ئەستێرەی خۆر سەرچاوەی سەرەکی گەرمی و دروستبوونی ژیانی سەر ڕووی هەسارەی زەویە و بەچەندین شێوە کار لە ژیانی زیندەوەرانی سەر ڕووەکەی دەکات. هەر لە زووەوە ئەستێرەی خۆر بووە جێی بایەخی لێکۆڵینەوەی شارستانیەتە کۆنەکان و بەهۆیەوە ڕۆژژمێر و کاتژمێر و مانگگیران و وەرزەکانیان دیاریکردووە. لە خوارەوە دەتوانن کورتەیەک لە لێکۆڵینەوەکانی مرۆڤ لە ئەستێرەی خۆر بەدرێژایی مێژوو ببینن:
150 زاینی
کڵاودیۆس بەتڵیمۆس، ئەستێرەناسی یۆنانی، مۆدێلێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا زەوی لە چەقی کۆمەڵەی خۆردا بوو و ئەستێرەی خۆر و هەموو تەنەکانی تر بەدەوریدا دەسوڕانەوە.
1543 زاینی
نیکۆڵاس کۆپەرنیکۆس، توانی مۆدێلێکی نوێ بڵاوبکاتەوە کە ئەستێرەی خۆر کەوتبووە چەقی کۆمەڵەی خۆرەوە. توانی دوای سەدان ساڵ مرۆڤ لە مۆدێلە هەڵەکەی کڵاودیۆس بەتڵیمۆس ڕزگاربکات.
1610 زاینی
بۆ یەکەمجار، گالیلۆ گالیلی و تۆماس هاریۆت توانیان لە ڕێگای تلیسکۆبەکانیانەوە پەڵە ڕەشەکانی سەر ئەستێرەی خۆر ببینن.
1645 بۆ 1715 زاینی
لەم ماوەیەدا پەڵە ڕەشەکانی سەر ڕووی خۆر کەمبوونەوە بۆ نزمترین ئاست و خۆر زۆر ناچالاک بوو، چاخێکی سەهۆڵینی بچووک سەرجەم جیهانی گرتەوە.
1860 زاینی
بۆ یەکەمجار لێکۆڵەرەوان دوای خۆرگیران لەو ساڵەدا ناوچەی کۆرۆنای خۆریان بینی.
1959 بۆ 1968 زاینی
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئاژانسی ناسا پرۆگرامی پایۆنیری ڕاگەیاند کە پێکهاتبوون لە چەند کەشتییەکی ئاسمانی کە لەو ساڵانەدا هەڵدرانە بۆشایی ئاسمان و لە خولگەی زەویەوە لە خۆریان دەکۆڵیەوە.
1970 زاینی
ئاژانسی ناسا بە هاوکاری حکومەتی ئەمەریکا و ئەڵمانیا، دوو کەشتی ئاسمانیان بەناوەکانی هێلیۆس 1 و هێلیۆس 2 ڕەوانەی نزیک خولگەی عەتارد کرد بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئەستێرەی خۆر و چینی کۆرۆنای ئەستێرەکە.
1980 زاینی
ئاژانسی ناسا کەشتیەکی ئاسمانی بەناوی (سۆلار ماکزیمەم میشن) ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەو تیشکە جیاوازانەی کە لە ئەستێرەی خۆرەوە بە بۆشاییدا بڵاودەبنەوە.
1991 زاینی
ئاژانسی جاکسای یابانی کەشتیەکی ئاسمانی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەستێرەی خۆر.
1995 زاینی
هەریەکە لە ئاژانسی ناسای ئەمەریکا و ئی ئێس ئەی ئەوروپا کەشتی ئاسمانی (SOHO)یان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمانکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە خۆر و بەرگەهەوا و تەقینەوەکانی. ئەم پڕۆگرامە زۆرترین زانیاری بە مرۆڤ گەیاندووە و هەرچەندە هەموو ئەرکی کەشتیەکە بۆ دوو ساڵ بوو بەڵام تا ئێستایش هەر کاردەکات.
2001 زاینی
کەشتیەکی ئاسمانی ئاژانسی ناسا بەناوی جێنێسیس لە ئەستێرەی خۆر نزیکبووەوە و چەند نموونەیەکی لە باکانی خۆر کۆکردەوە و لە ساڵی 2004 نموونەکانی گەیاندەوە بە زەوی.
2006 زاینی
ئاژانسی ناسا پرۆگرامی ستریۆی جێبەجێکرد کە پێکهاتبوو لە دوو کەشتی ئاسمانی کە لەخولگەی زەویەوە لە ئەستێرەی خۆری دەکۆڵیەوە و بەهۆی ئەم گەشتەوە بۆ یەکەمجار مرۆڤ دەیتوانی ڕاستەوخۆ تەماشای هەموو سەر رووی ئەستێرەی خۆر بکات.
2018 زاینی
لە بەرواری 5ی تشرینی دووەمی 2018 بۆ یەکەمجار مانگی دەستکردی پارکەری ئاژانسی ناسا ژمارەیەکی پێوانەی شکاند و بۆ یەکەمجار توانی تا مەودای 24 ملیۆن کیلۆمەتر لە ئەستێرەی خۆر نزیکببێتەوە. لەنزیکترین مەودایدا لە خۆرەوە، پلەی گەرمی چواردەوری کەشتییەکە گەشتە 2 ملیۆن پلەی سیلیزی. (لاوازی گواستنەوەی پلەی گەرمی لە تەنێکەوە بۆ تەنێکی تر لە بۆشاییدا و خێرایی کەشتییەکە تەنها هۆکارە کە کەشتیەکە تا ئێستا نەتواوەتەوە)
چاوەڕواندەکرێت چەندین جاری تر ئەم کەشتییە لە ئەستێرەی خۆر نزیکببێتەوە و زانیاری زۆر لەسەر ئەم ئەستێرەیە بۆ زەوی بگەڕێنێتەوە.