رێنمایى ژماره ( 4 ) ى ساڵى ٢٠١6
رێنمایى خوێندنى ماستەر لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2016-2017)
ئاماژە بە (تەوەرەى پێنجەم / ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا) لە کۆنووسى کۆبوونەوەى ژماره (3)ى ئەنجومەنى وەزارەت کە لە رۆژانى (سێشەممە رێکەوتى 3/5/2016 و دووشەممە رێکەوتى 9/5/2016) ئەنجام درابوو ، بڕیاردرا بە دەرکردنى رێنمایى خوێندنى ماستەر لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەم شێوەیەى خوارەوە:-
تەوەرى یەکەم/ مەرجەکانى پێشکەش کردن:
1- مەرجى تێکراى نمرە (معدل)ى بەکالۆریۆس:
تێکراى نمرە (معدل)ى بەکالۆریۆسى پێشکەشکار نابێت لە (60%) کەمتر بێت کە مەرجێکە بۆ پێشکەشکردن، جگە لە دەرچووانى فاکەڵتى/کۆلیژ و سکوڵەکانى ( پزیشکى، پزیشکى ددان، دەرمانسازى) کە ڕەچاوى تێکراى نمرەیان بۆ ناکرێت.بۆیە تێکڕاى نمرەى (60%) هیچ خاڵ وەرناگرێت بۆ چوونە ناو پێشبرکێ، بە زیادبوونى هەر نمرەیەک خاڵێک وەردەگرێت ( بۆ نمونە ئەگەر پێشکەشکارێک تێکراى نمرەکەى (65%) بوو (5) خاڵى پێ دەدەرێت بۆ چوونە ناو پێشبرکێ، ئەگەر یەکێکى تر تێکراى نمرەى (70%)ى هەبوو ئەوا (10) خاڵى بۆ زیاد دەکرێـت.
2- مەرجى ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى لە کاتى پێشکەشکردن:
أ- له قۆناغی پڕۆسه‌ی پێشكه‌شكردن هه‌موو خوازیارێك مافی پێشكه‌شكردنی بۆ خوێندنی ماسته‌ر هه‌یه به‌بێ هه‌بوونی مه‌رجی توانستی زمانی ئینگلیزی، به‌ڵام قوتابى/ خوێندكاری ماسته‌ر دوای کاندیدکردنى بۆ خوێندن، مه‌رجه ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی به‌رزبكاته‌وه بۆ نمره‌ی (5ی IELTS) یان نمره‌ی(56ىTOEFL-IBT) یان نمره‌ی (495ىTOEFL-PBT) یاخود (47ی (PEARSON ACADEMIC-PTE به مه‌به‌ستی دەست پێکردنى بۆ كۆڕسی ئه‌كادیمی خوێندن، به پێچه‌وانه‌وه مافی به‌شداریكردنی له كۆرسی ئه‌كادیمی نابێت تاوه‌كو مه‌رجی زمانی ئینگلیزی نمره‌ی داواكراوی سه‌ره‌وه به‌ده‌ست ده‌هێنێت لە ماوەى ساڵێکدا لە رێکەوتى کاندیدکردنى.
ب- ئەو خوازیارانەى کە مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزی داواکراوی (بڕگەى أ)ى سەرەوەیان تێدایە، ئەوا ڕاستەوخۆ دەست بە خوێندنى ئەکادیمى دەکەن.
ج- سەبارەت بەو خوازیارانەى کە مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزى داواکراوی (بڕگەى أ)ى سەرەوەیان تێدا نییە، دەتوانن لە ماوەى (١) یەک ساڵ ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى خۆیان بەرز بکەنەوە لە رێگەى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستی زمانی ئینگلیزی بۆ گەیشتن بە ئاستى پێویستى برگەى (أ)ى سەرەوە. بە پێچەوانەوە ئەگەر مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزی داواکراوی (بڕگەى أ)ى سەرەوەیان بەدەستنەهێنا، ئەوا راستەوخۆ فەرمانى سرینەوەى ناو (ترقین قید)یان بۆ دەردەکرێت.
د- لەمەودوا سێنتەرەکانى زمانى ئینگلیزى زانکۆ حکومیەکان رۆڵى پێگەیاندن و ئامادەکارى دەبینن و دەکرێت قوتابیان /خوێندکاران خولى زمانى ئینگلیزى لە سێنتەرەکانى زمانى ئینگلیزى زانکۆکان ئەنجام بدەن بە مەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى تاوەکو دواتر بتوانن نمرەى پێویستى داواکراوى تاقیکردنەوەى ئەلیکترۆنى (5ی IELTS) پێنجى ئایلتس یان نمره‌ی(56ى TOEFL-IBT) یان نمره‌ی (495ى TOEFL-PBT) یاخود (47ی (PEARSON ACADEMIC-PTE بەدەست بهێنێت.
تێبینى:
أ- سەبارەت بە ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى ستانداردی توانستی زمانی ئینگلیزی کە لە سەرەوە ئاماژەى پێدراوە (IELTS،TOEFL ، PEARSON ACADEMIC-PTE) لە ناوه‌وه و دەرەوەى هەرێمى کوردستان و شارەکانى دیکەى عێراق و دەرەوەى وڵات، پێویستە ئەو سێنتەرەى تاقیکردنەوەى لێ ئەنجام دەدرێت لقێک بێت لە لقەکانى بنکەى سەرەکى ئەو تاقیکردنەوانە، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت پشت بە وێب سایتی فەرمی (IELTS و TOEFL و PEARSON ACADEMIC-PTE) ببەسترێت و تێیدا ئاماژە بەوەکرابێت کە لقى ئەو سێنتەرە لەو شارە هەیە کە پێشکەشکار تاقیکردنەوەى لێ ئەنجام داوە.
ب- پێویسته له‌سه‌ر زانكۆكان ڕاست و دروستی (صحة صدور) بۆ بڕوانامه‌ی توانستی زمانی ئینگلیزی ئەو تاقیکردنەوانە (IELTS و TOEFL و PEARSON ACADEMIC-PTE) بكه‌ن كه له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق به پێی خالی (أ)ی برگەى (٢-مەرجى ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى) لە (تەوەرى یەکەم)ى سه‌ره‌وه به‌ده‌ستهێنراون.
ج- سەبارەت بە تاقیکردنەوەى ئەلیکترۆنى زمانی ئینگلیزی وەکو(IELTS،TOEFL ، PEARSON ACADEMIC-PTE) پێویستە ماوەکەى بەسەر نەچووبێت و بۆ ماوەى (2) دوو ساڵ (لەسەر بنەماى ڕێکەوتى تاقیکردنەوە) ئەژمار دەکرێت.
دـ- ئه‌و پێشكه‌شكارانه‌ی هەڵگرى بڕوانامەى (بەکالۆریۆسن لە پسپۆرى زمانی ئینگلیزى و وه‌رگێڕان)، پێویسته تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زمانی ئینگلیزی ئه‌نجام بده‌ن و هه‌مان ئاست كه له خالی (أ)ی برگەى (٢-مەرجى ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى) لە (تەوەرى یەکەم) ئاماژه‌ی پێدراوه به‌ده‌ست بهێنن.
3- مه‌رجی تاقیکردنەوەى توانستى زانستى:
أ- تاقیکردنەوەى توانستى زانستى ئەنجام دەدەرێت و رێژەى (30%) نمرەى بۆ تەرخان دەکرێت و (70%)ى تریش لەسەر تێکراى نمرەى بەکالۆریۆس ئەژمار دەکرێت بۆ بەشداریکردن لە پێشبركێ، مەرجە پێشکەشکار دەربچێت لەم تاقیکردنەوەیە (واتە مەرجە 15 نمرە یان زیاتر لە 30 نمرەى تەرخانکراو بۆ تاقیکردنەوە بەدەست بهێنێت، به پێچه‌وانه‌وه مافی بەشداریکردنى لە پێشبڕكێی نیه)، لێره‌دا نمرەى (15) پانزه له تاقیكردنه‌وه هیچ خاڵ وەرناگرێت واتە (0) سفر (خاڵ)ی دەبێت و بە زیادبوونى هەر نمرەیەک (1) یەک خاڵی بۆ زیاد دەکرێت (بۆ نمونە ئەگەر پێشکەشکار نمرەى (16)ی هێنا لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، ئەوا (1) یه‌ك خاڵ وەردەگرێت بۆ بەشداریکردن لە پێشبرکێ، ئەگەر نمرەى (20) بیستى هێنا ئەوا (5) پێنچ خاڵى پێ دەدرێت بۆ بەشداریکردنى لە پێشبرکێ).
ب- پێویستە لیژنەیەکى تایبەت له‌سه‌ر ئاستی كۆلیژ یان به‌ش سەرپەرشتى تاقیکردنەوەکان بکات.
ج- هەرکاتێک کورسى بەتاڵ مایەوە بە گشت جۆرەکانى کورسى تەرخانکراو، ئەوا به هیچ شێوه‌یه‌ك كورسییه‌كان پڕ ناکرێتەوە.
د- هیچ زانکۆیەک بۆى نییە کورسى خوێندن زیاد بکات بۆ پلانى پەسەندکراو لە لایەن وەزارەتەوە.
هـ- بۆ دیاریكردنی ژماره‌ی كورسیه‌كانی خوێندنی ماسته‌ر له هه‌ر به‌شێك، پێویسته میلاكی ئه‌و به‌شه و پێداویستی راسته‌قینه‌ی خوێندنی ماسته‌ر بكرێته پێوه‌ری سه‌ره‌كی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا چاودێری و وردبینی پلانه‌كانی خوێندن ده‌كات.
تێبینى: پێویستە لەگەڵ پێشکەشکردنى پرسیارەکانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستیدا، وەڵامى نمونەیى پرسیارەکان پێشکەش بە لیژنەى تاقیکردنەوەکان بکرێت.
4- مەرجى تەمەن :
أ- میچ (سقف)ى تەمەن مەرجە بۆ پێشکەشکردن، واتە نابێت تەمەنى خوازیار لە (45) چل و پێنج ساڵ (له‌سه‌ر بنه‌مای ساڵی له‌دایكبوون) زیاتر بێت بۆ کارمەندانى سه‌ر به دامه‌زراوه‌كانی وەزارەتى خوێندنى باڵا لە کاتى پێشکەشکردندا. سەبارەت بە پێشکەشکارانى دەرەوەى دامودەزگاکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا لەبەر ئەوەى خوێندنەکەیان بە شێوازى پاراڵێڵ دەبێت بۆیە رەچاوى میچ (سقف)ى تەمەنیان بۆ ناکرێت.
ب- ئه‌و موعید و فەرمانبەرانەى سه‌ر به دامووده‌زگاكانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵان و ته‌مه‌نیان له (45) چل و پێنج ساڵ زیاتره، بۆیان هه‌یه داواکارى پێشكه‌شی بكه‌ن به هه‌مان پێوه‌ره‌كانى سیستمى پاڕاڵێڵ.
5- مەرجى ساڵانى خزمەت و تێپەربوونى ماوەى پێویست بەسەر دەرچووندا:
أ- بۆ خوازیارانى دامەزراو (واتە فەرمانبەرى هەمیشەیى بن لە یەکێک له دامودەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان)، پێشکەشکار مەرجە (٢) دوو ساڵى تەواوى خزمەتى فیعلى دواى بەدەستهێنانى بڕوانامەى بەکالۆریۆس و دامەزراندنى هەبێت تا ڕێکەوتى دەستپێکردنى خوێندنى ماستەرەکەى، بە پێچەوانەوە مافى وەرگرتنى مۆڵەتى خوێندنى نابێت.
ب- ئەو خوازیارانەى کە دانەمەزراون لە دام و دەزگاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، به‌بێ هه‌بوونی مه‌رجی دوو ساڵ ده‌رچوون و تێپه‌ڕین به‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس مافی پێشكه‌شكردنیان هه‌یه و پێویستە بەڵێننامەى یاسایى لە زانکۆ پێشکەش بکەن کە لە هیچ دامودەزگایەکى میرى دانەمەزراون.
ته‌وه‌ری دووه‌م/ مه‌رج و پێداویستی كردنه‌وه‌ی خوێندنی ماسته‌ر:
1- بۆ كردنه‌وه‌ی خوێندنی ماستەر له هه‌ر به‌شێكی زانستی مه‌رجه به لایه‌نی كه‌م (3) سێ پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر یان (2) دوو پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر + (2) دوو هەڵگرى بروانامەى دکتۆرا کە دوو توێژینەوەى بڵاوکراوەى (محکم)ى دواى دکتۆراى هەبێت كه پسپۆڕیان له هه‌مان بواری به‌شه‌كه‌یه و مه‌رجیشه ئه‌و به‌ڕێزانه له‌سه‌ر میلاكی هه‌میشه‌یی به‌شی زانستی بن یان خانه‌نشینكراوى هەمان بەش بن یاخود گرێبه‌ست یان ته‌نسیبكراو بن له هه‌مان ئه‌و به‌شه، لێره‌دا پێویسته ئه‌و به‌ڕێزانه كه ستافی به‌شێكی دیاریكراون دووباره نه‌بنه‌وه له به‌شێكی تر.
2- سەبارەت بە کردنەوەى خوێندنى ماستەر لە بەشە هاوشێوەکانى هەمان زانکۆ وەکو (کوردى و کوردى، عەرەبى و عەرەبى، ئینگلیزى و ئینگلیزى، کیمیا و کیمیا...هتد) دەکرێت ستافى هەردوو بەشەکە لە کاتى هەبوونى مەرجەکانى خاڵى (١)ى سەرەوە خوێندنى ماستەر بکەنەوە.
3- سه‌باره‌ت به پسپۆری بۆ كۆمه‌ڵه‌ی پزیشكیەکان، مه‌رجه‌كانی خاڵی (1)ی سه‌ره‌وه له‌سه‌ر ئاستی (كۆلیژ/ سكوڵ) ئه‌ژمار ده‌كرێت.
4- پێویستە زانکۆکان پلانی خوێندنی ماستەر ئامادە بکەن له‌و به‌شانه‌ی كه پێشووتر خوێندنی ماستەریان تێدا كراوه‌ته‌وه بۆ ساڵی خوێندنی (2014-2015) و ئێستاش مه‌رجی خاڵی (1)ی سه‌ره‌وه و پێداویستی به‌رده‌وامیان تێدایه، واته بەپێى بوونی مامۆستاى پسپۆر بە پلەى زانستى پێویست بەپێى ڕێنماییەکان و بوونى پێداویستیە زانستییەکانی دیکە بۆ خوێندنی ماسته‌ر.
5- سه‌باره‌ت به‌و به‌شانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت خوێندنی ماستەر بكه‌نه‌وه بۆ یه‌كه‌م جار و مه‌رجەکانی خاڵی (1) یه‌كی سه‌ره‌وه‌یان تێدایه و دوو خولی به‌كالۆریۆسیان ده‌رچوواندووه، ده‌توانن پڕۆپۆزه‌لی كردنه‌وه‌ی خوێندنی ماستەر پێشكه‌ش به لیژنه‌ی باڵای دڵنیایی جۆری وه‌زاره‌ت بكه‌ن بۆ رەزامەندى و په‌سه‌ندكردنی.
تێبینى: زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان لە مەرجى تێپەڕبوونى دەرچوونى دوو خولى بەکالۆریۆس تەنها بۆ ساڵى خوێندنى (2016-2017) دەبەخشرێن.
6- ماوەى خوێندنى ماستەر لەم سیستمەدا بریتیە لە (2) دوو ساڵ ( جگە لە ماوەى زمانى ئینگلیزى)، له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی كۆلیژه كه بۆ ماوه‌ی (6) شه‌ش مانگ بۆ جاری یه‌كه‌م بە مووچە ماوەکە درێژ بكاته‌وه و له ده‌سەڵاتی ئه‌نجومه‌نی زانكۆیه بۆ ماوه‌ی (6) شه‌ش مانگ بۆ جاری دووه‌م بە مووچە ماوەکە درێژی بكاته‌وه (كه دوایین درێژكردنه‌وه‌یه). بە پێچەوانەوە قوتابى/خوێندکارى ماستەر فەرمانى سرینەوەى ناو (ترقین القید)ى لە خوێندن بۆ دەردەچێت.
7- بەپێی بڕیارى ئەنجومەنى وەزارەت لە کۆبوونەوەى ژمارە (5) کە لە ڕێکەوتى (29/6/2015) ئەنجامدرا، ڕەزامەندى دراوە لەسەر کردنەوەى خوێندنى باڵا/ ماستەر لە ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی بە هاوبەشى لەگەڵ یەکێک لە زانکۆکان، وە بڕوانامەى ماستەر لە لایەن زانکۆیەکەوە بەهاوبەشى دەدرێت و لۆگۆ (ئاڕم)ى هەردوو لاى لەسەر دەبێت.
تەوەرى سێیەم/ سەبارەت بەو خوازیارانەى کە دانیشتووى دەرەوەى هەرێمى کوردستانى عێراقن یان هەڵگڕى رەگەزنامەى عێراقى نین:
1. هاوڵاتى عێراقى دانیشتووى دەرەوەى هەرێمی كوردستان مافى پێشکەشکردنى هەیە بۆ خوێندنى ماستەر بە سیستمى پاراڵێل.
2. سەبارەت بەو خوازیارانەى کە دانیشتووى دەرەوەى عێراقن (واتە هەڵگڕى ڕەگەزنامەى عێراقى نین) واتە پێشکەشکارى نێودەوڵەتین، ئەوا مافى پێشکەش کردنیان بۆ خوێندنی ماستەر هەیە و لە کاتى دەستەبەرکردنى مەرجە زانستیەکاندا راستەوخۆ بە سیستمى پاڕاڵێل وەردەگیرێن و ناچنە پێشبرکێ، مەبەست لەم هەنگاوەش بریتییە لە هاندانى پێشکەشکارى نێودەوڵەتى بۆ مەبەستى ئەنجامدانى خوێندنى ماستەر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پێشکەشکار بەڵێننامەى یاسایى لە زانکۆ پڕبکاتەوە کە هەڵگرى رەگەزنامەى عێراقى نییە.
ته‌وه‌ری چوارەم : پێداویستیە زانستییەکانی وەرگرتنی بڕوانامەی ماسته‌ر:
1- مه‌رجه قوتابی/ خوێندكاری ماسته‌ر دوای وه‌رگرتن و پێش ده‌ستپێكردنی کۆڕسەکانى خوێندن، مه‌رجی ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی كه بریتیه له به‌ده‌ستهێنانی نمره‌ی (5)ی ئایلتس یان نمره‌ی(56ى TOEFL-IBT) یان نمره‌ی (495ى TOEFL-PBT) یاخود (47ی (PEARSON ACADEMIC-PTE مسۆگه‌ر كردبێت بۆ سەرجەم پسپۆرییەکانى زانستى و مرۆڤایەتى، به پێچه‌وانه‌وه مافی چوونه نێو كۆرسی ئه‌كادیمی نیه تا به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م مهرجەى توانستى زمانى ئینگلیزى.
2- سەبارەت بە تاقیکردنەوەى کۆڕسەکان:
أ- مەرجە قوتابى/ خوێندکاری ماسته‌ر لە تاقیکردنەوەی کۆڕسەکان دا نمرەکەى لە (60%) کەمتر نەبێت لە هەر یەک لەو بابەتانە و لە کۆتایى هه‌ردوو وەرزەکەدا تێکڕاى نمرە (معدل)ى لە (70%) کەمتر نەبێت، به پێچه‌وانه‌وه به پێی رێنماییه‌كانی خوێندنی باڵا سرینه‌وه‌ی ناو (ترقین القید) ده‌كرێت.
ب- ئه‌گه‌ر قوتابی/ خوێندكاری ماسته‌ر له كۆڕسی یه‌كه‌م له نیوه‌ی زیاتری بابهتهكان كه‌وت، ئه‌وا سڕینه‌وه‌ی ناو (ترقین قید) ده‌كرێت و مافی چوونه نێو كۆڕسی دووه‌می نابێت.
3- قوتابى/خوێندکارى ماسته‌ر لە سەرجەم بوارەکان واتە لە بوارى (زانسته په‌تی و سروشتی و (تەطبیقیەكان) و زانسته پزیشكیه‌كان) و له بوارى (زانستە مرۆڤایەتییەکان)، مەرجە پێش تاوتوێکردنى ماسته‌رنامه‌كه‌ی (1) یه‌ك توێژینەوەى زانستى هەڵێنجراو لە ماسته‌رنامه‌كه‌ی لە گۆڤارێکى زانستى باوه‌ڕپێكراو (معتمد) بڵاوبکاتەوە.
4- پێویستە ماسته‌رنامه‌ی قوتابی/خوێندكاری ماسته‌ر بەشدارییەکی ڕەسەن بێت لە بەرهەمهێنانی مەعریفە له بواره‌كه‌یدا و هەڵسەنگاندنیش بریتی دەبێت لە گفتوگۆی زانستی ماستهرنامهكه لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕەوە و بەپێی ڕێنماییەکانی گفتوگۆی زانستى.
5- كۆڕسه ئه‌كادیمییه‌كان به‌م شێوه‌ی خواره‌وه ده‌بێت:
كاندیده‌كان دوای به‌ده‌ستهێنانی ئاستی پێویست له تاقیكردنه‌وه‌ی (IELTS) یان هاوتاكه‌ی له تاقیكردنه‌وه ستاندارده‌كانی دیكه‌ی زمانی ئینگلیزی به پێی خاڵی (أ)ی برگەى (2- مەرجى ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى)ى (تەوەرى یەکەم)ى سه‌ره‌وه، ئه‌وكات به فه‌ڕمی ده‌بنه قوتابى/ خوێندكاری ماسته‌ر و ده‌توانن ده‌ست به كۆڕسه ئه‌كادیمیه‌كان بكه‌ن، به‌م پێیه وه‌رگیراوان له خوێندنی ماسته‌ر دوو جۆرن:
1. كاندیدی خوێندنی ماسته‌ر: ئه‌و به‌رێزانه ده‌گرێته‌وه كه له پێشبركێدا دەرچوون، به‌ڵام ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزیان نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاستی داواكراو یان هیچ جۆره تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی توانستی زمانی ئینگلیزیان نییه.
2. قوتابی/خوێندكاری ماسته‌ر: ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌گرێته‌وه كه ئاستی پێویست له تاقیكردنه‌وه‌كانی (IELTS) یان هاوتاكانی له تاقیكردنه‌وه ستاندارده‌كانی نێودەوڵەتى تر کە ئاماژەیان پێدراوە لە خاڵی (1)ی سه‌ره‌وه به ده‌ست هێناوه.
ناوه‌ڕۆكی كۆڕسه ئه‌كادیمیه‌كان:
أ- ساڵی یه‌كه‌م: كۆڕسی یه‌كه‌م: كۆرسێكی ئاماده‌كاری ده‌بێت بۆ وانه‌كانی:
1. زانستی كۆمپیوته‌ر (له لایه‌ن سێنته‌ری كۆمپیوته‌ر یان به‌شی زانستی كۆمپیوته‌ری زانكۆ پیاده ده‌كرێت)، ئامانج لێی ئه‌وه‌یه كه قوتابی/ خوێندكار بڕوانامه‌ی (ICDL) یان (IC3) یان بڕوانامەى لەو جۆرە سۆفتوێر و ئەپلیکەیشنانە بەدەستبهێنێت کە پەیوەندیدارە بە خوێندنەکەى.
2. زمانی ئینگلیزی (Academic English) (له لایه‌ن سێنته‌ری زمانی زانكۆكانه‌وه پیاده ده‌كرێت) ئه‌م كۆڕسه تایبه‌ت ده‌بێت به زمانی ئه‌كادیمی.
3. میتۆدۆلۆجی (له لایه‌ن سێنتەری توێژینه‌وه‌ی زانستی زانكۆوه پیاده ده‌كرێت) و پێویسته كتێبی تایبه‌ت به (میتۆدۆلۆژی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییه‌كان) دیاری بكرێت (تاقیكردنه‌وه له‌سه‌ر ئاستی زانكۆ به شێوه‌ی ناوه‌ندی ده‌بێت).
4. دوو وانه‌ی پسپۆڕی (له لایه‌ن به‌شی زانستییه‌وه پیاده ده‌كرێت).
5. ماوه‌ی ئه‌م كۆڕسه (15) هه‌فته ده‌بێت به تاقیكردنهوهكانیشهوه.
6. بۆ هه‌ر وانه‌یه‌ك پێویسته (2 بۆ 4) كاتژمێری تیۆری بخوێندرێت له هه‌فته‌یه‌كدا.
7. بۆ هه‌ر وانه‌یه‌ك پێویسته له به‌رامبه‌ر (1) كاتژمێری تیۆری (3) كاتژمێری ئه‌ركی (Workload) (قوتابی/ خوێندكار) هه‌فتانه ئه‌نجام بدرێت.
8. ده‌رچوون و به‌ده‌ستهێنانی پێداویستیه‌كانی كۆرسەکە مه‌رجه بۆ په‌رینه‌وه بۆ كۆرسی دووه‌م.
9. ئاماده‌كردنی دوو (2) په‌یپه‌ر كه له (3000) سێ هەزار وشه كه‌متر نه‌بێت له ماوه‌ی كۆڕسهكهدا، بۆ وانه‌كانی (میتۆدی زانستی و وانه پسپۆڕییه‌كان ) به په‌یڕه‌وكردنی (میتۆدی توێژینه‌وه).
10. بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پهیپهرهكان پێویسته مامۆستایه‌كی هه‌مان پسپۆری وه‌ك (Second marker) هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ پهیپهرهكه بكات و (50%)ی نمره‌كه دابنێت.
11. ئاماده‌كردن و پێشكه‌شكردنی (4) سیمینار (پریزێنته‌یشن) له وانه‌ی (Academic English) له ماوه‌ی كۆڕسهكهدا، به په‌یڕه‌وكردنی بنه‌مای (میتۆدی توێژینه‌وه).
12. له (50%)ی نمره‌ی كۆتایی كۆرسه‌كه بۆ هه‌ر وانه‌یه‌ك له‌سه‌ر پهیپهرهكان ده‌بێت.
13. هه‌ر قوتابی/ خوێندكارێك ئاستی (زانستی كۆمپیوته‌ر و زمانی ئینگلیزی) به پێی پێوه‌ره‌كان ئاماده كردبێت، له‌م كۆڕسه‌دا بۆی هه‌ژمار ده‌كرێت و به‌شداری له‌و وانانه‌دا (ئیلزامی) نابێت.
ب - ساڵی یه‌كه‌م: كۆڕسی دووه‌م: كۆڕسێكی پسپۆری ده‌بێت:
1. ماوەى ئەم کۆڕسە (15) هەفتە دەبێت بە تاقیکردنەوەکانیشەوە.
2. خوێندنى (3-4) وانەى پسپۆڕى (لە لایەن بەشى زانستیەوە پیادە دەکرێت) بە پەیڕەوکردنى پڕۆسەى (دڵنیایی جۆرى فێرکردن).
3. بۆ هەر وانەیەک پێویستە (20-25) کاتژمێرى وانەى تیۆرى (محاضرات) بخوێنرێت لە کۆڕسەکەدا.
4. بۆ هەر وانەیەک پێویستە لە بەرامبەر (1) کاتژمێرى تیۆرى (3) کاتژمێرى ئەرکى (قوتابی/ خوێندکار) هەفتانە ئەنجامبدرێت.
5. ئامادەکردنى پەیپەرێکى (4000-5000) وشەیی، بۆ هەر وانەیەک بە پەیڕەوکردنى (میتۆدى توێژینەوە).
6. بۆ هەڵسەنگاندنى پەیپەرەکان پێویستە مامۆستایەکى هەمان پسپۆڕیی وەک هەڵسەنگێنەریی دووەم (second marker) هەڵسەنگاندن بۆ پەیپەرەکان بکات و (50%) ى نمرەکە دابنێت.
7. (50%)ى نمرەى کۆتایی کۆڕسەکە بۆ هەر وانەیەک لەسەر پەیپەرەکە دەبێت.
ج. ساڵى دووەم: مەرجەکانى پێش دەستپێکردن:
1. تەواوکردنى وانەکانى هەردوو کۆڕسەکانى ساڵى یەکەم.
2. پەسەندکردنى دۆسیەى دەرچووانى هەردوو کۆڕسى ساڵى یەکەم لە لایەن وەزارەتەوە.
3. قوتابی/ خوێندکار مافى دواخستن (تأجیل)ى خوێندنەکەى هەیە بۆ ماوەى ساڵێک، بە ڕەزامەندى ئەنجومەنى کۆلێج و سەرۆکایەتى زانکۆ.
د. ساڵى دووەم: پڕۆسەى نووسین و سەرپەرشتیکردن:
1. پێویستە کە (قوتابی/ خوێندکار) لە کۆڕسی دووەمى ساڵى خوێندنى یەکەمەوە ناونیشانێک پێشکەش بە بەشى زانستى بکات بۆ ئەوەى دواتر کارى لەسەر بکات.
2. لە سەرەتاى ساڵى دووەمەوە پێویستە (قوتابی/ خوێندکار) پرۆپۆزەلێک لەسەر ناونیشانەکەى ئامادە بکات و پێشکەشى بکات.
3. بەشى زانستى لیژنەیەک بۆ هەڵسەنگاندنى پرۆپۆزەلەکە و پەسەندکردنى پێکدێنێت.
4. لە ساڵى دووەمى خوێندندا (قوتابی/ خوێندکار) پابەند دەبێت بە ڕێژەى ئامادەبوونى هەفتانە بەسەرپەرشتى سەرپەرشتیار و بەشى زانستى بە پێی ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا.
5. فۆڕمى تایبەت بە دیدارى (قوتابی/ خوێندکار) و مامۆستاى سەرپەرشتیار لە بەشە زانستیەکاندا هەفتانە ئیمزا دەکرێت و بنەمایەک دەبێت بۆ ئەرک و مافەکانى (قوتابی/ خوێندکار) و مامۆستاى سەرپەرشتیار.
خشتەى چونیەتى دابەشکردنى کاتژمێرەکان (hours) بۆ بەدەستهێنانى یەکە (credit):
1. ژمارەى یەکە (credit)ى بەدەستهاتوو بۆ هەر کۆرسێک، بەم شێوەیە دەبێت:
2. ژمارەى یەکە (Credit)ى بەدەستهاتوو بۆ ساڵى نووسینى ماستەرنامە، بەم شێوەیە دەبێت:
3.ژمارەى یەکە (CREDIT)ى بەدەستهاتوو بۆ هەردوو ساڵى خوێندنى ماستەر، بەم شێوەیە دەبێت:
ته‌وه‌ری پێنجه‌م/ سەبارەت بە دەرچووانى زانکۆ تایبەتەکان (زانکۆ ئەهیلەکان):
دەرچووانى زانکۆ تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان مافى پێشکەشکردنیان هەیە بە هەمان مەرج و ڕێنماییەکانى سەرەوە به شێوازی پارالێل، بە مەرجێک زانکۆکە مۆڵەتى فەرمى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تى هەرێمی كوردستان وەرگرتبێت و بڕوانامەى پێشکەشکار لە لایەن وەزارەتەوە پەسەند کرابێت.
ته‌وه‌ری شه‌شه‌م: تێبینیە گشتیەکان:
1. ژمارە و پلانى خوێندنى ماستەر و تەرخانکردنى کورسى خوێندن بە پێى تەوەرى حەوتەمى ئەم ڕێنماییە دەبێت.
2. به پێی ئه‌م رێنماییه هەڵگرانى بڕوانامەى بهكاڵۆریۆس لە دامووده‌زگاكانی سه‌ر به وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هه‌روه‌ها داموودەزگاکانى دەرەوەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەتوانن داواکاری بۆ ئەم خوێندنە پێشکەش بکەن به پێی ته‌وه‌ری حه‌وته‌م و هه‌شته‌می ئه‌م ڕێنماییه.
3. مه‌رجه خوازیار پێشکەشى هەمان بوارى خوێندنى ماستەر بکات لەسەر بنەماى پسپۆڕى بڕوانامەى بەکالۆریۆسەکەى، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌و به‌ش و پسپۆڕیانه‌ی کە لێک نزیکن یان لێكچوون هه‌یه له نێوان پسپۆری هەردوو به‌كالۆریۆس و ئه‌و پسپۆرییه‌ی كه خوازیار ده‌یه‌وێت له ماسته‌ر پێشكه‌شی بكات ئه‌وا دوای ئه‌نجامدانی بەراوردی زانستی (المقاصة العلمية) له لایه‌ن لیژنه‌ی زانستی به‌ش له نێوان بڕوانامه‌ی هەردوو به‌كالۆریۆس و دەستنیشانکردنى پێداویستى لە خوێندنى چەند بابەتێک، دەتوانێ داواکارى پێشکەش بکەن. بەڵام مەرجە ئه‌نجامدانی بەراوردی زانستی (المقاصة العلمية) لە کاتى پرۆسەى پێشکەشکردن و پێش ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى ئەنجام بدرێت. لە کاتى دەرچوونى قوتابى/خوێندکار بەم شێوەیە پێویستە ئەو بابەتانەى کە لیژنەى زانستى داواى کردووە وەربگرێت و تێیدا دەربچێت و نمرەى (٦٠%) کەمتر نەبێت بۆ هەر بابەتێک پێش دەستپێکردنى خوێندنى ماستەر.
4. كاندیدانی خولی دووه‌م و سێیه‌می به‌رنامه‌ی تواناسازی مرۆیی بۆ خوێندنی ماسته‌ر ئه‌وانه‌ی تا ئێستا مامه‌ڵه‌كانیان پرۆسێس نه‌كراوه و سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌یان نه‌كردووه بۆ مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندیكردن به خوێندن، ده‌توانن داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له پێشبركێ سه‌ركه‌وتوو بن و به فه‌ڕمی وه‌رگیران ئه‌وا ناویان له لیستی كاندیدانی تواناسازی ده‌سرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌رنه‌گیران ئه‌وا مافیان وه‌ك كاندیدی تواناسازی پارێزراو ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێشكه‌شكار پێویسته له (وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى/ فه‌رمانگه‌ی نێردراوان و په‌یوه‌ندیه رۆشنبیرییه‌كان) نووسراوی فه‌ڕمی بهێنێت كه مامه‌ڵه‌كه‌ی پڕۆسێس نه‌كراوه و سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی نه‌كردووه بۆ مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندیكردن به خوێندن.
5. ئەو کاندیدانەى بە پێى پڕۆگرامى تواناسازى مرۆیى نێردراوان بۆ دەرەوەى وڵات و یان بە هەر شێوازێکى تر وەکو (بعثات) و (زمالات) لە ئێستادا گەڕاونەتەوە و خوێندنیان تەواو نەکردووە بە هۆکارى جیا جیا، یان بە هەمان شێوە لە ناوەوەى وڵات خوێندنیان تەواو نەکردووە و سڕینەوەى ناو (ترقین القید) کروان بە هۆکارى جیا جیا، مافى پێشکەشکردنیان نییە تا تێپەربوونى (3) سێ ساڵ بەسەر گەڕانەوەیان و سڕینەوەى ناویان.
6. هیچ مامەڵەیەکى پێشکەشکردن وەرناگیرێت، ئەگەر سەرجەم دۆکیۆمێنتەکان تەواو نەبێت تا دواین رۆژى پێشکەشکردن، بە پێچەوانەوە خوازیار مافى بەشداربوونى لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى نابێت و یاریدەدەرى سەرۆک زانکۆکان بۆ کاروبارى زانست و خوێندنى باڵا بەرپرسیارن لە وردبینى کردنى دۆکیۆمێنتەکان و ده‌ستنیشانكردنی لیستی ئه‌و پێشكه‌شكارانه‌ی كه مافی تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستیان هه‌یه، هه‌روه‌ها لیژنه تایبه‌ته‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى چاودێری و وردبینی دۆكیومێنته‌كان و پرۆسه‌ی پێشكه‌شكردن ده‌كه‌ن.
7. ئەو خوازیارنەى کە ئارەزوومەندن بۆ پێشکەشکردن بۆ خوێندنى ماستەر کە دوو ساڵ خزمەتى راژەى فیعلى دواى دامەزراندن و بەدەستهێنانى بروانامەى بەکالۆریۆسى تا رێکەوتى دەستپێکردنى خوێندنى ماستەرى هەیە شایستەى مۆلەتى خوێندن دەبن بە پێى یاسای ڕاژەى شارستانى هەموارکراوى ساڵى (2009). بەڵام سەبارەت بەو خوازیارانەى کە مەرجى دوو ساڵ خزمەتى فیعلیان نییە دواى بەدەستهێنانى بروانامەى بەکالۆریۆس و دامەزراندنى ئەوا مافى پێشکەکردنیان هەیە بەڵام مۆڵەتى خوێندنیان بە بێ مووچە دەبێـت.
8. مۆڵه‌تی خوێندنی ماسته‌ری ناوەخۆ له زانكۆ حكومیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌ی خۆته‌رخانكردنی ته‌واو (تفرغ تام) ده‌بێت.
9. پێویستە ئەو پێشکەشکارەى کە دانەمەزراوە بەڵێننامەى یاسایى لە زانکۆ پێشکەش بکات کە لە هیچ فەرمانگەیەکى حکومى دانەمەزراوە، ئەگەر زانیارى نادروستى دا بێت ئەوا هەموو بەرپرسیارەتى یاسایى دەکەوێتە ئەستۆ، جگە لە سڕینەوەى ناوەکەى لە خوێندن.
10. بەپێى بڕیارى ئەنجومەنى وەزارەت مامەلە لەگەڵ پۆینت ناکرێت بۆ مەبەستى پێشکەشکردن و دەرئەنجامەکانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى ( واته ژمارەکان جبر ناکرێن)
11- زانینى زمانى کوردى بۆ بوارى زانستە مرۆڤایەتیەکان مەرجە بۆ چوونە پێشبرکێ بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆ میکانیزمى پێویست دەگرێتەبەر.
12. به هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت قوتابى/ خوێندكاری ماسته‌ر خوێندنه‌كه‌ی بگوازێته‌وه بۆ زانكۆیه‌كی دیكه.
13. ئه‌گه‌ر له به‌شێكی زانستی به ته‌نها یه‌ك قوتابی/ خوێندكاری ماسته‌ر وه‌رگیرا، ئه‌وا خوێندنه‌كه‌ی دواده‌خرێت، له حاڵه‌تی هه‌بوونی هه‌مان پسپۆری له زانكۆیه‌كی دیكه ئه‌وا ده‌توانێت ته‌نها كۆرسه‌كانی خوێندن به شێوه‌ی میوانداری وه‌ربگرێت و دواتر توێژینه‌وه و تاوتوێكردنی ماسته‌رنامه‌كه‌ی له زانكۆی خۆی ئه‌نجام بدات.
ته‌وه‌ری حه‌وته‌م: پلان و ژماره‌ی كورسیه‌كانی ماسته‌ر:
دوای ده‌رچوونی ئه‌م ڕێنماییه وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا به فه‌رمی داوای پلان له زانكۆكان ده‌كات، زانكۆ هه‌ڵده‌ستێ به ئاماده‌كردنی پلانی خوێندنی ماسته‌ر به پێی ڕێنماییه‌كان و ژماره‌ی كورسیه‌كان دیاری ده‌كات و له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی زانكۆکەوە پلانی خوێندنی ماسته‌ر و ژماره‌ی كورسیه‌كان په‌سه‌ند ده‌كرێت و و دواتریش له لایه‌ن وه‌زاره‌ت پلان و ژماره‌ی كورسیه‌كان په‌سه‌نده‌كرێت، كورسیه‌كانیش به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ته‌رخان ده‌كرێـت:
1- كورسیه ته‌رخانكراوه‌كان بۆ دامووده‌زگاكانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى:
ڕێژەیەک لە كورسیه‌كان بۆ دامووده‌زگاكانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى ده‌بێت و پڕۆسه‌ی پێشكه‌شكردن سه‌رتاسه‌ری ده‌بێت به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه:
أ- ژماره‌یه‌ك له كورسیه‌كان به پێی ڕێژه‌ی خاڵی (1)ی سه‌ره‌وه ته‌رخان ده‌كرێت بۆ زانكۆ نوێیه‌كان و زانكۆ پۆلیته‌كنیكیه‌كان، له‌م حاڵه‌ته‌دا ته‌نها خوازیارانی میلاكی ئه‌و زانكۆیانه‌ی كه كورسیان بۆ ته‌رخانكراوه بۆیان هه‌یه پێشبركێ له نێوان خۆیان بكه‌ن له‌سه‌ر ژماره‌ی ئه‌و كورسیانه‌ی بۆیان ته‌رخان كراوه، له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌و خوازیارانه بۆیان نییه پێشبركێ له‌سه‌ر كورسیه‌كانی دیكه بكه‌ن، به‌ڵام پێویسته له حاڵه‌تی ته‌رخانكردنی كورسی بۆ زانكۆ نوێیه‌كان و زانكۆ پۆلیته‌كنیكیه‌كان له (1) پێشكهشكاریان زیاتر هه‌بێت بۆ پێشبركێ كردن له‌سه‌ر هه‌ر كورسیه‌ك، له كاتی مانه‌وه‌ی كورسیه‌كانی زانكۆ نوێیه‌كان و زانكۆ پۆڵیتهكنیكیهكان ئه‌وا كورسیه‌كان پوچه‌ڵ (إبطال) دەکرێنه‌وه و پڕناکرێنەوە.
ب- كورسیه‌كانی دیكه ده‌بێت به كورسی هەموو دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و خودى زانکۆکە، کە هه‌موو پێشكه‌شكارێك له هه‌ر داموده‌زگایه‌كی سه‌ر به وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى بێت مافی هه‌یه پێشكه‌شی بكات و له نێوان خۆیان پێشبركێ بكه‌ن له‌سه‌ر ژماره‌ی كورسیه‌كان، ئه‌م خوازیارانه بۆیان نییه له‌سه‌ر كورسیه ته‌رخانكراوه‌كان بۆ زانكۆ نوێیه‌كان و زانكۆ پۆلیته‌كنیكیه‌كان پێشكه‌شی بكه‌ن و پێشبركێ بكه‌ن.
2- كورسیه ته‌رخانكراوه‌كان بۆ دامووده‌زگاكانی ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى (کورسى سیستمى پاراڵێڵ):
أ- ڕێژەیەک له كورسیه‌كان بە شێوەى پارالێڵ ته‌رخان ده‌كرێت بۆ دامودەزگاکانی ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى كه بریتی ده‌بێت له فه‌رمانبه‌ری داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم و یان ئه‌و پێشكه‌شكارانه‌ی كه دانه‌مه‌زراون له هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ك. ئه‌م پێشكهشكارانه مافیان نییه له‌سه‌ر كورسیه‌كانی خاڵی (1)ی سه‌ره‌وه پێشكه‌ش بكه‌ن.
ب- پێشكه‌شكردن له‌سه‌ر رێژەى کورسیەکانى خاڵى (أ)ى سەرەوە به شێوه‌ی سه‌رتاسه‌ری ده‌بێت و ئه‌و پێشكه‌شكاره‌ی زۆرترین خاڵی به‌ده‌ستهێنا بە پێى ڕێژەى پلانەکە وه‌رده‌گیرێت.
ته‌وه‌ری هه‌شته‌م: سەبارەت بە لایەنی دارایی خوێندن:
1- بۆ ئەو کاندیدانەى لەسەر میلاکى زانکۆکان و دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵان گشت تێچووى خوێندنه‌كه لە ئەستۆى ئەو زانکۆیە دەبێت کە خوێندنی ماسته‌ری کردۆتەوە (جگە لە دەرچوانى زانکۆ تایبەتەکان کە خوێندنەکەیان بە شێوازى پاراڵێل دەبێت). له حاڵه‌تی ته‌رخانكردنی كورسی بۆ زانكۆ تازه‌كان، ئه‌گه‌ر قوتابی/ خوێندكاری ماسته‌ر له‌سه‌ر میلاكی زانكۆ نوێیه‌كان وه‌رگیرا، ئه‌وا تێچووی خوێندنه‌كه (وه‌كو پاداشتی لیژنه‌ی تاوتوێكردن و سه‌رپه‌رشتیار+ خه‌رجی چاپكردن و خه‌رجی توێژینه‌وه‌كه) جگه له كرێی خوێندن له ئه‌ستۆی زانكۆی سوودمه‌ند ده‌بێت، به پێچه‌وانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌ستۆی قوتابی/ خوێندكار ده‌بێت.
2- ئەو کاندیدانەى لە دەرەوەى میلاکى دامەزراوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵان، شێوازی خوێندنه‌كه‌یان به سیستمی پاڕاڵێل ده‌بێت و تەواوی تێچووى خوێندنی ماستهرهکەیان لە ئەستۆی قوتابى/خوێندکار دەبێت، بۆیە پێویستە لە کاتى بەدەستهێنانی نوسراوى لارى نەبوونی وەزارەتەکەى ئاماژە بە ڕەزامەندی وەزارەتەکەى بدرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته پێشکەشکار لە کاتى پڕۆسەى پێشکەشکردن بهڵێننامەى یاسایى لە زانکۆ پڕبکاتەوە کە ئامادەیە تەواوى تێچووى خوێندنەکە لە ئەستۆی خۆی بگرێت.
3- هەڵگڕانی بڕوانامەى به‌كالۆریۆس کە لە هیچ فەرمانگە و داموودهزگایەکى حکومه‌تی هه‌رێم دانەمەزراون واتە فەرمانبەرى هەمیشەیى نین، بۆیان هەیە داواکاری پێشکەش بكه‌ن بۆ خوێندنی ماسته‌ر بە شێوازى پارالێل، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته پێشکەشکار لە کاتى پڕۆسەى پێشکەشکردن بهڵێننامەى یاسایى لە زانکۆ پڕبکاتەوە کە ئامادەیە تەواوى تێچووى خوێندنەکە لە ئەستۆی خۆی بگرێت.
4- دوای ده‌رچوونی ئه‌م ڕێنماییه، کرێی خوێندنی ماسته‌ر به شێوازی پاڕاڵێل له لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ زانكۆكان ده‌ستنیشانده‌كرێت.
تەوەرى نۆیەم: ئەم ڕێنماییە لە ڕێکەوتى دەرچوونیەوە کارى پێدەکرێـت و هه‌ر رێنماییه‌كى تر له‌مه‌و پێش ده‌رچووه كه ناكۆك و پێچه‌وانه بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێنماییه، ئه‌وا كاری پێناكرێت.
هۆیه‌كانی ده‌رچوونی ئه‌م رێنماییه
هۆیه‌كانی ده‌رچوونی ئه‌م رێنماییه بریتین له به‌دیهێنانی چه‌ند ئامانجێكی سه‌ره‌كی كه ئه‌مانه‌ن:
به‌رده‌وام بوونى زیاتر له پڕۆسه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندنی باڵا له هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌چاوكردنی هاوسه‌نگی نێوان چه‌ندێتی و چۆنیه‌تی له خوێندنی باڵادا.
پێگه‌یاندنی كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا و به‌دیهێنانی هه‌ردوو لێهاتوویی (وانه‌بێژیی و توێژه‌ریی) بۆ مامۆستایانی دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا.
به‌ستنه‌وه‌ی خوێندنی باڵا به پێداویستی دامووده‌زگا حكومی و تایبه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سازان له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و پێداویستیه‌كانی بازاری كار و به‌شداری له پێشنیازكردنی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ كێشه و گرفته‌كان لە هەرێمى کوردستان.
د.یوسف گۆران
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى