گەشەکردنی دانیشتوان لە قەزای سەیدسادق
جیاوازی ڕێژەی دانیشتوان بە زیادبوون و گەشەکردن یان کەمبوونەوە كە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فاکتەرەکانی ڕێژەی لەدایکبوون و مردن و کۆچ. ئەو جیاوازییەی کە لە نێوان ژمارەی لە دایکبوون و مردندا هەیە پێی دەگوترێت زیادەی سروشتی دانیشتوان(علي لبيب، ٢٠١٠).بەڵام گەر هاتوو جگە لە لەدایکبوون و مردن، دانیشتوان بە هۆی کۆچکردنەوە زیادیکرد، ئەوە بە زیادبوونی گشتی دەناسرێت(مكي و آخرون، 1984). بۆیە فاکتەرگەلێلک بڕیار لە سەر گەشەی دانیشتوان دەدەن، هیچ هاوسەنگییەک لە نێوان ئەم فاکتەرانەدا نیە و قابيلی گۆڕانن بە پێی کات(السعدي، ٢٠٠٢).لە ماوەی ساڵانی (١٩٧٧-١٩٨٧)بە تێکڕای(٧.٢٪) بووە بۆ هەر ساڵێک ، ئەم ژمارەیە زۆر بەرزە بەراورد بە هەموو ساڵانی تر، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆچکردنی دانیشتوانی لادێکان بۆ سەنتەری ناحیەکە، چونکە ئاستی خزمەتگوزاری ناحیەکە باشتر بووە لە لادێکانی دەورووبەری. تاڕادەیەک ناوچەکە سەقامگیری سیاسی بەخۆوە بینیوە بەراورد بە گوندەکان کە جێگای ئاڵۆزی و چالاکی هێزە کوردیەکان بوون. هەروەها قەزای سیدسادق خۆی لە خۆیدا بە یەکێک لە خێراترین قەزا دادەنريت کە زیادبوونی دانیشتوانی تێدا تۆمارەکراوە لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی ئەمەش بەهۆی كۆچکردنی دانیشتوانی لادێەکان بۆ شار دەگەڕێتەوە (شێوەی ژمارە ٣). لەم شێوەیەدا ڕوونە کە گەشەی دانیشتوانی سیدسادق لە هەموو ساڵەکان بەرزترە لە کۆی گشتی گەشەی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی. لە ئاماری ساڵانی(١٩٧٧-١٩٨٧) گەشە لە سیدسادق (٧.٢٪) و لە سلێمانی (٣.٢٪)، لە ماوەی(١٩٨٧-٢٠٠٢) لە سیدسادق (٠.٣٢) بەڵام لە سلێمانی (١.٨٪) تەنها لە ئاماری گەشەی قەزاکە کەمترە، بەهۆی ڕاگواستنەوە دانيشتوانی ناوچەکە لە ساڵی ١٩٨٧. بەهەمان شێوە دوبارە گەشەی قەزاکە بەرزتر بوەوە لە (٢٠٠٢-٢٠١٢)بە (٦٪) بەڵام لە سلێمانی (٤.٢٪).
ساڵی (١٩٨٧-٢٠٠٢) کەمترین گەشەی دانیشتوان تۆمارکراوە بە ڕێژەی(٠.٣) لەسەر ئاستی سەرژمێرییە وەرگیراوەکانی توێژینەوەکە. کەمی گەشەی دانیشتوانی سیدسادق دەگەڕێتەوە بۆ ڕوخاندنی زۆربەی دێهات و ناوەندی شارەدێکە، لە پرۆسەی ڕاگواستنی خەڵكەکەی بۆ شارەکانی تری پارێزگای سلێمانی و پارێزگاكانی عێراق.
بەڵام دوای ئازادکردنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ساڵی (١٩٩١)دانیشتوانەکەی گەڕانەوە و دووبارە ناحێکەیان ئاوەدانکردەوە، هەروەها دوای بەقەزاکردنی ناحێکە، گەشەیەکی خێرای بە خۆیەوە بینی لە ساڵانی(٢٠٠٢-٢٠٠٩) گەشەی دانیشتوان بەرزبووەوە بۆ (٦٪). دوای ساڵی(٢٠٠٩) تا(٢٠١٢)گەشە بەرەو دۆخی سروشتی هەنگاوی نا بە ڕێژەی (٣٪) ، ئەم ژمارەیە بە حاڵەتی سروشتی ئەژمار دەکرێت بە گوێرەی پێوەرکانی گەشەی دانیشتوان.