رۆڵی ژنان وەک سۆژە لە خەباتی دژە داگیرکاری کوردستاندا
ن: ڕێزان نورالدین حەسەنی
لەم رۆژانەدا یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆر باسی دەکرێت بەشداری ژنان لە خەبات و خەباتی چەکدارییە. ئاخۆ ژن ئەتوانێت و بۆی هەیە خەباتی سیاسی- چەکداری بکات؟ ئاخۆ ئەمە بە ئیشێکی ژنانە دەزانرێت یان نا؟ وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە دیاریکردنی رۆڵی ژنە لە کۆمەڵگا بەوەی کە ئاخۆ وەک سووژە دەرئەکەوێت یان ئۆبژە؟
سووژەبوون ( Subjectivity ) لە فەلسەفەدا ئاماژەیە بەوەی کە مرۆڤ بوونەوەرێکی چالاکە، خاوەن وشیاری و ئیرادە و ئەزموونی تاکەکەسییە. بەرامبەر بەم چەمکی سووژەبوون، چەمكێک هەیە کە ئاماژەیە بەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی دەستەوەستان، بێ کردە، بێ ئەزموونە. ئەو چەمکەش چەمکی ئۆبژەبوون (Object) ە. [1]
سووژە (Subject): ئەو کەسەیە کە دەناسێت، کرداری هەیە و چالاکە، ئەزموون ئەکات.
ئۆبژە (Object) : ئەو شتەیە کە دەناسێندرێت یان دەبیندرێت. پەسیڤە، بێ کردەیە و توانای ئەزموون کردنی نییە.
خودوشیاری یان وشیاری (Consciousness): یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی سووژە، وشیارییە. ئەو ئەتوانێت بیر لە خۆی و ئەزموونەکانی و دەورووبەری بکاتەوە.
"من بیرئەکەمەوە کە وایە هەم" (دکارت).[2]
لەم دیدەوە دەمهەوێ باس لە رۆڵی ژن لە خەبات و خەباتی کوردستاندا بکەم. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رووداوانەی کە لەم رۆژانەدا لە کوردستان بە هەموو پارچەکانییەوە رووئەدەن و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سەرنجم زیاتر لە سەر رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانە.
خەباتی کورد لە کوردستان، خەباتی نەتەوەیی ( ناسیۆناڵیستی)ە. چەمکی نەتەوەخوازی Nationalism چەمکێکی مۆدێڕنە . ناسیۆنالیزم ئایدیا و بزووتنەوەکە کە کار لە پێناو بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیەکدا. ناسیۆنالیزم جۆرێک وشیاری بەکۆمەڵە. واتە وشیار بیت و بزانی کە سەر بە نەتەوەیەکی کە بە ( وشیاری نەتەوەیی) ناوی دەبرێت.
لەم ڕوەوە کە بە وشیارییەوە دەبەسترێتەوە، وشیارانە کاری بۆ ئەکرێت، نەتەوە گەرایی کار لە سەر دروستکردن یان بونیادنانی مرۆڤێک ئەکات کە سووژە بێت. یان ئەتوانین بڵێین پەیوەندییەکی دیالێکتیکی هەیە لە نێوان ناسیۆنالیزم و سووژەبوون(subjectivity) دا.
بەرهەمی ئایدیای ناسیۆنالیزم و خود وشیاری تاک و کۆمەڵ ، مرۆڤێکی خودوشیاری لی ئەکەوێتەوە کە بە ناسیۆناسیۆنالیست ناوی ئەبەین.
بزووتنەی نەتەوەیی کورد، دەرئەنجامی وشیارییەکی نەتەوەییە، وشیارییەکی تاک و بە کۆمەڵ. بەرهەمی ئەم وشیارییە وەستانەوەیە دژ بە کۆلۆنیالیزمی فارس، تورک، عەرەب. لەم روانگەوە دەمهەوێ لە روانگەیەکی دژە کۆلۆنیالیستییەوە پێناسەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بکەم. لەم روانگەوە لە روانگەی ئاشیل مێمبێ(Achille Mbembe)(١٩٥٧-) بیرمەندی دژە کۆلۆنیالیستی کامێرۆنییەوە چەمکەکان پێناسە ئەکەم .
دژە کۆلۆنیالیست بوون (Anti- Colonialism) بە مانای وەستانەوە دژی کۆلۆنیالیسم، چەوسانەوە، داگیرکاری، دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری هێزێکی دەرەکییە لەسەر نەتەوەکانیتر. بە مانایە دەسەڵاتدارانی عەرەب، فارس و تورک وەک هێزی کۆلۆنیالیستی دەناسرێن کە کوردستانیان داگیرکردووە، چ لە باری سیاسی و چ لە باری ئابوورییەوەو خەریکی چەوسانەوەی خەڵکن و بزووتنەوەی کوردستانیش وەک بزووتنەوەیەکی دژە کۆلۆنیالیستی ئەتوانین پێناسە بکەین.
هەروەها ئاشیل مێمبێ باس لە چەمکێکیتر ئەکات کە ئەویش چەمکی کۆلۆنیالیسمی ناوخۆیی (Internal Colonialism): بەم واتایە گرووپ و تاقمێکی زاڵ لە وڵاتێک، بە زۆری هێز، دەسەڵاتی خۆی بەسەر گرووپ و نەتەوەکانیتردا دادەسەپێنێت و مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوورییەکانیان لێ زەوت ئەکات. ئەم پێناسەیەی ئاشیل مێمبێ لەسەر کوردستان لە هەر ٤ پارچەکەدا دەگونجێت.[3]
کوردستان دوای ڕێکەوتنامەی لۆزان (٢٣ ی تەمووز ١٩٢٣)، وڵاتێکی دابەشکراوە بەسەر ٤ پارچەدا، دەرئەنجامی ئەم دابەشکارییە ئەوە بووە کە کۆمەڵێک شۆڕش لە لایەن شۆڕشگێڕانی کوردەوە دەستی پێکردووە لەوانە:[4]
شۆڕشی سمایل خانی شکاک ( سمکۆ) ١٩١٨-١٩٢٢
ڕاپەڕینی شێخ مەحموودی حەفید: ١٩٢٠- سلێمانی
شۆڕشی شێخ سەعید پیران: ١٩٢٣ -١٩٢٥ و سەرەنجام لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٢٥ لەگەڵ ٤٧ تێکۆشەریتر لە دیاربەکر لە سێدارە دراو و شۆڕشەکە سەرکوت کرا.
سەید رەزا: شۆڕشی سەید رەزا کە بە شۆڕشی دێرسیم ناسراوە ١٩٣٧ -١٩٣٩
کۆمەڵەی ژ.ک ١٩٤٢
حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران: ١٩٤٥، کۆماری کوردستان ١٩٤٦
پارتی دیمۆکراتی کوردستان PDK ١٩٤٦
یەکیەتی نیشتمانی کوردستان: ١٩٧٥
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ١٩٧٠
پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) ١٩٧٨ و....
زۆر حیزبیتر لەوانە، خۆی بوون، حیزبی کاوە، و ...
ئەمانە بەشێک لەو حیزب و رەوتە سیاسیانە بوون کە لە کوردستان دژی کۆلۆنیالیسم سەریان هەڵداوەو ئەتوانین لە چوارچێوەی تیۆری ئەنتی کۆلۆنیالیستی دا ، ئەم جووڵانە پێناسە بکەین.
بێگومان بە هۆی ستراکتۆری کۆمەڵگای کوردییەوە، سەرەتا ئەم شۆڕشانە شۆڕشێکی تەواو پیاوانە بوون و ژن زۆر کەم دەورییان بووە لەم خەبات و شۆڕشانەدا. بەڵام لە دوای ١٩٧٠ بە دواوە ئەبینین ژنان سەرەتا وەک تاک و دواتر وەک رێکخراو لە ناو حیزبە سیاسییەکاندا پێگە پەیدا ئەکەن.
مارگرێت جۆرج: ژنێکی پێشمەرگە بووە کە بە یەکەم ژنە پێشمەرگەی کورد ناوی لێ دەبرێت. لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا لە حاڵێکدا پێشمەرگە بوونی ژنان باو نەبووە، چۆتە ناو پارتی دیمۆکراتی کوردستان و ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی قەڵا قۆری بە شێوەی گومانئاوی لە لایەن شۆڕشەوە کوژراوە.[5]
لەیلا قاسم: (١٩٥٢-١٩٧٤) : ساڵی١٩٧٠ ئەو کاتەی خوێندکاری بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی بەغداد بووە، بووە بە ئەندامی پارتی دیمۆکراتی کوردستان. وەک ئەندامێکی چالاکی رێکخستنەکانی پارتی کاری کردووەو دەستگیرکراوەو ١٢ی ئایاری ١٩٧٤ لە سێدارە دراوە.[6]
پەرەسەندنی ئایدیای چەپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی حیزبە چەپەکان ، وا ئەکات ژنان زیاتر لە شۆڕشدا بەشداری بکەن و دەورێکی کاریگەریان هەبێت. پاییزی ١٩٨٢ یەکەم پەلی پێشمەرگەی ژنانی کورد، کە بە شێوەی رێکخراو دەرئەکەون، لە لایەن کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئیرانەوە چەکدار ئەکرێن و ژنان بە فەرمی وەک هێزی چەکدار دەناسرێن . وەک فەرماندەی سەربازی دەرئەکەون، پلەی بەرزی حیزبی بە دەست دەهێنن.
شیعری "بەیان" لە نووسینی شێرکۆ بێکەس، نموونەیەکی دیاری بە سووژە بوونی ژنە لە ناو ئەم هێزەدا.[7]
بەیان لە گوندێکی بچووکی نزیک مەریوانەوە، دژی بێ دادی، دژی سیستەمی پیاوسالاری، دژی دەسەڵاتی تاران ، ئەو تارانەی کە عەبای رەشی بەسەر چنارەکاندا دابوو، دەست ئەداتە چەک و وەک فەرماندەی هێز دەرئەکەوێت و سەرەنجام شەهید ئەبێت.
خەباتی چەکداری PKK ساڵی ١٩٨٤ دەست پێدەکات و دەای دەستپێکردنی خەبات، ژنان لەم رەوت و بزووتنەوەیەدا چالاکانە بەشداریان ئەبێت. لە دوای ٢٠١١ و دەرکەوتنی داعش لە سووریا و عێراق، قارەمانێتی و سووژە بوونی ژنی کورد لە خەباتدا زیاتر دەرکەوت. پارتی یەکیەتی دیمۆکراتیکی سووریا( پەیەدە) وەک باڵی رۆژئاوای PKK دەوری چالاکی هەبووە لە رێکخستنی خەڵک. باڵە سەربازی ئەم هێزە ( یەپەگە) و ( یەپەژە) دەوری چالاکیان بووە لە شەڕ دژی داعش و ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند. ژنانی کورد، لەم جەنگانەدا دەوری کارایان هەبوو. وەک هێزی سەربازی دەرکەوتن. نموونەی وەک ( ئارین میرکان) (١٩٩٥-٢٠١٤) کە کچە فەرماندەیەکی یەپەژە بوو و لە کاتی گەمارۆی کۆبانی، لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، تا دوا سات شەڕی کرد و سەرەنجام خۆی تەقاندەوە بە ژمارەیەک لە هێزەکانی داعشدا و بەم شێوەیە گیانی لە دەستدا.[8]
لەیلا زانا، نموونەیەکی دیاری سووژە بوونی ژنی کوردە وەک ئەکتەرێکی سیاسی. لەیلا زانا ساڵی ١٩٩١ لە رێ و رەسمی سوێندخواردنی پەرلەمانی تورکیا بە کوردی سوێندی خوارد. لەو رێ و رەسمەدا لەیلا زانا ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستانی وەک سێمبۆلی کوردستان لە ناوچاوانی بەستبوو؛ ئەم ئەکتەی لەیلا زانا بوو بە هۆی ئەوەی بدرێتە دادگا و ساڵی ١٩٩٤ خرایە زیندان و پاش ١٠ ساڵ، ساڵی ٢٠٠٤ لە زیندان ئازاد کرا.[9]
یان کەسانی وەک ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەر، وەک کەسایەتییەکی دیاری سیاسی و دیپلۆماسی دەرکەوتووە.
لەم ئایدیایەدا ژن تەنها خزمەتکار نییە، ئۆبژە نییە. لە پشتی سەنگەرەوە نییە. ئەو لە بەرەی یەکەمی جەنگە و دژی داگیرکەران، دژی ئەوانی تاریکی هێنەرن دەوەستێتەوەو شەڕ دەکات. بەشدارە لە بڕیاردانی سیاسیدا، بەشدارە لە بەڕێوەبردنی وڵات.
لە چەند رۆژی رابردوودا بینیمان کچێکی گەنجی شەڕڤان ( دەنیز) لە شاری حەلەب، کە قەناس بەدەست بووە، لە پارێزگاری لە گەڕەکە کوردنشینەکان گیانی لە دەستدا و شەهید بوو. دوای شەهیدبوونی تەرمەکەی لە لایەن هێزەکانی ( ئەحمەد شەرع)ەوە لە نهۆمی چوارەمەوە خرایە خوارەوە. خستنە خوارەوەی ئەم تەرمە هەمدیسان دوو ئایدیای لە کوردستان ڕووبەڕووی یەک کردەوە. ئایدیایەک کە دەیهەوێت ژن ئۆبژە بێت، لە ماڵەوە دانیشێت، خزمەتی پیاو بکات و مناڵداری بکات. ئەو ئایدیایەش کە ژن وەک سووژە ( بکەر ) ئەبینێت، رێز لە سووژە بوون و بڕیاردانی ئەگرێت.
شۆڕشی ( ژن، ژیان، ئازادی) یان شۆڕشی ژینا کە سێپتەمبەری ٢٠٢٢ و دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچێکی سەقزی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد و بێگومان ئێستاش کاریگەرییەکانی هەرماوە، نموونەیەکی دیاری بە سۆبجێکت بوونی ژنانە لە کوردستان. ژنان لەم شۆڕشەدا دەوری بەرچاویان گێڕاوەو دەگێڕن. تەنانەت لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێرانیش کە بە داخەوە ژمارەیەکی زۆر لە بوون بە قوربانی، ژنان دەوری کارایان هەبوو. لە ئێستاشدا ژنانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەامن لە خەباتیان بە هەموو فۆڕمەکانییەوەو دروشمی نەفرەت ئەکەن لە شا و ئاغا و سیستەمی داڕزاوی پیرەپیاو.
لە کۆتاییدا قسەیەکی کالین لۆیکفێڵد، ئەنترۆپۆلۆژیست و رۆژهەڵاتناس دەهێنمەوە. ئەم رۆژهەڵاتناسە لە وتارێکدا کە لە دەیەی ١٩٦٠ بڵاوی کردۆتەوە، لای وایە ژنی کورد لە چاو ژنانی نەتەوەکانیتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازادترە. ئەو لای وایە ژنی کورد بە پێچەوانەی ژنانی نەتەوەکانیتر، بەشدارە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کشت و کاڵی و ئاژەڵداری. بەشدارە لە پرۆسەی بڕیاردان. تەنانەت لای وایە جۆری ئایینداری لە کوردستان جیاوازە لە نەتەوەکانی دەورووبەر و ئەمەش وایکردووە ژنی کورد ئازادتر بێت. ئەو ژینگەی جوگرافیایی کوردستان بە هۆکاری سەرەکی ئەم جیاوازییە ئەزانێت.
سەرچاوەکان
قادر، س. (11/03/2024) پەیمانی لۆزان و کاریگەری لە سەر کورد. مێژووی کورد،
https://www.historyofkurd.com/2024/03/11/%D9%BE%DB%95%DB%8C%D9%85%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D9%84%DB%86%D8%B2%D8%A7%D9%86-%D9%88-%DA%A9%D8%A7%D8%B1%DB%8C%DA%AF%DB%95%D8%B1%DB%8C-%D9%84%DB%95%D8%B3%DB%95%D8%B1-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF
[2]ابا اباد. (March 12, 2024) ابژە و سوژە.
https://abaebad.com/object-and-subject/
[3] Mbembe, A. (2024). On the Post Colony. Wits University Press, 978-1-77614-939-1
[4] قادر، س. (March 11, 2024) پەیمانی لۆزان و کاریگەری لە سەر کورد. مێژووی کورد،
[5] Kurd collect. (April 12, 2023). مارگرێت جۆرج.
https://kurdcollect.com/index.php/%D9%85%D8%A7%D8%B1%DA%AF%D8%B1%DB%8E%D8%AA_%D8%AC%DB%86%D8%B1%D8%A
C
[6] - ROJIKURD.(October 12, 2016). . لەیلا قاسم باشتر بناسین
https://www.rojikurd.net/leila-qasm-bashtr-bnasin/
[7] - مەلەکە مستەفا سوڵتانی، چەکدارکردنی یەکەمین دەستەی پێشمەرگەی ژنان ، سێبەری قەلەبەرد ل ٦٦
[8] - کەریم، ل. (2022-04-11). ئارین میرکان.
https://zaniary.com/blog/62547db867c7f
[9] -https://partipedia.org/ku/articles/%DA%AF%D8%B4%D8%AA-%D8%A8%D8%A7%D8%A8%DB%95%D8%AA%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/%D9%84%DB%95%DB%8C%D9%D8%A7-%D8%B2%D8%A7%D9%86%D8%A7