ئەشکانی و ساسانی و ئیسلام. ئەمەش بوار دەڕەخسێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لەم بوارە گرنگە لە ژێر ڕۆشنایی تۆماری مێژوویی، کەرەستەی بەجێماوی شوێنەواری و هونەری، بیناسازی پەرەستگا و ڕووگە ئاینی و گۆڕە بەجێماوەکان و مەراسیمە تایبەتەکانی ناشتن و مامەڵەکردن لەگەڵ مردووان.
پێگەی ناوچەی گەرمیان لە مێژوونوسی جیهانی و هەرێمایەتیدا:
لەم تەوەرەدا گرنگی دەدرێت بە دید و تێڕوانینی مێژوونووس و گەڕیدە و لێکۆڵەرەوە بیانییەکان لە ئاماژەکردن بە ناوچەی گەرمیان لە ڕووی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و کەلتوریەوە لە ماوەی سەدەکانی ناوەڕاستدا. توێژەران هاندەدرێن بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ناو و ناوبانگی ناوچەی گەرمیان لە ماوەی سەدەکانی ناوەڕاست لە سەرچاوە کوردی و عەرەبی و فارسی و بیانییەکانى تردا.
شوێنەوار و کەرەستە کەلتوریەکانی ناوچەی گەرمیان:
لە ماوەیەکی کورتی لێکۆڵینەوەی شوێنەواری لە ناوچەی گەرمیان، چەندین دۆزینەوەی گرنگی شوێنەواری بە بایەخ کە مێژوویی چەند هەزار ساڵەی گەرمیانیان ئاشکرا کردووە دۆزراوەتەوە. ئەم پانێڵە گرنگی دەدات بە گرنگترین دۆزینەوە شوێنەواریەوەکان وەک: بیناسازی، دراو، گلێنە و گۆزەکاری، و دەستنوس و تۆمارە مێژووییەکان لە کۆتایی چاخی برۆنزیەوە تاوەکو کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست. هەروەها لە ڕۆشنایی دۆزینەوە شوێنەوارییەکان گرنگی بدرێت بە ڕۆڵی ناوچەکە لە پیشە و دەستڕەنگی و پیشەسازیە خۆماڵییە جۆراوجۆرەکان، توێژەران هاندەدرێن لە ڕێگەی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی بەراوردکاری و شیکاریەوە بەها شوێنەواری و مێژووییەکانیان بخەنە ڕوو و هۆکار و نهێنیەکانی پشت بەجێماوەکان ئاشکرا بکەن.