خولگە و شوێنەکەی
هه‌ساره‌ی مه‌ریخ وەک زۆربەی هەسارەکانی تری کۆمەڵەی خۆر خولگەکەی بەدەوری خۆردا بەتەواوەتی بازنەیی نییە، هەربۆیە بەردەوام دووریەکەی لە ئەستێرەی خۆرەوە دەگۆڕێت. کەمترین دووری نێوان مەریخ و ئه‌ستێره‌ی خۆر نزیكه‌ی 206,655,215 کیلۆمەترە و له زۆرترین ماوه‌ی نێوانیشیاندا هه‌ساره‌ی مه‌ریخ نزیكه‌ی 249,232,432 کیلۆمەتر له ئه‌ستێره‌ی خۆر دوور دەکەوێتەوە. دەتوانین بڵێین کە تێكڕا مەریخ 227,943,824 کیلۆمەتر له ئه‌ستێره‌ی خۆره‌وه دووره. تیشكی خۆر له ئه‌ستێره‌ی خۆره‌وه به 12 خولهك و 39 چركه ده‌گاته سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌كه. تێكڕای خێرایی سووڕانه‌وه‌ی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ به ده‌وری خۆردا 24.08كم/چركه‌یه‌كدا و لەسەر خولگەیەک کە 1.85 پله لارە، به 686.98 ڕۆژ جارێك به ده‌وری خۆردا ده‌سووڕێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش نزیكه‌ی دوو ساڵی هەسارەی زه‌وییه.
ڕۆژێک له هه‌ساره‌ی مه‌ریخ نزیكه‌ی 24 كاتژمێر و 38 ده‌قیقه‌یه، واتا كه‌مێك له ڕۆژێكی زه‌وی زیاتره، خێرایی خولانه‌وه‌كه‌ی به ده‌وری خۆیدا له‌سه‌ر هێلی كه‌مه‌ره‌ی هه‌ساره‌كه یه‌كسانه به 241.17 م/چركه . لاریی ته‌وه‌ره‌ی هه‌ساره‌كه 25.2 پله‌یه و كه ئه‌مه‌یش كه‌مێك له لاری ته‌وه‌ره‌ی خولانەوەی زه‌وی زیاتره، هه‌ساره‌كه‌ش نزیكه‌ی 78,000,000 کیلۆمەتر له دوورترین كات و 55,700,000 کیلۆمەتر له نزیكترین كات له هه‌ساره‌ی زه‌وییه‌وه دووره.
فیزیا
له‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه‌دا هه‌ندێك زانیاری له‌سه‌ر هەسارەی مەریخ خراوه‌ته‌ڕوو و به‌راورد كراوه به هه‌ساره‌ى زه‌وی
جیۆلۆجی
1- بوونی ئاو له‌سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ :
بڕی ئه‌و ئاوه به‌ستووه‌ی له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ هه‌یه زیاتره له بڕی ئاوی سه‌ر ڕووی هەموو هه‌ساره‌كانی تری كۆمه‌ڵه‌ی خۆر، جگه له هه‌ساره‌ی زه‌وی. له ساڵی 2005یش به‌هۆی لێکۆڵینەوە و بەکارهێنانی ڕادارەوه زاناكان توانییان بڕێكی زۆر له ئاوی به‌ستوو (سه‌هۆڵ) له هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌كانی هه‌ساره‌كه بدۆزنه‌وه
یه‌كێك له گرنگترین ناوچه‌كانی سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ بریتییه له (دۆڵی مادیم) كه بەدرێژی 700 کیلۆمەتر و بەپانی 20 کیلۆمەتربەسەر ڕووی هەسارەکەدا بڵاوبووەتەوە و له هه‌ندێك شوێن 2 کیلۆمەتر قوڵه زاناكان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه به‌هۆی ئاوه‌وه له كۆندا په‌یدابووبێ، وەک لە وێنەکەی خوارەوە دەردەکەوێت
2- بەرزونزمی سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ :
مه‌ریخ یه‌كێكه له هه‌ساره تاوێرییهكانی كۆمه‌ڵه‌ی خۆره و سه‌ر ڕووه‌كه‌ی چه‌ندین به‌رز و نزمی و چاڵی نه‌یزه‌ك و پاشماوه‌ی قوڵی بوركان و دۆڵ و بیایانی گه‌وره‌ی له‌خۆ گرتووه، له ڕووی دروستبوونی وه‌رزه‌كانه‌وه هه‌ساره‌ی مه‌ریخ زۆر له زه‌وی ده‌چێت، ئه‌م هه‌ساره‌یه خاوه‌نی به‌رزترین چیایه له كۆمه‌ڵه‌ی خۆردا كه نزیكه‌ی 26 کیلۆمەتر به‌رزه، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ساره‌ی زه‌وییه‌وه له ڕووی جوڵه‌ی تهكتۆنییهوه ئه‌م هه‌ساره‌یه زۆر ناچالاكه و هیچ جوڵه‌یه‌كی ته‌كتۆنی تێدا به‌دی ناكرێت، مه‌ریخ به‌رگه‌هه‌وایه‌كی ته‌نكی هه‌یه كه ناتوانێت به‌رگری له ڕووی هه‌ساره‌كه بكات له پێكداكێشانی هه‌سارۆچكه و كلكداره‌كان، به‌مه‌یش ڕووی مه‌ریخ ژماره‌یه‌كی زۆر پاشماوه‌ی كلكدار و هه‌سارۆچكه‌كانی له‌سه‌ره
(نەخشەی تۆپۆگرافی سەر ڕووی هەسارەی مەریخ)
3- به‌رگه‌هه‌وای هه‌ساره‌ی مه‌ریخ :
نزیكه‌ی 4 ملیار ساڵ پێش ئێستا هه‌ساره‌ی مه‌ریخ هێزی موگناتیسی له‌ده‌ست داوه، بەمەش هه‌ساره‌كه هیچ بوارێكی موگناتیسی نه‌ما تا پارێزگاری لێبکات له‌و تیشك و بایانه‌ی كه له ئه‌ستێره‌ی خۆره‌وه ده‌هاتن، بۆیه به هێواشی و به درێژایی سه‌دان ملیۆن ساڵ به‌رگه‌هه‌وای هه‌ساره‌كه له بۆشاییدا بڵاوبووه‌وه و ئه‌وه‌ی ماوەتەوه به‌رگه‌هه‌وایه‌كی ته‌نكه كه په‌ستانه‌كه‌ی نزیكه‌ی 0.6%ی په‌ستانی به‌رگه‌هه‌وای هه‌ساره‌ی زه‌وی ده‌بێت و بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و په‌ستانه‌ی كه به‌رگه‌هه‌وای هه‌ساره‌ی مه‌ریخ له‌سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ هه‌یه‌تی، ئه‌وا پێویسته له‌سه‌ر هه‌ساره‌ی زه‌وی 35كم له ڕووی ده‌ریاوه به‌رزببینه‌وه
هه‌ندێك جار پێناسه‌ی به‌رگه‌هه‌وای هه‌ساره‌ی مه‌ریخ به به‌رگێكی ته‌نك له دووانه ئۆكسیدی كاربۆن ده‌كرێت به‌هۆی ئه‌و هه‌موو گازی دووانه ئۆكسیدی كاربۆنه‌ی له به‌رگه‌كه‌یدا هه‌یه.
:پێكهاته‌ی به‌رگه هه‌واكه‌ی بریتییه له
گازی دووانه ئۆكسیدی كاربۆن 95.3%، گازی نایترۆجین 2.7% ،گازی ئا‌رگۆن 1.6%، گازی ئۆكسجین 0.13%، گازی یه‌كه ئۆكسیدی كاربۆن 0.08%، هه‌ڵمی ئاو 210 به‌ش له ملیۆنێك، یه‌كه ئۆكسیدی نیتریك 100 به‌ش له ملیۆنێك، گازی هایدرۆجین 15 به‌ش له ملیۆنێك، نیۆن 2.5 به‌ش له ملیۆنێك. له‌گه‌ڵ هه‌ندێك پێکهاتەی تر
4- چینەکانی ناوەوەی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ :
زاناكان وا پێشبینی ده‌كه‌ن كه چینی توێكڵی هه‌ساره‌كه نزیكه‌ی 50 بۆ 120 کیلۆمەتر قوڵ بێت، كه ئه‌مه‌یش زۆر له ئه‌ستووریی چینی توێكڵی هه‌ساره‌ی زه‌وی زیاتره. توێکڵی هەسارەکە ده‌وری چینی ناوه‌ندی داوه و زۆربه‌ی پێكهاته‌كه‌ی بریتییه له ئاسن، چینی ناوه‌ندی ئه‌م ههسارهیهیش له مادده‌ی سلیكات پێكهاتووهوه و ده‌وری چه‌قی داوه، ئه‌م چینه له پێشوودا ده‌وری كاریگه‌ری هه‌بووه له ته‌قینه‌وه گڕكانی و جوڵه تهكتۆنییهكانی سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌كه، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌م چینه ناچالاكه و هیچ گڕكان و جوڵه‌یه‌كیش له‌سه‌ر ڕووی ئه‌م هه‌ساره‌یه ڕوونادات، چینی ناوه‌ندیش ده‌وری چه‌قی هه‌ساره‌كه‌ی داوه و لێكۆڵینه‌وه نوێكانیش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه چه‌قی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ تیره‌كه‌ی 3,590 کیلۆمەتر بێت كه به زۆری له مادده‌ی ئاسن و نیكڵ پێكهاتووه و مادده‌ی گۆگردیش 16% بۆ 17%ی پێكهاته‌ی چه‌قی ئه‌م هه‌ساره‌یه پێكدێنێت و پێكیشه‌وه ئاوێته‌ی گۆگردیدی ئاسن له چهقهكهدا پێكدێنن، چه‌قی ئه‌م ههسارهیهیش له دۆخی پلازمادایه. ڕۆبۆتی ئینسایتی ئاژانسی ناسا کە له ساڵی 2018ی زاینی‌دا لەسەر ڕووی هەسارەکە نیشتەوە و کارەکەی لێکؤڵینەوەیە لە چینەکانی ناوەوەی هەسارەکە، لە ئێستادا تاکە هیوایە بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر لەم بوارەدا
جوگرافیا
1- چیای ئۆڵیمپس مۆنس :
ئه‌م چیایه ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ و به به‌رزترین چیای كۆمه‌ڵه‌ی خۆر داده‌نرێت، نزیكه‌ی 3 هێندەی بەرزی لوتكه‌ی ئێڤرێست له زنجیرە چیای هیمالایای سەر ڕووی زه‌وی ده‌بێت، ئه‌م چیایه به‌هۆی گڕكانێكی زۆر به‌هێزه‌وه له‌سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ له كۆندا دروست بووه، به‌رزییه‌كه‌ی نزیكه‌ی 26 کیلۆمەترە و له لوتكه‌كه‌یدا چاڵێك هه‌یه كه بریتییه له ده‌می گڕكانه‌كه و له كۆندا گڕكان و پێکهاتەکانی ناوەوەی هەسارەکەی لێوه هاتووه‌ته ده‌ره‌وه و 3 کیلۆمەتر قوڵه، په‌ستانی به‌رگه‌هه‌وا له‌سه‌ر ئه‌م چیایه نزیكه‌ی 6.5%ی ئه‌و په‌ستانه‌یه كه به‌رگه‌هه‌وای مەریخ له‌سه‌ر ڕووی هەسارەکە هه‌یه‌تی. درێژی تیرەی ئەم چیایە لە بنکەکەیدا نزیكه‌ی 600 کیلۆمەترە، ڕووبه‌ری ئه‌م چیایهیش نزیكه‌ی ڕووبه‌ری وڵاتی ئیسپانیایه له‌سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی زه‌وی
(چیای ئۆڵۆمپس مۆنس)
2- کەشوهەوای هەسارەی مەریخ :
له ڕووی وه‌رزه‌كانه‌وه هه‌ساره‌ی مه‌ریخ له هه‌موو هه‌ساره‌كانی تری كۆمه‌ڵه‌ی خۆر زیاتر له هه‌ساره‌ی زه‌وی ده‌چێت، ئه‌ویش به‌هۆی نزیكی ڕاده‌ی لاریی ته‌وه‌ره‌ی هه‌ردوو هه‌ساره‌كه له یه‌كتره‌وه، به‌ڵام ماوه‌ی هه‌ر وه‌رزێك نزیكه‌ی دوو ئه‌وه‌نده‌ی ماوه‌ی وه‌رزێكی زه‌وی ده‌بێت. جیاوازییه‌كی زۆر له پله‌ی گه‌رمی نێوان وه‌رزه‌كاندا به‌دی دهكرێك، بۆ نموونه له زستاندا له جه‌مسه‌ره‌كان پله‌ی گه‌رمی داده‌به‌زێت بۆ 143 پله ژێر سفری سه‌دی، به‌ڵام له هێڵی كه‌مه‌ره‌یی هه‌ساره‌كه له هاویندا پله‌ی گه‌رمی به‌رز ده‌بێته‌وه بۆ 35 پله‌یی سه‌دی، مه‌ریخ خاوه‌نی گه‌وره‌ترین زریانی لم و ته‌پوتۆز و خۆڵبارینه له كۆمه‌ڵه‌ی خۆر و له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی له خۆر، ئه‌م زریانانه ڕوو له زیادبوون ده‌كه‌ن و ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رچاوی پله‌ی گه‌رمی هه‌ساره‌كه
نەخشەی سێ ڕەهەندی هەسارەی مەریخ