شوێن و خولگهکەی
دووری مانگ له هه‌ساره‌ى زه‌ویه‌وه به‌هۆی كاریگه‌رى هێزى كێشكردنى ئه‌ستێره‌ى خۆر بەپێی كات ده‌گۆڕێت و له نزیكترین كاتدا 363,104 کیلۆمەتر له هه‌ساره‌ى زه‌وییه‌وه دووره و له دوورترین كاتیش‌دا 405,700 کیلۆمەتر له هه‌ساره‌ى زه‌وییه‌وه دووره و تێكڕایش نزیكه‌ى 384,400 کیلۆمەتر له هه‌ساره‌ى زه‌وییه‌وه دووره. بەگشتی هه‌موو ساڵێك مانگ نزیكه‌ى 3.8 سانتیمەتر مانگ له هه‌ساره‌ى زه‌وى دووردهكهوێتهوە
مانگ به نزیكه‌ى 27.322 ڕۆژ جارێك به‌ده‌وری خۆیدا ده‌خولێته‌وه كه خێرای خولانهوهكهى له‌سه‌ر هێڵی كه‌مه‌ره‌یی نزیكه‌ى 4.627 مەترە/چركه‌یه‌كدا، خێرایى سووڕانه‌وه‌ى به ده‌وری زه‌ویشدا نزیكه‌ى 1.022كیلۆمەترە/چركه‌یه‌كدا و به نزیكه‌ى 27.322 ڕۆژ یه‌ك سووڕانه‌وه به ده‌ورى هه‌ساره‌كه‌دا ته‌واو ده‌كات. به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌ساره‌ى زه‌وى له‌هه‌مان كاتدا به ده‌ورى خۆردا ده‌سووڕێته‌وه، بۆیه مانگ بۆ ئه‌وه‌ى بچێته‌وه خاڵی سه‌ره‌تا و سه‌رله‌نوێ ده‌ست به سووڕانهوهیهكى تر بكات، كاتێكى زیاترى پێده‌چێت و به نزیكه‌ى 29.5 ڕۆژ ده‌گاته‌وه سه‌ر هه‌مان خاڵی سه‌ره‌تایى سه‌ر خولگه‌كه‌ی و سووڕێكی ته‌واو به ده‌وری هه‌ساره‌ى زه‌ویدا ته‌واو ده‌كات
به‌هۆی ئه‌وه‌ى مانگ جوڵهكهى له هه‌مان كاتدا به ده‌ورى خۆی و زه‌ویدا یه‌كسانه، ئه‌مه وا ده‌كات كه هه‌میشه ڕوویه‌كى مانگ له زه‌وى بێت و دانیشتووانى هه‌ساره‌ی زه‌وى ته‌نها یه‌ك ڕووى ببینن، كه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌یش له زۆربه‌ى مانگه‌كانی تری كۆمه‌ڵه‌ی خۆر هه‌یه و ته‌نها ڕوویهكیان له‌و هه‌ساره‌یه‌یه كه به‌ده‌وریدا ده‌سووڕێنه‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یش بوو كه له كۆندا هه‌ندێك خه‌ڵك باوه‌ڕیان وابوو كه ڕووه‌كه‌ى تری مانگ كه ڕووی له هه‌ساره‌ى زه‌وى نییه ژیانى له‌سه‌ر بێت . شایه‌نى باسه كه ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا مانگ خێراتر له ئێستا به ده‌وری خۆیدا خولاوه‌ته‌وه، بۆیه له‌و كاته‌دا له‌سه‌ر هه‌ساره‌ى زه‌وییه‌وه ده‌توانرا ڕووه‌كه‌ى تری مانگیش ببینرێت
((شێوەی مانگ لە ئاسمانی زەویدا))
فیزیا
له‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه‌دا هه‌ندێك زانیاری له‌سه‌ر مانگی هه‌ساره‌ى زه‌وى خراوه‌ته‌ڕوو و به‌راورد كراوه به هه‌ساره‌ى زه‌وی
پله‌ى گه‌رمی سه‌ر ڕووى مانگ له هێڵی كهمهرهیدا له نزمترین پله‌دا 173 پله ژێرسفری سه‌دییه له شه‌ودا و له ڕۆژیشدا 117 پله‌ى سه‌دییه و تێكڕای پله‌ى گه‌رمى سه‌ر هه‌موو ڕووهكهیشی 53 پله ژێر سفری سه‌دییه. بەهۆی لاریی ته‌وه‌ره‌كه‌ی کە ته‌نها 1.54 پله‌یه و بوونى چاڵی قوڵی پاشماوه‌ى نه‌یزه‌ك و هه‌سارۆچكه له جه‌مسه‌رى باشوورى مانگ هه‌ندێك شوێنی ئه‌م ناوچه‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ك و هیچ كاتێك تیشكى خۆری لێ نادات، به‌مه‌ش پله‌ى گه‌رمی ئه‌م ناوچه‌یه داده‌به‌زێنێت بۆ 238 پله ژێر سفرى سه‌دى له هاویندا و 247 پله‌ى ژێر سفر سه‌دى له زستاندا، كه ئه‌مه‌ش نزمترین پله‌ی گه‌رمییه كه تا ئێستا له كۆمه‌ڵه‌ی خۆردا تۆماركرابێت
کیمیا
جیۆلۆجی
1- چینه‌كانی مانگی زه‌وی :
هاوشێوه‌ی هه‌ساره‌كان مانگیش له چه‌ند چینێك پێكهاتووه، كه هه‌ریه‌كه‌یان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه . ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه بۆ ناوه‌وه‌ی مانگ بیچین، ئه‌وا له سه‌ره‌تادا تووشی چینی توێكڵ ده‌بین، كه بریتییه له چینی سه‌ره‌وه‌ی مانگ و له سه‌ر ڕووی مانگه‌وه ده‌ستپێده‌كات و نزیكه‌ی 50كم ئه‌ستووره
چینی ناوه‌ندیش كه به مهنتڵ ناسراوه له دوای چینی توێكڵ دێت و چینێكی زۆر فراوانه و زۆربه‌ی پێكهاته‌ی مانگه‌كه پێكدێنێت و تا ئێستا نازانرێت پێكهاته‌ی ئه‌م ناوچه‌یه چییه، به‌ڵام هه‌تا به‌ره‌و قوڵایی ئه‌م ناوچه‌یه بچین، پله‌ی گه‌رمی به‌رز ده‌بێته‌وه و به‌شێكی ئه‌م چینه تیره‌كه‌ی نزیكه‌ی 950كم ده‌بێت و له به‌ردی تواوه پێكهاتووه
چه‌قی مانگ دابه‌ش ده‌بێت بۆ دوو به‌ش، كه ئه‌وانیش بریتین له چه‌قی ده‌ره‌كی و چه‌قی ناوه‌كی كه چه‌قی ده‌ره‌كی له دۆخی پلازمادایه و له گڕكان پێكهاتووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مانگ دووه‌م چڕترین مانگی كۆمه‌ڵه‌ی خۆره، بۆیه زاناكان باوه‌ڕیان وایه كه چه‌قی ناوه‌كی مانگ زۆربه‌ی له مادده‌ی ئاسن پێكهاتووه و تیره‌كه‌ی 480كم و له دوای ئه‌مه‌یش چینی چه‌قی ده‌ره‌كی دێت كه ده‌وری چه‌قه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی داوه و تیره‌كه‌ی 600كم و له مادده‌ی ئاسنی شل پێكهاتووه، كه به هه‌ردووكیان چه‌قێك پێكدێنن كه تیره‌كه‌ی نزیكه‌ی 1000كم ده‌بێت
2- تۆپۆگرافیای مانگی زه‌وی :
مانگی ده‌ستكردی (كڵیمێنتن) ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بوو له هه‌ژماركردنی به‌رزی و نزمییه‌كانی سه‌ر ڕووی مانگ و زۆربه‌ی زانیارییه تۆپۆگرافییهكان له‌سه‌ر مانگ بۆ یه‌كه‌مجار به‌هۆی ئه‌م مانگه ده‌ستكرده‌وه زانراوه. به‌هۆی زۆریی پاشماوه‌ی پێکداکێشانی ئه‌ستێره‌ی كلكدار و هه‌سارۆچكه سه‌ر ڕووی مانگ بهرزونزمییهكی زۆری پێوه دیاره، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه مانگ به‌رگه‌هه‌وای نییه بۆ پارێزگاریكردن له ڕووه‌كه‌ی و سووتاندنی ئه‌و هه‌سارۆچكه و ئه‌ستێره‌ی كلكدارانه پێش به‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر ڕووه‌كه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له هه‌ساره‌ی زه‌وی به‌دیده‌كرێت، بۆیه هه‌موو ئه‌و ته‌نانه‌ی به‌ره‌و مانگ ده‌چن به‌ر ڕووه‌كه‌ی ده‌كه‌ون، هه‌روه‌ها بەهۆی نەبوونی پەستانی بەرگەهەواوە زۆربه‌ی ئه‌و چاڵانه وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه ته‌نها له ڕووه دیارهكهیهوه له هه‌ساره‌ی زه‌وی نزیكه‌ی 300,000 چاڵی هه‌سارۆچكه هه‌بێت كه تیره‌ی هه‌ر یه‌كێكیان له 1 كم زیاتره
له سه‌ره‌تای دروستبوونی مانگدا به‌هۆی ناجێگیری كۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌وه، چه‌ندین هه‌سارۆچكه‌ی گه‌وره خۆیان به مانگدا كێشاوه و گڕكان و پلازمای ژێر ڕووی مانگیان به‌ره‌و سه‌ر ڕووی مانگ هێناوه و بۆ چه‌ندین ساڵ زه‌ریای بوركانی به‌سه‌ر ڕووی مانگدا درێژببوونهوه، دواتریش كاتێك ئه‌م زه‌ریا گڕكانیانه ساردبوونه‌وه، به ڕه‌نگێكی تاریكتر له‌چاو ناوچه‌كانی تر ده‌ركه‌وتن ئێستایش به چاوی ئاسایی ده‌توانین له‌سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی زه‌وییه‌وه به ئه‌م ناوچانه ببینین، زاناكانیش ئه‌م ناوچه تاریكانهیان ناو ناوه ماریا
مانگ خاوه‌نی گه‌وره‌ترین چاڵی پاشماوه‌ی هه‌سارۆچكه‌یه له كۆمه‌ڵه‌ی خۆردا كه تائێستا دۆزرابێته‌وه و ناوی ئه‌و چاڵهیش (ئیتكن)ه كه تیره‌كه‌ی نزیكه‌ی 2,500 كم ده‌بێت و به‌رزیی لێواره‌كانی 13كم ده‌بێت و ده‌كه‌وێته نزیك جه‌مسه‌ری باشووری ئه‌و ڕووه‌ی مانگ كه له هه‌ساره‌ی زه‌وییه‌وه نابینرێت