لە کتێبی (Mediactive ) کە لەلایەن دان گلیمۆر، نوسەری بواری تەکنەلۆژیا و بەڕێوبەری گشتی News Co/Lab لە بەشی ڕۆژنامەوانی زانکۆی ئەریزۆنا نوسراوە و چەندین رێنمایی کردەیی دەدات بە بەکارهێنەری میدیا لەسەردەمی دیجیتاڵیدا ، ئەم پەرەگرافە سەرنجڕاکێشە دێتە بەرچاو:
(بەخێربێن بۆ سەدەی ٢١ی میدیا، بەخێربێن بۆ سەدەی دیموکراسی و لامەرکەزی ڕیشەیی لە دروستکردن و بڵاوکردنەوە، کە هەرکەسێک دەتوانێت هەرشتێک بڵاوبکاتەوە، و هەروەها بدۆزێتەوە کە ئەوانیتر بڵاویانکردۆتەوە، بەخێربێن بۆ سەدەی زۆری زانیارییەکان. هەروەها بەخێرێبێن بۆ سەدەی سەرلەشێواوی : بۆ زۆرێک لە ئێمە، ئەم سەلێشێواویە لە لافاوێک دەچێت لە لێشاوێک داتادا دەمانخنکێنێت، بەشێوازێک نەتوانین بڕیار لەسەر ڕاست و دروستییان بدەین. مرۆڤ تەنیایە ئەگەر نەزانیت باوەڕ بەچی بکات، بەڵام لەڕاستیدا، پێشتر هەرگیز ئەوەندەی ئێستا ڕێگامان لەبەردەستدا نەبووە، بۆئەوەی باش و خراپ لەیەکتر جیابکەینەوە: چەندین ئامراز و تەکنیک هاتووەنەتە ئاراوە لە ئەنجامی هەمان ئەو پێکدادانەی کە لەنێوان میدیا و زانیارییەکان ڕوویداوە و سەرلێشێواویان دروستکردووە. هەروەها ئەوە لە بیر مەکە گرنگترین ئامراز لەنێو هەمویاندا مێشکت و زانینخوازی خۆتە.
ئەم دەقەی سەرەوە هەرچەند کورتبێت هەڵگری مانای قوڵە، ئەو بارودۆخەیە کە ئێستا مرۆڤایەتی پێیدا تێدەپەڕێت، دەمانخاتە بەردەم پرسیارێکی قوڵ لەسەر وجودمان لەناو ئەم پێکدادانە ئاڵۆزەی میدیا و زانیارییەکان، دەمانوەستێنێت و کەمێک بیردەکەینەوە، چەندین پرسیاردێت بە مێشکماندا. بەڕاست چۆن نەخنکێن لەناو ئەم هەموو سەردێڕە هەمەچەشنە، پۆلیس لە دادگا بەشەق لە خوشکێکی تارقی بەقاڵ دەدات، کەسوکاری تارقی بەقاڵ سوکایەتییان بە دادگا کردووە، قوباد تاڵەبانی داوای لێبوردن لە خوشکەکەی تارقی بەقاڵ دەکات، داوای لێبووردنەکەی قوباد تاڵەبانی خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، ……هتد، ئەمە نموونەیەکی بچووک بوو کە چەند ڕۆژێکە لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان زۆرترین قسەی لەسەر کرا.. باشە چۆن مرۆڤ پارێزراوبێت لە هێرشەکانی ئەم گوتارە جیاوازانە کە بەخەندەوە پێشکەشکارێکی دەنگ خۆش یان گۆرانیبێژێک دەیئاخنێتە بوونمانەوە و ڕەنگە تا ئاستی سلوک و هەڵوێست بڕوات.
لە سکوڵی ڕۆژنامەوانی زانکۆی ئەریزۆنا سیمینارێکمان پێشکەش کرد دەربارەی، تێڕوانینی ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە ڕۆڵی چاودێریکاری بەرنامە ھەواڵییەكان لە تەلەفزیۆنە کوردییەکاندا، بەناونیشانی
(The watchdog role of Television News Programs: A Study on the perception of Kurdish Journalists)
ھاوکات لە بەشێکی سیمینارەکەدا، باسمان لە ژینگەی کاری ڕۆژنامەوانی کرد لە ھەرێمی کوردستان، داتاکانی ڕاپۆرتی ئەمساڵی سەنتەری میترۆمان خستەڕوو سەبارەت بە ئەو پێشێلکارییانەی کە لە ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن لە ھەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراوە
لەماوەی ھەفتەیەکدا لە سکوڵی ڕۆژنامەوانی زانکۆی ئەریزۆنا چەمکی زانیاری چەواشەکاری، زانیاری ھەڵە، ھەواڵی ساختە و کاریگەرییەکانیان لەسەر پرۆسەی سیاسی گفتوگۆیان لەسەر کرا. توێژەران، ڕۆژنامەنووسان و پسپۆڕانی میدیا چەندین سیمینار و پانێڵیان ساز کرد بۆ خستنەڕووی ئەو توێژینەوانەی کە لەم بوارەدا ئەنجامیان داوە
بەشێوازی پراکتیکی ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە خرانەڕوو، لەنێویاندا چەندین توڵ وئامرازی نوێ بە ١٥ بەشداربووەکەی پرۆگرامی سوسی ناسێنرا کە دەتوانن بۆ فاکت چێکین بەکاریبھێنن
بەشێوەیەکی گشتی زانیاری ھەڵە دەکرێت لە ھەموو ئاست و کۆنتێکستێکدا ھەبن. زۆر جار بووە بە یارییەکی سیاسی بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و مەبەستی چەواشەکردنە. زۆرجاریش کەسانی ئاسایی بە نائاگایی بڵاویدەکەنەوە. ئەوەی گرنگە ھۆشیاری بەکارھێنەرە لە ناسینەوە و جیاکردنەوەیان، ھەروەھا ڕاھێنانی ڕۆژنامەنووسانە بۆ ناسینەوەی چەمکەکان و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا.
سەردانێک بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنی NBC, 12 NEWS و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەڕێوبەری بەشی دیجیتاڵی دامەزراوەکە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سلوکی بەکارھێنەر و کاریگەری لەسەر پیشەی ڕۆژنامەوانی. لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو ئاڵنگاریانەکرا کە بەهۆی پێشکەوتنە دیجیتاڵییەکان دروستبوون بۆ کەناڵەکە و ئەو ستراتیژیەتییانە خرانەڕوو کە کەناڵەکە هەیەتی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا.