ستراتیژی ئۆقیانوسی شین و ئۆقیانوسی سوور
blue ocean and red ocean strategy
کاروان رەسوڵ
لە بازاڕی کاردا دوو ستراتیژی بازرگانیی گرنگ هەیە بریتیین لە ستراتیژی ئۆقیانوسی شین و ئۆقیانوسی سوور کە ئامانجیان درووستکرن و زیادکردنی بەهایە لەکارکردندا بە شێوازی جیاواز، لەم وتارەدا هەردوو چەمکی ستراتیژی ئۆقیانوسی شین و سوور ڕووندەکەینەوە و جیاوازیی نێوانیان دەخەینەڕوو:
ستراتیژی ئۆقیانوسی سوور چیە:
مەبەست لە ستراتیژی ئۆقیانوسی سوور هەموو ئەو بازرگانییانە دەگرێتەوە کە لە بازاڕی ئەمڕۆدا بوونیان هەیە و بەشێوازێکی کلاسیکیی کاردەکەن و لە دۆخیکدان کە رکابەرییەکی تووند لە نێوانیاندا هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە بە ئۆقیانوسی سوور یان (بازاڕی خوێناویی) ناودەبرێت، لەم بازاڕەدا پێداویستیی و ئارەزووی بەکاربەران دەستنیشانکراوە و کۆمپانیاکانیش هەوڵی تەواو دەدەن بۆ پڕکردنەوەیان، بۆئەوەی کۆمپانیایەک لە بازاڕی ئۆقیانوسی سووردا بمێنێتەوە و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت پێویستە ستراتیژی رکابەری توند بەکاربهێنێت و ڕکابەرەکانی تێپەڕێنێت و پێداویستیەکانی بەکاربەران پڕبکاتەوە، هەروەها ئەو کۆمپانیایانەی کە ناتوانن ڕکابەریی بکەن دوور دەخرێنەوە یان قازانجێکی کەم بەدەستدەهێنن.
ستراتیژی ئۆقیانوسی شین چیە:
مەبەست لە ستراتیژی ئۆقیانوسی شین شێوازێکی نوێیە لە کارکردنی کۆمپانیاکان کە ئامانجیان درووستکردنی بازاڕێکی تازەیە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانیان، ئەو کۆمپانیانەی کە ئەم ستراتیژە بەکاردەهێنن سەرنجیان لەسەر درووستکردنی خواستی نوێی کڕیارەکان و فراوانکردنی بازاڕە لە رێگەی زیادکردنی بەهای ناوازە بۆ بەرهەمەکانیان، لەم بازاڕەدا پێداویستیی و ئارەزووی بەکاربەران بەدینەهاتوون و ئاستی ڕکابەریی زۆر لاوازە، ئەمەش وایکردووە لەلایەن ئەوکۆمپانیایانەی کە ئەم ستراتیژە پەیڕەو دەکەن ئەم بازاڕە وەکو دەرفەتێک ببینن و تازەگەریی و داهێنان لە پێشکەشکردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان بکەن، بەو پێیەی ئەم بازاڕە فراوانە و سنووریکی دیاریکراوی نیە هەروەها بەپێێ پێویستیش سودی لێ وەرنەگیراوە، بەڵام ئەو کۆمپانیایانەی کە کاری تێدا دەکەن و ئەم ستراتیژە بەکاردەهێنن سودێکی زۆری لێ دەبینن. بۆ نموونە کاتێک کاتژمێری زیرەک بەرهەمهێنرا، بەرهەمەکە نوێ بوو دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و رکابەریی لاواز بوو ئەمە پێی دەوترێت دەریای شین، دوای چەند ساڵێک چەندین کۆماپانیای دیکە هەمان بەرهەمیان خستە بازاڕەوە و رکابەریی درووستبوو ئەم پیشەسازییە لە ستراتیژی ئۆقیانوسی شینەوە گۆڕا بۆ سوور.
جیاوازیی سەرەکیی نێوان ئەم دوو ستراتیژییە ئەوەیە کە ستراتیژی ئۆقیانوسی سوور بریتییە لە کێبڕکێکردن لە بازاڕێکی هەبوودا، لەکاتێکدا ستراتیژی ئۆقیانوسی شین بریتییە لە درووستکردنی بازاڕێکی نوێ، هەوەها لە ستراتیژی ئۆقیانوسی سووردا پێداویستیی و ئارەزووی بەکاربەران پڕدەکرێتەوە، بەڵام ستراتیژی ئۆقیانوسی شین لەسەرووی بیرکردنەوەی بەکاربەران کاردەکات و پێداویستییەکانیان پێ دەناسێنێت چونکە بەکاربەر و ڕکابەرەکان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی بەرهەمەکەوە نیە و شتێکی تەواو تازەیە.
چۆنیەتی گواستنەوەی کۆمپانیا لە ئۆقیانوسی سوورەوە بۆ شین:.
• بیرکردنەوە لە سەروو بیرکرنەوەی بەکاربەران.
• تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان بەرهەم و کڕیار.
• تێگەیشتن لە بازاڕی بە ئامانجگیراو و چۆنیەتی داخڵبوونی.
• تێگەیشتن لە کێشە و گیروگرفتەکانی کڕیار.
• پێشکەشکردنی بەرهەم و بەهای نوێ نەک باشترکردنی بەرهەمی کۆن.
لەکۆتاییدا بۆئەوەی کۆمپانیاکان گەشەبکەن و فراوان بن پێویستە ڕێباز و ستراتیژی نوێ بەکاربهێنن لە کارکردن و شیکردنەوەی بازاڕی کار، پێویستە دووربکەونەوە لە پەیڕەوکردنی ستراتیژی ئۆقیانوسی سوور، زیاتر سەرنجیان لەسەر پەیرەوکردنی ستراتیژی ئۆقیانوسی شین بێت.