وەزارەتی دارایی عێراق: دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەستپێدەکات




وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستدەکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان.

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی ئایاری 2024، بەشی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی دەستدەکات بە رێکارەکانی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی ئایار.

بەشی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە یەکەکانی خەرجکردن لە وەزارەت و پارێزگاکان دەکات، مەرجەکانی دابینکردنی دارایی مووچەی فەرمانبەران و ئەندامەکانیان تەواو بکەن بە لەبەرچاوگرتنی پابەندبوون بە خشتەی پارەدارکردنی مانگانەی پەسەندکراو و جێبەجێکردنی هەموو پێداویستییە داراییە پێویستەکان بۆ وەزارەتی دارایی.

دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار لە عێراق لە کاتێکدایە کە دوێنی دووشەممە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی هێزە ئەمنییەکان دابەشنەکراوە و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ناردنی پارەیە لە بەغدادەوە.